‎ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران رۆژی شەممە رێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٤ی نوامبری٢٠١٨ی زایینی کۆبوونەوەیەکی بە بەشداری بەرپرسانی باڵای حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە خانەخویی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهێنا.

‎لەم کۆبوونەوەیەدا سەرەتا لە لایەن بەڕێز مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەخێرهاتنی هەیئەتەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە کرا و بەڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی و بە پێوەوەستان بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی ئەم دواییانەی کوردستانی رۆژهەڵات و تێکۆشەرانی ئازادیخوازی گەلانی ئێران دەستی بە کارەکانی کرد.

‎لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە باسێکی سیاسی وگشتیدا ئاماژەی بە وەزعی هەنووکەیی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاکامەکانی ئەو گەمارۆیانەی خراوەتە سەر رێژیم ودۆخی نالەباری ئابووری وڵات و دابەزینی ئیمکاناتی ژیانی خەڵک و فسادی ماڵی و ئەو فشارە نێوخۆیی و دەرەکیانەی سەر رێژیمی کرد و هەر لەو راستایەدا پێویستی بەهێزتر کردنی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی بە ئەرکێکی گرینگ و شوێندانەر لەسەر رەوتی رووداوەکان زانی.

‎هەر لەو پێوندییەدا رەوتی کارو چالاکییەکانی ناوندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ماوەی رابردوو مووشەکبارانی بارەگاکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و ئیعدامی پۆلێک لە چالاکانی سیاسی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامی لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا کەوتە بەرباس و وێڕای سوپاس و پێزانینی بەشداران لەسەر درێژەدان بە کاری ناوەند پێداگیرایەوە، بە تایبەت ئەو یەکگرتوویی و هاودەنگی و هاوهەلوێستییەی کە مانگرتنە سەراسەری و مێژووییەی ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵ کە لاپەرەیەکی پڕ لە شانازی خستە سەر کارنامەی خەباتی کورد لە کوردستانی ئێران، ئاکامی ئەو هاودەنگی و هاوهەلوێستییە گشتییەی حیزب و لایەنەکانی کوردستانی ئێران دانرا.

‎ڕای کۆبونەوە دەربڕی پێداگری لەسەر درێژەی ئەم هاوکاری و هاوهەلوێستییە بوو و پێزانین و ئەمەگناسی خۆی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دووپات کردەوە و سڵاو و رێزی تایبەتی ئاراستەی زیندانیانی سیاسی و دەستگیرکراوانی ئەم حەرەکەتە یەکگرتووانەیە کرد کە بەرانبەر بە سیاسەتە زۆردارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران خاوەن هەلوێست و ئیرادەی شۆڕشگێرانە بوون.
‎لە چوارچێوەی باسەکان و لێکدانەوەکانی لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هەیئەتەکانی هەرکام لە ئەندامانی ناوەند وێڕای تەئیدی باس و بابەتەکانی پێشکەشکراو راوبۆچوونی خۆیان بۆ دەوڵەمەندترکردنی باسەکە خستە بەرچاوی بەشدارانی کۆبوونەوەکە.

‎کۆبوونەوەکە بەو ئاکامە گەیشت کە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای درێژەدان بە کار و چالاکییەکانیان، بە مەبەستی بەهێزترکردنی ناوەند لە هەموو شێوەکانی خەباتی رەوا و سەردەمییانە لە نێوخۆی وڵات و لە دەرەوەی وڵات کەڵک وەربگرن، لەم راستایەدا بانگهێشتی هەموو رۆڵەکانی کورد کە بۆ پرسی کورد و دوارۆژی وڵات بە پەرۆشن کرد کە بە یەکگرتوویی تەواوەوە پشتی ناوەند بگرن و لە دژی سەرکوت و زۆردارییەکانی رێژیم بوەستنەوە.

‎لە کۆتایی کاری کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەوڵ بدا لە ماوەیەکی دیاریکراودا پلاتفۆرمی خۆی بۆ هەر ئەگەری ئەو ئالوگۆڕانەی کە چاوەڕوان دەکرێ لە ئێراندا ڕوو بدا، ئامادە بکا و بە ئاگاداری خەڵکی تێکۆشەری کورد، حیزبەکانی ئوپۆزیسیونی ئێرانی و کۆڕ و کۆمەڵانی نێونەتەوەیی بگەیەنێ.
‎بۆ ئەنجامی خێرای ئەو ئەرکانە بڕیار درا: ھەیئەتە نوێنەرایەتیەکانی ناوەند بە کارێکی پڕاوپڕ و پێوەندی نزێکتر لەگەڵ ڕێبەری و بەرپرسانی یەکەمی حیزبەکانی بەشدار، میکانیزمی پێویست لە ھەر بوارێکدا دیاری بکەن.

لە کۆبوونەوەیەدا هەریەک لەبەرێزان
کاک عومەر ئیلخانی زادە سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان
کاک ساڵح شەریفی ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە نوێنەرایەتی بەرێز کاک عەبدوڵلا موهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شورشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کاک سەید کامیل نوورانی فەرد ئەندامی دەفتەری سیاسیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە نوێنەرایەتی کاک باباشێخ حسەینی سکرتێری گشتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کە سەرۆکایەتی شاندەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەکەیان دەکرد لە چوارچێوەی باس و بابەتەکانی کۆبوونەوەکەدا و هەروەها بریار و راسپاردەکانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران شرۆڤەی دوایین گۆرانکارییەکانی پێوەندییدار بە پرسی کوردیان کرد و هاودەنگی و هاوهەڵوێستی ناوەندی هاوکاری و هەروەها یەکگوتاری بزاڤی کوردییان بە پێویستیەکی هەنووکەیی زانی.

‎ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
‎٣/٩/١٣٩٧ی هەتاوی
‎٢٤/١١/٢٠١٨ی زایینیی