12:02 pm - Saturday 19 May 2012

رۆشنفکر و هەڵسەنگاندنی بایەخەکان

وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 5 شه‌م Nov 17, 11:00 am

نووسینی: محەمەد حەکیمی

رۆشنفکر، چەمکی ڕوونکردنەوەی زانستی و سیاسی سەردەم و ئینسانیەتە، رەنگە ئەمڕۆکە هیچ چالاکیەکی گەورە بە تایبەت لە بواری سیاسیدا نەبێت کە بە رۆشنفکرەوە گرێ نەدرابێت. رۆشنفکر کەسێکە کە لە گەڵ هەموو سونەتەکان بێگانەیە و نەتەوە لە هەموو شتێک بە گرنگتر دەزانێت، تەنانەت لە ژیان و سونەتەکانیش.

وشەی ئنتکتواڵ یا رۆشنفکری بۆ یەکەمین جار لە ئاخری سەدەی نوزدەیەم لە فەرانسە و لە کاتی ڕوودانی قەیرانێکی سیاسی لە نێوان کۆمەڵێک لە خۆپارێزەکانی ئەو وڵاتە بە دژی گرووپێک لە بیرمەندان کە لایەنگری دەسەڵات بوون‌و بە بیرێکی ڕەخنەگرانەوە بە کار هێنرا. لە کاتی “دادگاییکردنی دریفوس”دا رۆشنفکرانێک وەکوو “ئمیل زولا” پروست‌‌و بلوم” بە دژی دادگاییکردنی “دریفوس” بەیاننامەێکیان بڵاو کردەوە کە بە “مانیفستی ئنتکتواڵ” ناوی لێ دەبرا.

لە ساڵانی نێوان سەدەی نۆزدەشدا، لە وڵاتی رووسیە وشەیەکی هاوشێوە بە ناوی “ئنتەلیگنتیا” Intelligentsia ” بە کار دەبردرا. ئەو وشەیە بۆ ئەو کەسانە بە کار دەبردرا کە لە مەڕ دۆخی ئەو کاتی رووسیە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەیان بە دژی دەسەڵات هەبوو. بەم شێوە، لە سەرەتادا رۆشنفکران وەکوو کۆمەڵێک لە خەڵک کە خاون فەرهەنگێکی دژبەرانەن و هەروەها هەوڵ بۆ گۆڕانی دۆخی ئەو کات دەدەن، دەناسران. بەڵام وشەی رۆشنفکر هەر لە سەدەی پێنجی زایینیەوە بە کار براوەو ئەوەی کە ئەم وشە لە سەدەی نۆزدەدا هاتووەتە نێو فەرهەنگە جیاوازەکانەوە، دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سیاسی وڵاتەکان.

ساڵەها دوای ئەم ڕووداوانە، “لنین” رێبەری کۆمۆنیستەکانی رووسیە، لە دژایەتی لەگەڵ ڕاهێنانەکانی “باکونین” لە کتێبی دەبێ چی بکەین؟ داوای لە رۆشنفکرانی سیاسی کرد تا لە قاڵبی کەسانی پێشڕەودا بێنە ریزی خەباتەوە. تەنانەت لە نەسڵەکانی دیکەی رۆشنفکرانی ئورووپاییدا، ئەم ڕوانینە پشت ئەستوور بوو بە ڕەخنە گرتن، بەرپرسایەتی قەبووڵ کردن، ململانێی سیاسی و ڕاوەستان دژی دەسەڵاتداران Engagementکە لە لایەن رۆشنفکرانی ئەو سەردەمە بە جوانی رچاو دەکرا، وەکوو بیرۆکەی گرامشی‌و سارتر. بەڵام نابێت ئەوە لە یاد بکەین کە هەر لە سەرەتادا، چ لە شرۆڤەی خەڵکی ئاساییدا‌و چ لە شرۆڤەی کردەوە تایبەتەکاندا، “ئنتکتواڵ” وشەیەکی جێی باس‌و لێکۆلێنەوە بووە. ئەگەر چی بە هۆی بە دەسەڵات گەیشتنی ڕەوتی چەپ تا ئاخری دەیەی ١٩٧٠ی زایینی، گوفتمانی مارکسیستی- چەپ، رۆشنفکران نەخشی سەرەکیان لە شۆرشەکاندا گێڕاوە و تا ئێستاش جێی دەستیان لە زۆربەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ماوەتەوە.

