ته‌وه‌رەیەک ده‌رباره‌ی رۆشنبیر و رۆشنبیری, چه‌مکی رووناکبیری و پێناسه‌کانی رووناک‌بیر
وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - هه‌ینی Jan 06, 2:12 am
کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکانی ئاوها باسێ، واته رووناکبیر‌و رووناکبیریی، به راستی ته‌وه‌رەیەکی قورس‌و دژواره. ئه‌م باسه پێش خوانێکی هه‌مه لایانه‌و وردی ده‌وێ که بتوانێ به رووناکی‌و هه‌ناسه درێژی‌یه‌وه سه‌رهه‌ڵدان‌و بنه‌ماو تایبه‌تمه‌ندییه‌کان‌و پێناسه‌ی رووناکبیر‌و رووناکبیری بخاته ڕوو.
بێگومان پێویستیی ئه‌م باسه‌و بابه‌ته‌کانی‌تری له‌م جۆره له به‌ستێنی که‌لتووری‌و رووناکبیری ئێمه‌دا زۆر به زه‌قی هه‌ست پێده‌کرێت. شڵه‌قانی ئه‌و بێده‌نگی‌و مه‌نگییه که له‌م بواره‌و به‌شه‌کانی‌تری که‌لتووری ئێمه‌دا زاڵه، ده‌خوازێ که به وردی‌و هۆشیاری‌یه‌وه ئاوڕ له‌م بابه‌تانه بده‌ینه‌وه. رووناکبیر‌و پێشخوانی فه‌رهه‌نگی رووناک‌بیر، تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی‌و به کێ ده‌وترێ رووناک‌بیر، ئه‌و پرسانه‌ن که ده‌بێ له خۆمانیان بکه‌ین‌و بۆ وه‌ڵامه‌کانیان بکه‌وینه شوێن لێکۆڵینه‌وه‌و به ده‌ستهێنانی ئاکامی پێویست‌و زانستی.
ئاشکرایه‌و هه‌موو ده‌زانین که شارستانیه‌تی نوێ، واته مۆدیڕنیته که سه‌رهه‌ڵئه‌دات له گه‌ڵ خۆیدا دوو چه‌مکی گرنگ ده‌خوڵقێنێ. ئه‌م دوو چه‌مکه گرینگه له راستیدا وه‌ک دوو واتا‌و دوو چه‌ق له به‌رجه‌سته‌ترین باس‌و واتاکانی مۆدیڕنیته‌ن. رووناک‌بیر یه‌کێکه له‌م واتا گرینگانه‌ی شارستانییه‌تی مۆدیڕن. زاراوه‌ی دیموکراسی لقه‌که‌ی تری ئه‌م واژه‌یه‌یه‌و مۆدیڕنیته له هه‌ناوی خۆیدا ره‌نگێکی تۆخ به‌م واژه‌یه‌ش ده‌به‌خشێ.
ئه‌م دوو ته‌وه‌ره له واقیعدا ته‌واوکه‌ری یه‌کترن. دیموکراسی وه‌ک دۆخ له به‌ستێنی خۆیدا زه‌مینه‌ی ده‌رکه‌وتنی رووناک‌بیر ده‌خوڵقێنێ. رووناک‌بیر دیارترین هاووڵاتی چالاک‌و پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی‌یه که دۆخی دیموکراسی هه‌راو‌و قووڵتر ده‌بێته‌وه که بۆ ناسین‌و فامکردنی مۆدیڕنیته‌و قه‌یرانه ئاوه‌زیه‌کانی ئه‌م ڕووه زۆر پێویسته. هه‌ر وه‌ک وترا، واتای رووناک‌بیر یه‌کێکه له‌و واتایانه‌ی که مۆدیڕنیته له گه‌ڵ خۆی ده‌یهێنێته ناو که‌لتوورو فه‌رهه‌نگی جیهانه‌وه. وا دیاره که رووناک‌بیر وه‌ک چالاکی‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی له بواری ئافراندن‌و ئاوه‌زو ئه‌ندێشه‌وه، به ته‌نیایی له دایک نابێت، واته ئه‌م ناوه به رووتی‌و تاکی ئه‌و که‌سانه ناگرێته‌وه که ته‌نیا سه‌رقاڵی خوڵقاندن‌و ئافراندنی ئه‌ندێشه‌و ئاوه‌زن‌و له دنیای نه‌زه‌ری تێنه‌په‌ڕیون، له ته‌نیایی‌و ساته‌وه‌ختی تایبه‌تی خۆیاندا وه‌ک پیشه، ئه‌م ئاوه‌زانه ده‌خوڵقێنن‌و به‌ره‌و کۆمه‌ڵ‌و کۆمه‌ڵگا نایگوێزنه‌وه. مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م واتایه‌و چۆنیه‌تی هاتنه ناو بواری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌و ئاماده‌بوونی ئه‌و مرۆڤه چالاکه، به درووستی ئه‌م بۆچوونه ده‌سه‌لمێنێ که رووناک‌بیر ته‌نیا له بازنه‌ی ئه‌و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌دا قه‌تیس نابێ که سه‌رقاڵی خوڵقاندنی ئه‌ندێشه‌و ئاوه‌زن، ره‌نگه بتوانرێ بڵێین که ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه یه‌کێکه له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی که هه‌ڵگری به‌شێ له واتا‌و لایه‌نی رووناکبیری‌یه، به‌ڵام به مرجی ته‌واوو کۆی، پێناسه‌ی رووناک‌بیر نابه‌خشێته ئه‌وانه‌ی که له‌م بواره‌دا سه‌رقاڵن.
ئه‌گه‌ر مۆدیڕنیته ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م دوو بواره بێت، واته بواری ئاوه‌زئامرازی که له گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدان‌و گه‌شه‌کردنی ته‌کنه‌لۆژیاو ته‌کنیکدا چاو هه‌ڵدێنێ‌و ده‌خوڵقێ،هه‌روه‌ها ئه‌قڵی ره‌خنه‌یی که بنه‌ڕه‌تیترین تایبه‌تمەندی هه‌ر جۆره هه‌وڵ‌و کۆششێکه که بۆ سه‌ربه‌ستی تاکه‌که‌سی‌و ئازادی سووژه خۆ ده‌رده‌خات. له‌م به‌ستێنه‌دا رووناک‌بیر ده‌بێته دیارترین سیمای دنیای مۆدیڕن، ئه‌وه رووناکبیره که هاوکات بۆچوون‌و باوه‌ڕو ڕامیاریی مۆدیڕنه ده‌پارێزێت‌و دیسانه‌وه ئه‌مانه ده‌خاته به‌ر ره‌خنه‌و لێکۆڵینه‌وه.
