هەفتەنامەی دەستور، لەسەرپرسی یەكگرتنەوەی كۆمەڵەكان‌و چەند تەورێكی دیكە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ هاوڕێ عومەری ئیلخانیزادە سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان سازداوە.

دەقی چاوپێكەوتنەكە دەخوێننەوە:

 

دەستوور: دوا په‌ره‌سه‌ندنی‌ ره‌وتی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ به‌ كوێ گه‌یشتووه‌؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: ئێمه‌ له‌ مێژه‌ خه‌ریكی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ین، هه‌ر له‌ دوای جیابونه‌وه‌مان داوامان كرد یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ كوردستان له‌ ژێر چه‌ترێكی‌ چه‌پی كوریدا پێویستییه‌، به‌ڵام له‌ وەڵامدا پێیان وتین جیابونه‌وه‌تان له‌چی و یه‌كگرتنه‌وه‌تان له‌چی، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ دواین كۆنگره‌ی خۆمان كۆنگره‌ی‌ دوانزه‌ جه‌ختمان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا كرده‌وه‌، به‌دوای ئه‌وه‌دا ئێمه‌ هه‌ر له‌ پلینیۆمی‌ دووه‌می‌ دوای كۆنگره‌ی‌ 12، بڕیارنامه‌یه‌كمان له‌ چه‌ند خاڵێكدا په‌سندكرد، له‌وانه‌ پێمانوایه‌ لایه‌نه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ بڕوایان به‌ كوردستانی‌ بونی‌ و چه‌پ بون هه‌یه،‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌بێ یه‌ك بگرن، به‌داخه‌وه‌ دره‌نگ ئه‌و په‌یامانه‌ وه‌رگیرا، له‌ ئه‌نجامدا ئێمه‌ ئه‌وه‌ قسه‌مان بوو په‌یوه‌ندیه‌كانمان ئاسایی بكه‌ینه‌وه‌، هاوكاریمان هه‌بێت، پرۆسه‌ی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ وه‌گه‌ڕبخه‌ینه‌وه‌، ئه‌م كاره‌ش به‌ ئاشكراو له‌ به‌رچاوی‌ خه‌ڵك بیكه‌ین. به‌خۆشیه‌وه‌ له‌ كۆنگرەی‌ چوارده‌ی‌ ئه‌و ره‌فیقانه‌مان من نامه‌م بۆنوسین وداوام لێكردن ئه‌م پرسه‌ ببێته‌ پرسێكی‌ گرنگی‌ كۆنگره‌كه‌یان. له‌ کۆنگرە‌كه‌یاندا بڕیارنامه‌یه‌كیان په‌سندكرد كه‌ كاره‌كانیان بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ چڕتربكه‌نه‌وه‌. بڕیارنامه‌كه‌یان به‌رێژه‌ی‌ 80% ئه‌ندامانی‌ كۆنگره‌ ده‌نگی‌ هێنایه‌وه‌. دواتر ئێمه‌ پێكه‌وه‌ دانیشتین و یه‌كه‌م دانیشتنیش له‌ نێوان من و كاك عه‌بدوڵا موهته‌دی‌ بوو، دواتر لیژنه‌مان دیاریكرده‌وه‌، چواركه‌س له‌وان و چواریش له‌ ئێمه‌، دواتر دانیشتنی‌ ئه‌ندامانی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌ر دوولامان كردووه‌، دواتر داوامان كردوه‌ سمیناری‌ كادره‌كان بگیردرێت و هه‌روه‌ها سیمناری‌ ئه‌ندامانیش. بڕیار بوو له‌ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌دا به‌ نوسراو وەڵام بده‌نه‌وه‌ ئه‌و وەڵامه‌یان نه‌داوه‌، به‌ڵام تا ئێستا درێژه‌ی‌ كاره‌كان هه‌ر جاره‌ به‌ هۆكارێك به‌دوا كه‌وتووه‌.

دەستوور: یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی دواكه‌وتنی‌ پرۆسه‌ی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چونی‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ ئێوه‌ بۆ ناو ئه‌وان ؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: ئه‌گه‌ر به‌ واقعی قسه‌ بكه‌ین تاكو ئێستا سێ هێنده‌ له‌ ئه‌وان هاتونه‌ته‌ ناو ئێمه، له‌ ئێمه‌ش هیچ گروپ و ڕه‌وتێك نه‌چونه‌ته‌ ناو هیچ لایه‌نێك ته‌نها چه‌ند كه‌سێك بوون.