لێرەدا ئەگەر بە مانای کوردیەکەی وشەی رۆشنفکر لێکبدەینەوە، رۆشنفکر بە مانای ڕوونکەرەوە یا بە مانای دڵداربوون، ئامادەیی، نەترسان‌‌و بە هێزبوون‌ بە دژی ناعەداڵەتیەکان و پشتیوانی لە ئینسانیەت دێت.

لێرەدا پرسیارگەڵێک دێتە ئاراوە کە فکرو ئەندیشە چیەو رۆشنفکر کێیە؟ بەراستی بیرۆکەی رۆشنفکر بۆ ئەم پرسە چییە؟ بە بڕوای من لە هەر وڵاتێک‌و هەر فەیلەسووفێک لە ڕوانگەی خۆیەوە رۆشنفکری شرۆڤە کردوەو بە شێوەیەکی جیا بیری لە مانای وشەی رۆشنفکر کردوەتەوە، من لێرەدا تێدەکۆشم کۆمەڵێک لە بیرە جیاوازەکان لە مەڕ رۆشنفکریی جیهان‌و هەروەها رۆلی کۆمەڵیک لە رۆشنفکرانی کورد بخەمە بەردەستی خوێنەرو ….

رۆشنفکر کەسێکە کە هەموو ژیانی تەرخانکردووە بۆ ئەندیشە‌و بیرۆکەی ئینسانیەت. من لە سەر ئەو بڕوایەم کە رۆشنفکر خاوەن فکرو ئەندیشەیە بۆ تێگەیاندنی کۆمەڵگەو رزگاربوون لە ژێر دەستی و ناعەداڵەتی، گەیاندنی پەیامێک، ڕوانگەیەک، رێگە و چارەسەری پرسێک، فەلسەفە یا ئەندیشە، کە هەم بۆ خۆیی بێت و هەم بۆ هەموو کەسێک، بە گشتی هەموو هەوڵی خۆی بۆ ئینسانییەت دەدات.

لە حاڵێکدا فەیلەسووفی فەرانسەوی شات‌لر سەبارەت بە رۆشنفکر سێ فاکت دەهێنێتەوە کە بریتین لە: یەکەم، یونانی کۆن، دووهەم شۆڕشی فەرانسە، سێهەم ئەم سەردەمەی کە ئێمەی تێداین. لە بەشی یەکەمدا کەسانێک کە زانست و ئەندیشەیان هەیە، بە گشتی ناچنە قاڵبی رۆشنفکرەوە. ئەمە ئەو بەشە جیاوازەی رۆشنفکر و زانستە. وەکوو سۆفیستەکان، ئەم گرووپە بە کەسانێک دەوترا کە وتاربێژانی بە هێزو لە یونانی کۆن و لە سەدەی پێنجی زاییندا دەژیان و لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە دەچوون و دەیانتوانی بە ئیمان بە خۆبوونیکی زۆرەوە هەر پرسێک لێکبدەنەوە و قسەی لە سەر بکەن و قسەی خۆیان نەبێت قسەی کەسیان قەبووڵ نەدەکرد و هێندە فاکتیان بۆ قسەکانیان دەهێنایەوە کە خەڵکیان پێ بە قەناعەت دەگەیاند. ئەمڕۆکە بەم شێوە سەفسەتە یا سوفسیتیە دەڵێن پۆپۆلیستی سیاسی. بە تایبەتی گرگیاس و پروتاگوارس لەو سەردەمە کۆنەدا بەم شێوە بوون. ئەم کۆمەڵە کەوتنە بەر ڕەخنەی ئەفلاتوون و ئەرەستوو. سۆفیستەکان لەو ڕوانگەوە کە لە بەرانبەر دەسەڵات ڕاوەستان، رۆشنفکرن. ئەفلاتوون و ئەرەستوو زانستیان بە شتێکی پیرۆز دادەنا، لە حاڵێکدا کە سۆفیستەکان، زۆرتر هۆگری خەڵک بوون نەک زانست.

لە گرووپی دووهەمدا، فەیلەسووفەکان ئەو کەسانەن کە پێیان دەوترا هەنبانە بۆرینە و دەیانویست زانستی مرۆڤ بنووسنەوە. ئەوان لە بەرانبەر خۆیاندا دێڕەکانیان دەدی کە لە سەر ئەو بڕوا بوون لە کتێبی ئایینی مەسیح هەموو زانستەکانی لە خۆ گرتووە. ئەم گرووپە لە سەر ئەو بڕوایە بوون کە دەبێ هەموو زانستەکان بە کۆن و نوێیەوە سەر لە نوێ بنووسرێتەوە.

گرووپی سێهەم: لە ساڵانی دوای شەڕی دووهەمی جیهانیەوە کەسانێک وەکوو ئاندرە ژید و ئاندرە ماڵرۆ و لە دوای ئەوان کەسانێک وەکوو سارتر و کامۆ دەرکەوتن. ئەم گرووپە لە کاتی شەڕی دووهەمی جیهانیەوە دژایەتی فاشیزمیان دەکرد. لە راستیدا پرسی ئەو سەردەمە پرسی جوولەکە بوو و یەکەم کەس کە لە سەر ئەم پرسە دوا، درایفوس بوو، لەو سەردەمەدا رۆشبفکرانی چەپ بە گشتی کەسانێک بوون کە لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە دەبێ جیهانێک بەرابەر و یەکسان دابمەزرێت، کە ئەم پرسە پرسی لائیک و سکولار بوو. رۆشنفکرانی راستیش هەموو پرسەکانیان دەگەڕاندەوە بۆ سەر پرسی جوولەکە.

پرسی رۆشنفکر درێژەی دەبێت تا ئەو کاتەی کە لە دوای ٨٠ ساڵ بلووکی رۆژئاوا دەڕووخێت و چەپەکان دێنە سەر کار. لە دوای ئەم دەورە ئێمە شاهیدی ڕووخانی ئیدئولوژی مارکسیسمین، هەر لەو حاڵەدا رۆشنفکرانێک لە فەرانسە سەر هەڵدەدەن کە دژ بە دەسەڵات دەوەستنەوە، وەکوو فۆکۆ، دریدا، بودریار، لیوتار، گتاری و دلوز و لە لایەکی دیکەوە رۆشنفکر و بیرمەندانێکیش دەچنە نێو دەسەڵاتەوە وەکوو، ریمون ئارون. ئەم گرووپە خۆیان بە خونسا دەزانن، نە ڕاست. ئەوان لە سەر ئەو باوەڕەن کە دوور لە سیاسەت چالاکی دەکەن. لە دوای ئەوە شاهیدی گرووپەکانی نوێی فەیلەسووفین کە لە راستییدا لەو چەپانە دروست بوون کە لە بواری مانایی وشەوە پێیان دەڵێن تۆبە کراو و بە هێرش کردنە سەر رۆشنفکران، بە جۆرێک دژی رۆشنفکر بە ئەژمار دێن.

کانت ڕوو لە هەموو رۆشنفکران دەکات‌و دەڵێت، خۆت بخە گێژاوی مەترسیەوە، بەڵام سەربەخۆ بیر بکەرەوە. بەڵام لە کوردستانی رۆژهەڵات رۆشنفکر رێک بە پێچەوانەوەی کانتەوە بیر دەکاتەوە رۆڵی رۆشنفکر لەم ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئیدعای رۆشنفکرانە، ئەوان زۆر کەم، ئەگینا هەر گوێیان نەداوە بە نەتەوەی خۆو تەنیا لە فکری ئەوەدا بوون کە خۆیان بە جیهانی دەرەوەی خۆیان بناسێنن، ئەم رۆشنفکرانە باس لە ئازادی‌و بەرابەری ئینسانەکان دەکەن لە حاڵێکدا تەنیا بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆ دەست دەدەنە هەموو جۆرە کارێک، تەنانەت لە گەڵ نەیارانی نەتەوەش هاریکاری دەکەن.

