پلۆنۆمی نۆهەمی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ــ هەڵبژێردراوی کونگرەی ١٣ ــ لە نێوان ھەفتەی یەکەمی مانگی نۆڤامبر و نیوەی یەکەمی مانگی خەزەڵوەر بە بەشداری ئەندامان و ڕاوێژکارانی کومیتەی ناوەندی دەستیپێکرد و لە چوار ڕۆژ کاری پڕاوپڕدا، ئەم بابەتانەی لێکدایەوە و خستنیە بەرباس.

سەرەتا هاوڕێ عومەری ئێلخانیزادە سکرتێری گشتیی کۆمەڵە ڕاپۆرتی سیاسی و بەرنامەی کاری دەورەی داهاتووی پێشکەش بە پلۆنۆم کرد.
لە ڕاپۆرتی سیاسیدا بارودۆخی سیاسیی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەیی و کێشمەکێشە جیهانیەکان خرایە بەر لێکدانەوە. بەپێی ئەو لێکدانەوەیە کۆماری ئیسلامی ئێران درێژە بە دەستێوەردان و سیاسەتی تێکدەرانەی لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەدا و بۆیەش کێشەکانی لەگەڵ دنیای دەرەوە نەک کەم نابێتەوە، بەڵکوو ڕوو لە هەڵکشان و زیادبوون دەبێ. ناسەقامگیری و قەیرانی ئابووری ئاکامی چارەهەڵنەگری درێژەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ناڕەزایی و خەباتی جەماوەری لە دژی دەسەڵات درێژەی دەبێ و بەرینتریش دەبێتەوە.

لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە شوێنێک کە زەلهێزەکانی جیهان و دەسەڵاتە هەرێمییەکان کێشەکانی خۆیان تێیدا یەکلایی دەکەنەوە. کۆماری ئیسلامیش کە زەمەنێکی درێژە رەنگ و بۆی مەزهەبی بە ئاواتە ناسیونالیستیەکانی و ئیمپراتۆری ئێرانیی بەخشیوە، هۆکاری سەرەکی و یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی نانەوەی ئاژاوە و شەڕی ئاینییە لە ناوچەکەدا. ئەم رژیمە نە لە ناوخۆی سنوورەکانی دەسەڵاتی توانای چارەسەری گرفتە ئابووری و سیاسییەکانی هەیە و، نە گۆڕینی سیاسەتە دەرەکییەکانی کارێکی هاسانە بۆی. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کۆنترۆڵی ناڕەزاییە جەماوەرییەکان لە ئێران سیاسەتی ئاژاوەگێڕی و پەرەدان بە دەسەڵاتی لەدەرەوەی سنوورەکانی خۆی درێژەپێدەدا و دەستی لە هەموو کێشە ئایینی و دواکەوتووەکانی ناوچەکەدا هەیە.

