توندوتیژی پیاوان بەرانبەر بە ژنان لە هەموو دونیادا و لە نێو هەموو کولتوورەکاندا هەیە، ئەمڕۆکە ئەو دیاردەیە وەکوو گرفتێکی کۆمەڵایەتیی نێودەوڵەتی چاوی لێدەکرێ و وەکوو یەکێک لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دێتە ئەژمار. بەخشرانی خەڵاتی نوبێلی ئاشتی بە نادیە موراد و دنیس مەکووەگەی نیشاندەری ئەوەیە ئەو توندوتیژییە لە ئاستی جیهانیدا پێویستی بە بەرەوڕووبوونەوە و بەرپەرچدانەوەی جیددی هەیە و چیدیکە پشتگوێ ناخرێ.

بەردەوامی شەڕ لە بەشێکی بەرچاوی جیهان و بوونی گرووپ و تاقمی سەدەی ناوەڕاستی و فیکری دواکەوتووانە و بەرینبوونەوەی توندڕەویی ئایینی کە بەدوای خۆیاندا کۆچی بەکۆمەڵ و ئاوارەیی بەرینیان هێناوە، ئەو فاکتۆرانەن کە پەرەپێدەری توندوتیژی دژی ژنانن و ژنان قوربانیی سەرەکیی تەوژمی شەڕ و ئاوارەیی و دواکەوتووین کە بەرۆکی بە کۆمەڵگای بەشەری و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتووە.

خەبات بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان پێویستی بە بوونی چەندین فاکتۆری گرینگ لە کۆمەڵگادا هەیە.

  • بوونی تێگەیشتن و ڕۆشنبیریی جینسییەتی کە دەزانێ توندوتیژی چییە و مافەکانی ژنان کامەن و ئەو سنوورانەی پیاوان بۆیان نییە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و شەخشی و خانەوادەییەکاندا بیانبەزێنن کامەن. ئەمە ئەرکی دەزگاکانی پەروەردە و ڕاگەیاندنە گشتییەکان و لە وڵاتی داگیرکراودا مێدیای ئۆپۆزیسیۆنی بەدەربەست دەبێ یەکێک لە مەبەستە سەرەکییەکانی کاری یەکسانیخوازانەی، کار بۆ ئەم بەشە بێ، هەر لە منداڵییەوە و لە نێو خانەوادە و خوێندنگەکان دەبێ ڕێشەی ئەو بۆچوونەی ڕێگە بە توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان دەدا هەڵکێشرێ.
  • بوونی ئینسانی بەدەربەست (لە هەموو جینسییەتەکان) کە ئامادەن بەکردەوە بەشداری ئەو خەباتە بن. ئەو ژنانەی بە ناسینی مافەکانی خۆیان ئامادە نین چیدی توندوتیژی قەبووڵ بکەن و ئەو پیاوانەی بە ناسینی مافەکانی ژنان و سنوورەکان، ڕێز لەو ماف و سنوورانە دەگرن.
  • بوونی دەزگا و دامەزراوەی تایبەت کە کار بۆ یەکسانی دەکەن و ئەم بوارە لە کاری یەکسانیخوازانە بە جیدیی دەزانن و هەوڵ دەدەن بە کاری ڕۆشنگەرانە بەستێن بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بڕەخسێنن.
  • کاری پڕبەپڕی ڕێکخراوەیی لە کوردستان کە هەوڵ بۆ کۆتایی هێنانی یەکجاری بە توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان لە هەموو ئاستەکانیدا دەدا و هەروەها ڕەنگدانەوەی هەوڵی یەکسانیخوازانە لە ناو هەموو چالاکییە سیاسی و حیزبییەکاندا فاکتۆرێکی گرینگی دیکەیە، لەم ئاستەدا ئەرکی ڕێکخراوە و لایەنە پێشکەوتنخوازەکان و بەتایبەتی ڕێکخراوە چەپ و سوسیالیستییەکانی کوردستان تایبەتی دەبێ.

ئەمانە دەتوانن کولتووری ناڕەوای کۆمەڵگا بگۆڕن کە ساڵهایە ژنانی قوربانی دەسدرێژی و توندوتیژی زیاتر لە تاوانبارن دەخاتە ژێر گوشارەوە و دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەل بۆ قوربانیان بۆ ئەوەی بە بێ ئەوەی خۆیان بە تاوانبار بزانن بتوانن باسی ئازارەکانی خۆیان بکەن، ڕێگە خۆشدەکا بۆ ئەوەی تاوانباران سزا بدرێن و قوربانیان بتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان بەدەست بێننەوە.

 

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی جیهانیی تەندوروستی نزیکەی لە سەدا ٦٠ی ژنان لانیکەم یەکجار لە ژیانیاندا کەوتوونەتەبەر توندوتیژیی جەستەیی، ڕۆحی یان جینسی. دیارە ئەم ئامارە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە ئاشکرا یان نهێنی پەیوەندییان بە ڕێکخراوە و دامودەزگای جۆراوجۆرەوە گرتووە و لە ئامارەکاندا حیساب کراون. لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەو دیاردەیە لە ڕادەیەکی بەرچاوتر و بە شێوازی زەقتر لە کۆمەڵگادا هەیە و حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و یاساکانی نەک هەر کارێک بۆ چارەسەرکردنی ناکەن بەڵکوو بە شێوەی سیستماتیک پەرەی پێدەدەن و پشتیوانیی فیکری و یاسایی لێدەکەن.

هەر بۆیە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کوردستان هەوڵ دەدا بە ناسینی تایبەتمەندییەکان و دۆخی ژنان و خەباتیان لەو بەشەی جیهان کار و پلانی تایبەتی چڕکاتەوە و هەم بە کاری خۆی و هەم بە پشتیوانیی بزووتنەوەی ژنان و هەموو ئەو بزووتنەوە ڕۆشنبیرانە و پێشکەوتنخوازانەی بە قازانجی چارەسەرکرانی گرفتەکانی ژنان لە کۆمەڵگادان، ڕیگە بۆ نەمانی توندوتیژی دژی ژنان خۆش بکا و بەرەوە کۆمەڵگایەکی یەکسان هەنگاو بنێین.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێ ئاڵای خەبات بۆ یەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان شەکاوەڕاگرێ و هەموو هێزی بۆ ناسینی خەسارەکان و چارەسەری گرفتەکان بخاتە گەڕ. کۆمەڵە دەتوانێ و دەبێ جارێکی دیکە ئاڵاهەڵگری خەباتی یەکسانیخوازانە و لەو ڕێگەیەوە پێشەنگی خەباتی دژی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان بێ.

سەرکەوێ خەبات بۆ یەکسانیی مافەکانی ژنان و پیاوان

نا بۆ توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان بە هەموو شێوازەکانیەوە

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٤ی نوامبری ٢٠١٨