که وا بوو له روانگه‌ی مۆدیڕنیته‌وه رووناک‌بیر گرینگی زۆری هه‌یه‌و خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیی خۆیه‌تی. به ده‌سپێکردنی مۆدیڕنیته‌و به‌رجه‌سته بوونه‌وه‌ی چه‌مکه‌کانی، رووناک‌بیر دێته گۆڕه‌پانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و نه‌قشی رامیاری‌و کۆمه‌ڵایه‌تی مێژووی خۆی ده‌ست پێده‌کات. به پێی ئه‌م باسانه‌ی که ئاماژه‌یان پێ کرا ئه‌و توێژ‌و که‌سانه‌ی که له رابردوودا پێیان ده‌وترا زانا‌و بیرمه‌ند به مه‌رجی بڕیاری کۆمه‌ڵایه‌تی‌و هاوبه‌شی له ژیانی رامیاریدا له بازنه‌ی رووناکبیره‌کاندا خۆیان ده‌بیننه‌وه، به‌ڵام به تایبه‌تمه‌ندی خۆیانه‌وه وه‌ک توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تی کەلتووری دیاریکراو. باشترین نمونه‌ش بۆ ئه‌مه ئه‌وه‌تا له سه‌رده‌می بزاڤی رۆشنگه‌ریدا بیرمه‌ندانی وه‌ک رۆسۆ، واڵترو کانت لێکدانه‌وه‌ی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی‌و ره‌خنه گرتنی بارودۆخه‌که ده‌که‌ن‌و کاری سه‌ره‌کی خۆیان‌و یه‌کێکه له مه‌رجه سه‌ره‌کییه‌کانی مرۆڤی رووناکبیر‌و بزاڤی رووناکبیری. ئه‌م بزاڤه وه‌ک جووڵه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌ره‌تا به‌و بڕیاره کۆمه‌ڵایه‌تییه مافخوازه ره‌نگ ده‌داته‌وه که له فه‌رانسه‌دا له کاتی دادگایی کردنی کاپیتان دایفۆسدا ده‌خوڵقێ. ده‌بینین له‌م ساته‌وه‌خته‌دا کۆیه‌کی زۆر له نووسه‌رانی ئه‌م ده‌مه‌ی فه‌رانسه به‌یاننامه‌یه‌ک ده‌نووسن‌و له‌م رووداوه دێنه ده‌نگ.
ئه‌وه‌تا ئه‌و بڕیاره سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تییه، خۆی رووبه‌ڕووی گرفت‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ک ده‌کاته‌وه که گرفت‌و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی ئه‌و که‌سانه نییه که له‌م رووداوه دێنه ده‌نگ‌و هه‌وڵی پاراستنی ما‌فه مرۆڤی‌یه‌کان ئه‌ده‌ن. به‌یاننامەی به ناوبانگی ((من تاوانبار ده‌که‌م)) که به ناوی ئه‌میل زۆلاوه به ناوبانگه، به‌ڵام زۆر که‌سی تر ئه‌و به‌یاننامه‌یان ئیمزا کرد بوو، وه‌ک ئاندره ژیدو مارسێل پرۆست‌و هتد………..، ئه‌وه‌تا ئیتر رووناک‌بیر وه‌ک که‌سێکی بیرمه‌ند ناناسرێت‌و دیارترین پێناسه‌ی ده‌بێته ئه‌وه‌ی که هه‌موو توانا‌و ده‌سه‌ڵاته‌کەی خۆی له بواری پیشه‌یی خۆ‌یا بگوازێته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی پیشەو شوێنه‌که‌ی خۆی‌و ده‌یخاته خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی کۆمه‌ڵه‌وه. ئه‌م بۆچوون‌و هه‌ڵوێسته لای رووناک‌بیر وه‌ک چه‌ق‌و ناوه‌ندی هه‌وڵێکی دیموکراسیانه سه‌یر ده‌کرێت که ده‌یهه‌وێ دۆخێکی دیموکراسی ساز بکات‌و بۆ وه‌دیهاتنی کۆمه‌ڵگایه‌کی مرۆیانه‌ترو دادگه‌رانه‌تر تێده‌کۆشێت. یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی روووناکبیر که پێناسه‌ی وی ساز ده‌کات، ئه‌وه‌یه که خۆی هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌و ناسینی خۆی ئه‌دات. واته رووناک‌بیر له سنووری هه‌موو ئه‌و پێناسه‌و ته‌عریفانه تێده‌په‌ڕێ که پێشتر‌و له ساته‌وه‌خته‌کانی ترا بۆ مرۆڤ کراون. رووناک‌بیر هه‌موو ئه‌و پۆلێنکردن‌و فورموولانه ده‌خاته‌وه به‌ر ره‌خنه که بۆ مرۆڤ‌و پێناسه‌ی له لایەن مه‌عریفه‌کانه‌وه کراون. خوێندنه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌یه‌کی تازه‌ی ده‌وێ که سه‌ره‌تاییترین هه‌وڵی ئه‌وه‌یه که دوور له هه‌ر جۆره پێشداوه‌ری‌یه‌کی مه‌عریفی خۆی بخوێنێته‌وه‌و دووباره به پێی تێگه‌یشتنه‌کانی خۆی، خۆی داڕژێته‌وه. ئه‌و هه‌ڵوێسته به‌و مانایه نییه که رووناک‌بیر هه‌موو ئه‌و ئه‌ندێشەو ئاوه‌زانه له مێژوو ده‌خاته ده‌ره‌وه‌و به پووچ‌و ته‌واوبوونیان ده‌زانێ، به‌ڵکوو به روانینی ره‌خنه‌گرانه‌و خوێندنه‌وه‌ی تازه‌وه له سنووره‌کانی ئه‌وان تێده‌په‌ڕێ، ئه‌و مافه‌ی به خۆی داوه که به پێی تێگه‌یشتنه‌کانی خۆی به ئاوه‌زی نوێ، خۆی پێناسه‌ی خۆی بکات‌و خۆی بخوێنێته‌وه. رووناکبیری هوشیار ده‌بێ باش تێبگاو ده‌زانێ زانست‌و زانیاری‌یه‌کانی ئه‌م له به‌ر چاو به‌رینی‌و فراوانی زانست‌و ئه‌ندێشه‌دا زۆر که‌مه‌و ده‌بێت هوشیارانه له سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی خۆی ئیست بکات.
ئه‌و ئاوه‌زانه‌ی که شارستانیهتو ژینگه‌و سه‌رده‌مه‌که‌یان جڕ داوه، ناتوانن رووناک‌بیر قایل بکه‌ن‌و متمانه‌ی ته‌واوی پێ ببه‌خشن، ئه‌مانه سه‌لمێنه‌ری خۆیان بن وه‌ک هه‌ن. بۆ قایل بوون رووناک‌بیر هه‌موو ئه‌و ئاوه‌زانه‌ی وه‌ک ئه‌گه‌رێ ده‌بینێ‌و ده‌یان پشکێ. له‌م ناسین‌و پشکنینه‌دا، رووناک‌بیر تێگه‌یشتنی تازه‌و ئاوه‌زی نوێشی ده‌وێت، به جۆرێ که قایلی بکه‌ن‌و به رێژه‌یه‌کی به‌رچاو وه‌ڵامی گشت پرس‌و دڵه‌ڕاوکێکانی بده‌نه‌وه.
له‌م ره‌وته‌دایه که رووناک‌بیر خۆی ده‌ناسێنێت‌و پێناسه ده‌کات، خه‌مه گشتییه‌کانی رووناک‌بیر له شێوه‌ی عه‌وداڵیی به دوای راستییه‌کی گشتگیردا کە له به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بێت، خۆی زه‌ق ده‌کاته‌وه. که وا بوو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی تری مرۆڤی رووناک‌بیر گه‌ڕان‌و عه‌وداڵییه له دوای راستی‌و حه‌قیقه‌ت، حه‌قیقه‌تێکی به‌رفراوان‌و هه‌مه لایانه.
روونه که حه‌قیقه‌ت‌و راستی زۆر پێناسه‌و باسی هه‌مه جۆری بۆ کراوه، وه‌ک راستییه‌کی ئاسمانی‌و ئیده‌ئالیستی که پێناسه‌و سنوورێکی پیرۆزی هه‌یه‌و له سه‌ر حه‌تمیه‌تی زۆی پێداده‌گرێ‌و به هه‌موو ده‌سه‌ڵات‌و توانای مه‌عریفی خۆیه‌وه ده‌یه‌وێ ئه‌م پێناسه بسه‌لمێنێ. به‌زاندنی ئه‌م سنووره‌و تێپه‌ڕین له‌م پێناسه‌یه ئه‌و خه‌مه‌یه که مرۆڤی رووناک‌بیر ده‌هه‌ژێنێ‌و ده‌یهه‌وێ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بازنه‌یه‌دا بگاته راستییه‌کی گشتگیر‌و بۆچوون‌و پێناسه‌یه‌کی تایبه‌تی خۆی له‌م راستییه.
ئه‌م حه‌قیقه‌ت‌و راستییه‌ی که رووناک‌بیر هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ده‌دات، ماتریاڵ‌و زیندووه. راستی‌یه‌ک که پێش گه‌یشتن‌و تێگه‌یشتنی رووناک‌بیر خۆی نه‌سه‌لماندووه، حه‌قیقه‌تێکه که نه‌سه‌لماوه‌و نه پۆلێن به‌ندی‌و فورمووڵه کرابێته‌وه، حه‌تمیه‌ت یه‌قینێکی ئیمانی نییه که مرۆڤ بیه‌وێ له له‌مپه‌ریدا بگاته ئاکام‌و باوه‌ڕو ویست‌و داخوازیه‌کانی خۆی.
حه‌قیقه‌تی ماتریاڵ‌و زیندوو، راستییه‌که که له ژیان‌و کۆمه‌ڵ‌و زه‌ویندا بوونی هه‌یه. رووناک‌بیر ئه‌م راستییه له شارستانیهتو که‌لتوورو ئه‌ندێشه‌ی خۆیدا ئه‌دۆزێته‌وه‌و خۆی بونیادی ده‌نێ. بێگومان ئه‌و راستی‌و حه‌قیقه‌ته که رووناک‌بیر ده‌یگاتێ راستییه‌کی پاوانکراوی حه‌تمی له سه‌داسه‌د نییه. دیاره رووناکبیری قه‌ت حه‌تمیه‌ت‌و یه‌قینێکی له‌سه‌داسه‌د به هیچ ئاوه‌زو ئه‌ندێشه‌یه‌ک نابه‌خشێ، هه‌موو هه‌وڵی ئه‌و دۆزینه‌وه‌ی راستییه‌کی رێژه‌یی گشتگیره که له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا بێت.
گه‌شتی رووناک‌بیر بۆ به‌ده‌ست هێنانی راستییه‌کی گشتگری مرۆڤانه‌یه که له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا بێت.
ئه‌م تایبه‌تمەندییه خۆی له هه‌ناوی خۆیدا ئه‌وه وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه که ئه‌م راستییه ناتوانێ حه‌تمی‌و موتڵه‌ق بێت، به‌ڵکوو بابه‌تێکی رێژه‌یی‌یه‌و هه‌رده‌م ده‌کرێ بخرێته به‌ر ره‌خنه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن، زه‌مه‌ن‌و شارستانیه‌ت له قۆناغه جۆر به جۆره‌کاندا ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی به سه‌ردا بێنێن.
راستی لای مرۆڤی رووناک‌بیر ناکرێته چه‌قێکی به‌رجه‌سته‌ی هه‌میشه نه‌گۆڕاوو راستییه‌کی رێژه‌یی بگۆڕه که ته‌عبیر له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌نه ده‌کات. رووناک‌بیر خۆی کاراترین مرۆڤی رەخنه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌یه‌تی، چوونکه راستی نه‌گۆڕ دووره له دنیای رووناکبیر‌و له گه‌ڵ خولیاکانیدا نایه‌ته‌وه.
رووناک‌بیر هوشیارێکی ره‌خنه‌گره که بێ پسانه‌وه له ره‌خنه گرتن دایه، دیاره که ئه‌م ره‌خنه‌گره دۆخێکی ره‌خساوی ده‌وێ تا بتوانێ ره‌خنه‌کانی خۆی بە راشکاوی ئاراسته بکات‌و به‌ربه‌سته‌کان نه‌بنه هۆی دانووسان‌و ته‌وسانه‌وه‌ی.
دیموکراسی وه‌ک دۆخێکی سیاسی له ژیانی کۆمه‌ڵدا زامنی ره‌خسانی ره‌وتی ره‌خنه‌یه. دیموکراسی یه‌کێکه له‌و میکانیزمه به‌هێزانه‌ی که له کۆمه‌ڵگایه‌کی زیندوودا ده‌خوڵقێ. کۆمه‌ڵی زیندوو دیموکراسی دیاره له ئاست هه‌ر جۆره به‌رگرو له‌مپه‌رێکداو له به‌رامبه‌ر هه‌ر بیر‌و ئه‌ندێشه‌یه‌کدا که پاوانخوازانه بیه‌وێت خۆی به حه‌تمیه‌ت بسه‌لمێنێ، پەرچه‌کرداری دیاریکراوی خۆی هه‌یه‌و راده‌چڵه‌کێ.
رووناک‌بیر له لایه‌که‌وه هه‌وڵی وه‌دیهاتنی ئاوەها دۆخێک ئه‌دات‌و له لایه‌کی تریشه‌وه هه‌میشه ده‌که‌وێته خوێندنه‌وه‌و ره‌خنه‌گرتنی ئه‌م دۆخەو هه‌وڵ بۆ وه‌دیهاتنی وه‌ها کۆمه‌ڵگایه‌ک، هه‌وڵێکی مرۆیانه‌یه که پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ده‌کات‌و زه‌مینه‌ی بزاڤی ره‌خنه‌یی ده‌ڕه‌خسێنێ.
ره‌خنه‌و خوێندنه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی ئه‌م دۆخه ده‌بێته هۆی به‌رفراوان کردن‌و له بار کردنی دۆخی دیموکراسی‌و مرۆیانه‌تر کردنی‌و دوورخستنه‌وه‌ی له مه‌ترسی خۆسه‌پاندن‌و خوڵقاندنی ده‌سه‌ڵاتی پاوانخوازانه.
یا به‌ره‌و که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسی‌و ته‌نگه‌ژانه که روو ده‌که‌ن دیموکراسی ره‌خنه مۆتۆربه کردنی زۆرتری دیموکراسیه، بۆ گرتنی سیمایه‌کی هه‌ر چی زۆرتری مرۆڤانه. ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌خوازێ که رووناک‌بیر له رووبه‌ر ده‌رچێت‌و هه‌رچی زۆرتر ورد بێته‌وه‌و به قووڵی بیر بکاته‌وه. ئه‌و تێپه‌ڕبوونه له رووبه‌رو شۆڕ بوونه‌وه به ناو ته‌وه‌ره‌کان به دوای خۆیدا، دوو ئاکام ده‌هێنن که بریتین له: بڕیاری کۆمه‌ڵایه‌تی‌و بڕیاری سیاسی.
ئه‌و بڕیاره‌ش بێگومان به دوای خۆیاندا گه‌لێ شت ده‌هێنن، یه‌که‌م ئاکامه‌کانی ئه‌م ره‌وته دیاره که گرفت‌و ته‌نگه‌ژه‌ی سیاسی دروست کردنه بۆ رووناک‌بیر. ئه‌م ته‌نگه‌ژه سیاسیانه هه‌موو کات وه‌ک یه‌ک ناشکێنه‌وه‌و دیاره له زۆر کات‌و ساتدا ده‌بنه هۆی ئازار‌و که‌سه‌رو گه‌لێ بابه‌تی دیکه‌ی ناله‌بار. رووناک‌بیر وه‌ک ویژدانێکی گشتیی که بڕیاری گشتیی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌دات ده‌که‌وێته به‌ر په‌لامارو رۆژ‌ره‌شی‌و هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کردووه به رووناکبیران بڵێین چاره‌ڕه‌ش. رووناک‌بیر که‌سێ نییه که ته‌نیا له گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌ی رووت سه‌رقاڵ بێت. راسته که رووناک‌بیر خاوه‌نی ئاوه‌زو ئه‌ندێشه‌و فه‌رهه‌نگه، به‌ڵام ئه‌مە خاوه‌نداریه‌تی رووت‌و حه‌تمی‌و پیشەیی پسپۆڕانه نییه. رووناک‌بیر باوه‌ڕی وایه که ده‌بێ ئه‌ندێشه له ره‌وتی کار‌و باری گشتی کۆمه‌ڵگادا کارایی خۆی هه‌بێت‌و بتوانێ که جێگای خۆی بکاته‌وه‌و له گۆڕه‌پانی ژیان‌و کار، ره‌نگدانه‌وه‌ی خۆی هه‌بێت.
راسته که رووناک‌بیر به‌و که‌سه ده‌وترێ که بیر ده‌کاته‌وه‌و ئاوه‌زی هه‌یه‌و له‌م ئاوه‌زه راده‌مێنێ، به‌ڵام خۆ ئه‌م ئاوه‌زه به ته‌نیا بۆ خۆی ناخوڵقێ، پێی وایه که ده‌بێ ئه‌م پرۆسه‌یه واته ئه‌ندێشه بگوازرێته‌وه بۆ که‌سانی تر.
که وا بوو رووناک‌بیر که‌سێکه بۆ گشت‌و مانه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه تێده‌کۆشی، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌شه که هه‌وڵی دروستکردنی په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ کۆمه‌ڵدا ئه‌دات.
دیاره رووناک‌بیر هه‌وڵی دروستکردنی په‌یوه‌ندیی ئه‌دات‌و بۆ وه‌دیهاتنی ئه‌م په‌یوه‌ندی‌یه تێده‌کۆشێ، له‌م هه‌وڵ‌و تێکۆشانه‌دا که له لایان رووناکبیره‌وه ده‌کرێت، بۆ ئه‌وه‌یه که ئه‌ندێشه‌ی رووت له قاڵبی ته‌ریکی خۆی ده‌رپه‌ڕێنێ‌و بیگوازێته‌وه بۆ کۆمه‌ڵ، واته هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات که په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان ژیانی دابڕاوی ته‌ریکدا دروست بکات له گه‌ڵ ژیانی واقیع. هه‌ر ئه‌م هه‌وڵ‌و پرۆسه‌یه سروشتێکی خه‌باتگێڕانه ده‌به‌خشێته رووناک‌بیر.
رووناک‌بیر تا نه‌توانێ په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی دروست بکات‌و بڕیاری کۆمه‌ڵایه‌تی بدات، بێگومان ناتوانێ بوونی خۆی وه‌ک رووناک‌بیر ده‌ربخات‌و بیسه‌لمێنێ، چونکه بیر کردنه‌وه‌و ئاوه‌ز ته‌نیا له ژیانی تایبه‌تیدا سه‌ر هه‌ڵئه‌دات‌و بوونی هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌م بوونه ته‌نیا له‌م قۆناغه‌دا بمێنێته‌وه گومانی تێدا نییه که ناتوانێ ڕۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی ببینێ‌و ببێته به‌هایه‌کی گشتی، چونکه به‌هاکان ته‌نیا له فراوانی‌و کۆمه‌ڵگادا دروست ده‌بن‌و ده‌رده‌که‌ون.
دوو پێویستی ده‌رکه‌وتن‌و ئاشکرا بوونی ئه‌ندێشه‌و گۆڕانی له قاڵبی ته‌ریکه‌وه بۆ به‌ها گشتییه‌کان، وا ده‌که‌ن که رووناک‌بیر به‌رده‌وام له هه‌وڵی دروستکردنی په‌یوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و بڕیاری کۆمه‌ڵایه‌تیدا بێ.
رووناک‌بیر له کۆمه‌ڵ‌و کۆمه‌ڵگا راده‌مێنێ‌و بیری لێده‌کاته‌وه، دیاره که خۆی له‌م ئاسته‌دا به به‌رپرس ده‌زانێ‌و ده‌یه‌وێ وه‌لامی به‌رپرسیاریه‌تییه‌کانی خۆی بداته‌وه. له لایه‌کی تریشه‌وه کۆمه‌ڵگا وه‌ک پێویست ئاور له رووناک‌بیر ناداته‌وه‌و نایهه‌وێ مافه‌کانی وه‌ک تاکێکی کاراو خاوه‌ن ئاوه‌زو ئه‌ندێشه بسه‌لمێنێ. ئه‌م ره‌تکردنه‌وه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه، خۆی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵات وه‌ک که‌سێکی تێکده‌ر یا ناجۆر سه‌یری رووناک‌بیر بکات، چونکه خۆی له‌و کاره گشتییانه‌دا قوت ده‌کاته‌وه که راسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به بازنه‌ی دنیای ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه، ده‌سه‌ڵاتیش بێگومان هاوبه‌شی نه‌یار بۆ خۆی ناخوازێ‌و دروست ناکات، هه‌ر بۆیه ده‌سه‌ڵات هه‌وڵده‌دات که که‌سی رووناک‌بیر له کۆمه‌ڵگا جیا کاته‌وه‌و ته‌ریکی کات. ئه‌م رووبه‌ڕوو بوونه‌وانه واده‌کات که زۆربه‌ی کات که‌سی رووناک‌بیر وه‌ک سیمایه‌کی دژ به ده‌سه‌ڵات نیشان بدرێت، هه‌ر چه‌ند که ئه‌م دژبوونه له راستیدا حه‌تمی‌و راستی نییه‌و ده‌توانێ وا نه‌بێ‌و رووناک‌بیر ته‌نیا وه‌ک ره‌خنه گرێکی ده‌سه‌ڵات سه‌یر ده‌کرێت.
رووناک‌بیر له هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه‌دا به‌شوێن ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت که مافی دادوه‌ری خۆی قایل بێت‌و قایلیش ده‌بێت، هه‌ر بۆیه له کات‌و ساتی پێویستدا به ڕاشکاوی ده‌که‌وێته ره‌خنه گرتن‌و ره‌خنه‌کانی خۆی ئاراسته‌ی هه‌ر رێکخراوه‌و داموده‌زگایه‌کی سیاسی ده‌کات، به‌ڵام وه‌ک رووناکبیرێک بە تێگه‌یشتنه‌کانی خۆی‌و سه‌ر به خۆ، نه‌ک وه‌ک پاشکۆ‌و بیرێکی تر.
ئاشکرایه که ئاوه‌زو ئه‌ندێشه، پرۆسه‌ی ره‌خنه‌گرتن‌و میکانیزمی بڕیاری کۆمه‌ڵایه‌تی، وا له رووناک‌بیر ده‌که‌ن‌و ئه‌م باوه‌ڕه‌ی پێده‌به‌خشن که وه‌ک هێزێکی بیرمه‌ندی ره‌خنه‌گر ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌و سه‌ربه‌خۆ له ده‌سه‌ڵات‌و هه‌موو سێبه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات بیرده‌کاته‌وه‌و ره‌خنه‌کانی خۆی ئاراسته ده‌کات.
ئه‌م بڕیار‌و هه‌نگاوه‌ی رووناک‌بیر ره‌نگه گرینگترین‌و به‌رجه‌سته‌ترین تایبه‌تمه‌ندی رووناک‌بیر بێت که تا راده‌یه‌کی زۆر پێناسه‌ی رووناک‌بیر ده‌نه‌خشێنێ‌و دیاری ده‌کات. ئه‌مه ئه‌و میکانیزمه به‌هێزه‌یه که له کۆمه‌ڵگای زیندوودا سه‌ر هه‌ڵئه‌دات، ئه‌و ره‌وته ره‌خنه‌یی‌یه که ده‌یه‌وێ هه‌م دۆخی دیموکراسی وه‌دی بێنێت‌و هه‌م ئه‌م دۆخه‌ش فراوانتر‌و مرۆیانه‌تر بکات.
لێره‌دایه که ده‌توانین بڵێین رووناک‌بیر ئه‌و که‌سه‌یه که مافی ره‌خنه‌و بڕیار بۆ خۆی داده‌نێ‌و له ئاست هه‌موو خۆسه‌پاندنێکی حه‌تمی‌و ته‌واوی‌خوازدا راده‌چله‌کێ‌و ڕیژه‌گه‌ری گشتی‌و گشتیخوازی مرۆیانه ده‌خوازێ‌و بانگه‌شه‌ی ده‌کات‌و ئاسۆکه‌ی بینینی جیهانی‌و فره‌ده‌نگی ده‌سه‌لمێنێ‌و دژ به‌یه‌ک ده‌نگی‌و یه‌ک بۆچوونی ده‌وه‌ستێته‌وه.
رووناکبیر‌و رووناکبیری پێداگرتنه له سه‌ر سه‌ربه‌ستی مرۆڤ، وه‌ک خاوه‌ن عه‌قڵی سه‌ربه‌ست‌و بکه‌ری خاوه‌ن ئه‌ندێشه‌ی خاوه‌ن ره‌وشت هه‌وڵ بۆ سه‌لماندن‌و وه‌دیهێنانی ئه‌م بڕگه‌یه وا ده‌کات که رووناک‌بیر بیه‌وێ‌و نه‌یه‌وێ له‌م ره‌وته‌دا رووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتی زاڵ ببێته‌وه، رووبه‌ڕوو بوونه‌وه له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی زاڵ، رووناک‌بیر رووبه‌ڕووی توندی کردار‌و گوتار ده‌کاته‌وه.
ئه‌م توند کرداری‌و وتاریه ئه‌و ره‌وته نییه که که‌سی رووناک‌بیر عه‌وداڵی بووبێ، ئه‌وه‌ی که خولیاکانی مرۆڤی رووناک‌بیر پێکده‌هێنێ ئه‌م پرۆسه نییه، به‌ڵام ئه‌و په‌رچه‌کردارانه که ده‌سه‌ڵاتی خۆ به حه‌تمی‌زان‌و سه‌پاو له به‌رامبه‌ر رووناکبیردا له خۆی ده‌نوێنێ، ده‌بێته هۆی له دایک بوونی ئه‌م پرۆسه‌یه، هه‌ر چه‌نده که رووناک‌بیر بۆ خۆی هیچ کات وەها ویستێکی نییه. هه‌وڵی زۆر دراوه بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌م تایبه‌تمەندییه بدرێته پاڵ که‌سانێکی رووناک‌بیر به هۆی ئه‌وه‌وه که خاوه‌نی ئه‌ندێشه‌و ئاوه‌زی خۆیان بوون‌و هه‌وڵی گواستنه‌وه‌یان داوه بۆ ناو کۆمه‌ڵ. ئه‌م هه‌وڵه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه که به‌رگری له په‌یوه‌ندیی رووناک‌بیر بکه‌ن تاکوو کارایی ئه‌ندێشه دانووسیت‌و وه‌ک ئاوه‌زێکی موتڵه‌قی موجه‌ڕه‌د دوور له کارایی کۆمه‌ڵایه‌تی بمێنێته‌وه. به پێێ پێناسه رۆژئاواییه‌کان رووناک‌بیر که‌سێکی خاوه‌ن ویژدانێکی گشتییه‌و دوچاری چاره‌نووسی شوومه که ئه‌م ویژدانه ده‌یخاته بازنه‌ی بیری ره‌خنه گرانه‌وه . به پێی ئه‌و پێناسه‌یه نه‌ریتی رووناکبیریی رۆژئاوا له سه‌ر دوو بنه‌مای لێکدانه‌وه‌و ره‌خنه راوه‌ستاوه. له‌م به‌ستێنه‌دا هه‌ر گۆڕانکاری‌و ئه‌ندێشه‌یه‌کی تازه ته‌نیا له روووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یدا له گه‌ڵ نه‌ریته‌کانی تر یا له گه‌ڵ باوه‌ڕه کۆنه‌کاندا گرینگی خۆی ده‌نوێنێ‌و شایانی به‌رجه‌سته بوونه‌وه‌یه.
ره‌وتی ره‌خنه‌گرانه‌ی رووناک‌بیر له کۆمه‌ڵگاکانی خۆرئاوادا پێده‌چێ که ئاکامی ئاسایی مێژووی سڕینه‌وه‌ی خورافات‌و جادووبازی بێتله که‌لتووری رۆژئاوادا . له راستیدا رووناک‌بیر له گه‌ڵ که‌م بوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و توانای نه‌ریت‌و مه‌زهه‌بدا رینیسانسه‌و خاوه‌نی که‌لتووری ده‌ورانی رۆشنگەری سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌می ئورووپایه. مۆتۆربه کردن‌و پاکسازی که‌لتووری رۆژئاوا که به بزاڤی رینیسانس‌و ده‌ورانی رۆشنگه‌ری‌و چه‌ند فاکته‌ری دیکه‌وه ده‌خوڵقێت، مرۆڤێکی رووناک‌بیر به‌رهه‌م ده‌هێنێ که به ئاوه‌زو باوه‌ڕی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه رووده‌کاته له ناو بردنی ئوستووره‌و خورافات. ئه‌م مرۆڤه باوه‌ڕی به به‌ها جیهانییه‌کانی وه‌ک ئه‌قڵ‌و دادگه‌ری‌و سنگفراوانی‌و ئازادی‌و سه‌ربه‌ستی‌و جوانی هه‌یه‌و هه‌موو پاژه‌یه‌ک جیهانی ده‌بینێ‌و په‌یوه‌ستی گشتیی ده‌کات‌و هه‌موو گشتی‌یه جیهانیه‌کانیش په‌یوه‌ستی پاژه‌کان ده‌کات. رووناک‌بیر مرۆڤێکی ته‌نیایه، ته‌نیا نه‌ک به واتای دابڕاو، به‌ڵکوو سه‌ربه‌ست، واته ویژدانی مرۆڤایه‌تی له سێبه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ که‌س‌و تاقمێکی دیاریکراو هه‌ڵوێست ناگرێ، خۆی ناکاته پاشکۆی هیچ تاقم‌و رێکخراوه‌و ده‌سه‌ڵاتێکی دیار‌و نادیار، هه‌ر ئه‌م ته‌نیایی‌و دابڕان له سێبه‌رو پاشکۆی ده‌سه‌ڵات‌و لایه‌نه‌یه که سه‌ربه‌ستی‌و ئازادی ته‌واو ده‌به‌خشێته مرۆڤی رووناک‌بیر. رووناک‌بیر خاوه‌نی ژیانی تایبه‌تی خۆیه‌تی که سات به سات بیر ده‌کاته‌وه‌و ده‌زانێ که بیر ده‌کاته‌وه‌و ده‌شزانێ که بۆچی بیر ده‌کاته‌وه‌و بیر له چی ده‌کاته‌وه. رووناک‌بیر به چاکی خۆی ده‌ناسێت، پاش پرۆسه‌ی خۆناسینه که بڕیار‌و بیره‌کانی خۆی داده‌رێژێ. هیچ کام له مانه‌ش وه‌ک پیشه‌و ده‌سکه‌وتێکی تایبه‌تی له جۆر ماف‌و خاوه‌نداریه‌تێکی زیاتر‌و پیرۆزی بۆ بخوڵقێنن سه‌یر ناکرێت، واته نایخاته ئه‌و پێگه تایبه‌تییه‌وه که به‌رژه‌وه‌ندی تاکی خۆی بۆ بپارێزن‌و بیکه‌نه خاوه‌نی هێندێ ئیمتیازی دیاریکراو، که هه‌وڵه‌کانی له داوێنی ئه‌م ئیمتیاز‌و پێگه دیاریکراوەدا خۆیان ببیننه‌وه.
به‌رچاوترین جیاوازی سه‌ره‌کی نێوان رووناکبیر‌و سیاسی کارێکی پسپۆڕ‌و خۆته‌رخانکردوو، له‌مه دایه که (( سیاسی کاری ته‌رخانکراو به به‌رنامه‌و گه‌ڵاڵه‌و ئامانجی دیاریکراوه‌وه خۆی ته‌رخانی پڕهاوار‌و قه‌ره‌باڵغی سیاسی ده‌کات بۆ وه‌ده‌ستهێنانی جێگه‌و پله‌و مافه‌کانی ناو به‌رنامه‌که‌ی، بۆ ئه‌و شتانه‌ی که له ده‌ره‌وه‌ی خۆیدان‌و خۆی ته‌رخانی ئه‌وانه کردووه، که‌چی مرۆڤی رووناک‌بیر به ناسینی خۆی‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی‌و دوور له هه‌ر پسپۆڕی‌و پێگه‌و پله‌یه‌کی دیاریکراو دێته دنیای واقیع‌و کۆمه‌ڵ‌و ژیانی سیاسییه‌وه‌و ره‌خنه‌کانی خۆی ئاراسته ده‌کات. گه‌وره‌یی که‌لتوورو نوێگه‌ری له ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤی رووناکبیردا په‌یوه‌سته به‌وه‌ی که چه‌نده ئه‌م که‌لتوورو نوێگه‌رییه بواری ره‌خسان‌و به‌دیهێنانی ئازادی ساز ده‌ده‌ن‌و چه‌نده ده‌توانن مرۆڤ له گه‌ڵ سه‌ربه‌ستی‌و ئازادی‌و ما‌فه مرۆییه‌کانی خۆی ئاشنا بکه‌ن.
رووناک‌بیر هێندێ جار وا پێناسه ده‌کرێت که ده‌ڵێن کۆی وه‌سف‌و تایبه‌تییه‌کانە، واته هه‌موو ئه‌و وه‌سف‌و تایبه‌تییانه‌ی له خۆدا کۆ کردۆته‌وه که مرۆڤ بۆ سه‌ربه‌ستی‌و ئازادی‌و دیموکراسی‌و ژیانی کامه‌ران پێویستیەتی، واته خاوه‌نی ئاوه‌زه‌و ئه‌ندێشه به‌کار دێنێت‌و نرخ‌و مێتۆد‌و تێز‌و ئازادی‌و مه‌به‌ستی لایه‌و ده‌که‌وێته ره‌خنه‌کاری، ئافراندن، ئه‌قلیه‌ت‌و لێکۆڵینه‌وه‌و وشه سازی‌و ره‌خساندنی زه‌مینه‌ی له بار‌و عه‌وداڵی شوێنی حه‌قیقه‌ت‌و ناسینی واتاکان‌و گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌و بڕیاری کۆمه‌ڵایه‌تی‌یە. خۆی ته‌رخانی سیاسه‌تێکی دیاریکراو ناکات‌و خۆی به ده‌ست ده‌سه‌ڵاته‌وه نادات. سامان‌و نه‌ته‌وه له کارایی‌و به‌دواداچوونی ئه‌ندێشه‌کانی دووری ناخه‌نه‌وه. ئه‌ویندارێکی عه‌وداڵه. نه‌ته‌وه‌و پێگه‌و ئایدیۆلۆژی له بڕیاری سه‌ربه‌ست داینابڕن‌و به‌ره‌و ئاسۆکانی خۆیان داینانووسێنن. رووناک‌بیر له گه‌ڵ کەلتووری جیهانی‌و ئه‌ندێشه‌ی دنیادا ئاخاوتن‌و گفتوگۆی خۆی هه‌یه. بۆ که‌لتوورسازی‌و خوڵقاندنی که‌لتوورێکی رووناکبیرانه‌ی سه‌ربه‌ست، ناسین‌و گفت‌و گۆی کەلتووری جیهانی مه‌رجی پێویسته. رووناک‌بیر به دابڕان له که‌لتووری جیهانی‌و هوشیار نه‌بوون له پاراده‌یمه‌کانی ئه‌م که‌لتووره‌و سه‌رهه‌ڵدانی که‌لتووری جیهانی ناتوانێ رووناک‌بیر بێت، بۆ خۆم پێم وایه نه‌قشی رووناک‌بیر گۆڕینی جیهان نییه‌و ته‌نیا ده‌بێ له به‌رامبه‌ر ئه‌و ئامارانه‌دا وه‌فادار بێ که بۆ راگرتنی ره‌وشت لای مرۆڤ مانه‌وه‌یان پێویسته. خه‌مه‌کانی رووناکبیری سه‌ربه‌خۆ ئه‌قڵ‌و گشتگیریی به‌هاکانه. له‌م بڕگه‌یه مه‌به‌ست ئه‌وه نییه که مرۆڤی رووناک‌بیر که‌سێکی رۆمانسیه‌و مه‌عنه‌ویه‌ت په‌ره‌ست‌و له هه‌موو نامه‌عنه‌ویه‌تێک دوور ده‌که‌وێته‌وه. راسته که رووناک‌بیر خاوه‌نی ئاوه‌زو ئه‌ندێشه‌یه‌و له په‌نجه‌ره‌ی ئه‌قڵه‌وه ره‌خنه ده‌گرێت‌و ده‌ڕوانێته به‌ها گشتییه‌کان. رواڵه‌تی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش وا نیشان ده‌دات که ئاقاری رووناک‌بیر دووره له توندی‌و هه‌ڵچوون‌و زەبر نواندن. ئه‌م دنیایه ده‌خوازێ که مرۆڤی رووناک‌بیر به سنگفراوانی‌و ئاوه‌زه‌وه روو له ئاسۆکانی گفتوگۆ بکات، به‌ڵام دیاره که ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئه‌و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن‌و ڕاده‌ربڕینه له ئاست دۆخی هه‌نووکه‌دا، ئه‌م هه‌ڵوێست‌و رامانه له ئێستا‌و باوه‌ڕ نه‌کردن به‌م حه‌تمیه‌ت‌و وشک باوه‌ڕی‌و یه‌کچوونییه وا ده‌که‌ن که رووناک‌بیر له ئێستادا واته دۆخی هه‌نووکه‌یی‌دا پارێزێک بۆ خۆی ده‌ستنیشان بکات له ئاست ئه‌مانه‌دا، چونکه ناوه‌ندی ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و ئه‌قڵه که هۆکاری کارامه‌یی ره‌خنه‌یەو ده‌بێ سه‌ربه‌ستی بپارێزێت. ره‌خنه‌و ئاوه‌زو ئه‌قڵه که وایان کردووه هێندێ بڕیاری حه‌تمی بده‌ن، به‌وه‌ی که رووناک‌بیر دابه‌ش بکه‌ن به دوو لایه‌نه‌وه. وه‌ک ئاماژه به‌و که‌سانه بده‌ن که ده‌یانهه‌وێ کارامه رۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان ببینن‌و چالاکانه له ئاست گرفته‌کاندا بێنه ده‌نگ. ناوی توند‌و تیژیان لێ بنێن‌و وایان دابنن که جه‌ماوه‌ر به‌ره‌و هه‌ڵچوون‌و توند‌و تیژی راده‌سپێرن. ئه‌م حه‌تمیه‌ت‌و بۆ چوونه چه‌نده راسته‌و چۆن خۆی ده‌نوێنێ، به‌ستراوه‌ته‌وه به زۆر هۆکارو فاکته‌ری سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابووریه‌وه له کۆمه‌ڵدا. ئایا به راستی ئه‌وه رووناکبیرانن که بڕیاری هه‌ڵچوون‌و توند‌و تیژی ده‌ده‌ن‌و کۆمه‌ڵ به‌ره‌و ره‌وشتی زبر راده‌سپێرن، یان ئارایشی تێزه ئه‌قڵانیه‌کانه‌و چۆنیه‌تی دۆخی دیموکراسی‌و ئاستی ئاوه‌زو شارستانیه‌تی کۆمه‌ڵ‌و هێزه ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌پاوه‌کانی ناو گۆڕه‌پانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسییه.
پێداگری‌و چالاکی رووناک‌بیر له ئاست به‌ها گشتییه‌کان، ره‌چاو کردنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی‌و فره‌ده‌نگی هاوبه‌شی جه‌ماوه‌ر ده‌خوازێ له بڕیار‌و ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌ویش به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو‌و فراوان. هه‌م ئه‌م فورمووڵه خۆی وا ده‌کات که هێزه سه‌پاوه‌کانی سه‌ر ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی که دیموکراسی وه‌ک دۆخ لایان جێگیر نه‌بووه، نه‌یڵن که درز بکه‌وێته ده‌سه‌لاتیانه‌وه‌و شه‌ریک له سه‌ر سفره‌ی ده‌سه‌ڵاتیان بقۆزێته‌وه. ئاکام توندی نواندن‌و هه‌ڵچوونه له ئاست رووناکبیر‌و ئه‌ندێشه‌دا، ئه‌م ئاکامه‌ش لای که‌سی رووناک‌بیر به شێوه‌یه‌کی ئاسایی ناکه‌وێته‌وه، چونکه که‌سێک که خۆی ده‌ناسێت‌و ملکه‌چی حه‌تمیه‌ت‌و سه‌پاندنی نابێت بۆیه دێته ده‌نگ.
وه‌ده‌نگ هاتنی ئه‌ویش ئه‌نجامه‌کانی دیاره که ره‌خنه‌و خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی دۆخه‌که‌یه‌و ملکه‌چنه‌بوونه بۆ ئه‌گه‌رو مه‌رجه‌کانی ئه‌م ره‌وته‌و له هه‌ناوی خۆیدا جۆره هه‌ڵچوون‌و توندی‌یه‌ک به دوایدا دێت که باشترین پێناسی مرۆڤی رووناک‌بیر وا دیاره ئه‌وه بێت که ده‌ڵێن ئه‌و که‌سه‌یه وا بیر ده‌کاته‌وه، وا ده‌زانێ که ده‌کرێ له باره‌ی هه‌مووشتێکه‌وه پرس بکرێت‌و بکه‌وێته به‌ر باس‌و لێکۆڵینه‌وه. نابێ له هیچ بوارێک‌دا وه‌ڵامی پرس ئاماده کرابێت‌و بدرێته‌وه. ئایا به راستی هه‌ر ئه‌م جۆره بیروبۆچوونه خۆی له هه‌ناوی خۆیدا جۆره ته‌نگه‌ژه‌یه‌ک له ئاست رووناکبیردا دروست ناکات؟ ئایا به راستی ئه‌م باوه‌ڕه نابێته هۆی زبری نواندنی ئه‌وانه‌ی به‌م پێناسه نه‌گه‌یشتوون‌و ئایا ده‌کرێ تاوانی ئه‌م توندی‌و زبر نواندنه بخرێته ئه‌ستۆی که‌سی رووناک‌بیر.
