07:25 pm - Tuesday 07 February 2012
Tehran, IR - 3 °CHaze - Humidity: 56%

ئایا موسەوى و کەروبى مەبەستیان گۆڕینى حکومەتە لە ئێران؟

وه‌شانگه‌ر رزگار - 2 شه‌م Aug 02, 12:13 pm

لەو دیدارەى ساماڵ پوست دا ئارام مودەرەسى ئەندامى سەرکردایەتى کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى کوردستان(رۆژهەڵات) لە سەر بارودۆخى ئێران و پێوەندییەکانى کورد لە گەڵ بزووتنەوە نارەزایەتییەکانى نێو ئێران دەدوێت.
ساماڵ پۆست:ئایا بزووتنەوەى نارەزایەتى خەڵکى ئێران تەنیا لە بەر ئەنجامى هەڵبژاردنەکان بوو؟

ئارام مودەرەسى:
نەخێر بەهیچ جۆرێک ناتوانین بڵێین کە ئەو نارەزاییەتییانەی ئەم دواییانەی ئێران بەرهەمی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ساڵی رابردووە لە ئێران.بەڵکو بە بروای من ئاکامی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری هۆکارێک بوو کە ئەو مەجالەی کردەوە تا خەڵکی نارازی لە دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران رق و قینی پەنگ خواردووی چەند ساڵەیان بەرووی دەسەڵاتدا بتەقێننەوە.هەروەک هەموان دەزانن لە ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری رژیمی ئیسلامییەوە  کەمایەتیە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەچەوسێندرێنەوە،کرێکاران لە بێبەشترین توێژی کۆمەڵگای  ئێرانن،ژنان بە دواکەوتوانەترین یاساکان مافەکانیان پێشێل دەکرێ،لاوان لە سەرەتایترین مافە ئینسانییەکانی ئینسانی ئەم سەردەمە بێبەشن و بێ هیوای لە داهاتوویان باڵی بەسەر کێشاون و بە گشتی بێکاری و ئێعتیاد و فەحشا و نەبوونی ئیمکاناتی سەرەتای ژیان بۆ بەشێکی هەرە زۆری دانیشتووانی ئێران کە هەموو کەس ئەم دیاردانە بە بەرهەمی سیاسەت و دەسەڵات رژیمی ئیسلامی دەزانێ،وای کردوە بە درێژایی ساڵانی دەسەڵاتی رژیمی ئیسلامی نارەزایەتی لە هەل و مەرجی زاڵ و خواستی گۆران و چاکسازی بنەرەتی و رادیکاڵ لە قووڵایی کۆمەڵگای ئێراندا خۆبگرێ.بەڵام نەبوونی ئاڵترناتیڤ لە ئێران بێجگە لە کوردستان کە خاوەنی بزووتنەوە و حیزبی سیاسیی و خواستی دیاریکراو بووە و ،هەروەها زەبروزەنگ و سەرکوتی درندانەی نارەزاییەتییە جەماوەرییەکان لە لایەن رژیمەوە وای کردوە کە شەپۆلەکانی هەڵچوونی ئەم نارەزایەتییانە بە پێی هاوسەنگی هێز لە نێوان دەسەڵات و جەماوەردا جۆراوجۆر بووە و هەمیشە دیومانە کە ئەم نارەزایەتییانە هەرکات مەجالی خۆدەرخستنی بووبێ زۆر زوو بۆتە نارەزاییەتییەکی بەرینی جەماوەری کە کێشە و ململانێی باڵەکانی رژیم لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا گەلێک دەرفەتیان خوڵقاند هەتا جووڵانەوە نارەزاییەتییەکانی ئێران فراوانتر بێ و دروشمەکانی رادیکاڵتر بێتەوە.لەم دەورەیەی دوایشدا واتە لە یەکساڵی پاش پرۆسەی بەناو هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران بۆشاییەک کە کێشە و ناکۆکی نێوان پاڵێوراوانی سەرکۆماری هێنایە گۆرێ رێک ئەو هەل و دەرفەتە بوو کە جووڵانەوەی نارەزایەتی بە دژی حکوومەتی ئیسلامی توانی بە باشی بیقۆزێتەوە و جارێکیتر و بە هێزیکی زیاترەوە بێتەوە سەر شەقام.هەرچەند ئەو رەوت و لایەنانەش بوون کە بە ئاکامی هەڵبژاردنەکان نارازی بوون و دەیانویست سواری شەپۆلی ئەم جووڵانەوەیە بن و بە خەیاڵی خۆیان وەک کارتی گوشار بەرامبەر بە رکەبەرەکەیان بەکاری بێنن،بەڵام دیمان زۆر زوو جووڵانەوە راستەقینەکە رەوتی خۆی لەوان جیاکردەوە و ئامانجەکانی رۆژ لە گەڵ رۆژ رادیکاڵتر بوونەوە.دروشمەکان بە خێرایی لە خواستی سەرلەنوێ بژاردنەوەی دەنگەکانەوە گۆران بۆ نەمانی دیکتاتۆر و نەمانی ویلایەتی فەقیه و داخوازی سێکۆلاریزم و گەلێک خواستی دیموکراتیک.ئەم داخوازییانە بەرادەیەک جیدی و بۆ رژیم مەترسیدار بوون کە تەنانەت پاڵێوراوە دۆراوەکانی هەڵبژاردنیش بە دەستی بێگانە کە ئەم تۆمەتە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران چەکێکی لە مێژینە و کاریگەرە و بە دژی شۆرش(زیدی ئینقیلاب) ناویان لێنا و جیاوازی و سنوورەکانی خۆیان لە گەڵ دیاری کرد.جووڵانەوەیەکی لەم چەشنە بە هەموو کەم و کوری و بەرتەسکی و رەخنەیەک کە لە سەری بێ،بەبروای من ناتوانێ بە شەوێک و ئەویش لە ئاکامی نارەزایەتی بەرامبەر بە پرۆسەی هەژمارکردنی دەنگەکانەوە سەر هەڵبدا و ئامانجی سەرەکیشی گورینی گشتیی سیستمی دەسەڵات بێ.
ساماڵ پۆست:ئایا موسەوى و کەروبى مەبەستیان گۆڕینى حکومەتە لە ئێران؟