دەستوور: کەوایە به‌ر به‌سته‌كانی‌ به‌ده‌م یه‌كگرتنه‌وه‌كه‌تان چیه‌؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: له‌ 15 ی فیوریه‌ی‌ 2014 ئه‌وان به‌ بۆنه‌ی‌ رۆژی‌ كۆمه‌ڵه‌ راگه‌یاندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌، تیایدا هاتووه‌ دوو ساڵ پێش ژماره‌یه‌ك له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان چونه‌ته‌وه‌ ناو ئه‌وان (كاك بارام ره‌زایی) یانی به‌شێك  له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشان چوبێتنه‌وه‌ ناو ئه‌وان، ئێمه‌ به‌ ئاشكرا پێمان راگه‌یاندوین ئێمه‌و ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ به‌شێك له‌ خۆمانیان ناناسین.

دەستوور: وەڵامی‌ ئه‌وان به‌و ناره‌زایه‌تیه‌ی‌ ئێوه‌ چی بوو؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: له‌خۆیان ده‌بێ بپرسن.

دەستوور: به‌ بڕوای ئێوه‌ هه‌ست ناكه‌ن ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئێوه‌ له‌ سه‌ر مێزی‌ دانوستانه‌كان به‌ لاوازی ده‌ركه‌ون؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: ئه‌وان ئێمه‌یان تاقیكردوەتەوە و‌ نه‌یانتوانیوه‌، له‌وان گه‌وره‌تر ویستویانه‌ ئێمه‌ بشكێنن، ئه‌وا 7 بۆ 8 ساڵه‌ ئێمه‌ خۆمان راگرتووه‌.

دەستوور: هیچ هه‌وڵێك بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كاك برایم عه‌لیزاده‌ هه‌یه‌؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: ئێمه‌ هیچ هه‌وڵێك بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا نییه‌، چونكه‌ جیاوزای فكریمان هه‌یه‌.

دەستوور: په‌یوه‌ندیتان چۆنه‌؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: په‌یوه‌ندیمان دۆستانه‌یه‌

دەستوور: له‌گه‌ڵ دیموكراته‌كان په‌یوه‌ندیتان چۆنه‌؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: لەگه‌ڵ ئه‌وانیش په‌یوه‌ندیمان باشه.

دەستوور: پێتانوانیه‌ دروستكردنی‌ به‌ره‌یه‌ك ئاسانتر بێت تا پرۆسه‌ی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزه‌ دابڕاوه‌كان؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: نه‌ پێموانییه‌، من خولیای یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌م هه‌یه‌ و ده‌ست له‌وه‌ش هه‌ڵناگرم، به‌ڵام یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ به‌ مانای‌ تێكه‌ڵبونه‌وه‌ نیه‌، یه‌كگرتنه‌وه‌ به‌ مانای هاتنه‌وه‌ مه‌یدانی‌ حیزبێكی‌ خه‌باتكاری شۆرشگێری پڕ ئیدیعا، كۆمه‌ڵه‌ توانی ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ هه‌ر له‌ رووی‌ هێزی ئینسانی‌  و بونی‌ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ باش له‌ناو خه‌ڵك و رابردوویه‌كی‌ باش. له‌ ئێستادا گوتاری زاڵ له‌ نێو كۆمه‌ڵدا بوه‌ته‌ گوتاری چه‌پی كوردستانی‌. ئه‌ندامانی‌ ناوخۆی‌ كۆمه‌ڵه‌ وه‌ك لێره‌ دابه‌ش نه‌بوون،‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ن، هه‌ر  بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موان به‌و یه‌كریزی‌ كۆمه‌ڵه‌ تێبكۆشین. لەگه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێ بۆ دروستكردنی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ كوردستانی‌ هه‌وڵه‌كانمان چڕبكه‌ینه‌وه‌، چه‌ندینجار وتومه‌ گرفتی دروستنه‌بوونی‌ به‌ره‌ی‌ كوردستانی‌ له‌ ناو حیزبه‌كانی‌ دیكه‌دا نییه‌، بەڵکو له‌ نێوان كۆمه‌ڵه‌ و دێموكراته‌.

دەستوور: پێتانوانیه‌ به‌م دۆخه‌ی‌ ئێستاوه‌ بگه‌رێنه‌وه‌ ناوخۆی‌ وڵات كاریگه‌ری‌ خراپ له‌ سه‌ر ئه‌ندامانی‌ كۆمه‌ڵه‌ له‌ ناوه‌وه‌ داده‌نن.

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: نه‌ پێموانیه‌، پێموایه‌ له‌ تاراوگه‌ بون  و دووری له‌ خه‌ڵك بوەته‌ هۆی‌ دروستبونی‌ ئه‌م دۆخه‌.

