هەستی خۆ بە کەم زانین
وهشانگهر ئاسۆ - ههینی Jan 06, 2:00 am
بێ شک هەموو کەسێک بەشێوەیەک لە گەڵ منداڵ بوون ئاشنایەتی هەیەو بەچەشنێک لێی ئاگادارە. یەکەم شت کە لە دایک بوونی هەر منداڵێکو دەسپێکی هەر ژیانێکدا زەقو بەرچاوە، نەبوونی جیاوازی لەم قۆناخە سروشتیەیە لە ژیان. جا کەیفی خۆیەتی لە زەرد پێستەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیایە، لە سپیەکانی ئاسیاو ئۆروپایە، لە رەشەکانی ئافریقایە، سوورپێستێکی ئەمریکایە، ئیسکیمۆیەکی نزیک جەمسەری باکوورە یان لە ئیلو عەشیرەتەکانی ئۆسترالیا، بە بێ هیچ چەشنە جیاوازیەکو ئەمە یەکەم تایبەتمەندیی ئەم بۆنەوەرەیە کە مرۆڤە. دووهەمین تایبەتمەندی ئەوەیە کە بە پێی هەلو مەرجی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، بە پێی دابو نەریتی هەر ناوچەیەکو جیاوازی سروشتیو زمانو کۆمەڵێک کولتووری پێوەندی دارەوە بابۆڵە دەکرێت، دەلاوێندرێتەوەو بە لایەلایەو هەستو سۆزی دایکانە رادێت. تا ئەم قۆناخە دوو تایبەتمەندی ودیاردەی سروشتی ئەو بۆنەوەرە، واتە مرۆڤ بوونیو پێوەندیی کولتووریی سەلماوەو نکۆڵی لەو دوو خاڵە، حاشا کردنی حەقیقەتە.
هەرلە تێپەڕینی ئەم قۆناغەو لە دایک بوونی منداڵ، هەڵاواردن لە بوارە جیاوازەکاندا زەق دەبێتەوەو لە هەر کونو کەلەبەرێکدا خۆ دەنوێنێ. هەڵاواردنی رەگەزی، چێنایەتی، نەتەوەیی، ئایینی، فەرهەنگیو چەندین هاڵاواردنی تر تا تەنانەت دەگاتە هەڵاواردنی رەنگیی، واتە هەڵاواردن بە پێی رەنگی پێست، لەو هەڵاواردنو ستەمانەن کە منداڵی مرۆڤ هەر لە رۆژی لە دایک بوونیەوە ناچارە بە دیتن، بیستنو ئەزموون کردنیان. جا بە داخەوە ئەو بابەتە تایبەت نییەو پێوەندیی بە نەتەوە، رەگەز یان ناوچەیەکی دیاری کراوەوە نییە، بەڵام لە وڵاتانی داگیر کراو، پاشکەوتووو هەژار، ئەو دیاردەیە زۆر زەقو بەرچاوترە.
ئەوەی لەو دێڕانەی سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا تەنیا کورتەیەک بوو لە قۆناغی لە دایک بوونی منداڵو ئەو هەلو مەرجەی کە لە بەر دەمی دایە.
بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە وردی باسەکە بورووژێنین، کۆمەڵێکی لە رادەبەدەر وێناو نموونە لەو بوارە جیاوزانەدا هەیە کە کاتی زۆری پێویستەو هۆی ماندوو بوونی خوێنەرەو ئاشکراتریشە لە تیشکی خۆر، بۆیە لەو باسە دوورو درێژە خۆمان ئەبوێرینو تەنیا قەناعەت ئەکەین بە نەختێک شیکرنەوە لە سەر هەڵاواردنو دەرەنجامەکانی لە کوردستان کە بڕێک جار کاریگەریی گورچک بڕ لە خۆ بە جێ دێڵێت، تا ئەو رادەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی بەرەو چەشنێک لە خۆ بێزاری، خۆ بەخت کردن ونەبوونی متمانە بە خۆ دەباتو لە ئاکامدا تووشی نەخۆشی “هەستی خۆ بە کەم زانین”(احساس حقارت) دەکات. درێژەی دیاردەی خۆ بە کەم زانین دەگاتە نە بوون یان نەمانی متمانە بە خۆ، ئاشکراشە کە لە مرۆڤدا نەبوونی متمانە بە خۆ، چ ئاکامێکی کارەسات باری بە دواوەیە.
