سه‌باره‌ت به ته‌حریمی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران
وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 1 شه‌م Dec 25, 5:29 am
جارێكی دیكه شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كانی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ده‌ستی پێكرده‌وه، به‌ڵام ئه‌مجار زیاتر له جاران پرۆسه‌ی به‌ناوی هه‌ڵبژاردن، به ئه‌منیه‌تی‌و سه‌ربازیی كراوه. ئێمه له خوله‌كانی رابردووش‌دا به‌رده‌وام جه‌ختمان له‌سه‌ر نادیموكراتیك بوون‌و ناخه‌ڵكی بوونی سه‌رجه‌م ئه‌م شانۆگه‌رییانه له‌م سیستمه دیكتاتۆره‌دا كردوه‌ته‌وه، ئێستاش ده‌بێت بڵێین به‌ڕاستی پێویستی به‌وه‌نه‌ده‌كرد تا “خودی”یه‌كان به‌ئاشكرا بسڕێنه‌وه، تا ئه‌وجار ئه‌و كه‌س‌و لایه‌نانه‌ی كاركردیان ئاگاهانه یان نائاگاهانه مه‌شروعیه‌ت به‌خشین به‌م رژیمه بووه، به‌و ده‌ره‌نجامه بگه‌ن تا نه‌كه‌ونه داوی شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌وه.
له بارودۆخێكدا كه خه‌ڵك زۆرترین مافیان ده‌خورێت، دیكتاتۆری هار په‌ره به سه‌ركوتی هه‌موو دامه‌زراوه نا”خودی”یه‌كان ده‌دات، هه‌ر ده‌نگێكی نه‌یار له‌گه‌ڵ ئه‌شكه‌نجه‌و زینداندا به‌ره‌وڕووده‌بێته‌وه، ئیختیلاسه داراییه‌كان به ره‌قه‌می خه‌یاڵی ئاشكرا ده‌بن، گرانی‌و بێكاریی بێداد ده‌كه‌ن، سه‌ره‌ڕۆیی سه‌ربازیی خه‌ریكه ئێران به‌ره‌و نابودی ده‌بات‌و له حاڵێكدا كه خه‌ڵكی ئێران بوونه‌ته بارمته‌ی كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی خوازی تاوانبار، هه‌ر جۆره به‌شدارییه‌ك له هه‌ڵبژاردنه‌كان مه‌شروعیه‌تدانه به هه‌موو تاوان‌و سه‌ركوتكارییه‌كان‌و به‌ئاراسته‌ی متمانه‌به‌خشین‌و مانه‌وه‌ی ئه‌م رژیمه‌یه.
سه‌ره‌ڕای دوژمنایه‌تی له‌مێژینه‌ی ئه‌م رژیمه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان، له‌ئێستاشدا دۆخێكی ته‌واو میلیتاریستی له‌كوردستاندا زاڵه، هه‌ڵاواردنی ئابوریی‌و نه‌ته‌وه‌یی به ئاشكرا‌و روونی له‌ئارادایه‌و كۆمه‌ڵێك له زیندانیانی سیاسی كورد له ژێر مه‌ترسی له‌سێداره‌داندان، له‌وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدا ته‌نها بایكۆتی یه‌كپارچه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌توانێت ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵكی ئێمه نیشان بدات‌و وه‌ڵامێكی ددان شكێن بێت بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی رژیمی ئیسلامی.
ئه‌مه راستییه‌كه كه ته‌نانه‌ت به‌شێكی گرنگ له ریفۆرمخوازانی ئیسلامی‌و ئه‌وانه‌ی پێیانوابوو به به‌شداریكردن له‌م گه‌مه‌یه ده‌توانن شتێك به‌ده‌ست بێنن، ئێستا به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتون كه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كان بێجگه له‌مه‌شروعیه‌ت به‌خشین به سڕینه‌وه‌ی خۆیان‌و مانه‌وه‌ی سیستمی ئیستبدادی هیچ سود‌و قازنجێكی نابێت. ئه‌م راستییه نیشانه‌ی داڕمانی ته‌واوی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌و نادیموكراتیك بوونی كۆی سیستمی كۆماری ئیسلامی له ئێرانه.
كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان داوا له هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان‌و ئێران ده‌كات كه شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كانی مه‌جلیسی نۆیه‌م بكه‌نه گۆڕه‌پانی خه‌باتی ئاشكرا له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی رژیم‌و خه‌یاڵی خاوی كۆماری ئیسلامی بۆ پرۆپاگه‌نده‌ی چه‌واشه‌كارانه پۆچه‌ڵ بكه‌نه‌وه. به‌تاڵ هێشتنه‌وه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدان ده‌بنه‌هۆی قوڵتربوونه‌وه‌ی كه‌لێنی ناوخۆی ده‌سه‌ڵات‌و هه‌رچی زیاتر په‌راوێز كه‌وتنی ئه‌م رژیمه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا.
ئێمه له‌مباره‌یه‌وه سه‌ره‌ڕای جه‌ختكردنه‌وه‌مان له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی خۆمان، پێویستیی یه‌كگرتوویی‌و هاوكاری زیاتری حیزبه‌كانی كوردستان بۆ هاوئاهه‌نگی ته‌بلیغی‌و عه‌مه‌لی له‌م بواره‌دا به پێویست‌و به‌سود ده‌زانین‌و داوا له‌هه‌موو ره‌وته سیاسیه‌كان‌و هه‌ڵسوڕاوانی سیاسی، مه‌ده‌نی‌و مافه‌كانی مرۆڤ له‌ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ین زۆرترین توانای خۆیان به‌كاربێنن، تا له‌م رێگه‌وه بایكۆتی گشتی‌و هه‌مه‌لایه‌نی ئه‌م فریوكاری‌و شانۆگه‌رییه‌ی رژیم له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه مسۆگه‌ربێت.
كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان
24ی دێسامبری 2011
3ی بەفرانباری 1390
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS



(No Ratings Yet)