ساڵیادی جاڕنامهی مافی مرۆڤ
وهشانگهر ئاسۆ - 2 شهم Dec 19, 10:15 am
ئا: محهمهد حهکیمی
هەموو ساڵێک ساڵیادی جاڕنامەی مافی مرۆڤی جیهانی لەلایەن کۆمەڵانی جیهانەوە بەرز ڕادەگێردێت، ڕاگەیاندنی ئەم جاڕنامەیە بۆ کۆمەڵگەی جیهان و ئینسانیەت دەستکەوتێکی گرنگ و بە نرخەو هەر لەو حاڵەدا ئەم جاڕنامە بەرهەمی تێکۆشان و ئەو قوربانییانەی کە لەمێژوودا گەلانی جیهان لەپێناوی ماف و ئازادییەکانی تاکە کەس و کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان داویانە، بە تایبەت لە دۆخێکی وەکوو ئەو رۆژانەی کە هێشتا مەترسی شەڕی جیهانی دووهەم و هەروەها ئەگەری شەڕێکی دیکە لەجیهان لەئارادا بوو، گرنگی و بایەخی ئەم جاڕنامەیە زێتر دەکات.
رۆژی نوزدەی ئازەر بەرانبەر لە گەڵ ١٠ی دیسامبری ساڵی ١٩٤٨، جاڕنامەی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە پەسەند کرا. کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئەو جاڕنامەیان واژۆ کردووە. سەرۆکی کومسیونی مافی مرۆڤی ئەو کات” ئلنا روزولت” خێزانی سەرۆک وەزیرانی ئەمریکا بوو. جاڕنامەی مافی مرۆڤ سێ ساڵ پێش لەدامەزراندنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ٣٠ مادەدا پەسەند کراوە.
مێژووی مافی مرۆڤ بە بڕوای کۆمەڵێک لە پسپۆڕان، دەگەڕێتەوە بۆ کاتی پەیدابوونی مرۆڤ، بەڵام کۆمەڵێک لەسەر ئەو باوەڕەن، ناوی مافی مرۆڤ، نیشاندەری ئازادی ئینسانەکانە، یەکەمین نیشانەکانی مافی مرۆڤە لە یاسای “حەموورابی” شای بابول بینراوە، هەرچەن مەنشووری “حەموورابی” سەبارەت بە بەستێنی مافی مرۆڤ زۆر سادەو ساکارە، بەڵام کۆمەڵێک لەپسپۆڕان ئەو یاسایە بە یەکەمین هەنگاو بەرەو مافی مرۆڤ دەزانن.
لە سەدەی ٦ی پێش زایین، کوورشی هەخامەنشی، مەنشوورێکی ئامادە کرد، لەو مەنشوورەدا، ئاماژە کراوە بە ئازادی ئایین و نەتەوەکانیتر. فەرمانی کوورش پێش لەداگیرکردنی بابول، یەکەمین و کۆنترین بەڵگەی مێژووییە لەبەستێنی مافی مرۆڤ.
لەسەدەی “نێوەڕاستیش” مەنشووری گامناکارتا” ی بریتانیا لە ساڵی ١٢١٥ی زایینی نووسراوە، لەدوای نووسینی ئەو جاڕنامە، ئەوە یەکەمین مافی، سیاسی و مەدەنییە، کە بە شێوەی ڕاستەقینە دەدرێت بە شارۆمەندان، لە پرۆسەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمریکایە لەساڵی ١٧٧٦و، راگەیاندنی مافی مرۆڤ و شارۆمەندیی ١٧٨٩ی فەرانسە بوو.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لەسەدەی نۆزدەهەمدا، پاراستنی مافی مرۆڤ، لەنێوان خودی دەوڵەتەکان ئەنجام دەدرا. نێونەتەوەیی بوونی مافی مرۆڤ لەسەدەی بیستەم بە واژۆکردنی قەراردادی پشتیوانی لە مافی کەمایەتییەکان، لەژێر چاودێری کۆمەڵگەی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕوویدا.