ئارام مودەریسى:
ئەگەر مەبەستی پرسیارەکە لە گۆرینی حکوومەت ئەوەیە کە سیستەمی حکوومەتی ئیسلامی لە ئێران بە گشتی هەلدەوەشێن و حکوومەتێکی دێموکرات و سێکۆلار بە دەنگ و بەشداری راستەقینەی جەماوەر دادەمەزرێنن و پشتیوانی لە دیموکراسی و دەستەبەر کردنی مافی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینیەکان دەکەن و کۆمەڵگایەکی ئازاد و ئینسانی دادەمەزرێنن،نەخێر.چونکە لە راستیدا ئامانجی رێفۆرمخوازانی حکوومەتی ئەوە نییە.لە لایەکیترەوە هەم ئاغای کەرووبی و هەم ئاغای مووسەوی چ لە کاتی پرووپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا کە زۆر ئاساییە لەوکاتانەدا دەست ئاوەڵا و دڵفراوانن،و چ لە دوای رووداوەکانی پاش پرۆسەکەش سنووری خۆیان لەگەڵ داخوازیگەلی لەمجۆرە کە داخوازی جەماوەری نارازی ئێرانە دیاری کردووە و لە بەیانییە و راگەیاندنی یەک لە دوای یەکی خۆیاندا و بۆ نموونە لە دوایین بەیانییەی چەندرۆژی رابردووی هەرتکیاندا بە روونی زیندووکردنەوی رێبازی”ئیمام خومەینی”دامەزرینەری کۆماری ئیسلامی وەک ئامانجی سەرەکی و پیرۆزیان پێداگری لەسەر کراوە.پێموابێ پێویست ناکا ئەو دەورانە بیر بێنینەوە کە ئەم رژیمە لەژێر فەرمانی خومەینی و رێبازەکەیدا چیها جینایەتی لە ئێران خوڵقاند.
بەڵام زۆر ئاساییە لە ئەگەری وەرگرتنی دەسەڵاتدا کە ئەگەرێکی زۆر لاوازە،مێتۆد و شێوازی ئیدارەی وڵات گۆرانکاری بەسەردادێ.
ساماڵ پۆست:هۆکارى پاشەکشە کردنى هاشمى رەفسەنجانى لە بزووتنەوە نارەزایەتییەکان چییە؟