دەسەڵاتی ئەمڕۆی ئێران پشتیوان و پاڵپشتی بەشێکی گەورەی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەوە بە خاڵی بەهێزی خۆی دەزانێ.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی سیاسیدا، سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا لێکدرایەوە و تەئکیدکرایەوە کە مەبەستی ئەوان نەک گۆڕین و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئێران، بەڵکوو گۆڕینی هەڵوێست و ڕەفتاری رژیمی ئێران بەرانبەر بە خۆیانە. ئەوان بە ئاشکرا دەیانەوێ ئێران بگەڕێتەوە ژێر نفوز و دەسەڵاتی ڕۆژئاوا و ئەمریکا و بەس، لە ڕاستیدا باسی دموکراسی و پشتیوانی لە خواستە ڕەواکانی دانیشتوانی ئێران بە ئەرکی خۆیان نازانن. ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران پرژوبڵاوە و تووشی ناکۆکی و گرفتە. بەشێک لەو ئۆپۆزیسیۆنە بەتایبەتی بەشە ڕاستەکەی نەک گۆڕینی سیاسەت، بەڵکوو گۆڕینی دەسەڵاتیان لە ئێران کردووەتە ئامانجی خۆیان. سیاسەتی فرەخوازی و مەزنخوازیی رژیمی ئێران لە ناوچەکە لەگەڵ ئاواتە ناسیۆناڵیستییە لەمێژینەکانی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە تەبایە، ئەوانیش وەکوو رژیمی ئێران لە بزووتنەوەی جەماوەریی و داخوازییەکانی دەترسن و هەڵوێستیان بەرانبەر بە داواکارییە ڕەواکانی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران هەمان هەڵویستی دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی ئێرانە. بەشێکی دیکە لە ئۆپۆزیسیۆن هەوڵ بۆ جۆرێکی دیکە لە دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران دەدەن و گوێنادەنە ڕوانین و هەڵوێست و ترسی خەڵک بەرانبەر بە دەسەڵاتی ئایینی. بەشی ئۆپۆزیسیۆنی لائیک، دموکرات و کۆماریخوازیش نایەکگرتووە و بەرنامەیەکی ڕوون و هەمەلایەنەیان بۆ داهاتووی سیاسیی ئێران نییە و نایەکگرتوویی و ناتەبایی و نەبوونی پلاتفۆرمێک بۆ یەکگرتنێکی سەرتاسەری، گرفتی سەرەکییانە، بۆیە هێشتا ئاڵترناتیڤێک بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکنەهاتووە و هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکیی مانەوە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەت لە دوو دەیەی ڕابردوودایە. لە ڕاستیدا ئەمڕۆکە ئاڵترناتیڤێکی وا شکنایە کە بزووتنەوەی جەماوەریی خەڵک لە ئێران وەکوو ئاسۆی دواڕۆژی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران قەبووڵی بێ. سەرەڕای هەموو ئەمانە ناڕەزایی گشتی خەڵکی وەزاڵەهاتوو و بزووتنەوەی نان و کار و ئازادی، بێگومان درێژەی دەبێ و کاریگەریی گەورەی لەسەر هاوکێشە و لێکدانەوەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران هەیە. ئەمڕۆکە ئاسۆی خەباتی ڕادیکاڵی خەڵکی هەژار و چەوساوە دژبەری سەرەکیی دەسەڵات و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و کاریگەریی لەسەر لێکدانەوەکان و ئامانجی دەسەڵاتەکانی ناوچەکە و جیهان دەبێ.

دۆخی ئاڵۆزی جیهان و ناوچەکە و ناوخۆی ئێران بە دڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەر هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەبێ و هاوکات دەبێتە هۆی لاوازیی دەسەڵاتی رژیمی ئێران. بێگومان دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران ناتوانێ ئاوا درێژە بە مانەوەی خۆی بدا و ڕوو لە نەمانە. بەڵام بە سەرەنجدان بە لاوازییەکانی ئەمڕۆی ئۆپۆزیسیۆن و ئەو فاکتۆرانەی باسکران، مومکینترین شێوەی گۆڕینی ئەم سیستمەی دەسەڵات، تێپەڕاندنی پرۆسەیەک بە چەند فازی جیاوازە کە بزووتنەوەی سیاسی و مەدەنی کاریگەریی لەسەر دەبێ.

