رێكخراوی لاوانی پێشرەو بەشداری كۆبوونەوەی ئامادەكاری بەستنی چوارەمین كۆنفرانسی  نەتەوەیی لاوانی چوارپارچەی كوردستان كرد.

له‌ به‌ره‌به‌ری به‌ڕێوه‌چوونی چواره‌مین کۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی لاوانی چوارپارچه‌ی کوردستان، لێژنه‌ی هاوئاهه‌نگی رێکخراوه‌کانی لاوانی رۆژهه‌ڵات، کاتژمێر 10ی سه‌رله‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌ 19ی جۆزه‌ردانی 1393ی هه‌تاوی به‌رامبه‌ر به‌ 9/6/2014ی زایینی له‌ بنکه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی یه‌کیه‌تیی لاوانی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی لێژنه‌، کۆبوونه‌وه‌.

سه‌ره‌تای کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌ڕێز جه‌لال ره‌وانگه‌رد وته‌بێژی لێژنه‌ی هاوئاهه‌نگی رێکخراوه‌کانی لاوانی رۆژهه‌ڵات، به‌رنامه‌ی کاری کۆبوونه‌وه‌که‌ی خسته‌به‌رباس‌و دواتر هه‌رکام له‌ ئه‌ندامانی لێژنه،‌ تێ‌بینی‌و پێشنیاره‌کانی خۆیان خسته‌به‌رباس‌و دوای ئاڵ‌وگۆڕی بیروڕا له‌ نێوان ئه‌ندامانی لێژنه‌ی رۆژهه‌ڵات، له‌سه‌ر دوایین بڕیار‌و ئاماده‌کارییه‌کانی چواره‌مین کۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی لاوانی چوارپارچه‌ی کوردستان که‌ ئه‌رکی به‌ڕێوه‌بردنه‌که‌ی له‌ ئه‌ستۆی رێکخراوه‌کانی لاوانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌، ساخ بوونه‌وه‌.

به‌ پێی دوایین هه‌ڵوێستی رێکخراوه‌کانی لاوانی رۆژهه‌ڵات، بڕیار درا‌ له‌ کۆتاییه‌کانی مانگی 6ی زایینی 2014 له‌ شاری “هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید”، چواره‌مین کۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی لاوان به‌ڕێوه‌ بچێت.

خاڵێکی دیکه‌ی باسی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ئاماده‌کار‌ له‌سه‌ری ساخ بوونه‌وه‌، بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا له‌گه‌ڵ لاوانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان هه‌ماهه‌نگی بکرێ‌و دوایین بڕیاره‌کانی ئاماده‌کاری کۆنفڕانسیان پێ رابگه‌یه‌ندرێت.
هه‌روه‌ها له‌ ماوه‌یه‌کی نزیک‌دا پرێس کۆنفڕانسێک رێکبخرێ‌و سه‌رجه‌م باس‌و ته‌وه‌ره‌کانی کۆنفڕانس‌و کاتی به‌ڕێوه‌چوونی به‌ڕای گشتی بگه‌یه‌ندرێت.

لێژنه‌ی هاوئاهه‌نگی رێکخراوه‌کانی لاوانی رۆژهه‌ڵات
بۆ چواره‌مین کۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی لاوانی چوار پارچه‌ی کوردستان