بە دامەزراندنی کۆمەڵگەی نەتەوەیەکگرتوەکان، سەرنجی زۆر درا بە مافی ژنان و منداڵان. لە٢٥ی سپتامبری ساڵی ١٩٢٦ بڕیارنامەیەک سەبارەت بە کۆیلایەتی لە”ژنو” ئێمزا کراو لەساڵی ١٩٣٠ بڕیارنامەی یەک، کاری زۆرەملی کە کۆبوونەوەی گشتیی چوارەمی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانی کار پەسەند کرا.
لەحقووقی نێونەتەوەیی کلاسیکدا، تەنیا دەوڵەتەکان خاوەن ماف و حقووق بوون یان بە واتەیەکی دیکە پەیڕەوی مافی نێونەتەوەیی بە ئەژمار دەهاتن و تاک بە هیچ شێوەیەک لەو بڕیارانەدا نەدەکەوتە بەرچاو. تاک لەزۆرجاردا وەکوو هاووڵاتێک یان بێگانەیەک دەکەوتە بەر سەرنج و هەڵسو کەوتی دەوڵەتەکانیش بەم پێوەرە لێکۆلێنەوە دەکرا.
لەدوای دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، بە هۆی ئەزموونی ناخۆش و پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لەکاتی شەڕی دووهەمی جیهانیدا، پرسی مافی مرۆڤ بوو بە یەکێک لەئامانجە سەرەکییەکانی ئەو ڕێکخراوەیەو هەر بۆیە، لەبەندی ٣ی مادی ١دا هاتووە کە دەستڕاگەیشتن بە هاوکاری نێونەتەوەیی لەچارەسەرکردنی کێشە نێونەتەوەییەکان سەبارەت بە، ئابووریی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، مرۆڤدۆستانە، پەرەپێدان و خەڵات و رێزگرتن لەمافی مرۆڤ و هەروەها ئازادییە سەرەتاییەکان بۆ هەموو کەس بە بێ جیاوازی، ڕەگەز، زمان و ئایین.
یەکەمین و باشترین هەنگاوی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندکردنی، جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ لە ١٠ی دیسامبری ساڵی ١٩٤٨بوو. جاڕنامەی مافی مرۆڤی جیهانی باشترین کەرەسەی گۆڕانی یاساگەلی مەنشوور لە زەمینەی پرسی مافی مرۆڤ بوو.
ئەم جاڕنامە بە هۆی ناوەڕۆکەکەی”مرۆڤییەت” کارێگەری زۆری لەسەر بەشە جیاوازەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان داناوەو بۆتە هۆی نووسینی کۆمەڵێک بەڵگەی زۆر سەبارەت بە جاڕنامەی مافی مرۆڤ.
لەدیسامبری ساڵی ١٩٦٦ دوو بڕیارنامەی حقووقی سیاسی- کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و هەروەها دوو بڕیاری حقووقی مەدەنی و سیاسی لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا. پەسەندکردنی ئەم دوو بڕیارنامە بووەتە هۆی شۆڕشێک لەبەستێنی مافی مرۆڤ.
لەپاڵ ئەم بڕیارنامانە، چەندین بڕیارنامەی دیکەش لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە پەسەند کرا، بە تایبەتی “کونوانسیۆنی بەرگرتن و سزادانی ئەو کەسانەی کە دەست دەدەنە کۆمەڵ کوژیی لەساڵی ١٩٥١ پەسەندکرد، هەروەها کونوانسیۆنی نەهێشتنی هەر جۆرە ڕەگەزپەرەستییەک لەساڵی ١٩٦٩، کونوانسیۆنی بەربەرەکانێ لە گەڵ ئەشکەنجە، ئاکارەکان و سەپاندنی توندوتیژی و نامرۆڤانە لەساڵی ١٩٦٩، کونوانسیۆنی نێونەتەوەیی بەرگری و سزادانی ڕەگەزپەرەستی، ئاپارتاید” لەساڵی ١٩٧٦، کونوانسیۆنی نەهێشتنی هەڵاواردن و جیاوازی دانان بە دژی ژنان لەساڵی ١٩٨٧، کونوانسیۆنی مافی منداڵان لەساڵی ١٩٩٠، کونوانسیۆنی نێونەتەوەیی پشتیوانیکردن لەمافی کرێکاران و بنەماڵەکانیان لە ساڵی ١٩٩٠.