دەستوور: بۆچونێك هه‌یه‌ ئه‌ڵێت ئه‌وان هیچیان نیه‌ ئه‌وا پارچە پارچە دەبن ئه‌گه‌ر پاره‌ و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت خراپتر ده‌بن.

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: وانیه‌ لێره‌ش لەباشوور كاتێك زانیان سه‌دام ده‌روخێت یه‌كیان گرت بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌رێم لەده‌ست نه‌ده‌ن، له‌ راستیدا دۆخه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان وه‌ك ئێره‌ نیه‌، ئێمه‌ رابردوویه‌كی‌ دورودرێژمان له‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆییمان نیه‌، یانی‌ شەڕی ناوخۆیی نه‌بوه‌ته‌ ره‌وتێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌.

دەستوور: بۆچی‌ به‌شداریتان له‌ كۆنگره‌ی‌ كه‌نەكه نه‌كرد؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: ئێمه‌ بانگهێشت نه‌كرابوین، پاره‌كه‌ ده‌عوه‌ت كرابوین چووین.

دەستوور: بانگهێشت بكرابان ده‌چون؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: به‌ڵێ بانگهێشتی‌ ره‌سمی‌ بكرابایه‌ن ده‌چوین.

دەستوور: په‌و‌ەندیتان له‌گه‌ڵ پژاك چونه‌؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: په‌یوه‌ندیمان نیه‌، ئه‌وان به‌شێكن له‌ پەكەكه‌.

دەستوور: له‌ داهاتوودا له‌ كوردستانی‌ ئازادی‌ رۆژهه‌ڵاتدا رێگه‌یان پێ ده‌ده‌ن به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: به‌ڵێ، چونكه‌ نابێت پێش به‌ چالاكی هیچ لایه‌نێك بگیرێت. به‌ڵام پێموانیه‌ ئه‌وان ره‌وتێكی‌ سه‌ره‌كی‌ و جێكه‌وتوو بن له‌ كوردستان.

دەستوور: له‌ سه‌ر به‌ره‌ی یه‌كگرتووی كورد له‌ ناوخۆ چ بۆچونێكتان هه‌یه‌و چالاكیه‌كانیان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: خەباتی‌ ناوه‌وه‌ لەگه‌ڵ ئێمه‌ فه‌رقی هه‌یه‌، ئه‌وان نه‌ ده‌بێ به‌ زمانی‌ ئێمه‌ قسه‌ بكه‌ن نه‌ ده‌بێ وه‌ك ئێمه‌ قسه‌ بكه‌ن، به‌ڵام به‌ره‌ی یه‌كگرتوو نه‌ حیزبه‌ نه‌ ڕه‌وته‌، ئه‌وان له‌ ناو خۆیاندا یه‌ك ده‌نگ نین.

دەستوور: پیتوایه‌ بواری‌ جۆرێك چالاكی و خه‌بات له‌ چوارچێوه‌ی‌ كۆماری ئیسلامیدا هه‌یه‌؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: نه‌.. شتی‌ وا نیه‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك له‌ ناو كوردستاندا هه‌ن كه‌ زۆر دڵسۆزن بۆ جێگرتنی‌ دێموكراسی و ئازادی.

دەستوور: پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات ساڵانێكه‌ خه‌باتی‌ چه‌كداریان وه‌لاناوه‌، به‌ڵام له‌ رووی كاری میدیایه‌وه‌ هه‌ست ده‌كرێت لاواز بن، هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆچی‌ ده‌گه‌رێنه‌وه‌؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: به‌دڵنیایه‌وه‌ كه‌موكورتی هه‌یه‌، به‌ڵام ئێران وڵاتێكی‌ زۆر دیكتاتۆره‌، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان سنوردار كردوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ پاساو نیه‌ كه‌ ئێمه‌ كه‌مان كار كردووه‌. به‌ڵام خه‌باتی‌ خه‌ڵكی‌ رۆژهه‌ڵات خه‌باتێكی‌ مردوو نیه‌ و زۆریش زیندوه‌، له‌ كوێی كوردستان مه‌گه‌ر باكوری‌ كوردستان، 50 هه‌زار كه‌س كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌چنه‌ شاخی‌ ئاویه‌ر، چۆن رۆیشتون ئه‌وه‌ بێ رێکخستن كراوه‌؟  هه‌ر له‌ هه‌ورامان و ئیلام و مه‌هاباد و ورمێ راوچیه‌كان دێن تفه‌نگه‌كانیان ده‌شكێنن و كه‌وه‌كانیان ئازاد ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ له‌ كوێوه‌ هاتووه‌، ئه‌ی‌ بۆ له‌ شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ئێران ناكرێت، به‌شێكی‌ زۆر له‌ چالاكی كورد له‌ زیندانه‌كاندان، هه‌موو چالاكه‌ بۆ زیندانه‌كان دووره‌كان، دوور ده‌خرێنه‌وه‌ نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌ نیه‌ چالاكی هه‌یه‌ زۆربه‌ی‌ زیندانیانی‌ سیاسی له‌ سێداره‌ ده‌درێن هه‌مووی ئه‌مانه‌ ئاماژه‌ن بۆ چالاكبونی‌ خه‌باتی‌ رۆژهه‌ڵات.