بە بڕوای من ئەرکی رۆشنفکر ئەوەیە کە ساتی دۆزینەوەی گەورە دیاری بکات، لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا کاتێک هەیە کە رۆشنفکر ئەو کاتە دیاری دەکات، کە ئەو کاتە، بە قووڵی کاردانەوەی دەبێت لە سەر جیهانبینی نەتەوەو کارێک دەکات کە نەتەوە جیهان لە دیدێکی نوێ وە ببێنێت‌و جیهان لە ڕوانگەیەکی دێکەوە شرۆڤە بکات، ئێوە چاو لە سەردەمی کۆنی نەتەوەکانی ئورووپا بکەن، ئورووپا لە رێنیسانسدا خۆی دەدۆزێتەوەو بەرەو جیهانێکی نوێ هەنگاو دەنێت، بەڵام رۆشنفکری ئێمە بە ئێستاشیەوە نەیتوانیوە خۆی لە گرێ پووچەکانی کۆن رزگار بکات.

ئیدوارد سەعید نووسەر، لێکوڵەرو ڕەخنەگری ئەمریکایی، لەو باوەڕەدایە کە رۆشنفکر کەسێکە نەخشی تایبەت‌و گشتی هەیەو رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە کۆمەڵگاداو رۆشنفکر بە سانایی ناتوانێت ببێت بە کەسێکی بێ بایەخ یان ئەندامێکی باشی کۆمەڵگەیەک. لە حاڵێکدا، رۆشنفکری کورد جیاوازییەکان لە پرسی گشتییدا نابینن‌و تەنیا بەرچاوی خۆیان دەبینن‌، هیچ کات ئەوپەڕی ڕووداوەکان چاو لێناکەن، بۆ نموونە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ئێران، ئەو بە ناو رۆشنفکرانەی کورد چوونە باوەشی ئیسلاحخوازەکانەوە‌و بەم پێیە، تەنیا بۆ ئەوەی لە کاتی هاتنە سەر کاری مووسەوی یان کەڕووبی شتێک بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن‌و بەرژەوەندییە تاکە کەسیەکانی خۆیان بپارێزن.

ئانتوان گرامشی لە بیرەوەریەکانی زیندانی خۆیدا نووسیویەتی: بەم پێیە دەتوانین بڵێن کە هەموو مرۆڤێک رۆشنفکرە، بەڵام هەموو کەس ناتوانێت نەخشی رۆشنفکر لە کۆمەڵگەدا بگێڕێت. بەڵام ئایا لە بیر کردنی لایەنەکانی‌تری خەبات لە لایەن رۆشنفکری کوردەوە لە کوردستانی رۆژهەڵات، ئەوە دەگەینێ کە ئەم رۆشنفکرانە تەنیا بیر لە خۆ دەکەنەوەو ئەمانە ناچنە قاڵبی رۆشنفکرەوەو بە بڕوای من ئەم کەسانە تەنیا دەچنە قاڵبی کەسایەتی خۆ دۆزەرەوەو هیچی‌تر. هەر بۆیە من لێرەدا دەڵێم؛ ئەمانە نەتەنیا رۆشنفکر نین بەڵکوو خەڵکی کورد بە لاڕێدا دەبن و بردوویانە.

گوستاو فلوبر رەخنە لە رۆشنفکران دەگرێت و دەیانخاتە ژێر قامچی ڕەخنەکانی خۆیەوەو دەڵێت: رۆشنفکرانی ئەمڕۆیی تەنیا خۆیان لە بەرچاوە و هیچی‌تر نابینن بێجگە لە خۆیان. بە بڕوای من ئەم وتانەی گوستاو فلوبر راست رۆشنفکری کورد دەگرێتەوەو کەسانێک کە تەنیا بۆ خۆدوزەرەوەو بۆ ئەوەی بتوانن ناوێکیان هەبێت لە ئێستاو دوارۆژدا هەموو ئەرکە نەتەوەییەکانی خۆیان پێشێل دەکەن و هەموو ئەرکە نەتەوایەتییەکانی خۆیان لە گۆڕ دەنێن.

