ماوەی چەند ڕۆژێکە چەکدارانی داعش دوای ئەوەی سوپای عێڕاق هەرەسی هێنا و خۆیان پڕ چەک کرد، دەستیان داوەتە هێرش بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا و کانتونی کوبانییان خستۆتە مەترسی.

ئێمە بە تەواوی پشتیوانی خۆمان بۆ بەرگریکردنی دەسکەوتەکانی بزاوتی رزگاریخوازی کورد لە ڕۆژئاوا رادەگەیەنین و، وێڕای مەحکوم کردنی ئەم هێرش و داگیرکاریەی داعش، هەموو بەرگریکارانی کوبانی دڵنیا دەکەینەوە کە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات پشتیان دەگرن و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانیش بە ئەرکی خۆی دەزانێ لەم دەمە ئاستەمەدا هاوکار و داکۆکیکاری گریلای رۆژئاوا بێ.

  هەر وەها داوا لە هەموو هێزە سیاسیەکانی ڕۆژئاوا، بە تایبەتی پەیەدە دەکەین بە یەکریزی دژ بەم پیلانەی کۆنەپەرەستان و دوژمنانی ئازادی و دێمۆکراست بوەستنەوە و حەولی تەواو بخەنە گەڕ تا ناکۆکی نیوانیان لە پێناو یەکریزی بزوتنەوەکە بپارێزن. خوازیاری ئەوەین هەموو هێزە سیاسیەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان بۆ شکستهێنان بە تەجاوەزکاریی داعش و پشتیوانی بزوتنەوەی رەوای گەلی کورد لە ڕۆژئاوا، وەگەر بکەون و لە سازدانی پشتیوانی نێونەتەوەیی تا کردەی مەیدانی و سەربازی و کۆمەکی لۆجستیکی بۆ بەهێزکردنی گەریلای ڕۆژئاوا لە حەولدا بن.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٨. ٧. ٢٠١٤ زایینی