یەکێک لە مەسەلە گرینگەکانی جێگای مشتومڕ، چۆنیەتی پێوەندیی بزوتنەوەی کوردستان لەگەڵ ئۆپۆزیسێۆنی ئێرانی و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی هێزە سیاسیەکانی کوردستانە لەوبوارەدا. بێگومان کوردستان و هێزە سیاسیەکانی دەبێ چۆنیەتی رەوتی سیاسەت و هەموو ئاڵوگۆڕەکانی گۆڕەپانی سیاسی ئێران بەلایانەوە گرینگ و بایەخدار بێت و چالاکانە بەشداریی تێدا بکەن و، خۆیان بە لایەن و ئاکتەر لە پانتای سیاسەت لە ئێران بزانن. هەموومان دەزانین چارەنووسی سیاسی ئێران راستەوخۆ لەسەر بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان کاریگەریی هەیە و دەیبێ، پێچەوانەکەشی راستە. پێوەندی و دیالۆگ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و دۆستایەتیش لەگەڵیان ئەرکێکی گرینگی ئۆپۆزیسیۆنی کوردە .

گەلی کورد و بزوتنەوەی کوردستان لە بڕگە زەمانیی جیاوازدا هەتا ئێستا، هەم پاڵپشتی ئازادی و دێمۆکراسی و، هەم داڵدەدەری ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دژ بە دیکتاتۆریی بوون و، گەرمترین پێوەندییان لەگەڵ پێکهێناون. بە تایبەتی لەم سێ دەیە وبڕەی حوکمی کۆماری ئیسلامیدا، خەڵکی کوردستان لە پێشەوەی خەبات بۆ دێمۆکراسی بوون و نیشنیاندا کە سەرکوت و کوشتار ناتوانێ ئیرادەی یەکگرتوویان تێکبشکێنێ. نەک هەر چۆکیان دانەدا، وشیاریی سیاسی خۆیان گەشە پێدا و پانتایی بزاوتی نەتەوەییش بۆ رزگاریی پەرەسەندوتر بوو. تا هات کوردستان بوو بە هێمای خۆراگریی لە ناو خەڵک و باقی گەلانی ئێراندا. ئەو راستیە لە لایەک شوێنەواری خستە سەر زەینی فەرهەنگی و رووناکبیریی و، دیالۆگێکی چڕوپڕی لە ناو ئێرانیەکان سەبارەت بە نەتەوە، مافەکانی نەتەوە و پێکهاتەی کۆمەڵگا و چۆنیەتی پێکەوە ژیانی گەلانی ئێرانی، خۆڵقاند. لە لایەکی دیکەوە خەباتی خەڵکی کوردستان بوو بە پاڵپشتی گوتاری دێمۆکراسیخوازیی و سێکۆلاریسم لە بەرانبەر گوتاری ئیسلامیدا. رۆشنتر بڵێم بزوتنەوەی کوردستان جۆرێک ئاڵترناتیوی بەرانبەر کۆماری ئیسلامی هێنایە مەیدان.

دەتوانم بڵێم وردە وردە ژمارەی ئەو کەس و لایەنانە زیادیان کرد کە بڕوامەند بوون بەوەی کە ئێرانی فرە نەتەوەیی و فرە کولتوریی، بە بێ چارەسەری پرسی نەتەوەکان، ناتوانێ رووی ئاسایش و دێمۆکراسی ببینێ. پێجەوانەکەشی، بە بێ بەهێزکردنی بزاوتی دێمۆکراسی، نەتەوەکانی ناو ئێران ناتوانن لە سایەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا هیچ بەشێک لە مافەکانیان وەدەست بێنن. ئەوە پێشوەچونێکی گەورە و دەسکەوتێکی دیاری بزوتنەوەی کوردستان بوو و کاریگەریی خستە سەر هێز و لایەنی سیاسی غەیرە کوردیش لە ناو باقی گەلانی ئێرانی. بە جۆرێک کە لە دیالۆگ لەگەڵ نەتەوەی باندەست ئیتر بڤە نەبوو باس لە مافی نەتەوەیی بکرێ، پیچەوانە چەشنیک لە سەلماندن بۆ فێدرالیسم و ئیدارەی هەرێمی لە لایەن نەتەوەکانەوە، لە ناو زۆرێک لە نوخبەی سیاسی ئێرانی قبول کرابوو یان بۆی نەرم دەبوون. ئەوەش ئۆتۆریتە و ئیعتیبارێکی گەورەی بۆ بزوتنەوەی رەوای خەڵکی کورد دەستەبەر کرد و قورسایی سیاسی کوردستان و بزوتنەوەکەی لە ناو ئێراندا پێ زیاد بوو. لەسەر ئەو ئەساسەش دیالۆگ و لێتێگەیشتن لەمەڕ پرسی نەتەوەیی مەودای زۆرتری بۆ رەخساوە کە ئێستاش دەکرێ کەڵکی باشی لێوەربگیرێ.