لەپاڵ ئەم کونوانسیۆنە جیهانییانەدا، بۆ پشتیوانکردن لەمافی مرۆڤ چەندین کونوانسیۆنی دیکە لەجیهان دروست کران تا بەستێنێک بێت بۆ پشتیوانی کردن لەمافی مرۆڤ، وەکوو کونواسیۆنی مافی مرۆڤی ئورووپا لەساڵی ١٩٥٠، کونوانسیۆنی مافی مرۆڤی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٦٩، کونوانسیۆنی مافی مرۆڤی ئافریقا لە ساڵی ١٩٨١.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە بە هەموو یاساکانی ئەم جاڕنامەو کونوانسیۆنەکان، تا ئێستاش کۆمەڵێک لەوڵاتان بە بێ گوێدان بەو یاساو رێسایانە، بە هەموو شێوەیەک مافی مرۆڤ لەوڵاتەکانیان پێشێڵ دەکەن.
لە٣٣ ساڵ دەورانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، رێکخراوی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جگە لەیەک دوو ساڵی، هەموو ساڵێک بڕیارنامەیەکی سەبارەت بە پێشێڵکاریی مافی مرۆڤ بە دژی ئێران پەسەند کردووە. ئەم ڕێکخراوە، ئێرانی لەهەموو بەشەکانی مافی مرۆڤ مەحکووم کردووە. بەتایبەتی لەهەڵسو کەوتی دەوڵەت سەبارەت بە خۆپیشاندەران و ناڕازییان بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ساڵی ١٣٨٨.
حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی توند، ئازادییە مەدەنییەکان، بەتایبەت ئازادیی ئاخێوەری، رۆژنامەوانی، کۆبوونەوە، ئەنجومەنەکان و ئازادییە تاکە کەسیەکان دەخاتە ژێر پێ و هەروەها تەگەرە دەخاتە بەردەم ئازادییە ئایینیەکان.
یاسای ٥١٣و٥١٤ رژێمی ئیسلامی ئێران بۆتە هۆی ئەوەی کە بە توندترین شێوە لەحەوزەی ئازادی بەیان و هەروەها نادیاری و شاراوەیی و ناتەواویی کۆمەڵێک لەیاسا ئەمنییەتییەکان وەکوو یاسای ٥١٠، ٦١٠و ٦١٨، بوونەتە هۆی ئەوەی کە سزای زۆر توند بە سەر ئەو کەسانەی کە لەحەوزەگەلی سیاسی، رۆژنامەوانی و مەدەنییدا کار دەکەن.
ئەمڕۆکە دەیان رۆژنامەوان لەزیندانەکاندا دەستبەسەرن، یان لەژێر گۆشارو هەڕەشەی هێزە ئەمنییەتییەکاندان.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی خەرێکی دروستکردنی زیندانێکی گەورەی ١٥٠ هەزار کەسین کە لە قەرچەکی وەرامینە، ئەمە لەکاتێکدایە کە بۆ دروستکردنی ئەو زیندانە، لەخودی زیندانییەکان کەڵک وەردەگێرێت و ئەو زیندانییانە دەبەن بۆ بێگاری. بە وتەی یەکێک لەزیندانییەکان، رۆژانە ٤٠٠ تا ٥٠٠ زیندانی خەرێکی کارن لەو زیندانە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە بە پێی ڕاپۆرتەکان، ژمارەیەک لەزیندانیانی زیندانی قزڵ حەسار کە ماوەی ١٤ تا ١٥ ساڵ لەو زیندانەدان، بە هۆکارێکی نادیار گیانیان لەدەستداوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران تاوانبارە بە کۆشتارو کۆمەڵکوژی سیستماتیکی کەمایەتییە ئایینیەکان وەکوو بەهاییەکان.
