به‌رز و به‌ڕێز بێت یادی هاوڕێ سدیق كه‌مانگه‌ر، ده‌نگی ره‌سای خه‌ڵكی كوردستان
وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - شه‌م Sep 03, 11:24 am
هاوڕێ سدیق كه‌مانگه‌ر رۆژی 13ی خه‌رمانانی 1368ی هه‌تاوی له‌لایه‌ن به‌كرێ گیراوێكی كۆماری ئیسلامی، له یه‌كێك له ئۆردووگاكانی كۆمه‌ڵه تیرۆر كرا.
سدیق كه‌مانگه‌ر، وه‌كیلی دادگه، پارێزه‌ری دۆسیه‌ی چه‌وساوه‌كان له به‌رامبه‌ر زۆرداراندا، سیمای خۆشه‌ویستی كۆمه‌ڵه له ناو خه‌ڵكی سنه و كامیاران، رێنوێنی خه‌باتی خه‌ڵكی سنه له حه‌ساسترین ساته‌كانی ساڵی 1357 و نه‌ورۆزی خوێناوی، وته‌بێژی جه‌معیه‌تی دیفاع له ئازادی و شۆڕشی خه‌ڵكی كوردستان و نوێنه‌ری كۆمه‌ڵه له وتووێژ له‌گه‌ڵ ره‌وتی ئیسلامیی و به‌رپرسانی سه‌ربازی و لیژنه سیاسیه‌كانی ده‌وڵه‌تی كۆماری ئیسلامی له شاری سنه بوو. له رووخانی رژیمی پاشایه‌تیدا، هاوڕێ سدیق زۆر به خێرایی له دوای كاك فواد بووه ناسراوترین رێبه‌ری سیاسی له شاره‌كانی باشووری كوردستانی رۆژهه‌ڵات. هاوڕێ سدیق ئه‌و ده‌نگه دلێره بوو كه به وته‌ی ئاگرین، كه‌مترین گومانی لای به‌رده‌نگه‌كانی نه‌ده‌هێشت و هێزێكی به‌رینی بۆ پێشڤه‌چوونی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی پێكده‌هێنا.
هێشتاش هه‌مووان له‌بیریانه كه ناوی سدیق كه‌مانگه‌ر چ ترسێكی خستبووه دڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی و تا چ راده له‌ناو خه‌ڵكی كوردستان و ئازادیخوازانی ئێران‌دا خۆشه‌ویستیی و هیوای خه‌ڵكی له‌پشت بوو.
سدیق كه‌مانگه‌ر هه‌روه‌ها یه‌كێك له رێكخه‌رانی به‌رخۆدانی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ری له به‌رامبه‌ر هێرشی رژیم، له دامه‌زرێنه‌ران و رێكخه‌رانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه و یه‌كێك له بانگه‌شه‌كارانی به‌هێزی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كورد بوو. كاك سدیق ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رپرسی رادیۆی ده‌نگی شۆڕشی ئێران بوو و سه‌رده‌مێكیش به‌رپرسیارێتیی نوێنه‌رایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات له ئه‌ستۆ بوو. ده‌توانین بڵێین كاك سدیق له ریزی ئه‌و رێبه‌رانه‌دا بوو كه هه‌مه‌لایه‌نه و به‌ئه‌زموون و خاراون و به‌رپرسیارێتیی جۆراوجۆر به لێهاتوویی و كارامه‌ییه‌كی تایبه‌ت به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
كاك سدیق جگه له‌وه‌ی زۆر به‌باشی ئه‌ركه قورسه‌كانی راده‌په‌ڕاند، هاوكات په‌یوه‌ندیه‌كی زۆر نزیك و دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ هاوكاران و هاوڕێیانی هه‌بوو. له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ركه‌كانی حیزب و بزووتنه‌وه، توند و شێلگیر و له په‌یوه‌ندیی دۆستانه و هاوڕێیانه‌دا له‌خۆبوردوو و جێ‌متمانه‌ی هه‌مووان بوو. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه به‌رچاوه، هه‌م توانایی و ئۆتۆریته‌یه‌كی به‌رچاوی پێده‌به‌خشی و هه‌م كردبوویه هاوڕێیه‌كی نزیك بۆ قسه‌ی دڵی هاوڕێیانی. كاك سدیق له ریزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌دا خۆشه‌ویستیه‌كی تایبه‌تی هه‌بوو. ئه‌و دۆستانه‌ترین و قووڵترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیان بوو.
كۆمه‌ڵه به شه‌هید بوونی كاك سدیق، یه‌كێك له رێبه‌رانی جه‌ماوه‌ری و یه‌كێك له شۆڕشگێڕانی شێلگیر و به ئه‌زموونی له‌ده‌ست چوو. خه‌ڵكی كوردستانیش له رێبه‌رێكی كارامه و دڵسۆز و جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش بوون.
ئێمه هاوسه‌نگه‌رانی كاك سدیق له ساڵیادی شه‌هید بوونیدا، پێداگری له‌سه‌ر ئامانجه سۆسیالیستی و یه‌كسانیخوازانه‌كانی ده‌كه‌ینه‌وه و خوو و ره‌وشتی شۆڕشگێڕانه‌ی چرای رێنوێنمان ده‌بێت. یادی كاك سدیق بۆ هه‌میشه له‌ناو دڵی بزووتنه‌وه‌ی حه‌قخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی عه‌داڵه‌تخوازانه‌ی بێبه‌شان و چه‌وساوه‌كان، ده‌مێنێته‌وه. كۆمه‌ڵه و بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و سۆسیالیستیی كوردستان ئه‌گه‌رچی كه‌سایه‌تیی ئه‌م شۆڕشگێڕه به‌رزه‌ی خوڵقاندووه، له هه‌مان حاڵ‌دا قه‌رزداری تێكۆشان و خه‌باتی كاك سدیقیشه.
یاد و رێگه‌ی كاك سدیق بۆ هه‌میشه زیندوو و پڕ رێبواره
كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان
11ی خه‌رمانانی 1390 – 2ی سێپته‌مبری 2011
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS


(No Ratings Yet)