رۆژی پێنجشەممە 11ی رێبەندان وەفدێكی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان بە سەرپەرستی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە، سكرتێری گشتیی كۆمەڵە سەردانی سكرتاریای حیزبی دیموكراتی كوردستانی كرد.
وەفدی میوان لەلایەن وەفدێكی رێبەریی حیزبی دیموكرات بەسەرپەرستی بەڕێز مستەفا مەولودی سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستان پێشوازییان لێكرا.

لەكۆبوونەوەكەدا كە بەبەشداریی بەڕێزان مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە و کاک حەسەن ڕەستگار؛ بەڕێوەچوو، پرسی گۆڕانکارییەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد لە هەلومەرجی ئێستای ئێران و ناوچە خرایە بەرباس و گفتوگۆ.

لەدیدارەكەدا بە ئاماژە بە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا بە یەکڕیزی زیاتر دەتوانێ پشکی لە گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێراندا هەبێ.

هەروەها پێداگری لەسەر ئەمە کرا کە ئەگەرچی دامەزرانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وەڵامێکی پێویست و بەجێ بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەگەر و ئاڵوگۆڕەکانی بەردەم جووڵانەوەی کورد بووە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بە ئامانجە بنەڕەتییەکانی خۆی بگا و پێویستە کار و هەنگاوەکانی داهاتووی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەهێزترکردنی ناوەندی و ئاراستەدان بە پڕۆژەکانی ناوەند بۆ وەدیهاتنی ئامانجە سەرەکییەکانی بێ.