هەرچەن کۆماری ئیسلامی رەسمەن ئایینی شیعەی وەکوو ئایینی رەسمی ئەو وڵاتە هەڵبژاردوە، بەڵام ئەمە لە کاتێکدایە، کۆمەڵێک کەمایەتی ئایینی هەن کە بە هیچ شێوەیەک دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی قەبووڵ ناکەن.
کۆشتاری سیستماتێکی کوردەکان لە سەر سنوورەکان و ئەو کەسانەی کە تەنیا بۆ نانی رۆژانەی خۆیان ناچارن لەسەر سنوورەکان کار بکەن یەکێکە لەپێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ. هەروەها دەتوانین ئاماژە بە کۆشتاری قاڕنێ و قەڵاتان بکەین، یان ئاماژە بکەین بە کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ لە شاری ورمێ کە بە پێی ئەو دەستوورە لانیکەم ١٠٠٠ زیندانی سیاسی کورد لەو زیندانە بە بێ دادگایی کردن ئیعدام کران، یان ئیعدامە یەک لەدوای یەکی ئەم دواییانەی کوردستان ناو ببەین. ئەشکەنجەو کۆمەڵکوژی کوردەکان تا ئەمڕۆکەش لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوەی سیستماتیک بەردەوامە، هەروەها کۆماری ئیسلامی بە تێرۆری رێبەران و کەسایەتیەکانی کورد لەدەرەوەو لەناوەوە تاوانبارە، هەروەها میلیتاریزە کردنی کوردستان لە یەکەم رۆژی هاتنە سەرکاری خۆیەوە تا ئەمڕۆ.
تەقێنەوەی ناوندی هەمیاریی یەهوودییەکان لە ئارژانتین، کردەوەیەکی تیروریستی بوو کە لە١٨ی ژووئیەی ساڵی ١٩٩٤ بەرابەر بە ٢٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٣ ڕووی داو لەو کارەساتەدا ٨٥ کەس گیانیان لەدەستداو زیاتر لە٢٠٠ یەهوودی بریندار بوون. بۆ پێراگەیشتن بە ئەم دۆسیە تا ئێستا زیاتر لە١٢٠٠ کەس بۆ شایەتیدان سەبارەت بەم دۆسیە بانگهێشت کراون بۆ دادگا.
دەوڵەتی ئارژانتین تا ئێستا سێ جار کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە تەقاندنەوەی ئەو ناوەندە تۆمەتبارکردووە. دەوڵەتی ئارژانتین لەسەر ئەو باوەرەیە کە فەرمان و پیلانی تەقاندنەوەی گەورەترین ناوەندی یەهوودییەکان لەئەمریکای لاتین لەتاران داڕێژراوەو ئەم پیلانە لەلایەن حیزبوڵای لوبنانەوە جێبەجێ کراوە. لەدرێژەی پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دەتوانین ئاماژە بکەین بە بەرگرتنی حکومەت لەهەڵبژاردنی ئازادو سەربەخۆ لەو وڵاتە، دەستبەسەرکردنی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان و هەروەها گوشار خستنە سەر چالاکان و هەلسووڕاوانی مەدەنی و سیاسی و کەسایەتیەکانی ئایینی و سیاسی.
Komala Party له Twitter, ڵاپهڕی ئێمه له Facebook .وهرگرتنی بابهتی نوێ له رێگهی RSS


(No Ratings Yet)