من لە سەر ئەو بڕوام ئەگەر رۆشنفکرێک لە سەر پرسی گشتییەتی لە کوردستان بوونی هەبێت، ئەوا دەتوانێت رۆڵی ئێجگار ئەرێنی لە نێو خەڵک‌و تەنانەت حیزبە کوردیەکانیشدا بگێڕێت، بەڵام ئەوەی کە تا ئێستا من بە ناو رۆشنفکر دیومە، نە تەنیا رۆشنفکر بە مانای ڕاستەقینەی ناوەکەی نەبووە، بەڵکوو ئەم بە ناو رۆشنفکرە تەنیا لە خزمەتی دەسەڵاتی بێگانەدا بووە‌و بەس.

بەڵام بە بڕوای من رۆشنفکر ئەو کەسەیە کە بتوانێت هەموو مافەکانی کۆمەڵگە لە بەرچاو بگرێت نەک تەنیا مافەکانی دەسەڵات. رۆشنفکری ڕاستەقینە هیچ کات لە گەڵ دەسەڵات ناکەوێت‌و هەمیشە بیر لە ئینسان‌و مرۆڤایەتی دەکاتەوە. ئەمە دەتوانێت یەکێک بێت لەو بەشانەی کە رۆشنفکر دەبێ ڕەچاوی بکات. لە ڕاستیدا، رۆشنفکری ئێمە هەستی خۆی لە مەڕ سیاسەت و کۆمەڵگە بە راست دەزانێت و هەر ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە هەموو هەڵوێستە هەڵەکانی بۆ کۆمەڵگەی کوردی بە راست دەخوێننەوە و بیری کۆمەڵگەی کوردی بەرەو ئاراستەیەکی لاڕێ دەبەن و بردوویانە و هەروا کە دیمان ئەم رۆشنفکرانە چۆن چوونە خزمەتی ئیسلاحخوازەکان و هەر بەو شێوە ئەم تەیفە چوونە خزمەتی دەسەڵاتێک کە بە سەدان و هەزاران رۆڵەی کوردی لە سیاچاڵەکانی رژێمدا ئیعدام کردووە. ئایا ئەو کەسانە دەتوانن رۆشنفکر بن، ئایا ئەو کەسانە دەتوانن رۆڵی رۆشنفکر لە کوردستان بگێڕن.

رۆشنفکر دەتوانێت بە تیۆر و کردەوە، خۆدی خۆ و کۆمەڵگەکەی دروست بکات. ئەو دەبێت ڕەخنەگری هەر جۆرە ناعەداڵەتێک بێت. نابێ هۆگری هیچ ئایین، و لایەنی دەسەڵاتێک بێت. رۆشنفکر دەبێ بیر لە کۆمەڵگەیەکی بە دوور لە توندوتیژی بکاتەوەو رۆشنفکری ئەم سەردەمە دەبێ تێبکۆشێت تاکوو خۆی لە بڵاو کردنەوەی هەر جۆرە بیرێکی خراپ بە دوور بگرێت‌و ئەوەی بۆی گرنگ بێت پرسی بە حەق بوون بێت لە کۆمەڵگەدا. بەراستی هەر کات بیر لە توێژی نوخبەی کورد لە ناوخۆ دەکەمەوە، دەکەومە فکری بیرۆکەکەی هانتینگتون. ڕارەوەی شۆرش لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە حاڵی تێپەریندایە، لە ڕواڵەتدا ئەمە زۆر سادەیە و ئەگەر تەنیا چاو لەم رستەیە بکەین، ئەوا دەبینین کە ئەم ڕستە مانایەکی زۆر هەڵدەگرێت کە بە داخەوە رۆشنفکری کورد تەنیا مانا سەتحیەکی لێ وەرگرتووە.