ڕاپۆرتەکە لە بەشی تایبەت بە بزووتنەوەی کوردستاندا پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە: ئەم بزووتنەوەیە هاوکات لەگەڵ ئەوەی داوای نان و کار و ئازادیی تێدایە لە چاو بزووتنەوەی ناوچەکانی دیکەی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تایبەتمەندیی و پوتانسیەلی خۆی هەیە کە بەزۆریی لە خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی لە ستەمێکی مێژووییدا خۆی دەنوێنێ. لەم چەند ساڵەی دواییدا بە ئاشکرا و چەندین جار بینیومانە کە خەڵکی کوردستان ئاستێکی بەرزی خەباتی مەدەنی و کولتووری خەباتی سیاسییان نواندووە و نەک هەر بە بەشداری بەرین و کەموێنە هاوپشتیی خەباتی گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان لە عێراق و سوریە و تورکییەیان کردووە، بەڵکوو لە کۆبوونەوە جەماوەریەکانی خۆیاندا داواکاری و خواست و ویستی تازەیان باسکردوە. بە گشتی هەم لەباری شێوەی خەبات و هەم لەباری ناوەرۆکەوە ئاستێکی بەرزتر لە کولتوور و شێوازی جیاوازتر لە کاری سونەتیی بزووتنەوەی کوردستانیان هێناوەتە ئاراوە. لەم دەورەی نوێی خەباتەدا ئامانجەکانی بزووتنەوەکە ڕاشکاوانەتر و خەباتەکە تۆکمەتر و بەهێزتر دێنەبەرچاو. ئەم شێوەکار و داهێنانە جەماوەرییانە لەم بەشەی کوردستاندا پەیام و وانەی بەنرخی تێدایە و ئەرکی حیزبەکان و چالاکانی سیاسیە کە ئەم دەنگە بەهێزتر کەن و ئەو وانە و پەیام و ئەزمونانە لە بەرنامە و چالاکیی سیاسیی خۆیاندا لەبەرچاوبگرن. ئەم بەشەی ڕاپۆرتی سیاسی بابەتی باس و دیالۆگێکی گەرم و گوڕ و بەسوودی پلۆنۆم بوو. لەم بەشەی باسەکاندا مەسئەلە ستراتێژی، ئامانجەکان و دروشمە تاکتیکییەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستان درایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. پێویستیی پێداچوونەوە و ڕوونکردنەوەی زیاتری ستراتێژیی بزووتنەوەی کوردستان و گرتنەبەری تاکتیکی نوێ لە لایەن پلۆنۆمەوە پێشوازیی لێکرا و تەئکیدی لەسەر کرایەوە.

لەڕاپۆرتی سیاسیدا هەروەها ئاماژە بە لاوازییەکانی شێوەکار و ساختاری حیزبە سیاسییەکانی بەشدار لە بزووتنەوەی کوردستان لەچاو گۆڕانکاریەکانی خەباتی مەدەنی کراو، پێداگری لەسەر ئەوە کرایەوە کە ساختاری سوننەتی حیزبەکان بۆ ئەوە بتوانێ وەڵامدەرەوەی ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگای کوردستان و بزووتنەوەی جەماوەریی بەتایبەت لەپەیوەندی لەگەڵ چالاکانی مەدەنی و سیاسی و پەیوەندییەکانی حیزب و کۆمەڵگا بێ، پێویستی بە نۆژەنکردنەوە و ئاڵوگۆڕ هەیە و بەتایبەت گرینگیی هەنگاوهەڵهێنانی کۆمەڵە لەو ڕێگایە باسێکی سەرەکیی ئەو بەشە بوو. بە پێی لێکدانەوەی ڕاپۆرتی سیاسی حیزبی ئێمە دەبێ لەهەموو بوارەکانەوە خۆی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی بزووتنەوەی ئەمڕۆی کوردستان هاوئاهەنگ بکا. ئێمە لە دەورەیەکی گوزاری چارەنووس سازداین و بۆ ئەوەی وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی ئەمڕۆی خەباتی گەلی کورد بین دەبێ دروشمە ستراتێژیک و تایکتیکییەکانمان لەگەڵ دەسکەوتەکان و پێشکەوتنەکانی بزووتنەوەی جەماوەریی کوردستان هاوشان و تەبا بن.

لەباسەکانی پلۆنۆم سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ئێران و بەرینبوونەوەی بزووتنەوەی جەماوەریی و، لە ئاکامدا لاوازبوونی دەسەڵات و کرانەوەی فەزای سیاسی، بەتایبەت لە کوردستان وەکوو ئەگەرێکی داهاتوو باسکرا و ڕێکاری تایبەت لەو حاڵەتەدا درایە بەر باس. پێویستیی هاوکاری و نزیکبوونەوەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لەو کاتەدا تەئکیدی لەسەرکرایەوە. هاوکاریی ئەمڕۆی پێنج حیزبی سیاسی و پێکهێنانی ناوەندی هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە هەنگاوێکی باش هەڵسەنگێندرا. پلۆنۆم بەرینکردنەوە و درێژەپێدانی ئەو هاوکارییانەی بە پێویست زانی و پێداگریی لەسەر پێکهێنانی چەترێکی هاوکاری و عەمەڵیی نێوان حیزبەکان کردەوە. هاوکات باس لەوە کرا مانەوەی ئەو ناوەندە لە دۆخی ئێستادا و بەرەوپێشنەچوونی ناوەندی هاوکاری، دەبێتە هۆی بێهیوای لە نێو خەڵکدا. بۆیە پێویستە دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەوڵێکی جیددی و بەرین بۆ چوونەدەرەوە لەم بونبەستە بدا کە درێژەی بە شێوازی ئێستای ئیتر بە زیانە.
گرینگیی هاوکاری و پەیوەدنی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، تەوەرێکی دیکەی باسەکان بوو، لە ڕاپۆرتی سیاسدا هاوکاریی جیدیی و بەکردەوەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان وەکوو فاکتۆرێکی کاریگەر بۆ پێکهاتنی ئیئتلافێک لە ئاستی ئێراندا باسکرابوو، وەکوو ئەرکی سەرەکیی کۆمەڵە لەو بوارەدا داندرا. هاوکات دیسان پێداگری لەسەر ئەو ئەسڵە سەرەکییە کرایەوە کە کۆمەڵە لە هیچ هاوکاری و ئیئتلافێکدا کە کورد وەکوو نەتەوە بەڕەسمی نەناسێ بەشداری ناکا.
پلۆنۆم بە هەندێک باس بۆ تۆکمەترکردنی ڕاپۆرت بە کۆی دەنگ ڕاپۆرتی سیاسیی پەسەند کرد.

بەشێکی دیکەی پلۆنۆم ڕاپۆرتی کومیسیونەکانی تەشکیلاتیی کۆمەڵە بوو کە پێشکەش بە بەشداربووان کرا. پاش ڕاپۆرتەکان بە مەبەستی چاکسازی و باشترکردنی کاری ئۆرگان و کومیسیونەکان چەند قەرار و بڕیار پەسەندکران. لە درێژەدا ئەرکە سەرەکییەکانی دەورەی داهاتووی کاری کۆمەڵە لە ژێر تیشکی ڕاپۆرتی سیاسیدا دیاری کران و دەستەی کارگێڕ ئەرکی هەوڵ بۆ بەرینکردنەوەی کاری کۆمەڵە لە بواری ژنان و لاوان و گرتنی کونفرانسی ئەو دوو ناوەندەی، پێسپێردرا. هەروەها بۆ پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی باسەکانی مەسەلەی دروشم و ستراتێژیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بڕیاردرا لە ئاستی ئاشکرا و گشتیدا و بە گرتنی سمینار ئەو بابەتە بوروژێندرێ و لە ئاستی بزووتنەوەی کوردستاندا بڵاوبکرێتەوە. چالاکی لە ناوخۆی وڵات و ڕێکخستن و کاری تەبلیغی لە کوردستان وەکوو ئەرکی سەرەکیی کاری دەورەی داهاتووی کۆمەڵە دیاری کران. پلۆنۆم هەروەها کاتی گرتنی کونگرەی ١٤ی کۆمەڵەی دیاری کرد و کومیسیونێکی بۆ ئامادەکاری کونگرە هەڵبژارد. ئەو کومیسیونە ڕێیپێدراوە بە مەبەستی ئامادەکاریی سیاسی و سازمانی کونگرە، کومیسیونی دیکە لە کادر و ئەندامانی کۆمەڵە دیاری بکا.

بەشی کۆتایی پلۆنۆم دابەشکردنی ئەرکەکان بوو کە کومیسیونەکانی کومیتەی ناوەندیی دیاری کران و سکرتێری گشتی و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی بۆ دەورەی داهاتوو هەڵبژارد.

کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٣. ١١. ٢٠١٨