ئەوەی جێگای سەرنجە هەوڵێکی بەردەوام لە ناو بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە ئارادا بووە و هەیە تا ئەو هێژمۆنییەی بە خەباتی بزوتنەوەی کورد و هێزە دیمۆکراتەکان پێکهاتووە، پاشەکشەی پێبکرێ و دەسکەوتەکانی بزاوتی کوردیی کەمبکرێتەوە. لە دوای هاتنە مەیدانی بزوتنەوەی ریفۆرمخوازانی ئیسلامی بۆ چاکسازی لە کۆماری ئیسلامیدا، دەورەیەکی نوێ لە پێوەندیی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی دەستی پێکرد. بەشێک کەوتنە ئەو داوە کە گۆیا ئیسلاحخوازان دەبنە ئاکتەری سەرەکی گۆڕان و، ئیسلاحی کۆماری ئیسلامی ئەگەرێکی بەهێزە و “دەورەی شۆڕش نەماوە”.(هەرچەند راپەڕین لە وڵاتانی عەرەبی پێچەوانەکەی نیشاندا و شکستی ئیسلاحخوازانیش سەلماندی کۆماری ئیسلامی و هیچ رژێمێکی دیکتاتۆر هەڵگری رێفۆرم نییە) ئەم بۆچوونە وایکرد تا بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کورد پێشوازی بکات لە هەندێک دروشمی بێ ناوەرۆکی ئیسلاحخوازانی ئیسلامی، بەو بیانوە کە دەکرێ ئەوەندەش بکرێتە پردەباز بۆ وەەستهێنانی دەسکەوتی پتر. ئەوە لە لایەک هەم دووفاقەییەکی خستە ناو بزوتنەوەی کوردیی و، هەم سیگناڵێک بوو بۆ بەشێکی دیکە لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە دەکرێ کورد بە کەمتر رازی بکرێ یان لانیکەم دیتیان کەلەبەرێک لە نێوان کوردان هەیە. تەنانەت کەسیان تێدا هەیە کە رازی دەبێ لە جیاتی وشەی نەتەوە بڵێ قەوم. لایەنی دیکەش هەبوو لە ناو بزوتنەوەی کوردیدا کە هەڵوێستی هەبوو بەرانبەر ئیسلاحخوازان، بەڵام کەوتە داوی لایەنی دیکەی تەواویەتخوازی ئێرانی یان جۆرێک لە کێبەرکێ لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی کوردیدا هاتە ئاراوە و کایەی ئاڵترناتیوسازی وەتەماعی خستن و وەپەلە کەوتن کە نەکا بەجێبمێنن. دیتمان لە کۆنفەرانسی پاریس چۆن سرودی ئەی ئێرانیان پێ خوێندن بێ ئەوە هیچ شتێکی روونیان لەسەر مافی نەتەوەکان گوتبێ. یان لە کۆنفەرانس و کۆبوونەوەکاندا دەبینین کە ئۆپۆزیسیۆنی تەواویەتخواز بە چ سەرسەختییەک لە بەرانبەر مافی نەتەوەیی گەلان رادەوەستن. دەبینین کە چۆن کەس و لایەنگەلێکی کوردی دەکێشنە ژوری داخراو بۆ ئەوە دوور لە چاوی خەڵک قسەیان لەگەڵ بکەن و لە بەشێکی دیکەی کورد دایانببڕن و بە کەم رازییان بکەن و لە کۆتاییدا کەمەکەشیان لێببڕن. هەموومان بیستومانە لە کۆنفەرانسی ستۆکهۆڵم هوشداری دراوە کە نەک هەر باسی مەسەلەی کورد نابێ بکرێ، هیچ هەڵاواردنێکیش نابێ باس بکرێ، با کێشەی لێ دورست نەبێ. ئایا حەق وایە ئەو لایەنە کوردیانەی لەوێ بوون بێدەنگەی لێ راکەن؟ ئایا هەم بە حوکمی خەبات بۆ دێمۆکراسی و هەم بە حوکمی کورد بوون نەدەبوو لە ساڵۆنی کۆنفەرانسەکە بێنە دەرێ؟ ئەگەر نەهاتنە دەرێ، دواتر بۆ ئیعتیراز ناکەن. چی رویداوە کە هەرچەند بزوتنەوەی کوردیی لە ناوچەکەدا قورسایی زیادی کردوە و لە ئێراندا توانیویەتی ببێتە پێشەنگی گوتاری چارەسەری پرسی نەتەوەکان، بەڵام کردەوە و دەنگی بەشێک لە ڵایەنە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان ئاوها لاواز بووە و دەنگی تەواویەتخوازە ئێرانیەکان بەرزتر بۆتەوە دژ بە مافی نەتەوەیی گەلانی ئێرانی؟ ئایا ئەو قسانەی لە کۆبوونەوەکان بیستومانە و ئەو سیگناڵانەی دیتومانە، نابێ بمانخاتە بیری ئەوەی بۆ لە کورد وەتەماع کەوتون؟ بە بڕوای من دوو فاکتۆڕ دەوریان هەیە و بوویانە لەم دۆخەدا:

