كوشتن‌و راوەدونانی كۆڵبەرانی كورد لەلایەن هێزە چەكدارەكانی رژیم بەردەوامەوە‌و جارێكی دیكەش كۆڵبەرێكی دیكەی كورد كە بۆ بژیوی ژیانی خێزانەكەی بەناچاریی پیشەی كۆڵبەریی هەڵبژاردوە، كەوتە بەر تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی‌و گیانی لەدەستدا.

رۆژی چوارشەممە 11ی رەزبەر، “عەزیم ئەحمەدی” تەمەن 42 ساڵ كە بۆ پەیداكردنی نانی سفرەی هاوسەر‌و سێ منداڵە چاوگەشەکەیان، لەماڵەكەی خۆی لە ئاوایی “تشار” سەربەشاری “نەوسود” دێتە دەرەوە، بەڵام لەگەڵ ژمارەیەك هاوپیشەی دیكەی خۆی دەكەونە كەمینی هێزە چەكدارەكانی رژیم لە پاسگای “شوشمێ”‌و بە گوللەی راستەوخۆی چەكدارەكانی رژیم گیان بەخت دەكات.

هەر دوو رۆژ پێش ئەوەش لە 8ی رەزبەر كۆڵبەرێكی دیكەی كورد بە ناوی “ئەكرەم خەلیلی” تەمەن 27 ساڵ خەڵكی ئاوایی “كووران” لەناوچەی سۆما‌و برادۆست بە تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی رژیمی ئیسلامی گیانی بەختكرد.

كوشتنی “عەزیم” یەکەم كوشتنی كۆڵبەران نیە‌و کۆتاییش نابێت. كۆماری ئیسلامی ئێران كە بەهۆی سیاسەتەكانی خۆیەوە‌و بەهۆی خەرجكردنی سەدان ملیار دۆلار بۆ مەرامە نگریسەكانی لە وڵاتانی ناوچەكە، خەڵكی ئێران‌و كوردستانی توشی رۆژڕەشی‌و قاتوقڕی‌و برسێتی كردوە، ئەوەش بە خەڵكی كرێكار‌و زەحمەتكێشی كورد رەوا نابینێت كە تەنانەت بە سەخترین رێگە وەك كۆڵبەریی بژیوی ژیانیان دابین بكەن‌و، هەر جارە سنگی كۆڵبەرێكی كورد دەبێتە ئامانجی گوللەی هێزەكانی رژیم‌و خەڵتانی خوێن دەكرێت.

ئێمە پێمانوایە فەرمانی تەقەكردن لەكۆڵبەران كە تەنیا هەوڵ بۆ پەیداكردنی بژیوی ژیانیان دەدەن، داڕمانی هەموو بەهایەكی ئینسانی‌و قیزەونترین تاوانە كە كۆماری ئیسلامی دژی بە خەڵكی كوردستان پەیڕەوی دەكات، هەربۆیە داوا لە هەموو كۆڕ‌و كۆمەڵە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ دەكەین بەرامبەر بەم دڕەندەییەی كۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن.
داواكارین خەڵكی هۆشیاری كوردستان بەرامبەر بەم تاوانە‌و سیاسەتی دڕندانەی كۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان بێدەنگ نەبن‌و بە شێوازی جۆراوجۆر ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن.


مەرگ‌و نەمان بۆ رژیمی مرۆڤ كوژی كۆماری ئیسلامی
سەركەوێ خەباتی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان


دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
12ی رەزبەری 1397 _ 4ی ئۆكتۆبری 2018