هەر لەمبارەوە”عەبدوالواحد سائل” لە سەر ئەو باوەڕەیە کە رۆشنفکر کەسێکە؛ کە بیر دەکاتەوە و هەروەها دەڵێت: کۆمەڵگە دەبێت لە سەر تاکە ئەندێشە ڕاوه‌ستاوبێت. ئەو رۆشنفکر بە کەسێک دەڵێت کە نامۆیه‌ لە گەڵ سونەتەکان و هه‌روه‌ها له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌ که‌ ئەمنیەتی نەتەوەیی گرنگترە لە راستی و عەداڵەت.

ئەمە ئەو مەترسیەیە کە رۆشنفکری کورد ئەمڕۆکە تووشی بووە و پرسەکان بە سەتحی چاو لێدەکات و ئەگەر نوخبە لە ناوەوە نەتوانێت هاوبەشی کۆمەڵگە لەو ڕووداوانەی کە کۆمەڵگەی کوردستان پێی گرنگە و بایەخی پێدەدات بخاتە گەڕ، ئەوا بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگەی کورد زۆر لەوە زووتر بە خواست و ویست و ئاواتەکانی دەگات.

رۆشنفکر له‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێ بڕبڕەی پشت و ئابڕووی کۆمه‌ڵگا‌ بێت و کۆمه‌ڵگه‌ی به‌ بێ رۆشنفکر وه‌کوو جەستە‌یەکه‌ که‌ نه‌ ده‌توانێت ببزوێت و نه‌ درێژه‌ به‌ ژیانی خۆی بدات. رۆشنفکر ده‌بێ به‌ ئاوه‌ز و ئه‌ندیشه‌ی خۆی پارێزەری ئازادی و ئاشتی و هه‌روه‌ها په‌یڕه‌وی دیموکراسی بێت. لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە رۆشنفکر دەبێت لە گەڵ توێژەکانی خوارەوە و مام ناوەند و دەوڵەمەند پەیوەندییەکی چڕ و پڕی هەبێت. ئێوە بیر لەوە بکەنەوە کە رۆشنفکری جیاوازە لە کۆمەڵگە، دەبێت لە گەڵ نەتەوەکەی هاوئاهەنگ بێت. ئەوان دەبێت قسەی دڵی لادێیەک، یا گۆشەنشینێک و هەروەها هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە ببیستێت و گوێ بە دەردی دڵی ئەوان بدات و ئەو خەڵکە ئامادە بکات بۆ شۆڕش، نەک بۆ دەنگدان بە حکومەتی داگیرکەر یا کەس یا کەسانێک لەو بەشەی داگیرکەرانی کوردستان کە رۆژێک خۆیان بەشێک بوون لەو کەسانەی کە هێرشیان کردوەتە سەر وڵاتەکەمان، بۆ نموونە، رۆشنفکرانێک کە پشتیوانیان لە مووسەوی کرد، ئایا بەراستی فکریان لەوە نەکردەوە کە مووسەوی هەر ئەو کەسەیە کە کاتێ خومەینی فەرمانی ئیعدامی زیندانیانی سیاسی دەرکرد بۆ خۆی بەشێک بوو لە دەسەڵات و یا….

رۆشنفکرانی ئەمڕۆ، جیهانی مادی‌و هەیجانە سیاسیەکانیان جێگری جیهانی فەلسەفی‌و مەعنەوی خۆیان کردوە‌و هەر بەم هۆیە دەتوانین بڵێین کە جیهانی رۆشنفکرانی ئەمڕۆکەی گەلەکەمان دەورانی رێکخستنی ڕق‌و شتە بێزەرە سیاسیەکانە کە تەنیا دەچێتە گیرفانی بێگانە و هیچ خزمەتێک بە نەتەوەکەی خۆی ناکات و بگرە لە زۆر جێگەشدا دژایەتی لەگەڵدایە.

هەروا کە هابرماس لەمبارەوە دەڵێت: خۆدۆزەرەوە لە سەر پرسی گشتیی ئەم بیرۆکە ماوەتەوە بۆ، گوفتمانی گشتییەت، لە پرسە گشتیەکان بە داخستنی پلەبەندیه‌و جەخت لە سەر جێگەو پێگەی رۆشنفکر دەکاتەوە. بەڵام بە وتەی نانسی فریزر، کە بە زوانێکی گاڵتەجارانەوە دەڵێت: ڕووبەرووی گاڵتەجاریی‌و پێچەوانەییەکی بەرچاویین. بەو واتەیە کە رۆشنفکری کورد خۆوتاری گشتییەتی ستراتیژی جیانەکراوەتەوە و لە خۆدی تاکدا ماوەتەوە.

