راگەیاندنی سکرتاریەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بە هەواڵێکی سایتی رووداو لە مەر هۆیەکانی تۆپبارانی ئەمجارەی هەرێمی کوردستان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە .
وهشانگهر ئاسۆ - 3 شهم Jul 26, 3:42 am
رووداوەکانی ئەم دواییانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وبشێویی وئاڵۆزییەکانی سووریە و وڵاتانی دەوروبەر لە لایەکەوە و سەقامگیربوون و گەشەسەندنی هەرچی زیاتری ئەزموونەکانی خەڵکی باشووری کوردستان و کاریگەریی ئەم دەسکەوتانەی هەرێم لەسەر ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بووەتە هۆی نیگەرانیی قووڵی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی. لەم رووەوە کۆماری ئیسلامی دەستی داوەتە میلیتاریزە کردنی هەرچی زیاتری رۆژهەڵاتی کوردستان و تۆپباران و پەلامار و بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کە لە ئاکامدا زەرەر و زیانێکی زۆری ماڵی و گیانیی لێ کەوتووەتەوە.
بەداخەوە لەم رۆژانەدا لە زمانی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، هەواڵێک لە سایتی رووداو بڵاو بۆتەوە کە هۆیەکانی ئەمجارەی تۆپبارانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە کۆمەڵەیە. هاوکات لەگەڵ راست کردنەوەی ئەم هەڵەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم ئیدیعا بێ بنەمایانەی کۆماری ئیسلامیی کە گۆیا چالاکیی و حوزووری هێزەکانی کۆمەڵە هۆی سەرەکیی تۆپبارانکردنی ئەمجارەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە، خەڵکی تێکۆشەری کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هیچ چەشنە حوزوور و چالاکییەکی نیزامیی لەو ناوچە ئاماژە پێکراوانەدا نییە و هەرگیز خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر رژیمی ئێران بەکار ناهێنێ.
لەم رووەوە ئێمە وێڕای مەحکووم کردنی ئەم پیلانگێڕییەی کۆماری ئیسلامی، داوامان لە هەموو هێز و لایەنە سیاسی و پێشکەوتنخوازەکانی کوردستان و کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی ئەوەیە کە کردەوەی لەم جۆرە مەحکووم بکەن و رێگە نەدەن کە ئەم رژیمە سەرەڕۆیە ژیان و ئاسایشی خەڵک و ناوچەکە تێکبدات.
سکرتاریەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٤/٧/٢٠١١
Komala Party له Twitter, ڵاپهڕی ئێمه له Facebook .وهرگرتنی بابهتی نوێ له رێگهی RSS



(+2 rating, 1 votes)