پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 13ی رەشەمە، كۆبوونەوەی چوارەمی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

لەكۆبوونەوەكەدا كە نوێنەرانی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی كوردستان تێیدا بەشداربوون، سەرەتا قسەوباسێك لەسەر راپۆرتی كاری خولی رابردووی ناوەندكرا‌و لایەنەكان بۆچوونەكانی خۆیان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی كارەكان لە خولی داهاتوو خستەڕوو. دواتر چەندین تەوەر وەك ئاجێندای كاری كۆبوونەوەكە خرایە بەر باس‌و مشتومڕی گەرم، لەوانە قسەوباسێك لەسەر كاری هاوبەشی هەر پێنج لایەن لە رێوڕەسمەكانی یادی نەورۆز لەناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان، بابەتی 8ی مارس رۆژی جیهانی ژن كرا‌و پێشنیارەكان بۆ كاری زیاتر لەمبارەیەوە خرانەڕوو.

بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تەرخانكرا بۆ قسەوباسەكان لەسەر ئامانج‌و پرەنسیپەكان كاری ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران‌و كە تێیدا لایەنەكان تێبینی‌و بۆچوونەكانیان خستەڕوو.

“ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران” كە لە هەریەك لە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، “كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، حیزبی دیموكراتی كوردستان، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی كوردستان‌و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان” پێكهاتووە لە رۆژی (30 به‌فرانباری 1396، 20ی ژانویه‌ی 2018،) دامەزرا‌و بەفەرمی دەستی بەكارەكانی كرد.