پاش هەوڵ‌و ماندووبوونێکی زۆری هەموو رێكخراوەكانی لاوانی رۆژهەڵات به‌و هه‌موو ئایدۆلۆژی‌یه‌ جیاوازانه‌وه‌‌و بەبێ‌ ره‌چاوكردنی بەرژەوەندیی تەسكی رێكخراوەیی‌و لە دەرەنجامی چەندین كۆبوونەوەی یەك لەدوای یەك‌و ئاڵۆگۆڕی بیروڕا، بەخۆشی‌یەوە یەكەم كۆنفڕانسی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان له‌ که‌شێکی دۆستانه‌دا رۆژی هه‌ینی رێكەوتی 29ی سەرماوەزی 2713ی کوردی به‌رامبه‌ر به‌ 20ی دێسامبری 2013ی زایینی لە شاری هەولێری پێتەختی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو. ئه‌و کۆنفڕانسه‌ که‌ چه‌ندین ته‌وه‌ری جۆراوجۆری له‌خۆ گرتبوو، باس‌و موناقشه‌یه‌کی زۆری تێدا کرا که‌ سه‌ره‌نجام ئه‌و بڕیارو راسپاردانه‌ی خواره‌وه‌ی تێدا په‌سند کران. به‌و هیوایه‌ هه‌موو لایه‌ک بتوانین به‌ باشی ره‌چاویان بکه‌ین!

1: لاوان به‌بێ هیچ هه‌ڵاواردنێکی لایه‌ن‌و رێکخراوه‌یی، خوازیاری یه‌ک گوتاریی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌یه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کان له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستانن.

2: کۆنفڕانس هه‌وڵ ده‌دا بۆ یه‌ک گوتاری سه‌رجه‌م رێکخراوه‌کانی لاوان، ژنان‌و…، له‌ سه‌رجه‌م پارچه‌کانی کۆردستان له‌ پێناو رزگاری‌و سه‌ربه‌خۆیی‌و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی‌دا.

3: کۆنفڕانس ده‌بێ کار بۆ زیاتر به‌ جه‌ماوه‌ری کردنی مافی دیاری کردنی چاره‌نووس بکا له‌ نێو کۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.

4: کۆنفڕانس بۆ ئیدانه‌کردنی شه‌پۆلی له‌ سێداره‌دان، کوشتارو بێ‌سه‌روشوێن کردنی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ رۆژهه‌ڵات ده‌بێ رێ‌و شوێنی یاسایی‌و مه‌ده‌نی‌یه‌ نێوده‌وڵه‌تی‌و نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کان بگرێته‌به‌رو هه‌روه‌ها کاری جیددی بکا له‌نێو لاوانی نێوخۆی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌ ئێعتڕازه‌ مه‌ده‌نی‌یه‌کان دژ به‌ سێداره‌، به‌ جه‌ماوه‌ری‌تر بکرێ.

5: کۆنفڕانس به‌ له‌یه‌ک نزیک کردنه‌وه‌ی حیزب‌و رێکخراوه‌ سیاسی‌یه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان تا گه‌یشتن به‌ به‌ره‌یه‌کی کوردستانی ده‌بێ وه‌ک ئه‌رکی خۆی چاوی لێ‌بکا.

6: کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهه‌ڵات، ئیراده‌ی پۆڵایین‌و خه‌باتی بێ‌وچانی لاوانی رۆژهه‌ڵاتی نیشتمان به‌رز ده‌نرخێنێ‌و خۆی به‌ پشتیوان‌و هاوخه‌باتیان ده‌زانێ.

7: کۆنفڕانس داوا ده‌کا لاوانی ناوچه‌کانی کرماشان‌و ئیلام‌و ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ کوردی‌ ئێرانی تێ‌دایه‌ زیاتر به‌شداری خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی‌و رزگاری نیشتمانی نه‌ته‌وه‌که‌یان بکه‌ن.

8: کۆنفڕانس هه‌وڵ ده‌دا بۆ پشتگیری هه‌رچی زیاتری به‌ندکراوانی سیاسی له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌و گه‌یاندنی ده‌نگیان بۆ جیهانی ده‌ره‌وه‌.

9: کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهه‌ڵات یه‌کگرتووانه‌ خوازیاره‌ له‌ ساڵی نوێ‌دا چواره‌م‌ کۆنفڕانسی لاوانی هه‌ر چوار پارچه‌ به‌ به‌شداری هه‌موو لایه‌ک به‌ڕێوه‌بچێ‌و هه‌ر که‌س‌و لایه‌نێک هه‌وڵی به‌لاڕێ‌دا بردنی ئه‌و کۆنفڕانسه‌ بدا، مه‌حکووم ده‌کا.
10: کۆنفڕانس خوازیاره‌ هه‌موو لایه‌ک هه‌وڵی جیددی بۆ پشتگیری‌و رۆشنگه‌ری سه‌باره‌ت به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان له‌نێو لاوانی کورددا بدرێ، ئێمه‌ وه‌ک لاوانی کورد مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان به‌ چه‌کی کاریگه‌ر له‌ پێناو له‌نێوبردنی بیری نه‌ته‌وه‌یی کوردو هێزی کۆمه‌ڵایه‌تی داده‌نێین‌و به‌ هه‌موو هێزو تواناوه‌ دژی ده‌وه‌ستینه‌وه‌.