ئارام مودەریسى:
رەفسەنجانی هیچکات نەتەنیا پشتیوانی جووڵانەوەی نارەزایەتی نەبووە ،بەڵکوو هەمیشە دژی هەر دەنگیکی نەیاربووە کە بۆنی مەترسی بۆسەر دەسەڵاتی لێهاتبێ.بەڵام هەتا ئەوجێیە کە دەگەرێتەوە بۆ رووداوەکانی پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووی سەرکۆماری و ریزبەندییەکانی ناودەسەڵات،هەرچەند رەفسەنجانی بە خەسڵەت و ئەندێشە کەسایەتییەکی رێفۆرمخواز نییە،بەو هیوایە کە بتوانێ رەکەبەرەکانی خۆی لە ناو دەسەڵات لاواز بکا بە کردەوە و بە قسە و بۆچوونەکانی هەوڵیدا قورسایی و هاوسەنگی هێز بەلای رپَفۆرمخوازانی دەوڵەتیدا بشکێنێتەوە.بەڵام کاتێک کە هەستی بەلاوازی رپَفۆرمخوازانی ناودەسەڵات کرد و دڵنیا بوو کە لە حاست باڵی پاوانخواز شکست دەخۆن،ئەمجارە کەوتە ئاشتکردنەوەیان لەگەڵ دەسەڵات و بە بەردەوامی دەستی پێیانەوە بوو کە لە دەسەڵات نەبرێن.بە کوردی رەفسەنجانی لەوە عاقڵتر بوو” لەسەر ئەسپی دۆراو گرێو بکا.”
ساماڵ پۆست:ئایا ئەو بزووتنەوەیە دەتوانێت هەموو نەتەوەکانى ئێران لە دەورى خۆی کۆبکاتەوە؟

ئارام مودەریسى:
بەداخەوە نەخێر.یەکێک لە خاڵە گرینگە لاوازەکانی ئەم بزووتنەوە نارەزاییەی ئێستای ئێران ئەوەیە کە هەتا ئێستاش بەرتەسکە و نەیتوانیوە رەنگدانەوەی هەموو داخوازییەکانی کۆمەڵگای ئێران و لە وانە داخوازی کەماەتییە نەتەوەییەکانی ئێران و یەک لەوان گەلی کورد بێ.ئەمەش بۆتە هۆکارێک بۆئەوە کە بزووتنەوەکە گشتگیر نەبێ و تەنها لە شەقامەکانی تاران و لە نێو چەند توێژێکی بەرتەسک و دیاریکراودا قەتیس بمێنێتەوە.
ساماڵ پۆست:کورد تا چ رادەیەک توانیوێتى خۆی تێکەڵاوى ئەو بزووتنەوەیە بکات؟

ئارام مودەریسى:
لە بیر نەکەین کە کوردستان سی ساڵە خەباتێکی بێ پسانەوە بەرامبەر بە سیستمێکی دیکتاتۆر و سەرکوتگەر دەباتە پێش و خاوەن حیزبی سیاسیی جێگای متمانە و بە ئەزموونی خۆیەتی کە خەباتی خۆی لە پێناو ئامانجەکانیدا بە حیزبەکانییەوە گرێداوە هەوکات و بە تایبەت لە چەند ساڵی رابردوودا خەباتێکی مەدەنی و تۆکمە و رێک و پێکی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گرتۆتەبەر.بەگشتی گەلی کورد بۆ خەبات لە پێناو ئازادی و دیموکراسیدا خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە.هەروەها تایبەتمەندی و پرەنسیپی جووڵانەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان پشتوانیکردنە لە هەر هەوڵ و جووڵانەوەیەکی سێکۆلار و دیموکراسیخوازانە لە ئێران و ناوچەکە.ئەگەر لە بیرتان بێ بە کوردستانیان دەگووت سەنگەری خەبات و بزووتنەوە ی ئێران،بێگومان ئەمەش بە هۆی تایبەتمەندیی دێموکراسیخوازی بزووتنەوەی کوردستان بوو.لەم دەورویەشدا هەم گەلی کورد و هەم حیزبە سیاسییەکانی لە کوردستانی رۆژهەڵات بە گرینگییەوە روانیویانەتە رەوتی رووداوەکانی ئەم دواییانە و لەگەڵ دەربرینی هەست و سۆزی خۆیان پشتیوانی بێ ئەملاولای خۆیان لەگەڵ جووڵانەوەی رزگاریخوازی لە ئێران دەربریوە.بەڵام لەوجێیەوە کە هەتا ئێستا گەلی کورد وەدیهاتنی ئامانجەکانی لەو نارەزایەتییانەدا نەدیوەتەوە و،لەوجێیەوە کە کوردستان هەرگیز بەرامبەر بە رەوتی رێفۆرمخوازانی حکوومەتی تووشی شک و گومان نەبووە،قورسایی و پارسەنگی بزووتنەوەی کوردستانی نەبردە مەیدانی شەرێکی نابەوەخت کە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لایەنێکی ئەم ململانێیە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات کەڵکی لێوەرگرێ.ئەمە بێجگەلەوەکە کۆرد لە رۆژهەڵات بە پێی ئەزموونەکانی خۆی و وشیاریی سیاسییەیەک کە هەیەتی باش دەزانێ کە هەڵەیەکی میژووییە لە کاتێکدا کە خاوەنی بزووتنەوەیەکی زیندوو و حازر لە مەیدانە،لەناو ئەو نارەزایەتییانەدا بتوێتەوە کە هێشتا رێرەوی راستەقینەی خۆی بە باشی نەدیوەتەوە و هێشتاش نەیتوانیوە ببێتە ئاوێنەی باڵانوێنی ویستی راستەقینەی گەلانی دانیشتووی ئێران.
ساماڵ پۆست:بۆچى حزبەکانى کوردستان لە سەر چۆنییەتى پشتیوانى کردن لەو نارەزایەتیانەى خەڵکى ئێران هاودەنگ نەبوون؟

