راگه‌یاندنی كۆتایی پلینۆمی حه‌وته‌می كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان
وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 5 شه‌م Oct 20, 1:33 pm
كۆبوونه‌وه‌ی به‌رینی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی، پلینۆمی حه‌وته‌می كۆمه‌ڵه له رۆژانی 15 و 16ی مانگی ئۆكتۆبر رێكه‌وتی 23 و 24ی ره‌زبه‌ر، به به‌شداریی به‌رپرسان و كۆمیته سه‌ره‌كیه‌كانی ته‌شكیلاتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و به‌رپرسانی به‌شه جۆراوجۆره‌كانی ته‌شكیلات و ئۆرگانه‌كانی كۆمه‌ڵه له كوردستان، به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌م پلینۆمه پێشوه‌خت و له‌سه‌ر بانگهێشتی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌چوو.
پلینۆم به راپۆرتی هاوڕێ عومه‌ر ئیلخانیزاده سكرتێری گشتیی كۆمه‌ڵه كاره‌كانی ده‌ست پێكرد. راپۆرته‌كه بریتی بوو له دوو به‌شی سیاسی و ته‌شكیلاتی. له به‌شی سیاسی‌دا، جارێكی دیكه ته‌ئكید له‌سه‌ر باس و ئه‌نجامه‌كانی پلینۆمی شه‌شه‌م كرایه‌وه كه نزیكه‌ی 2 مانگ به‌ر له ئێستا به‌ڕێوه‌چووبوو و له روانگه‌ی راپۆرته‌كه‌ی سكرتێره‌وه، لێكدانه‌وه و ده‌ره‌نجامه‌كانی پلینۆمی شه‌شه‌م جه‌ختیان له‌سه‌ر كرایه‌وه. هه‌روه‌ها بارودۆخی ئێستای گۆڕه‌پانی سیاسیی ئێران و دیاریكردنی سیاسه‌ته‌كانمان له‌مه‌ڕ هه‌ڵبژاردنه‌كانی مه‌جلیسی ئیسلامی، خرایه به‌ر باس و لێكدانه‌وه. له‌م باسه‌دا، به‌رینتر بوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابووری و سیاسی له ئێران و په‌ره‌سه‌ندنی لێكترازانی حكوومه‌ت تاوتوێ كرا و جارێكی دیكه ئاماژه به ده‌رفه‌تی هه‌ستانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی خواستی نان و ئازادی و عه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی كرا وه‌ك به‌رچاوترین ئه‌گه‌ر له كه‌شی سیاسیی ئێستادا، هه‌ربۆیه پێویستی هاوكاری و هاوئاهه‌نگیی نێوان ئۆپۆزسیۆنی دیموكرات و سیكۆلاری ئێرانی جارێكی دیكه پێداگریی له‌سه‌ر كرایه‌وه و داوا له كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كرا، له‌م بواره‌دا هه‌وڵی زیاتر بخاته كار و ئه‌م ئه‌ركه بخاته ریزی كاره‌كانی خۆی و ته‌شكیلاته‌وه. هه‌روه‌ها یه‌كێكی دیكه له باسه‌كانی راپۆرته‌كه بریتی بوو له هه‌وڵدان بۆ خوڵقاندنی ده‌رفه‌تی هاوكاریی نێوان حیزبه كوردستانیه‌كان. له به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌دا، سیاسه‌تمان له هه‌مبه‌ر ئه‌و ره‌وتانه تاوتوێ كرا كه له ژێر ناوی كۆمه‌ڵه‌دا كار ده‌كه‌ن. له‌م به‌شه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كرایه‌وه كه سیاسه‌تی وتووێژی سیاسیی راسته‌وخۆ و پێویستیی هاوكاریی ئاشكرا و روون له بواره جیاجیاكانه‌وه هه‌تا پێكهێنانی به‌ستێن بۆ رێكه‌وتن له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی بۆ به‌دیهێنانی ته‌شكیلاتێكی گشتگیری كۆمه‌ڵه، بایه‌خی زیاتری پێبدرێت.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كانی مه‌جلیسی ئیسلامی، راپۆرته‌كه به ئاشكرا له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوو كه زانیاریه‌كانی تا ئێستا نیشانده‌ده‌ن كه هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره، ته‌نانه‌ت له‌چاو شانۆگه‌ریه‌كانی پێشوو، زۆر زیاتر ده‌بێته هه‌ڵبژاردنێكی ئه‌منیه‌تی و به ته‌واوی ده‌ستچن كرا‌و ده‌بێت.
