ڕۆژی شەممە ٢٥ی مانگی ئاگوستی ٢٠١٨ پانێلێک لە ژێرناوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوربانیی تیرۆریزمی دەوڵەتی لە شاری یوتوبوری وڵاتی سوئد بەڕێوەچوو.

ئەم پانێلە کە سوسیالدموکراتە کوردەکانی شاری یوتوبوری لە سەر پێشنیاری حیزبی دموکراتی کوردستان ڕێکیان خستبوو بە بەشداری ژمارەیەک لە کوردەکانی شاری یوتوبوری و نوێنەرانی چوار حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو کە بریتیبوون لە: کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان ئێران، حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.

هاوڕێ ئەسعەدی دوروودی ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵە کە بە نوێنەرایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە پەنێلەکەدا بەشداریی کردبوو سەرەتا چەمکەکانی تیرۆریزم و تیرۆریزمی دەوڵەتی پێناسە کرد و دواتر باسێکی لەسەر شێوازەکانی تیرۆریزمی دەوڵەتی و هۆکارەکانی بەکارهێنانی ئەو شێوازە لە تیرۆریزم و هەروەکا کارنامەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو یەکێک لە گەورەترین دەسەڵاتەکانی ڕێکخەر و پشتیوانی تیرۆریزم دژ بە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

وتەکەی هاوڕێ ئەسعەد بە باسێک لەسەر چۆنیەتی بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەو تیرۆریزمە دەوڵەتییە و بەرپەرچدانەوە ئەو تاوانانەی رژیمی ئیسلامیی ئێران دەیانکاو پێویستیی هاوکاری زیاتری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لەقاودان و بەربەرەکانێ لەگەڵ پیلانە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی پێهات.

نوێنەرانی حیزبەکانی دیکەی بەشدار لەو پانێلەدا لەسەر بابەتەکە قسەوباسی خۆیانیان کرد و هەمووان لەسەر پێویستیی هاوکاری بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ دەزگای تیرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکدەنگ بوون.

پانێلەکە بە پرسیاری بەشداربووان و وەڵام و ڕوونکردنەوەی نوێنەرانی حیزبەکان کۆتایی پێهات.