یەکەم: نالێکی هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لەمەڕ بزوتنەوەی ئیسلاحخوازانی ئیسلامی و، دواتر کەوتنە کێبەركێ لەگەڵ یەکتر بۆ پێوەندیی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی راست و تەواویەتخواز. هەروەتر کەوتنە ناو کایەی ئاڵترناتیوسازی نهێنی و بێ بنەمای روون و کەمبایەخکردنی پێداگریی لە سەر مافە دێمۆکراتیکەکان و بزوتنەوەی جەماوەریی.

دووهەم: حەولی بەرچاوی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە ئیسلاحخوازی ئیسلامی و سێکۆلاری تەواویەتخوازەوە بۆ ئەوەی پێش هەر گۆڕانکارییەک لە ئێراندا، پاشەکشە بکەن بە مافخوازیی نەتەوەیی. بۆ ئەو مەبەستەش با لە رواڵەتدا رێز لە کورد بگرن و لە ناوەرۆکدا بە کەم رازی بکەن. ئەوانە هەستیان بە کەلەبەرەکانی ناو ئۆپۆزیسیۆنی کوردی کردوە.

بۆیە زۆر پێویستە و سەرەرای بوونی کەلەبەر و نالێکی ناومان، هەندێک ئەسڵ و پرەنسیپ دووبارە لە ناو بزوتنەوەی کوردیدا پێداگریی لەسەر بکەین و سەرەرای ئیختیلافاتی ناوخۆمان، وەک بەرژەوەندیی گشتیی پێی پابەند بین. جیا لەوە با کارکردن بۆ هاوهەڵوێستی و دورستکردنی میکانیسمێک بۆ هاوکاریی، جیددیتر لە هەمیشە بۆی وەگەڕ کەوین. ئەو خاڵانەی خوارەوە دەتوانن هەندێک لەو پرەنسیپانە بن کە تا ئێستا زۆر جاران لە لایەن هەموانەوە ئایان بۆ وتراوە و دڵنیاشم دەکرێ بە هیمەتی هەموان رێکوپێکتر و پڕ ناوەرۆکتر بکرێ.

الف: با بە دەنگی بەرز بیڵێێن و بیسەلمێنین کە هیچ هێزیکی سیاسی کوردی ناچیتە ناو هیج هاوپەیمانی و هاوکاریەکەوە لە سەتحی سەراسەیی ئێرانی، مەگەر مافی نەتەوەیی کورد تێیدا بە رۆشنی قبوڵ کرابێ.

ب: با هیچ لایەنێک بۆی نەبێ بچێتە هیچ کۆبوونەوەیەکی نهێنی و داخراو کە لەوێدا و دوور لە چاوی خەڵک قسە لە سەر چارەنووسیان بکرێ. با بەرنامەی هەر کۆبوونەوە و کۆنفەرانسێک بە رۆژەڤی دیاریکراو بێت و هەڵوێست و نەتیجەش بخرێتە بەر دیدە و نەزەری رای گشتیی.

ج: هێچ لایەنێک یان دوو و سێ لایەنێک بە تەنیا نوێنەری هەموو گەلی کورد نییە و ناتوانێ بەو ئیعتیبارە هەڵسوکەوت یان تەوافوق بکات. ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە تەنیا کەلەبەری ناو بزوتنەوەی کوردستان پەرە پێدەدات. دیارە دیالۆگ لەگەڵ هەر کەس و لایەنێک مافی هەموانە.

د: با ببێتە تەوافوقی هەموو لایەک کە کەس بۆی نییە لە لانیکەمی ئەسڵی فیدڕالی کە تا ئێستا پەسەندی هەموو لایەکە، لابدات و داخوازیەکانی خەڵکی کورد دابشکێنێ.

ه: با هەمومان بیسەلمێنین کە لە هەموو دانیشتن و کۆبوونەوەیەکدا پارێزەری ئازادیە سیاسی و دێمۆکراتیکە ناسراوەکان دەبین. بە راشکاوی بڵێین: هەر هاوپەیمانیەک کە ئازادیە سیاسیە گشتیەکانی بە مافی یەکسانی ژنانەوە تا جیایی دین لە دەوڵەت و…، وەک بنەما قبوڵ نەکردبێ ناتوانین کاری تێدا بکەین و لەگەڵی بین.

8 March 2012