ڕەنگە جیاوازی رۆشنفکران، لە مانا بوردویویەکەیدا، بە هۆی سەرمایەی فەرهەنگی زۆرتر، لە سەر ئەم ڕوانگەیە جێگەی تێڕامان و لە سەر وەستان بێت. بەڵێ منیش لە سەر ئەو باوەڕەم کە دەبێ رۆشنفکران جیاواز بن، بەڵام کە رۆشنفکر تەنیا لە هەوڵی خۆدوزەرەوەدا بێت، چیدی ئەو کەسانە ناتوانن بچنە قاڵبی رۆشنفکرەوە.

بە بڕوای من رۆشنفکری کورد دەبێت، بەستێنیکی باش دروست بکات بۆ جێبەجێ کردنی شۆڕشێکی هەمەگیر لە کوردستان، بەڵام نوخبەکانی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات نە تەنیا نەیانتوانیوە ئەو ئەرکە بە جێ بگەینن، بەڵکوو ئەو ئەرکەشیان بە چوونە باوەشی دەسەڵات‌و سیاسەتی هەڵەی خۆیان خستووەتە دواوە.

دەی چۆنە ئەم رۆشنفکرانە بەم شێوە کەوتوونەتە شوێن ئەم کەسانەو لێرەدا من ئەو پرسیارە ئاراستەی ئەوان دەکەم، ئایا کەوتنە شوێن ئەم کەسانە بە چ پێوەرو پێوانەیەک و بۆ چی؟ ئاخر کێ دیویەو لە کوێی مێژوودا هاتووە کە خەڵکی جیهان بەم شێوە خەبات بکەن و بە گژی داگیرکەری وڵاتەکەیاندا بچنەوە؟

سەرچاوەکان: پیر بوردیو و پرسی رۆشنفکری

روشنفکر فوری نباشیم، نقد دیدگاەهای رسانەای پیر بوردیو

روشنفکر نمیتواند رهبری کند

روشنفکر و روشنگری: نویسندە: فرید سیاوش

مفهوم روشنگری در نزد کانت: پدیدآورندە: مهدی ابوتالبی

واژەنامە پیر بوردیو

رابطە روشنفکران و قدرت، مجلە آرش

روشنفکر متهم میکند، نویسندە: رضا خجستە رحیمی

چگونە فردی روشنفکر باشیم

رامین جهانبگلو و نقش روشنفکر ٢ جلدی

روشنگەری

البته موارد مذکور مشهورترین معادل های «روشنفکر» در زبان هایی اروپایی است و واژه های دیگری مثل Illumine، intelligent ،clairvoyant ،PersPicace، eclaire، egghead ،aufklarer ، enlightened، oPen-minded، broad-minded نیز به همان معنای روشنفکر به کار رفته است. در این رابطه ر.ک:

[4] . داریوش آشوری، دانشنامه سیاسی (فرهنگ اصطلاحات و مکتب های سیاسی)، انتشارات مروارید، تهران، چاپ پنجم، 1378، ص 178.

[5] . به همین جهت در دهة 1840 در انگلستان اصطلاح حقوقی intellectual ProPerty (مالکیت معنوی) برای مشخص شدن حقوق قانونی مربوط به فعالیت های فکری تازه و جدید (مثل حق التألیف یا حق کپی رایت) رایج شد. (بابک احمدی، کار روشنفکری، نشر مرکز، تهران، 1384، ص 21.(

[8] . ر.ک: رضا داوری اردکانی، روشنفکری و روشنفکران، مندرج در جریان روشنفکری و روشنفکران در ایران، گردآوردی و تدوین: حمید احمدی و محمد حسین فتاحیان، انتشارات به باوران، چاپ اول، زمستان 1379، ص 16.

Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS

نووسینی روانگه

داخراوه