11: کۆنفڕانس هه‌وڵی هێزه‌ توندڕه‌وه‌ ئیسلامیه‌کان له‌ رۆژهه‌ڵات بۆ به‌لاڕێ‌دا بردنی لاوان به‌ توندی مه‌حکووم ده‌کاو خوازیاره‌ لاوان له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا چاو کراوه‌تر بن.

12: کۆنفڕانس پشتگیری له‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی کورد له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان‌و بۆ پاراستن‌و رێزگرتن له‌ به‌هاو سه‌روه‌ری‌یه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌ ئه‌رکی هه‌موو لاوێکی کورد ده‌زانین.

13: کۆنفڕانس رێگرتن له‌ شێواندنی مێژوو و کولتووری کوردو ناساندنی به‌ نه‌وه‌ی نوێ به‌ ئه‌رکی سه‌رجه‌م رێکخراوه‌کانی لاوان ده‌زانێ.

14: کۆنفڕانس داواکاره‌ رۆژی 12ی جۆزه‌ردان که‌ تێیدا 59 لاوی کورد له‌ سێداره‌ دراون وه‌ک رۆژی لاوی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دیاری بکرێت.

15: کۆنفڕانس داواکاره‌ ریکخراوه‌کانی لاوان له‌ چوارچێوه‌یه‌کی هاوبه‌ش‌و له‌ ژێر چه‌تری دامه‌زراوه‌یه‌ک‌دا کار بکه‌ن‌و ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ هه‌وڵ بدا به‌ شێوه‌یه‌کی رێک‌و پێک به‌ پێی میکانیزمی گونجاو له‌ ده‌رکردنی گۆڤار، کاروچالاکی وه‌رزشی‌و هونه‌ری‌و… هاوبه‌ش، لاوانی رۆژهه‌ڵات له‌ ده‌وری خۆی کۆ بکاته‌وه‌.

16: کۆنفڕانس خوازیاره‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان به‌ پێی پڕه‌نسیپه‌ نێو نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی مافی په‌نابه‌ری سیاسی‌، مافه‌کانی لاوانی رۆژهه‌ڵاتی نیشته‌جێی هه‌رێم زیاتر ده‌سته‌به‌ر بکا.

17: کۆنفڕانس داواکاره‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک رووبه‌ڕووی کولتووری پیاوسالاری‌و عه‌شیره‌یی‌و هه‌روه‌ها کوشتنی ره‌گه‌زی مێینه‌ له‌ کۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ ژێر ناوی نامووس، شه‌ره‌ف‌و…، مه‌حکووم ده‌کا.

18: کۆنفڕانس هه‌وڵی چه‌ندین ساڵه‌ی NGOو رێکخراوه‌کانی نێوخۆی رۆژهه‌ڵات به‌رز ده‌نرخێنێ‌و خوازیاره‌ لاوان له‌ کارو چالاکی ئه‌و NGO سه‌ربه‌خۆیانه‌دا به‌شداری بکه‌ن.

19: پێویسته‌ شه‌ڕی براکوژی به‌ هه‌ر پاساوێک بێ، دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌و هه‌ر لایه‌نێک دووباره‌ی بکاته‌وه‌ پێویسته‌ شه‌رمه‌زار بکرێ به‌ تایبه‌تی له‌ رۆژئاوای کوردستان رێگری له‌و کاره‌ ئه‌رکی سه‌رجه‌م ریکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌یه‌.

20: کۆنفڕانس سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی زمانی کوردی له‌ لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه‌ مه‌حکووم‌و پێشنیار ده‌کا پرسی زمانی ستانداردی کوردی بێته‌ ئاراوه‌.

21: کۆنفڕانس خوازیاره‌ لاوانی کورد له‌ هه‌نده‌ران له‌ پێناو ویست‌و داخوازییه‌کانی کورددا هه‌وڵی زیاتر بده‌ن.

22: کۆنفڕانس هه‌وڵ‌و تێکۆشانی که‌مپه‌ینی پشتیوانی له‌ گیراوانی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌رز ده‌نرخێنێ‌و داواکاره‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی ئه‌و به‌شه‌ وه‌ک ئه‌رکێکی نیشتمانی ئه‌و گیراوانه‌ ئازاد بکا.

23: پابه‌ندبوونی هه‌موو رێکخراوه‌کان به‌ پڕه‌نسیپه‌ دێمۆکڕاتیکه‌کان وه‌ک مافه‌ مه‌ده‌نی، سیاسی‌و هه‌موو مافه‌کانی په‌سندکراو له‌ جاڕنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان.

24: کۆنفڕانس سه‌رجه‌م سیاسه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی مه‌حکووم‌و داوای رووخاندنی دام‌و ده‌زگاکانی له‌ کوردستان ده‌کا.