ئارام مودەریسى:
.بە بروای من بە پێچەوانە، حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لە سەر پشتیوانیکردن و بەهێزکردن و رادیکاڵکردنەوەی جووڵانەوەی دێموکراسیخوازی لە ئێران وەک پرەنسیپ پێداگرییان کردووە،بەڵام ئەگەر مەبەستان ئەوەیە کە بۆچی هەموویان لە راگەیاندنێکدا و بە کۆدەنگی و هاوبەش پشتیوانیکردنەکەیان رانەگەیاندووە،ئەوە راستە و چەند هۆکارێکی هەیە کە لێکدابرانەکانی نیو حیزبەکانی رۆژهەڵات زۆرجار سەرەرای هاوهەڵوێستی کۆسپێک بووە لەبەردەم ئیمزاکردنی بەیانێک هاوبەش.بەڵام لەراستیدا ئەوەیکە سەبارەت بەو مەسەلە دیاریکراوە هۆکاری سەرەکی نەبوونی یەکدەنگی بوو،چۆنێتی رووانین و خوێندنەوەی رووداوەکانی ولێکدانەوەی خودی بزووتنەوەکە بوو کە روانگەی جیاوازی لە نێو حیزبە سیاسییەکاندا هێنایەگۆر و زۆر ئاساییە روانگەی جیاواز مێتۆدی جیاواز دەخاتە بەردەست.
ساماڵ پۆست:هۆی تێکچوونى ئەو نیمچەبەرانەى کە لە نێو حزبە کوردییەکان لە سەر چۆنیەتى بەشدای کردن لە هەلبژاردنەکان و نارەزایەتییەکان چییە؟
ئارام مودەریسى:
لە راستیدا پێویستە بڵێم کە بەداخەوە هیچ بەرە و یا بە قەولی ئێوە نیمچە بەرەیەک لە نیو حیزبە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتدا پێک نەهاتووە هەتا هەڵوەشێتەوە.بەڵام بە خۆشحاڵییەوە لە یەک دوو ساڵی رابردوودا هێندێک جار لەسەر بابەتێکی دیایکراو بۆ نموونە 28گەلاوێژ یان وەک خۆتان ئاماژەتان پێکرد لە بابەت مەسەلەی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئێران و رووداوەکانی پاش هەڵبژاردن و بە تایبەت ئەو مەسەلانەی کە پەیوەندییان بە دۆزی کورد بەگشتی بووە،هەرچەند هەموو حیزبەکان نا،بەڵام چەندین حیزب لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە ووێرای ئاڵوگۆری بیرورا بەیەکدەنگ روو بە خەڵک و میدیاکان دواون کە هیوادارم ئەم کارە درێژەی هەبێ و بە رێژەش زیاتر بێ.بەڵام بۆچی هەر ئەو کۆبوونەوە کاتی یانەش ئەگەر نەڵێن هەر نامێنێ بەڵام هیچ نەبێ کەم و زیاد دەکا یان گۆرانکاری بەسەر پێکهاتەکانیدا دێ،وابزانم لە وەڵامی پرسیارەکەی پێشوودا باسم کرد،جیاوازی روانگە دەوری سەرەکی هەیە و بە خۆشحاڵییەوە  دەبێ بڵێم کە رای جیاواز لەسەر مەسەلەیەکی دیاریکراو نە شەرتە و نە رێگرە لە سەر کۆدەنگی لە بابەت مەسەلەیەکیتر.
ساماڵ پۆست:کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى کوردستان چۆن دەروانێتە ئەو نارەزایەتیانە؟

ئارام مودەریسى:
پێم وابێ روانینی ئێمە بو نارەزایەتییەکانی یەک ساڵی رابردووی ئێران لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی پێشووترتاندا روون بۆتەوە،بەڵام ئەگەر بەکورتی و کۆنکرێت بمهەوێ شتێک بڵێم من پێم وایە رووداوەکانی پاش هەڵبژاردنی سەرکۆماریی لە ئێران نارەزایەتییەکانی بە دوو ئاراستەى جیاوازدا برد.یەکەم بەشێکی لاوازی ئەم نارەزاییەتیانە ئەو بەشەیە کە داخوازییەکانی بەرتەسک و دیاریکراوە و ئاغای کەرووبی و ئاغای مووسەوی خۆیان بە ساحێب و رێبەری دەزانن و هەر لەوکاتەوە کە محەممەدی خاتەمی وەک سیمبۆلی مەزهەبی بوون شاڵێکی سەوزی کردە ملی مووسەوی بە بزووتنەوەی سەوز ناسرا.ئەم بەشە لەو ئەگەر پێی بڵێن بزووتنەوەیە رۆژلەگەڵ رۆژ پاشەکشێی کردووە و دروشمەکانی چوونەتەوە قاڵبی داخوازی ئیسلامی و سوێندخواردن بە رێبازی ئیمام و بە خەمەوەبوونی چارەنووس و بەرژەوەندی گشتیی نیزامی ئیسلامی کە هەتا هاتووە لاوازتر و کەم رەنگتر بۆتەوە و خەسڵەت و تایبەتمەندی جووڵنەوەیەکی جیدی لە دەست داوە.
بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا رەوتێکی جەماوەری و بەهێزی دێموکراسیخوازی لە مەیدانە کە رۆژ لەگەڵ رۆژ سنوورەکانی فراوانتر و دروشمەکانی رادیکاڵتر و شەففافتر دەبێ و ئامانجی خۆی نەمانی دیکتاتۆری و سێکۆلاریزم و ئازادی و دێموکراسی واتە گۆرانی بنەرەتی و رادیکاڵی دەسەڵات واتە رووخاندنی رژیم دیاریکردوە کە لەگەڵ هەموو ئەوانە کەم و کوری جیدی هەیە.ئەم رەوتە کە لە راستیدا رەوتی زاڵ و روو لە گەشە و پەرەسەندنی نارەزایەتییەکانە پێویستە خەسڵەت و تایبەتمەندیەکانی بزووتنەوەیەکی جیدی بە خۆوە بگرە کە خۆی بۆ شەرێکی چارەنووس ساز ئامادە دەکا.بۆ نموونە دەبێ داخوازی دیاریکراوی هەبێ و بتوانێ زۆرترین ئارەزوەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە خۆبگرێ و رەنگدانەوەی ویست و ئاواتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران بێ.بەلەبەرچاوگرتنی فرەنەتەوەبوون و فرەچەشنی لە ئێران و بۆ مسۆگەرکردنی پشتیوانی هەمەلایەنە و بەمجۆرەش بەرینکردنەوەی پانتایی جوگرافی بزووتنەوەکە پێویستە داخوازی و مافی کەمە نەتەوە و کەمە ئایینیەکان وەک پێویستییەکی هەنووکەیی بێتە ناو داواکارییە سەرەکییەکانی ئەم جووڵانەوەیە
ساماڵ پۆست:بە برواى ئێوە ئەوە نارەزایەتیانە هەر وا درێژەى دەبێ یا لە ژێر سەرکوتدا کۆتایییات پێ دێت؟

ئارام مودەریسى:
هەرچەند بەداخەوە لەم دەورەیەدا بە هۆی سەرکوت و زەبروزەنگی رژیم لە لایەک و هەروەها پاشەکشێی رێفۆرمخوازانی حکوومەتی لە لایەکیترەوە کە خەڵک وەک بەڵاگێرەوە بۆ کەمکردنەوەی زەبری سەرکوت و داپڵۆسین کەڵکیان لێوەردەگرتن،رژیم تارادەیەک هاوسەنگی هێزی بە قازانجی خۆی گۆریوە،بەڵام ئەم نارەزایەتیانە کپ نابێ و لە یەکەمین دەرفەتدا و بە ئەزموونی زیاترەوە دێتەوە سەرشەقامەکان و لە رەوتی بەرەو پێشچوونیدا رادیکاڵتر و رێکخراوتر و بە ئەزموونتر دەبێ و هەر لە رەوتی بەرەوپێشچوونەشدایە کە رێبەرانی راستەقینەی خۆی پەروەردە دەکا.
ساماڵ پۆست:بۆچى کۆمەڵەى زەحمەتکێشان نەیتوانى لە گەڵ لایەنێکى سیاسى ببێتە هاودەنگ بۆ دەرکردنى  بەیانامە لە سەر چۆنیەتى هەڵوێست وەرگرتن سەبارەت ببە رووداوەکانى نێو ئێران؟

ئارام مودەریسى:
دیارە لە رۆژانی سەرەتای ئەم مانگەدا و بە بۆنەی تێپەربوونی ساڵێک بەسەر پرۆسەی بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی لە ئێران،چوارلایەنی سیاسیی کوردستانی رۆژڵات بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد کە تێدا وێرای لێکدانەوەی رەوتی رووداوەکانی یەکساڵی رابردووی ئێران،پشتیوانی خۆیان لە جووڵانەوەی دێموکراسیخوازی لە ئێران کە بە بزووتنەوەی سەوز ناویان بردووە دەربری.وابزانم ئەم بەیاننامە هاوبەشە هەوێنی ئەم پرسیارە بێ.لەو بابەتەوە پێویستە بڵێم کە ئێمەش وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ ئەم کۆبوونەوەیە بانگهێشت کرابووین بەڵام هەروەک لە پێشووتردا باسم کرد روانگەی جیاواز لە حاست رەوت و پێناسەکردنی بزووتنەوەکە هۆکاری بەشدارینەکردنمان بوو.ئەگینە ئێمە بۆ هەموو کاریکی هاوبەش کە کۆدەنگی لەسەر بێ ئامادەین و زۆر جاریش راگەیاندنی هاوبەشمان لەسەر ئەو پێشهات و رووداوانە دەرکردووە کە کۆدەنگیمان لە سەریان بوە و بە دڵنیاییەوە لە داهاتووشدا هەروا دەکەین.
ساماڵ پۆست:بۆچى سەرکردەی نارەزاییەتیەکانى ئێران تا ئێستاش ئامادە نین ناوى کورد وەکوو نەتەوە بە کار بێن،بەڵام بەشێک لە حزبەکانى رۆژهەڵات پشتیوانیان لێ دەکەن؟

ئارام مودەریسى:
هەرچەند پێموایە ئەم پرسیارە پێویست بوو رووبەرووی ئەو کەس و لایەنانە بکرێتەوە کە بە قەولی ئێوە پشتیوانی لە بەناو سەرکردەکانی نارەزایەتییەکانی ئێران دەکەن.بەڵام ئەگەر مەبەستان لە سەرکردە ئاغای کەرووبی و ئاغای مووسەوی یە،بەراستی نەتەنیا من بە سەرکردە و دەمراستی نارەزایەتییەکانی ئێرانیان نازانم بەڵکوو رێگرن لە حاست رادیکاڵبوونەوەی نارەزایەتییەکان.من سەبارەت بەم پرسیارە تەنها ئەوەندە دەڵێم کە لە کاتێکدا ئاراستەی جووڵانەوەی نارەزایەتییەکانی ئێران بەرەو دیموکراسی و سێکۆلاریزم و هەڵپێچانی دیکتاتۆری دەروا و بەرە بە بەرە بەهێزتر دەبێ،لە کاتێکدا کە ئاڵۆزی و بشێوی و بێ هیوایی و دڵە راوکێ گەیشتۆتە دیوەخانی ویلایەتی فەقیه و حوجرەکانی قوم،لە کاتێکدا کە هەموو کارتەکانی رژیم لە دنیای دەرەو سووتاون و گوشاری نێونەتەوەیی پشووی لە رژیم بریوە،ئالەوەها کاتێکدا دڵخۆشکردن بەوەیکە لە رێگای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن رێفۆرمخوازانەوە چاوەریی کرانەوەی فەزای سیاسی بی و لە رێگای هێنانەگۆری لانیکەمی داخوازییەکانەوە وەردە وردە بەرەو پرۆسەی دیموکراسی بەشداریی خەڵک بچی،بە قەناعەتی من لەوەها هەل و مەرجیکدا رەچاوکردنی سیاسەتی “موویەک لە بەراز بێتەوە زۆرە”لە باشترین حاڵەتدا هەڵەتێگەیشتن لە هەل و مەرجی سیاسیی ئێران و دەرک نەکردن و هیوابراوبوونە لە پۆتانسێەل و تواناکانی بزووتنەوەی راستەقینەی جەماوەری.
ساماڵ پۆست:ئێران بەو گوشارانەى کە لە لایەن کۆمەڵگاى نێودەوڵەتییەوە لە سەریەتى،ئایا دەتوانێت بە ئامانجەکانى بگات؟

ئارام مودەریسى:
حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە و بەتایبەت بە رابەرایەتی خومەینی خەون و ئارەزووی زۆری هەبوون لەوانە داگیرکردنی قودس کە دەیانگووت ریگای قودس لە کەربەلادا تێدەپەرێ.خەونی پەرەپێدانی شۆرشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و خولیای دامەزراندنی ئێمپراتووری شیعە و زۆر ئاوات و ئارەزوویتر کە هیچیانیان بۆ نەچوە سەر،تەنانەت فتوای کوشتنی نووسەری بەناوبانگ”سەلمان رۆشدی”شیان کە بۆ جێ بەجێ نەبوو بە ناچاری ساڵانێک پاش مەرگی خومەینی هەڵیانوەشاندەوە.دەمهەوێ بڵێم کە ئەم حکوومەتە بەو هەمووە خوولیا شێتانەیەى کە لە بەرنامەی دابوو،ئەمرۆکە تەنها یەک ئامانجی هەیە و ئەویش راگرتنی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتە.ئایا کۆماری ئیسلامی دەتوانێ ئەم ئامانجەی بێنێتەدی؟بەبروای من بەلەبەرچاوگرتنی وەزعی رژیم لە دەرەوە و لە ناوخۆ نەخێر،ئەم ئاواتەش بێ گومان دەخنکێ.رژیمی ئیسلامی بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی هەم لە ناوخۆی وڵات و هەم لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی کۆمەڵێک پلان و بەرنامەی دارشتوە کە بەبروای من لە زۆربەی هەرەزۆریاندا شکستی هێناوە کە من هەوڵ دەدەم بە کورتی ئاماژە بە چەند لایەنێکی ئەم مەسەلەیە بکەم:
لە ئاستی نێونەتەوەیدا ئەو رژیمە رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر تەریک کەوتۆتەوە هەموو پێوەندی و دیپلۆماسی حکوومەتی ئیسلامی تا ئاستی پێوەندی لەگەڵ چەند وڵاتێکی ئەمریکای لاتین و ئافیقایی دابەزیوە کە ئەو وڵاتانەش جگە لە دواکەوتووی ئابووری و کەلتوری و ئیفلاسی سیاسی لە رووی جوگرافیشەوە گەلێک لە ئێران دوورن و بەوپێیەش ناتوانن هاوپەیمانێکی ستراتژیکی یەک بن و لە ئەگەری روودانی بۆ نموونە شەرێکی وەک عێراق و ئەفغانستان ناتوانن زۆر فریای ئێران بکەون.لە لایەکیترەوە رژیمی تاران زۆر بەپەلە لەهەوڵی دەستراگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی دایە و ئەویش نەک بۆ شەر و هێرش کردنەسەر وڵاتان،بەڵکوو لە پلەی یەکەمدا تەنها بۆ دروستکردنی قەڵغانێک بۆ پاراستنی خۆی بەجۆرێک ئیتر هیچ هێز و لایەنێک نەتوانێ بەئاسانی دەستی بۆبەرێ،کە ئەم هەوڵانەشی لەگەڵ دژکردەوەی تووندی نێونەتەوەی بەرەوروو بووە و تەنانەت نزیکترین دۆستەکانیشی وەک رووسییە و چین دەستیان لیبەردا و ئێمە دەبینین کە ئیتر ئێستا پەسندکردنی بریارنامە بۆ سزادانی ئێران زۆر زوو کۆدەنگی لەسەر دەکرێ و زۆر بەخێرایی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
مەسەلەیەکیتر کە ئێرانی تەنگەتاوکردووە مەسەلەی هاتنی ئامریکا و هاوپەیمانەکانییەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەویش ئەمبەرئەوبەری سنوورەکانی ئێران.حکوومەتی ئێران هەرزۆر زوو لە رێگای داڵدەدان و پۆشتە و پەرداخکردنی گرووپە توندرەوە ئیسلامییەکان و دەستیوەردان لە کار و باری ناوخۆی عێراق و بڵاوەپێکردنی تۆرە جاسووسیەکانی و زۆر شێوازیتر هەوڵی تێچەقاندنی ئەمریکایدا لەو وڵاتانە ویستی بەمجۆرە شەری خۆی لەگەڵ”شەیتانی گەورە”لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بکا.لەوروویەشەوە دەتوانم بڵێم کە ئەم مێتۆدەش شکستی هێناوە و لە زۆرێک لە کردەوە تێرۆریستییەکاندا شوێن پەنجەی ئێران سەلماوە و،دەبینین کە رۆژانە لە لایەکەوە لە عیراق بەرەبەرە بنکە و بارەگا سەربازیەکان و پاراستنی ئەمنییەت دەدرێتەوە بە هێزە عێراقییەکان و هەروەها سەرەرای هەوڵەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران وێناچێ پێکهێنانی حکوومەتی تازە لە بەغدا شکست بخوا و هەروەها وێشناچێ پێکهێنانی حکوومەت زۆر بەدڵی ئێران بێ،لە ئەفغانستانیش چاوەروان دەکرێ پاش دۆزینەوەی ئەو کانزا پربەهایانە زۆریک لە گرفتەکانی ئەو وڵاتە لە وانە شەری ناوخۆ کۆتایی بێ و حکوومەتێکی بەهێز دەسەڵات بگرێتەدەست و بەمەش ئەمریکا لە ئەفغانستانیش سەری سووک دەبێ و ئێران بە باشی دەزانێ نەمانی ئەمریکا لە ناوچەکە شتێکی محاڵە و ئەوەش ئەوەندەیتر ئەو حکوومەتە دەخاتە تەنگەژەوە.
لە فەلەستینیش دەبینین کە تورکییە و وڵاتانی عەرەبی بە پشتیوانیان لە کێشەکانی “غەزە”خەریکن بەکردەوە پێگەی ئێران لاواز دەکەن و ئەم کارتەشی لە دەست دەردێنن.
لە لایەکیترەوە دەبینین رژیمی ئێران بە هۆی پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ و ئێعدام و سەرکوتی نەیاران و نارازییەکانی ناوخۆ وپابەندنەبوون بە قەرارە نێودەوڵەتییەکان،بەبەردەوامی لە ژێر گوشار و رەخنەدایە و لە زۆربەی وڵاتانی دنیا سەفارەتخانەکان و باڵوێزەکانی دەکەونە بەر هێرش و نارەزایەتی خەڵکی نارازی کە ئەمەش لە سوومعە و ئیعتباری رژیمی یەکجار کەم کردۆتەوە.
لە ناوخۆی وڵاتیش نەتەنها رژیم نەیتوانیوە کێشەی مەشرووعییەتی خۆی چارەسەر بکا،بەڵکوو لە نێو خودی پاوانخوازانیشدا تووشی قەیرانی جیدی بوون و شپرزەی و ئاڵۆزی بە سەرتاپای سیستەمەکەوە دەبیندرێ.بەهەموو ئەوانە و بەلەبەرچاوگرتنی ئەوراستییە کە ئیتر تەمەنی حکوومەتی لەچەشنی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بەسەرچوون،بێگومان دەسەڵاتی ئێستای ئەم رژیمە ناتوانێ ئاوا بمێنێتەوە.پرسیار ئەوەیە کە ئایا حکوومەتی ئیسلامی توانا و زەرفییەتی رێفۆرم و خۆگونجاندن لەگەڵ دنیای ئەمرۆی هەیە؟بەبروای من نەخێر.بەدڵنیاییەوە رژیمی ئێران دوو رێگای لە پێشە،یان ئەوەتا دەبێ دەست لەزۆرێک لە باوەرە بنەرەتییەکانی شۆرشی ئیسلامی هەڵگرێ،یان وەک خۆی بمێنێتەوە و بە سەرکوت و زەبروزەنگ لە ناوخۆ و بە تەریک کەوتەیی تەواو لە دەرەوەی خۆی هەوڵی پاراستنی دەسەڵاتەکەی بدا،کە بەبێ هیچ شک و گومانێک تەنافی دەوری ملی رژیم بەرادەیەک توند بووە کە بە بچووکترین جووڵە بەهەرلایەکدا هەناسەی لێدەبرێ.

Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS

نووسینی روانگه

بۆ ناردنی روانگه پیویسته له ناو سیستم دابیت $s