کاتێک نەخۆشی”خۆ بە کەم زانین” تاکێکی کۆمەڵگای تووش کرد، تەنیا لەو تاکەدا نابڕێتەوە، یان بوارێکی دیاری کراو لە خۆ ناگرێت، بەڵکو تەشەنە دەکات، کۆمەڵگاو زۆر بوار دەتەنێتەوە، تارادەیەک کە لایەنی تووش بوو بە یەکجاری، خۆیو کەسایەتیەکەیو سەرجەم بەرژەوەندییەکانی خۆیو کۆمەڵگاکەی لە بیر دەباتەوەو لەگەڵیان بێگانەیە. هاوکاتیش دەبێتە سەربازو ئاژیتاتۆری فەرهەنگی باڵادەست.
بۆ سەلماندنی ئەو راستییە، پێویستمان بە لێکۆڵینەوە، تاقیکردنەوە، گەڕان بەدوای سەرچاوەیەکی تایبەت نییە. بە خول خواردنێکە ئاسایی لە نێو هەرکام لە شارەکانو بە تایبەت شارە گەورەکان، بە چاو، بە گوێو بە هەموو شێوازێک، بە لێشاوی بوونیان هەیە.
دەنگی بەرزو نامۆی مووسیقای نامۆی فارسی، تورکی، عەرەبیو . . . لە فرۆشگاو ئۆتۆمبیل، لە باتی مووسیقای رەسەن، دەوڵەمەندو رەنگامەی کوردی. جلو بەرگی جۆرواجۆر، لە باتی جلو بەرگی رازاوەو سازگاری کوردی. ناوو تابلۆ نووسراوەی سەر شووشەو سەردرگای دووکانو بازاڕەکان، بەرانبەر ناوە پڕ ناوەڕۆکو پڕ زاراوە کوردییەکان. ناو لێنانی منداڵ بە کۆمەڵە وشەو ناوێک کە زۆر جار ماناکەی نازانین یان بڕێک جار چەشنێک سووکایەتە بە منداڵەکەمان تا ئەو ئاستەی کە بە شەرمەوە ناوەکەی خۆی بە زاردا دێنێت، لە بەرانبەر ئەو وشەو ناوە رەسەنە کوردییانەوە.
جا دیارە ئەوە بە مانای بە خراپ ناساندنی کەلتوور، زمانو فەرهەنگی نەتەوەکانی تر نییە، بەڵکوو بەو مانایەیە کە لە حاڵێکدا ئێمە بۆ خۆمان خاوەنی یەکێک لە رەسەنترین فەرهەنگو کەلتوورەکانینو سەرەڕای ئەوەی کورد دەسەڵاتو حکومەتی خۆیی نەبووەو داگیرکەرانی وڵاتەکەمان بە درێژایی مێژوو، بە هەمووشێوازێک تەنانەت تا پاکتاو کردنی رەگەزیو بوردمانی شیماییو ئەنفال، هەوڵی تواندنەوەو سڕینەوەیان داوە. لە وەها هەلومەرجێکدا جیا لە دەوڵەمەندی، رەسەنایەتیو هەوڵو تەقالای بێوچانی باو باپیرانمان، گەلی کوردی وڵات داگیرکراوو ژێر چەپۆکەی داگیرکەران، چ چەکو کەرەسەیەکی بەدستەوە بووە بۆ پاراستنی کەلتوورو زمانو فەرهەنگی خۆی؟ هۆی چییە کە خۆمانی لێ نادەین؟ یان ئەگەر لێمان دا، بە شەرمەوە لێی ئەڕوانین؟
بە داخەوە ئەو دیاردەیە لە ناوچە شارنشینەکاندا زۆرترەو لە گوندە پەراوێز خراوەکاندا یان بوونیان نییە یان کەمڕەنگو لاوازن.
سەرچاوەی ئەو بابەتە ناحەزە ئەگەڕێتەوە بۆ دوو سەرچاوە کە یەکەمیان نەناسینی رەسانایەتیو دەوڵەمەندیی فەرهەنگو کەلتووری کوردییەو سەرچاوەی دووهەم، کەمتەر خەمی لایەنە پێوەندی دارەکانە کە دامو دەزگای جۆرواجۆریان لە بەردەست دایە، کە چی بایەخی پێویست بە ناسینو ناساندنی فەرهەنگو کەلتووری نەتەوەیی نادەن.
Komala Party له Twitter, ڵاپهڕی ئێمه له Facebook .وهرگرتنی بابهتی نوێ له رێگهی RSS



(No Ratings Yet)