خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە!

هەروەک پێشتر ئاگادارمان کردن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی پوشپەڕی ١٣٩٨ ی هەتاوی لە کاتژمێرەکانی ٥ و ٩ ی بەیانیدا هێلیکۆپتەرو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سپای پاسداران بە بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر ئاسمانی ناوچەکە و بنکە و بارەگا و سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ناوچەکانی حاجی ئۆمەران و بەردەسۆران وئالانە و ، دۆڵی ڕۆست لە ناوچەی سمێلان سووڕاونەتەوە و ، پاشان لە کاتژمێر ١٢:٢٠   دەقیقەی نیوەڕۆوە تۆپخانەکانی سپای پاسداران لە دۆڵە مەیدان لە ناوچەی پیرانشارەوە بە کاتیۆشا و خۆمپارەهاوێژی ١٢٠ بۆردومانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەیان لەو ناوچانە دەست پێکرد .

بەپێی دوایین هەواڵەکان هاوکات لەگەڵ ئەوە هێزەکانی سوپای پاسداران لەڕێگای تۆپخانەوە هێرشێکی تووندیان کردۆتە سەر بنکە و بارەگاکانی هەر تک حیزبی دیموکرات وکۆمەڵە لەناوچەی برادۆست.

لەئاکامی بۆردومانی کوێرانەی تۆپخانەکانی سپای پاسداراندا کە بۆتە هۆی ئاگردانی پانتاییەکی بەرین لە ڕەز و باخ و پاوانی هاوڵاتییان لە گوندەکانی بەربەزین ، تەلان ، بێ پوشک، داسنا،دێرێ و چەند گوندی دیکە، زۆربەداخەوە، لە گوندی تەلان زەیتون قادری تەمەن ١٨ ساڵ گیانی لەدەست داوە و دوو برای بەناوەکانی سیروان قادر تەمەن ٢٣ ساڵ و ئیسماعیل قادر تەمەن ١٤ ساڵ برینداربوون.

ئێمە لەستادی نیزامیی کۆمەڵەوە وێڕای مەحکومکردنی تۆپبارانی کوێرانەی سپای پاسداران ودروستکردنی مەترسی و نیگەرانی بۆسەر گیان و ماڵی هاوڵاتییان و دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان، ئەوپەڕی بەداخبوونی خۆمان بەبۆنەی شەهیدبوونی زەیتوون قادر و برینداربوونی دوو برای دەردەبڕین و سەرەخۆشی لەبنەماڵە و کەس و کاریان دەکەین و خۆمان بەشەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین .

ستادی نیزامی کۆمەڵە

١٩ی پوشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی