به‌هاری عه‌ره‌بی
وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 2 شه‌م Dec 19, 10:03 am
کاوه که‌ریمی
East.medya@gmail.com
به‌هاری عه‌ره‌بي (الربیع العربی : Arab spring)بڕگه‌یه‌کی هه‌ره‌دیارو چاره‌نووس سازی مێژووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته که له ئێستادا له چه‌ند ڕوویه‌که‌وه، گرنگی تایبه‌تي هه‌یه‌و ئه‌و گرنگی‌یانه‌ش هاوکات هۆکاری لێکدانه‌وه‌و باسکردنه له تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌کانی ئه‌م دیارده‌یه. به‌هاری عه‌ره‌بي که ناوێکی بنه‌ڕه‌تي بزووتنه‌وه‌یه‌کی نوێی ڕه‌سه‌نی عه‌ره‌بی‌یه، به شه‌پۆلی سێیه‌می دیموکراسی له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌وترێت که نزیکه‌ی ساڵێکه له کاردانه‌وه‌ی لاوێکی توونسی به هه‌ژاری‌و بێ‌کاری دەستی پێکردو به‌شێکی زۆر له وڵاتانی دیکتاتۆری عه‌ره‌بی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گرته‌وه. ئه‌م شه‌پۆله له ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری‌یە، تایبه‌تمه‌ندیی نوێ‌و ئه‌مڕۆیی هه‌یه‌و به پێی نه‌ریتی بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ری‌یه‌کانی پێشوو ته‌نیا بریتی نییه له ڕه‌دکردنه‌وه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی، به‌ڵکوو مۆدێلێکی نوێ بۆ ژیان‌و سیاسه‌ت ئه‌خاته ڕوو. جیاوازی دیاری ئه‌م شه‌پۆله له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌کانی پێش خۆی له فه‌رهه‌نگ سازیدایه. فه‌رهه‌نگێک که شه‌پۆلی سێیه‌می دیموکراسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جیاده‌کاته‌وه، پشت به‌ستنه به تایبه‌تمه‌ندی‌یه لۆکاڵه‌کانی هه‌ریه‌که له‌و وڵاته عه‌ره‌بیانه‌ی که شۆڕشی جه‌ماوه‌ریی نوێ، دوای به‌دوای خۆسووتاندنی هاوڵاتی توونسی ‘محه‌مه‌د بووعه‌زیز’ له ١٨ی دیسامبری ساڵی پار، تێیاندا سه‌ری هه‌ڵدا. گرنگی لێکدانه‌وه‌که به هۆی ئه‌و دوو فاکته‌ره سه‌ره‌کی‌یه‌وه‌یه: یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که ئایا به‌هاری عه‌ره‌بی تا ئه‌و ڕاده‌یه ناسنامه‌وگوتارێکی یه‌کگرتووی هه‌یه که بتوانێت هه‌ر یه‌که له‌و وڵاته‌عه‌ره‌بیانه‌ی له یه‌ک ساڵی ڕابردوودا ناڕه‌زایی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی تێیاندا هاتۆته ئاراوه، به یه‌ک پێناسه‌ی سه‌ره‌کیی ئاراسته بکات‌و خواسته‌کانیان بۆ شۆڕشێکی ده‌ستکه‌وتمه‌ند پۆلێنبه‌ندی بکات، وه‌ک شه‌پۆلی ڕۆشنگه‌ری له سه‌ده‌ی ١٨ی ئورووپا _دیاره له چوارچێوه‌ی خۆیدا، یا ته‌نیا بریتی‌یه له سه‌رناوو و بیانوویه‌کی کۆمه‌ڵگە ژێرده‌سته‌کان بۆ ڕاپه‌ڕین؟ ئه‌گه‌ر وایه، کام تایبه‌تمه‌ندي توونس و سوورییه گرێ ده‌دات به‌یه‌که‌وه؟ پاشان له یه‌که‌م ساڵیادی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م شه‌پۆله، ئاکامه‌کان تا چه‌ند باس له باشتربوونی بارودۆخی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌که‌ن؟ پیده‌چێت گۆڕانکاري له سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن‌و حکوومه‌ته‌کاندا _بۆ نموونه له لیبی_ تا چه‌ند به‌خته‌وه‌ری‌و خۆشگوزه‌رانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و کراوه‌تربوون‌و به‌رپرسایه‌تی له‌و سیسته‌می نوێ‌دا بێنێته ئاراوه؟ هه‌رچه‌ند وه‌ڵامدانه‌وه به‌م پرسیارانه له‌وانه‌یه پشت به ئاکامه‌کان هێشتا کاتی نه‌هاتبێت، به‌ڵام هه‌ر به‌و ڕاده‌یه‌ش نه‌ورووژاندنی ئه‌م پرسیارانه ده‌بێته هۆکاری چه‌ندباره بوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک هه‌ڵه‌ی جیدی‌و کوشنده له ڕه‌وتی گۆڕانکاری‌یه‌کاندا. جه‌وهه‌ره‌ی باسه‌که ئه‌وه‌یه که سه‌ربه‌خۆبوونی ئه‌و شۆڕشانه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناوه‌ندیترین ته‌وه‌ری لێکدانه‌وه‌یه، که وه‌ک تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌کی کرده‌وه‌یی ئه‌وه‌مان پێ ئه‌ڵێت که هیچ به‌هایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی، له درێژه‌ی شه‌پۆلی سێیه‌می دیموکراسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به بێ به‌شداریی کۆمه‌ڵان بڕیاری له سه‌ر نادرێت. به ئیسلامی سیاسیشه‌وه، که ئێسته وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک له لایه‌ن گرووپ‌و که‌سایه‌تی‌یه ئاکادێمیک‌و سێکۆلاره‌کانه‌وه سه‌یری ده‌کرێت.(١)
به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ده‌روازه‌یه‌ک که نه‌ته‌نیا وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان‌و عه‌ره‌به پێشکه‌وتنخوازه‌کان بتوانن له ڕێگه‌یه‌وه بچنه ناو باسێکی ئاوه‌ڵاو دیالۆگێکی به‌رده‌وام‌و فره‌چه‌شن، به‌ڵکوو ده‌شێ ده‌روازه‌یه‌ک بێت که هه‌موو ئایدیا‌و بیر‌و بۆچوونه جیاوازه‌کان بگه‌یه‌نێته سه‌کۆیه‌کی هه‌میشه‌یی که تێدا ڕێزگرتن له بنه‌ماکانی دیموکراسی‌و مافی مرۆڤ یاسایه‌کی هه‌میشه‌یی بێت. ئه‌مه ئه‌و خاڵه‌یه که بنه‌مای ژیان‌و سیاسه‌تێکی به‌ڕۆژو ئه‌نفۆرماتیک داده‌مه‌زرێنێت‌و ‘عه‌لی حه‌رب’ ناوی ده‌نێت: له ده‌قه پیرۆزه‌کانه‌وه بۆ کتێبه دیجیتاڵه‌کان.(٢) خاڵێک که شایانی ئاماژه‌یه، گۆرانکاری‌یه له شێوازی داخوازیه‌کانی ئیسلامی‌یه‌کان له وڵاته عه‌ره‌بیه‌کان له یه‌ک ساڵی ڕابردوودا، که نیشانه‌ی جۆرێک له ڕۆشنگه‌ریی دره‌نگ وه‌خته له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. حه‌رب پێی وایه، ‘…سه‌ره‌نجامه‌کان هه‌رچی بن، گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه له گۆڕێ‌دا نییه’،(٣) لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌ڵقه‌یه، جۆرێک له دڵنیایی له ناخی زۆربه‌ی ڕووناکبیره عه‌ره‌به‌کان له ئاست گۆڕانکاری‌یه‌کان ده‌رده‌خات که ئه‌ویش سێکۆلاریزمێکی لۆکا‌ڵی هێدی هێدی‌یه. تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌کی تری دیاری ئه‌م شۆڕشه شکاندنی تابۆکان‌و به‌سته‌ڵه‌کی هه‌ندێ له به‌ها قورسه کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کانه، که له شێوه‌ی ده‌رکه‌وتنی چه‌ند ژنی عه‌ره‌ب به ڕووتی له سه‌ر تۆڕی ئینتێرنێت هاته ئاراوه. ده‌کرێ خاڵی ته‌واوکه‌ری ئه‌و ده‌ستپێکردنه مێژوویه‌ک بێت که خۆڕووتکردنه‌وه‌ی چه‌ند ژنێک ته‌نیا سه‌ره‌تایه‌ک بێت بۆی که جیاوازی بنه‌ڕه‌تیی له‌گه‌ڵ سیسته‌می ڕۆژئاوا‌و ڕۆشنگه‌ریی ئورووپایی هه‌یه که تێیدا کڵێسه‌کان دژوارترین‌و خوێناوی‌ترین شه‌ڕه‌کانیان بۆ سڕینه‌وه‌ی یه‌کتر کرد. ته‌واوکه‌ری ئه‌و بۆچوونه، ڕۆحی تاکگه‌رایی خێزانیی ڕۆژهه‌ڵاتی‌یه‌کان‌و به‌تایبه‌ت عه‌ره‌به‌کانه له ئێستادا (=کاریگه‌ریی ئایین: ‘تذهیب’) که ڕاست به پێچه‌وانه‌ی سه‌ده‌ی ١٨ی ئورووپایه _ کۆمه‌ڵگای ئوررووپای ئه‌وکات به گشتی ڕۆحێکی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بووه‌و تابۆکانیش له لایه‌ن یه‌که‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی (community)یه‌وه شکاون، به پێچه‌وانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که به‌رده‌وام هه‌ست به پێویست بوونی تاکه‌که‌س‌و ته‌نانه‌ت کاریزما ده‌کرێت بۆ تابۆ شکاندن.
تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌کانی تری ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه که واده‌کات شۆڕشێکی پێشڕه‌و به کۆمه‌ڵێک ده‌سکه‌وتی مێژوویی تازه‌وه بۆ ناوچه‌که‌و کۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی بێته به‌رهه‌م، تایبه‌تمه‌ندیی هونه‌ری دانپێدانان(واته یه‌کتر قبووڵکردن)و خه‌بات به ڕێچکه‌ی مه‌ده‌نی‌و پێداگریی له‌سه‌ر هێزی شه‌قام‌و خۆ به‌دوورگرتنه له چه‌ک‌و شه‌ڕی گه‌رم، به تایبه‌ت دژایه‌تیکردنی چه‌کی کۆمه‌ڵکوژو وزه‌ی ئه‌تۆم به مه‌به‌ستی سه‌ربازیی.(٤) تایبه‌تمه‌ندیی یه‌کتر قبووڵکردن له‌و ڕووه‌وه گرنگی هه‌یه که له هه‌موو کۆمه‌ڵگاکان که به زۆری‌و به‌تایبه‌ت له بارودۆخی ئاسایی وڵاته‌کاندا به دووره له کێشمه‌کێشه سیاسییه‌کان، به‌وحاڵه‌وه هه‌ستیارترین توێژیشه که له گۆڕانکاری‌یه‌کاندا به‌رپرسیارێتی مرۆیی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆو له کاتی نه‌بوونی ئازادیشدا خۆی به به‌رپرس ده‌زانێت. به‌م لێکدانه‌وه‌یه، ڕووناکبیرانی عه‌ره‌ب دوابه‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی به‌هاری عه‌ره‌بی له یه‌کساڵی ڕابردوودا، نه‌رم نیانی‌یەکی تایبه‌تیان نیشانداوه‌و توانای یه‌کتر قبووڵکردنیان زیاتر له جاران بووه، که ئه‌م ڕه‌فتاره پێشتر ڕۆخسارێکی ڕادیکاڵی پێوه دیار بووه. ده‌رکه‌وته‌ی سه‌ره‌کیی ئه‌م گۆڕانکاری‌یه له ڕه‌فتاردا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پاشه‌کشێی مزگه‌وت‌و که‌سایه‌تی‌یه ئایینیه‌کان له ده‌ستێوه‌ردان له بواری گشتی‌و ده‌وڵه‌تدا که پاشه‌کشێ‌یه‌کی گرنگه له مێژووی ئیسلامی سیاسی، به‌تایبه‌ت له کۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بی‌یه‌کاندا. بێگومان ده‌توانین بڵێین به‌هۆی خێرابوونی گۆڕانکاری‌یه‌که، ئیسلامی سیاسی‌و حیزبه‌کانی سه‌ر به‌و بیرۆکه‌یه، به بنکه‌ی ئه‌لئه‌زهه‌ریشه‌وه نه‌یانتوانی هیچ تاکتیک یا به‌دیلێکی سیاسی‌یان بۆ ئه‌م قۆناغه ببێت‌و به ناچار مۆدێلێک له دیموکراسی‌و پێکه‌وه ژیانیان له‌گه‌ڵ سێکۆلاره‌کان هه‌ڵبژارد؛ ئه‌وەش تا ئەو ڕادەیە بووه‌ته داخوازیی کۆمه‌ڵایه‌تی که ده‌توانین بڵێین ناوه‌رۆکی داخوازیی خودی لایه‌نگرانی ئیسلامیشی له چۆنایه‌تیدا تووشی گۆڕان کردووه‌و ئیسلامێکی نزیک له مۆدێلی تورکی‌یه‌ی لێ به‌رهه‌م هاتووه.
تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌کی دیاری تری به‌هاری عه‌ره‌بی، خۆگونجاندنه له‌گه‌ڵ داخوازییه جیهانیه‌کان له ئاست مه‌سه‌له‌ی ژینگه، مافی مرۆڤ‌و قه‌یرانی بێ‌کاری. له حاڵێکدا له ئورووپا، چالاکی‌یه ژینگه‌ییه‌کان شانبه‌شانی چالاکی‌یه سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان، وزه‌ی ڕێکخه‌ری کۆمه‌ڵان‌و لاوانن، له وڵاتانی عه‌ره‌بي ئه‌مڕۆیش پێداگري سه‌ره‌کي له سه‌ر گۆڕانکاري نه‌رم‌و به ڕێگه‌ی دانووستان‌و خۆپیشاندان ده‌کرێت. لووتکه‌ی ئه‌م داواکاری‌یه سیاسي جه‌ماوه‌ری‌یه، قه‌ده‌غه‌کردنی به‌کارهێنانی وزه‌ی ئه‌تۆمه له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانه‌وه، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌م وزه‌یه وه‌ک کاریگه‌رترین ڕێکخه‌ری لاوانی ئه‌مڕۆی کۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی دوای چه‌ند مانگ له‌سه‌رکاربوونی سوپاسالاره‌کان له سه‌ر حکومه‌تی تازه پێکهاتووی میسر ڕژانه‌وه سه‌ر شه‌قام‌و نزیکه‌ی ٥٠ که‌سیش له ڕێگه‌ی چه‌سپاندنی ئه‌و داخوازییه‌دا کوژران. له خاڵه به‌هێزه‌کانی تری به‌هاری عه‌ره‌بي، کورت کردنه‌وه‌ی ده‌ستی ئێرانه له کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی عه‌ره‌بی (جگه له عیراق) که نموونه‌ی دیاری به‌حره‌ین، سووریه‌و لوبنان بوو، هه‌رچه‌ند ڕاپه‌ڕینی به‌هاری عه‌ره‌بي له لوبنان جیاوازی‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌یه‌و له سووریه‌ش، کۆماری ئیسلامی به ئاشکرا که‌وتووه‌ته کوشتاری هاوڵاتییانی ڕاپه‌ڕیوی ئه‌و وڵاته.
له کۆتاییدا دەبێ بوترێ کە لاوازترین خاڵی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه وه‌ک کاریگه‌ری‌یه نه‌رێنی‌و له‌وانه‌یه درێژخایه‌نه‌کانی، ئه‌وه‌یه که نه‌توانرا هه‌نگاوێکی به‌رچاو له تاکی عه‌ره‌به‌وه، بۆ دروستکردنی کۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بییه‌کان‌و پێناسه‌یه‌کی نوێ له لاوی عه‌ره‌ب بخرێته ڕوو. قۆناغێک که ناسنامه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌م سه‌رده‌مه له کۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بي به ده‌سته‌وه بدات. هێشتا توندوتیژي به‌رامبه‌ر دژبه‌رو ناڕازی (له لایه‌ن خودی ناڕازی‌یانه‌وه) له ئارادایه‌و نزیکترین زمانه له کاتی پێگه‌یشتنی دوو دژبه‌ری عه‌ره‌ب. مافه‌کانی ژن له‌م وڵاتانه، له‌و ده‌گمه‌ن بابه‌تانه‌یه که پێشچوونی دیاری به خۆوه نه‌بینیوه‌و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ وڵات‌دا پاشه‌کشێ کردووه، سه‌ره‌ڕای دەورو کاریگەري هەرە بەرچاوی ژنان‌و بەشداري چالاکانه‌یان له شۆڕشی به‌هاری عه‌ره‌بیدا. بابه‌تێکی تر که به خاڵێکی تری لاواز داده‌نرێت، پەرەسەندنی هه‌ستی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی‌یه، که زۆرجار له قاڵبیدا هه‌ستی ئیسلامگه‌ری‌یه‌کی بێ‌سنوور ته‌شه‌نه ده‌کات‌و ئه‌وه‌ش پێده‌چێت مۆدێلێکی تازه له ئیسلامی سیاسي، نه له شێوه‌ی سه‌له‌فیدا، به‌ڵکوو له جلێکی نوێ بهێنێته به‌رهه‌م که له کۆتاییدا کۆسپ‌و بەربەست دەخاتە بەردەم خه‌باتی مه‌ده‌ني، گه‌یشتن به کۆمه‌ڵگایه‌کی کراوه‌و ئازاد له دەربڕینی بیروڕاو، ده‌سته‌به‌رکردنی هه‌موو مافه‌کانی ژنان .
١:‘Political Islam poised to dominate the new world bequeathed by Arab spring’; article by:
http://www.guardian.co.uk/world/2011/dec/03/political-islam-poised-arab-spring& ‘جنبش نهضت تونس: یهودیان از حقوق کامل در کشور برخوردارند’ :
http://www.bbc.co.uk/persian/world/2011/12/111211_an_tunisia_jews_israel.shtml
٢: شۆڕشه‌کانی نه‌رمه‌هێز، ڕووه‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دیکتاتۆری‌و فه‌نده‌مێنتالیزمه‌کان؛’عه‌لی حه‌رب’ ، له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ڵکه‌وت عه‌بدوڵا… بڵاوکراوه‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ، سلێمانی ٢٠١١… ل. ٣٣
٣: پێشوو
٤: پێشوو، ل. ٤٧
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS


(No Ratings Yet)