هاوڕێیانی به‌شداربووی پلینۆم وێڕای په‌سند كردنی راپۆرتی سیاسی، تێبینیه‌كانیان بۆ كامڵ كردن و باشتر كردنی راپۆرته‌كه خسته روو و سیاسه‌تی تا ئێستای كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌و بوارانه‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر كرایه‌وه. سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، پلینۆم كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی راسپارد هه‌موو هه‌وڵی خۆی بخاته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی له‌مباره‌وه هاوهه‌ڵوێستی له نێوان حیزبه سیاسیه‌كانی كوردستان دروست بێت و هه‌روه‌ها له ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی خۆیه‌وه چالاكانه بپه‌رژێته سه‌ر بابه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مه‌جلیسی ئیسلامی و له‌مباره‌یه‌وه رۆشنگه‌ریی به پێویست زانی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین هه‌رچی زیاتر ئه‌م ده‌رفه‌ته بكه‌ینه قۆناغێك بۆ گه‌شه‌ی زیاتری وشیاریی خه‌ڵك.
به‌شی دووهه‌می راپۆرته‌كه كه ته‌رخان كرابوو بۆ باسه ته‌شكیلاتیه‌كان و كاری ئۆرگانه‌كان و ئه‌ركه‌كانی داهاتوومان له هه‌موو بواره‌كان، زۆرترین باسه‌كانی پلینۆمی له‌خۆی گرت. راپۆرتی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی تاوتوێ كرد و بنج و بناوانی گه‌شه‌ی ئه‌م چه‌شنه له بشێویه‌ی گه‌ڕانده‌وه بۆ كه‌مبوونی په‌روه‌رده و بارهێنان، خه‌مساردی و هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرتنی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له كاتی گونجاو‌دا، شل بوونه‌وه‌ی دیسپلینی حیزبی و نه‌بوونی سیستمێكی كارامه، كه‌مبوونی هاوده‌نگی له ناو كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی و رێبه‌رایه‌تی بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی له‌كاتی گونجاو و گه‌شه‌ی كولتووری سه‌ربازی له ناو خۆماندا. هه‌روه‌ها رێكاری پێویستی بۆ پته‌وتر كردنی دیسپلینی حیزبی، زاڵ كردنی كولتووری به‌رزی سیاسی و به‌هێزتر كردنی بواری په‌روه‌رده‌ی سیاسی و فیكری، چالاك كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی رێبه‌رایه‌تی و جه‌سته‌ی ته‌شكیلات به چه‌شنێك كه به‌شداریی گشتیی له سیاسه‌ت و كاروباری ته‌شكیلاتی لێبكه‌وێته‌وه، دانانی سیستم و میكانیزمی پێویست بۆ جێبه‌جێ كردنی په‌سند كراوه‌كانی پلینۆمه‌كانی پێنج و شه‌ش، په‌ره‌پێدانی دیالۆگ و گفتوگۆ له ناو كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی بۆ پته‌وتر كردنی رێبه‌رایه‌تی و سه‌ره‌نجام كۆتایی هێنان به سستی و ناڕێك‌وپێكی له جێبه‌جێ كردنی په‌سند كراوه گشتیه‌كاندا.
هاوڕێیانی به‌شدار له پلینۆم، به‌شداریی كارایان له‌م به‌شه‌ی باسه‌كاندا كرد و وێڕای ته‌ئید كردنی هه‌ڵوێستی شیاوی رێبه‌رایه‌تی بۆ پێشگیری له نائارامی و ره‌چاو كردنی سیاسه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا، له‌و بڕوایه‌دا بوو كه پێویست بوو كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی زۆر زووتر، ریزی خۆی رۆشنتر له بێ‌پره‌نسیپیی حیزبی و سیاسی جیا بكاته‌وه و ده‌بوو رێبه‌رایه‌تی زۆر به جیددی بۆ جێبه‌جێ كردنی په‌سندكراوه‌كان كار بكات. هه‌روه‌ها پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرایه‌وه كه پێویسته زه‌مانه‌تێك هه‌بێت بۆ پێشگیری له دووباره بوونه‌وه‌ی حاڵه‌تی هاوشێوه و هه‌مووان ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر پێویستیی په‌روه‌رده و پێكهێنانی فه‌زایه‌كی سیاسیی هاوڕێیانه و سه‌قامگیر كردنی حیزبییه‌ت كرده‌وه.
دابه‌ش كردنی ئه‌ركه‌كانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ر به‌پێی پلینۆمی شه‌شه‌م مایه‌وه و كۆمیسیۆنی ئاماده‌كاری كۆنگره راسپێردرا له ئێستا كاره‌كانی ده‌ست پێبكات و كۆمیته‌كانی پێویست بۆ كاره‌كانی دیاری بكات. به‌مجۆره پلێنۆم گه که‌شێکی هاورێێانه‌دا کۆتایی به کاره‌کانی خۆی هێنا.
كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان
19ی ئۆكتۆبری 2011ی زایینی، رێكه‌وتی 27ی ره‌زبه‌ری 1390ی هه‌تاوی
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS



(No Ratings Yet)