ئه‌گه‌ر مرۆڤی رووناک‌بیر بوو به ره‌وشخوازێکی کۆمه‌ڵگا په‌سه‌ندو ته‌نیا له‌م چوارچێوه‌یه‌دا قه‌تیس مایەوه، زمانشیرین‌و قسه خۆش‌و وته‌بێژێکی باش بێت‌و کۆمه‌ڵگا به‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌وه بیناسێت‌و په‌سه‌ندی بکات، ئیتر له ئه‌رکی مێژوویی خۆی به‌جێماوه‌و گه‌وره‌ترین ده‌سمایه‌ی رووناکبیریی خۆی دۆڕاندووه. رووناک‌بیر پێش ئه‌مانه که‌سێکە که ده‌بێ لە به‌ها جیهانی‌و مرۆییه‌کانی پارێزگاری بکا، چوونکه بێگومان ئه‌و خاوه‌ن بیرێکی ره‌خنه‌گری روون که‌ره‌وه‌یه، هه‌ر چه‌نده هیچ نه‌ریت‌و عاده‌تێک په‌سند ناکات، تا ببنه به‌رگری سه‌ربه‌خۆیی تاک ئاوه‌زی‌و ئه‌و جا پێی بڵێن شێت‌و نه‌ریتشکێن یا توندخوازو زبری په‌سەند. رووناکبیری ره‌سه‌ن ئه‌و که‌سه‌یه که ته‌نیاو ته‌نیا به‌ها گشتییه‌کان‌و ئه‌و باوه‌ڕانه‌ی که جێگای متمانه‌و قایل بوونن بۆی که هاوکات له گه‌ڵ گشتی خوازی خۆیاندا بتوانێ زامنی ده‌رکه‌وتن‌و دره‌وشانه‌وه‌ی تاکی سه‌ربه‌ست‌و ئازاد بن‌و سنوور‌و سه‌ربه‌ستی‌یه‌کانی ئه‌م تاکه پێشێل ناکات‌و له بازنه‌ی گشتگیری خۆیاندا ونی نه‌که‌ن. مرۆڤی سه‌ربه‌ستی رووناک‌بیر ده‌بێ بتوانێ دزه بکاته پشت سنووره‌کانی که‌لتووری نه‌ته‌وه‌یی‌و به‌ڕچاو کردنی ئاوه‌زێکی ره‌خنه‌یی تێبگات‌و بگاته ئه‌و ئاسته‌ی که بتوانێ جۆره‌کانی ژیانی مرۆڤ بسه‌لمێنێ‌و ئه‌و فره‌چه‌شنی‌یه به مهتمانه‌وه وه‌ربگرێت بۆ ژیان له دۆخێکی فراوانی دیموکراسیدا. دیاری کردنی سنوور له نێوان رووناکبیر‌و هه‌ر که‌لتوورو ئه‌ندێشه‌یه‌کدا که بیه‌وێ به‌ربەست‌و رێگری بیر کردنه‌وه‌ی ئازادیی مرۆڤ بێت، ئه‌رکێکی تری مرۆڤی رووناکبیره‌و نابێت سه‌ربه‌ستی بیر کردنه‌وه‌ی خۆی له ئاست جیهان‌و مرۆڤ بخاته ئاست ته‌نگیی هیچ ئه‌ندێشه‌و باوه‌ڕێکی له‌و جۆره.
که‌وابوو ده‌توانین بڵێین که مرۆڤی رووناک‌بیر عه‌وداڵی شوێن وه‌دیهاتنی خه‌ونه‌کانی خۆیه‌تی، بۆوه‌دیهاتنی ئه‌م خه‌ونانه له دنیای وه‌هم‌و دابڕان‌دا ناخولێته‌وه، به‌ڵکوو هاوکات تاکێکی کاراو چالاکی ویژدانی کۆمه‌ڵەو له ئاست ئه‌م تاوانه‌دا خۆی به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه‌و خۆی به به‌رپرس ده‌زانێ. له کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکراسیدا یا له کۆمه‌ڵگایه‌کدا که به‌ره‌و دۆخی دیموکراسی ده‌چێت، رووناک‌بیر که‌سێکه ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی باس‌و گفتوگۆ، ئه‌و مرۆڤێکه که لایه‌نگرو سه‌لمێنه‌ری مرۆڤدۆستی ره‌خنه‌گرانه‌یه. رووناک‌بیر به‌رده‌وام‌و بێ پسانه‌وه له نێوان هه‌ڵه‌و راستیدایه. رووناک‌بیر هوشیاریی ته‌واوه، وه‌ک تاکێکی کۆمه‌ڵ بێ هیچ مافێکی زۆرتر‌و بێ هیچ پله‌و خواستێکی زیاتر له جه‌ماوه‌ر، مرۆڤێکه تێده‌کۆشێ وه‌ڵامی به‌رپرسیاریه‌تی خۆی بداته‌وه‌و هه‌ست به ئه‌نجامی ئه‌رکه‌کانی خۆی بکات، که بریتی‌یه له باس‌و گفتوگۆ‌و ره‌خنه بۆ سازدانی کۆمه‌ڵگایه‌کی باشتر‌و دیموکراسی، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی واتایه‌ک بۆ ره‌خسانی کۆمه‌ڵگایه‌کی زیندوو هوشیار.
به‌م پێیه ده‌بێ ئه‌قڵی ره‌خنه‌گری له کاردا بێت‌و چالاک، که‌وابوو له بارودۆخێکی کراوه‌و هه‌موارو دیموکراسیدا، رووناک‌بیر ده‌توانێ بێته مه‌یدانی باسه‌کانه‌وه‌و بۆچوونه‌کانی خۆی ئاراسته بکات، چونکه دیموکراسی بارودۆخێکی له‌بارو کراوه‌یه که تێدا پرس‌و گرفته‌کان ده‌خرێته به‌رباس‌و لێکۆڵینه‌وه‌و له‌م بارودۆخه‌دا دەبێ بوار بۆ گرفت‌و پرسه‌کانی خۆی بکاته‌وەو وه‌ک راستییه‌کی به‌رجه‌سته‌و پێویست بانگه‌شه‌ی بکات تا چالاکانه هاوبه‌شی له‌م پرۆسه‌یه‌دا بکات.
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS



(No Ratings Yet)