دەستوور: پێتانوایه‌ له‌ ئێراندا بوارێك بو چالاكی مه‌ده‌نی‌ هه‌یه‌؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: به‌ڵێ هه‌یه‌ ئه‌و بواریه‌ش خه‌ڵك خۆی ره‌خساندویه‌تی‌.

دەستوور: پێتانوایه‌ هه‌ڵویسته‌كان و كاره‌كانی باڵی ریفورمخوازان زیاتر بێمتمانه‌یی له‌ ناو خه‌ڵكدا دروستكردووه‌؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: جارێ‌ با ئه‌وه‌ بڵێم رۆحانی‌ ریفۆمخواز نیه‌ و بۆخوشی وا نا‌ڵێت، پشتیشی له‌ ریفوخوازان كردوه‌، ته‌نانه‌ت داوای ئازادكردنی‌ موسه‌وی‌ و كه‌رۆبی هه‌ر ناكات، هه‌میشه‌ له‌ خامنه‌یی و ره‌فسه‌نجانی نزیك بووه‌، من پێموایه‌ له‌ كۆماری ئیسلامی ئێراندا پرۆژه‌ی‌ رێفۆرمخوازی له‌ دوای‌ خاتمیه‌وه‌ شكستی‌ خواردوه‌، به‌ڵام ریفورمخوازان هێزێكن  كه‌ له‌ ناوخۆیاندا خه‌ریكن ده‌گۆڕێن و ناچنه‌وه‌ ناو ده‌سه‌ڵات و ئێران به‌ ئه‌وان ناگۆڕدرێت.

دەستوور: چ بۆچونێكت هه‌یه‌ له‌ باره‌ی‌ قسه‌كانی‌ نازم ده‌باغ نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ تاران كه‌ قاسم سلێمانی‌ به‌ دۆستی‌ كورد ده‌زانێت؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: زۆر خراپی قسه‌كرد، من قسه‌كانی‌ ئه‌و به‌ هی یه‌كێتی‌ نازانم  و به‌ هی حكومه‌تی‌ هه‌رێمیشی نازانم. یانی ئه‌و كاته‌ی‌ سه‌دام پشتی‌ ئێمه‌ی‌ ده‌گرت ده‌بێ ئێستا ئێمه‌ بڵێن دۆستی‌ كورد بوو؟! وه‌ڵا هه‌ر كه‌س وا ئه‌ڵێت ده‌بێ به‌ حه‌وت ئاو زمانی‌ ئه‌و كه‌سه‌ بشۆردرێته‌وه‌.

دەستوور: هیچ گۆِرانكارییه‌ له‌ دوای هاتنی‌ رۆخانی‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان به‌دی ده‌كرێت؟

هاوڕێ عومەر ئیلخانیزاده‌: به‌پێی ئاماری خودی ئێران، رێژه‌ی‌ بێكاری 21% به‌رزبۆته‌وه‌، له‌سێداره‌كان به‌رده‌وامه‌ و گرانیش زیاتر بووه‌، خه‌ڵك هیوای به‌رۆحانی‌ بوو كه‌ كارێكیان بۆ بكات، به‌ڵام كه‌ زانیان هیچی له‌دەست نایه‌، خه‌ڵكی‌ بۆخۆیان ئێستا كارده‌كه‌ن و یادی گه‌وره‌ ئه‌دیبان و شاعیران نوسه‌ران و كه‌سایه‌تیه‌ مێژووی‌ و سیاسیه‌كانی ده‌گرێت  و كۆڕ و كۆبونه‌وه‌ی‌ گه‌روه‌ ده‌گێرێت و یاد له‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان ده‌گیرێت. خه‌ڵكی‌ خۆی‌ كار ده‌كات و چالاكه‌ و هیچ فشارێك كه‌م نه‌بوه‌ته‌وه‌.