بەرەبەیانی ئەمرۆ یەکشەممە ٢٧ی رەشەمە، بە بۆنەی ساڵیادی گیانبەختکردنی ٧٢ پێشمەرگەی فیداکاری کۆمەڵە لە گوردانی شوان و رۆژی گیانبەختکردوانی کۆمەڵە، رێورەسمێک لە ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵە و رێورەسمێکی دیکەش بە بەشداری ژمارەیەک لە هاوڕێیانی پێشمەرگە لە ناوچە سنورییەکانی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە رێورەسمەکەی ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵە هاوڕێ رەزا کەعبی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵە قسەو باسێکی پێشکەش کرد و بە کورتە باسێک لەسەر دەورو کاریگەرییەکانی گوردانی شوان، ئاماژەی بە فیداکاریی و لەخۆبردووی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە هەموو بوارەکانی خەبات و لە پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی کوردستان کرد. رێورەسمەکە هەروەها چەندین پارچە شێعر و سرودی لە خۆگرتبوو. لە کۆتایشدا بۆ رێزگرین لە یادی ئازیزی هاوڕێیانی گیانبەختکردوی کوردانی شوان و وەک وەفایەک ٧٢ نەمام لەلایەن هاوڕێیانی پێشمەرگەوە چێندرا.

هەر بەرەبەیانی ئەمرۆ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ناوچەسنورییەکانی کوردستان بۆ رێزگرتن لە هاوڕێیانی گیانبەختکردوی گوردانی شوان و هەموو گیانبەختکردوانی کۆمەڵە رێورەسمێکیان ساز کرد کە بەشێکی رێوڕەسمەکە لەم گرتە ڤیدیۆیەدا دەبینن: