12:07 pm - Saturday 19 May 2012

لە هەوڵدان بۆ کۆبونەوەیەکی مومکین (وتووێژی سیروس مەلەکووتی لەگەڵ هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە)

وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 4 شه‌م Jun 29, 12:00 am

 

دەقی وتووێژێک کە لە ژێرەوە هاتووە بەرهەمی پرسیار و وڵامی سیروس مەلەکووتی، رۆژنامە نووس، لەگەڵ هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانە. ئەم وتووێژە لە ماڵپەڕی “اخبار روز” بە زمانی فارسی بڵاو کراوەتەوە.

 

ئەم پێشەکیە لەلایەن سیروس مەلەکووتی نوسراوە و لە ماڵپەڕی اخبار روز لەگەڵ دەقی وتوویژەکە بڵاو کراوەتەوە.

شێوەی چنین و جۆراوجۆری هێزی ئەندێشە و کۆمەڵگایی لە بەربەرەکانێ لەگەڵ سیستەمی ولایەتی فەقیهی، وێنەی لێکپچڕان و بەدیل گەلێکی جیاوازمان پیشان دەدا. خاڵ گەلی سەرکوت و لەناو بردنی ئۆپۆزسیۆن و بەڕێوەبەرایەتی سیاسی شۆڕش بە درێژەی ٣٢ ساڵ بە شێوەی سیستەماتیک و هەڵوەشانەوەی ناوخۆیی زۆرێک لە بیر و باوەرە خەباتکارانەکان، هەوێڵ و پانتایەکی رچ بەستووی لەم سەردەمە چارەنوس سازەدا بەدی هێناوە. لە هیچ سەردەمێک دا ئەم سیستەمە ولاییە تا ئەم رادەیە تورت و بەرەو هەڵوەشانەوەی دەرونی نەبووە ، بەڵام راست بە هۆی لە ئارادا نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی سیاسی خەباتەوە دەتوانێ بزوتنەوە گەلێکی گەورەی وەک بزوتنەوەی سەوز دامرکێنێت.

شێوەی چنین و جۆراو جۆری ئۆپۆزسیونی لەیەک تەنراو و لەیەک دابڕاوی ئێرانی بە شێوەیەکە کە نە هیچ یەک لە تەیف و جەمسەرە دەرونیەکانی توانای ئەوەیان هەیە کە بەڕێوەبەرایەتی سیاسی بگرنە ئەستۆ و نە  وەها پرۆسەیەکیش بەبێ  دروست کردنی کۆسپ و چەڵەمە بە جێ دێلێت.

لە لایەکی دیکەوە راڤە و داڕشتنەوەی چەمکی ئازادی لەم جۆراوجۆر بوونانە ، بەدیل گەلێکی دور و نزیکی زۆر گەورەی بەدی هێناوە کە بۆ خۆی لێک پچڕان و نەبوونی ئەم ئەوەکی ئەو بە گەواه دێنێتەوە. ئەگەری کۆشش بۆ یەکگرتویی ئەندێشەی بەدیل خوازانە لە وەها بارودۆخێک دا زۆر لاواز و نزیک لە شکست دەنوێنێ ، لەبەر ئەوەی کە هەر بەدیلێک لە خۆیدا بە واتای سڕینەوەی جۆرەکانی دیکەی حەقخوازی دەبێت. لەم بەستەڵەکی دیالۆگ و لەرزۆکی بنەماکانی  ئەم ئەوەکیەکانی کردەوەی سیاسی دژبەرانە  لەگەڵ سیستەمی ولایەت فقیهی ، پێش داوەری و نەبوونی تێگەیشتنی دروست لە  حەز و بەرژەوەندیە هاوبەشەکان ، لە خۆیدا بووە هیزی مانەوە و دیسانەوە وەبەرهاتنی ئەم پرۆسەی لێکدابڕانەی پێ دەبەخشێ. پرسیار و وڵامەکان لەم هەوێڵە دا گوێی بۆ راناگیردرێ و قەزاوەتی بێ بنەما و پێش داوەریەکان بەسەر چارەنوسی سیاسی سەردەمدا زاڵ دەبن. ”لە هەوڵدان بۆ کۆبونەوەیەکی مومکین” ناوی کۆمەڵێک  وتووێژ لەگەڵ چالاکان و هێزەکانی بەدیل خوازی بزوتنەوەکەیە کە بە دوای هۆکارەکانی ئەم دابڕانە و خاڵەکانی بەرهەڵستکاری لە بەرانبەر ئەودا  لە  دۆزینەوەی بەرنامەیەکی یەک دەست و ئەم ئەوەکی دا  دەگەڕێ. کۆششێکە بۆ رەخساندنی بواری دیالۆگ و تێگەیشتن لە ئەو ئەندێشانەی کە ئێستە بوونیان هەیە لەسەر لابردن و سرینەوەی پێش داوەریەکان. بەم تێگەیشتنە کە بنەمای یەکەمی ئازادی رادەربڕین پێویستیەکی راستەقینەی ئەو بزوتنەوە فرە دەنگیەیە کە باسی دەکەین. بنەما و بوارێک کە نە سیستەمی دەسەڵات و حکومەت دەکاتە نیشانەی داگیر کردنی خۆی و نە هیچ بڕیارێکی دیاریکراو لە گرنگی سەرەکی بوونی خۆی دادەنێ. بوارێک کە لە سەر بنەمای کەمترین خاڵەکانی ئازادی و دیمۆکراسی دەیهەوێ بواری ئیرادە و سەپاندنی ئەو ئیرادە بە (گوزینە)ی سیاسی بنێتە بەردەست شارۆمەندانی ئیرانی، نەک لایەنگری خەونی لە پێش ساز کراوی دەسەڵاتی سیاسی ئەم یا ئەو هێزی سیاسی بێت. بوارێک کە لەم هەوڵ و تەقەلای وتووێژ و کۆبونەوە دا، سەربەخۆیی هەموو دەنگێک قبوڵ دەکات و نایهەوێ لەم یەک گرتن و یەک دەستیە دا یەک دەنگی بەسەر مێژوو سازانی سیاسەتی هاوچەرخ دا بسەپێنێت. بەو هیوایەی کە ئەم تیگەیشتنە بتوانێت لێک پچڕانی نەخۆش وێنەی بوونی کۆمەڵگایی کردە کارانی سیاسی بانگ بکات بۆ تێگەیشتنێکی گشتی پێویست لە بەرهەڵست بوونەوە لەگەڵ سیستەمی ولایی دا. بانگەوازێک کە بە تێپەڕبوون لەم سیستەمە و ساز کردنی پانتایەکی ئازاد لە بیرۆکەی سەرکوت و سڕینەوە، بوارێکی ئازاد بۆ بەیانی بەدیل برەخسێنت. ئەو وتووێژەی دەیبینن  سێهەمین ئەڵقە لە وتووێژ گەلێکە  کە تێدەکۆشێ بە ناس کردنی چۆنیەتی تێگەیشتن و ئەندیشەی کەسە بەئاگاکانی کۆمەڵگا رێگایەک بکاتەوە بۆ کۆبونەوەیەکی کۆمەڵگایی. دارا بوونی جۆراوجۆری ئەندیشە و بەدیلی سیاسی پێویستی  لێک پچڕانی هەستە کۆمەڵگایەکان  پیشان نادا. تەنیا ترسێک کە دەبێ ببێ لە هەبوونی ئەندێشەگەلێکە لە خۆمان دا کە ئەو رێگە چارانەی کە دۆزیومانەتەوە بە تەنیا بەدیلی گونجاو ئەزانین. ئەبێ قبوڵی بکەین  کە ئەتوانین بە بژاردە کانی خۆمان دانوستان و کۆبونەوەیەک ساز بکەین، و ئەم کۆبونەوە شتێک نیە مەگەر ساز کردنی بوارێکی کۆمەڵگایی کە ئازادی هەر جۆرە گوتارێک  لەو دا رێگەی پێدەدرێ. قبوڵی بکەین کە دوایین رێگا ئیرادەی بە کۆمەڵی دانیشتوانی وڵاتە هاوبەشەکەمانە. و قبوڵ بکەین کە پرۆسەی ئازادی بە هەر ناوەرۆکێکەوە کە لە مێشکماندا هەمانە، پانتاییەکی بەرفراوانە کە توانای قبوڵ کردنی بیر و باوەڕی جیاوازی یەکتری خاڵی دەسپێکیەتی. هیوادارم لەم رێگای ئەندێشەوە بتوانین هەنگاوێکی دیکە بەرەو کۆبونەوەیەکی مومکین هەڵبگرین.

 

کورتەیەک لە ژیان و تێکۆشانی عومەری ئیلخانیزادە ؛

عومەری ئیلخانیزادە لە ساڵی ١٣٣١ کۆچی هەتاوی بەرانبەر بە ١٩٥٢ زاینی لە شاری بۆکانی کوردستانی ئێران لە دایک بوە. تا قۆناغی یەکەمی دواناوەندی (یەکی دەبیرستان)ی لە بۆکان خوێندوە و قۆناغی دوهەمی دواناوەندی لە تاران تەواو کردوە. خوێندنی زانکۆی خۆی لە بواری زەوینناسی لە زانکۆی تەورێز تەواو کردووە. چالاکی سیاسی بەردەوامی خۆی لە سالی ١٣٤٩ لەگەڵ کۆمەڵە دەست پێ کردوە و لە ساڵی ١٣٦٠ ەوە بوو بە ئەندامی جێگری کومیتە ناوەندی کۆمەڵە و لە ساڵی ١٣٦١ و لە کۆنگرەی سێهەمی کۆمەڵە دا بوو بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە. ئەو تا ئیستا لە شوێنی جۆراوجۆری رێبەرایەتی کۆمەڵە دا کاری کردوە و لە ساڵی ١٣٦٢ دا بە ئەندامەتی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە هەلبژێردرا. لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستیش ئەندامی کومیتە ناوەندی ئەو حیزبە بووە. عومەری ئیلخانیزادە لە قۆناغەکانی هەستیاری کۆمەڵەدا بەرپرسیارەتی بەرێوەبردن ، راگەیاندن و تەشکیلاتی هەبووە و یەکێک کە روخسارە ناسیاوەکانی کۆمەڵە دیتە ئەژمار و ئێستا سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانە.

 

 

سیروسی مەلەکوتی:

 

بەڕێز ئیلخانیزادە ئێوە سکرتێری گشتی یەک لە ئەحزابی بەرچاوی ئێران و کوردستانن، ئەمانهەوێ لەگەڵ مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە تا بوونی ئیستای لە زمانی جەنابتانەوە ئاشنا بین. ئەم رێکردن و رەت بوونە چل ساڵەمان چۆن بۆ هەڵدەسەنگێنن؟

عومەری ئیلخانیزادە:

قسە کردن لە قۆناغی چل سالەی ژیانی کۆمەڵە و هەوراز و نشێوەکانی لە پرسیار و وڵامێکدا کارێکی ئەستەمە. هەروەها ناتوانین لەم قۆناغەی ژیانی کۆمەڵە بدوێین بێ ئەوەی کە ئاڵوگۆڕە گرنگە کۆمەڵایەتیەکانی ئەم قۆناغە مێژوویە لە ئێراندا لەبەر چاو بگرین. لە چاو خشاندنێک دا  ئەبێ بڵێم هاتنە ئارای کۆمەڵە بەرهەمی بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی  دیار و بەرچاوە کە لەو کاتە دا لە  کوردستان و کۆمەڵگای ئێران دا لە ئارا دا بوو.  بە زمانێکی دیکە کۆمەڵگای کوردستان و ئاڵوگۆرە سیاسیەکانی، بوونی رێکخراوێکی سیاسی چەپی دەخواست کە لە دڵی خەڵکەوە هەڵقوڵابێت. جێبەجێ کردنی ئیصڵاحاتی ئەرزی* و شکست هێنانی دوایین پاشماوەکانی فێۆدالیزم لە ئێران لەگەڵ خۆی ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگای کوردستانیشی هێنا. بەڕای من کۆمەڵە  پێداویستیەکانی سیاسی و کۆمەلایەتی  کۆمەڵگای کوردستان و پێگەی بزوتنەوی کوردستانی بە دروستی لێک داوە و بە گرتنی هەڵویست گەلی دروست توانی لە ساحەی سیاسی کوردستان دا پێگەیەکی گرینگ بە دەست بهێنێت و لە بزوتنەوەی نەتەوەیی و دیموکراتیک و ئینقلابی کوردستان دا پێگەیەکی بەرفراوان لە ناو گەلدا بە دەست بهێنیت و ببێتە  یەکێک لە هێزە گرینگ و کارتێکەرەکانی سیاسی لە کوردستان و تەنانەت لە ئیرانیش دا. کۆمەڵە  لەسەر عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، دیموکراسی و ئازادی سیاسی، رەهایی و مافی ژن، پاراستنی بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لابردنی ستەمی نەتەوەیی و مافی گەلی کوردستان بۆ دیاری کردنی چارەنوسی خۆیان و چارەنوسی هاوبەشی و یەکگرتویی گەل و نەتەوەکانی ئێران و پێویستی پێوەندی سفت و سۆڵی گەلانی ئیران پێداگری کرد. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە ئەبینین  دانانی ئەم سیاسەتانە جۆرێک نوێخوازی و شکاندنی سونەتەکان و عامیلی سەرەکی لە پێشڕەو بوونی کۆمەڵە لە ساحەی سیاسی دابوو. بەڕای من ئەم ویستانە ئێستاکەش دیفاعیان دەتوانین لێ بکەین. بەڵام زۆر ئاساییە کە پاش سێ دەیە و بەدی هاتنی ئاڵوو گۆڕ گەلی سیاسی کۆمەلایەتی و فەرهەنگی لە ئێراندا پێویستی چاو پێ خشاندنێکی دوبارە لە تاکتیک و سیاسەتەکانماندا دەخاتە رو. ئەدەبیاتی سیاسی و شێوەی پڕوپاگەندەی ئێمە ناتوانێت هەر ئەو شێوەی دەیەکانی پێشتر بێت. نە کۆمەڵگای ئەوڕۆی ئێمە بارودۆخی ئابوری و فەرهەنگی ٣٠ ساڵ لەوە پێشی هەیە و نە کۆمەڵە دەتوانێت هەمان زمان و سیاسەت و تاکتیکە بە کار بهێنیت. بە درێژەی مێژووی ئەم رەوتە هەرکات لە قۆناغ گەلێکدا ئێمە لە ئاڵوو گۆرە سیاسیەکان و پێویستیەکانی کۆمەڵگا و گەلەکەمان دور کەوتوینەتەوە، زەرەر و زیانێکی زۆرمان لێکەوتووە کە پێویستە خەسارناسی و شیکردنەوەیەکی قووڵی لەسەر بکرێت.

بە شێوەی دیاریکراو دەبێ بڵێم کە ئێمە لەگەڵ ساڵەکانی سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتن و پتەو بوونەوەی پایەکانی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی و دروست بوونی دیکتاتۆریەت لە بەشی زۆرینەی ئێران دا روبەروو بووین و لەو نێوە دا کوردستان بە تەنیا مایەوە. شکست هێنانی رەوتە چەپ و دیموکراتەکان ، هێرش بۆ سەر رێکخراوە سیاسیە کان و سەرکوتی بزوتنەوە کانی کرێکاری و ژنان، داخستنی رۆژنامەگەلی ئازاد و سەربەخۆ لە هۆکارگەلێک بوون کە بوونە هۆی هەرچی زیاتر پەراوێز کەوتنی کوردستان. پشتیوانانی راستەقینەی دیمۆکڕاسی خوازی سەرکوت کران. ئێمە بە تەواوی خۆمان بۆ وەها بارودۆخێک ئامادە نەکردبوو و کاتێکیس کە بە خێرایی لەگەڵ ئەوە دا رووبەروو بووینەوە هەستمان دەکرد کە دەبێ کارێک بکەین کە چەپەکان و سوسیالیستەکان یەکگرتوو بکەین. ئەو ورە  ئێمەی هاندا کە دەستی یەک گرتن بۆ گروپێکی بچوک و بێ پێگە درێژ کەینەوە و رێگەی دامەزراندنی حیزبی کومونیست بگرینە پێش. بە دڵنیاییەوە هاندەری ئێمە لەم کارەدا بیرێکی ئینسانی و ئینقلابی بوو. بەڵام لە هەمان حاڵدا پێم وایە کە ئەو کارەمان هەڵەیەک بوو کە لە کۆتاییدا بە زیانی کۆمەڵە تەواو بوو. پرسەکە تەنیا بەوە کۆتایی نایەت کە بەشێک لە چەپی ئێران و چالاکانی بزوتنەوەی کوردستان لە ئێمە دوور کەوتنەوە، بەڵکوو سیاسەتێکی ئیرادە خواز لە نێو ئێمەدا پێی گرت و هیواگەلێکی زۆر لە نێوماندا بە دی هات، بەڵام زۆر زوو ئەم هیوا و بەرزەفریانە بوون بە ناهومێدی. بیرۆکەی سەرهەڵدانی کرێکاری و کۆمەڵگای سوسیالیستی پاش کۆماری ئیسلامی  لە نێو بەشێک لە ئێمە دا جێگەی خۆی دا بە ئینفعالی سیاسی. ئەگەرچی ئەم ئینفعالە  لە هات و هاواری رەوتی کۆمونیزمی کرێکاری ، لە راستیدا بوو بە سیاسەتی هەڵهاتنی بەرەو پێش. بەڵام زەبری جیا بوونەوەی کومونیزمی کرێکاری هەموانی خستە بیر کردنەوە و ئەوانەیشی کە لەگەڵ کۆمۆنیزمی کرێکاری نەرۆیشتن ئیرادەیان کرد کە کۆمەڵە سەرلەنوێ دروست کەنەوە، لە شۆک و کارتێکەریەکانی ئەم زەبرە بە ئاسان رزگارمان نەبوو و زۆر درەنگ دەستمان کرد بە پێداچوونەوەیەکی گشتی. جیابوونەوەکان و داڕوخانی ئەندامانی کۆمەڵەش هەر لەم  درەنگ جولانەوەی دەزانم. جگە لەمانە ئەسڵی دیموکراسی خوازی کەمی بایەخ پێدرا و ئێستاش ئێمە پێویستە کە هەرچی زۆرتر لەسەر ئەو ئەسڵە سوور بین. ئێمە لە قۆناغێک دا دەرفەتی ئیئتلاف و یەکگرتنمان لە کوردستان و ئێران لە دەست دا. من دەزانم کە کۆمەڵە لەم بارەوە زۆرتر لە ئەوانیتر ئامادەیی هەبوو، بەڵام دەبێ دان بەوە دا بنێین کە ئیدۆلۆژیک کار کردنی ئێمە لە جێگای سیاسی کار کردن کۆسپێک بوو لە بەردەم هەوڵ و تەقالا بۆ ئەو یەکگرتنە.

ئەو رۆکە ئێمە لەو رابردووە وانەمان وەرگرتوە، لە گرنگی دێمۆکراسی و پێگەی ئەو تێگەیشتووین. ئەزانین کە ئەبێ سیاسیانە کار بکەین و بتوانین لەگەڵ موخالفەکانمان دا لەسەر بنەمای دێموکراسی خاڵی هاوبەش پەیدا بکەین. زمانی پڕوپاگەندە و بڵاوکردنەوەی بیری ئێمە لە سەر عەداڵەتی کۆمەلایەتی گۆڕدراوە، بێ ئەوەی کە ئێمە لە رەچەڵەک دا لەم بیرۆکە ئینسانیانەی خۆمان کشابینەوە، بەڵکوو بۆ گەیشتن بەم ئامانجە گۆڕانی تاکتیکمان گرتە بەر و دەتوانم بڵێم لە ئیرادە خوازی دور کەوتوینەتەوە.

 

س.م

خەبات بۆ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی لە ئێران دەیان ساڵی مێژوو هەیە. خەباتکاران و عەداڵەت خوازان لە درێژەی هەر ئەم ساڵانەدا بە دانانی بیر و باوەڕ و ئەندێشە گەلی جۆراجۆر و تەنانەت جیهان بینی گەلی جیاواز لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە ئەتوانن عەداڵەت بە سیستەمی فیکری خۆیان بنیات بنێن. بۆ وەها بیر و باوەڕێک تەنانەت لە گیانی خۆشیان درێخیان نەکرد. پاش نزیک بە سەد ساڵ لە خەبات بۆ ئازادی لە ئێران دا، هێشتا پێناسەیەکی دیاری کراو و ئەم ئەوەکیمان لەم چەمکە بە دەستەوە نیە. ئازادی لە ئەندێشە و جیهان بینی زۆرێک لە هێزەکاندا بەردەوام بە هاوتەریبی دیلی و خاڵی بەرانبەری پێناسە دەکرا. هێشتا مانەوەی ئەم فەرهەنگە سیاسیە دەکرێ لەسەر عەقڵیەتی چالاکان و رێکخراوە گەلی سیاسی ببینین. لەگەڵ هەموو ئەوانە رێگەی ژیانی سیاسی  بە درێژایی چوار دەیە و بە تایبەت لە سالانی دامەزرانی سیستەمی ئیسلامی زۆرێک لە باوەڕەکانی لە نێو برد یان دیسانەوە خوێندنەوەیەکی نوێی لەسەر کرا. زۆرێک لەو چەمکانەی کە لە ئەدەبیاتی چەپی کلاسیک دا وەکوو تابۆ وابوو، ئەوڕۆ لە خستنە روی حەقخوازیەکاندا دەگوترێن. وەکوو دیموکراسی، مافی یەکسانی شارۆمەندی، مافی مرۆڤ و تەنانەت رەت کردنەوە و رەخنە گرتن لە تەنگ و چەڵەمە و کۆسپەکانی ئیدۆلۆژیک. ئێوە لە درێژەی ئەم چل ساڵە دا چیتان وەدەست هێناوە؟ زمان و ئەندیشەی ئەوڕۆتان چۆن ئەم ئەزمونە یەکگرتووە دیسان پێناسە دەکات؟

 

ع.ئیلخانیزادە:

ئاماژەت دایە پرسێکی هەستیار و دەرد ئاشنا . بە راستی لە نێو خەڵکانی ئێراندا هزرگەلی عەداڵەت خوازانە ریشەیەکی قووڵی هەیە. بە قەولی ئێوە گیان بەخت کردن گەلێکی  شازیش بۆ ئیجرای عەداڵەت مان بە درێژایی زەمان دیتووە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ خۆماندا راستگۆ بین دەسکەوتەکانمان کەم بووە. زۆر سەیرە کە دەبینین کە بە جێگەی خەباتکارانی راستەقینەی رێگەی عەداڵەت ، ئیسلامیەکانی حاکم لە قۆناغگەلێکدا بە شێوەیەکی فێڵ بازانە بوون بە خاوەنی گوتارەکە و دیتمان کە چەن خەڵک فریوانە بۆ ماوەیەک توانیان بیر و باوەڕی خەڵکیش بەلای خۆیاندا بەرن. کۆماری ئیسلامی و تیۆری کۆشک نشین و کەوێڵ نشین نمونەی زیندووی ئەو قسەیە. پرس لەوەدایە کە ئەم کێشە و گرفتە دەبێ لە ناوەرۆکی فەرهەنگ ، سونەت و جۆری سیاسەتی ئێرانی دا ببینریتەوە؟ و ئەمە ئێمەی ئێرانین کە لەم بوارەدا کیشەمان هەیە یان پرس گەلی باڵادەست تر لە سیاسەتی ئێرانی دەست تێوەردانی وەزعەکە دەکەن؟ وڵامی من بەم پرسیارە لە پلەی یەکەم دا بالا دەست تر لە سنورەکانی ئێرانە. پێم وایە ئەو شتەی کە بە ناوی سوسیالیزم ناسێندرا و لە سۆڤیەتی پێشوو و وڵاتانی ژێر کاریگەری ئەو دامەزرێندرا لە لایەکەوە شەپۆلێک لە عەداڵەت خوازی و ئومێد بە ساز بونی کۆمەڵگایەکی ئینسانی تری  بەشارەت دەدا و روخساری دنیای توشی گۆڕان کرد. هەمووان لەمەدا هاوڕان کە ساڵەکانی نیوان ١٩١٧ تا ١٩٨٧ بە سەدەی بچوک ناو بەرن. لە لایەکی دیکەوە ئەم دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسیە زۆرترین کارتێکەری سەلبی لە سەر خەباتی عەداڵەت خوازانەی نەتەوەکان لە سەرانسەری دنیا دا هەبوو. ساز کردنی سیستەمی توتالیتەر و ژێر پێ خستنی دیموکراسی و نەبوونی ئازادی تاک و کۆمەڵایەتی  لەم سیستەمە دا بووە هۆی ئەوەی کە نمونەیەکی زۆر خراپ و ناشرین لە سوسیالیزم و کۆمەڵگای عادڵانە لە مێشکی هەموو دنیا دا بمێنێتەوە. پرسی دیکە ئەوە بوو کە ئەحزابی بەسراو بە سۆڤیەتەوە تەواوی هەوڵ و تەقالایان بۆ “پێشکەوتن و سەرکەوتنی نیشتمانی سوسیالیستی” واتا سۆڤیەت تەرخان دەکرد. لە کەیسی تایبەتی ئێراندا من پێم وایە حیزبی تودە زۆرتر لە هەموو ئەحزابی کۆمۆنیستی و وەک ئەو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  و ئاسیا  بەستراو و پێوەندیدار بە سۆڤیەتەوە بوو و تەنانەت سیاسەتەکانی لە مۆسکۆدا دابین دەکرا. ئەگەرچی بوونی حیزبی تودە لە قۆناغ گەلێک دا بیری خەباتی عەداڵەت خوازانەمان دەخاتەوە و ناتوانین کارتێکەری پۆزتیڤی ئەو لەو قۆناغانە دا لەبەرچاو نەگرین ، بەڵام دوایین سیاسەتەکانی ئەم حیزبە و بەسراو بوونی ئەو بە سۆڤیەتی ئەوکات زەبری خراپی  لە بزوتنەوەی چەپ و عەداڵەت خوازانەی ئێران دا.

راستیەکەی ئەوەیە کە فەرهەنگی دێموکراسی لە کۆمەڵگای ئێمەدا لاوازە. بە بێ بوونی دیموکڕاسی، گەیشتن بە ئازادی مەحاڵە. لە کۆمەڵگا گەلی لە جۆری ئێمە ئەگەر بمانەوێ ئازادی وەدەس بێنین دەبێ قبوڵی یەکترین و بیر و بۆچوونی جیاوازمان هەبێت، واتا ئەسڵی دێموکڕاسی بە وەبەرهێنانی فەرهەنگی سازش بنەڕەتی بکەینەوە. بە بێ تەحەموڵ و کار لەگەڵ موخالف ناکرێ هێزی بەرفراوانی کۆمەڵانی خەڵک بە دژی دیکتاتۆر رێک بخەین. لە لایەکی دیکەوە بە بێ سازدانی فەرهەنگی دیموکراسی  نابێ قسە لە عەداڵەت بکەین. عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بە واتای دروست کردنی ئیمکان و بارودۆخی یەکسان بۆ ئینسانەکانە لە باری ئابوریەوە، ئەگەر ئێمە نەتوانین ئەم یەکسانیە لە بواری سیاسیەوە دابنێین چۆن دەتوانین لە بواری ئابوریەوە ئەم کارە بکەین؟ بۆیە بەو ئەنجامە دەگەین کە ئێمە بۆ ئازادی جەنگاوین بەڵام بەو رادە بۆ دیموکراسی خەباتمان نەکردووە و ئەمە کەمایەسیەکی گەورەیە لە مێژووی ئێمە دا. ئازادی خوازانی ئێمە لەبەر ئەوەی کە لەگەڵ فەرهەنگی دێموکراسیدا بە تەواوی ئاشنا نەبوون تەنانەت لەگەڵ یەکتریشدا بە شەڕ هاتوون و لە ئاکامدا نەیاتوانیوە یەکگرتوویی نێوان خۆیان بپارێزن. لە فەرهەنگی ئێمە دا وا بیر دەکرێتەوە کە ئەبێ لە هەموو بوارەکاندا وەک یەک بین تا بتوانین پێکەوە کار بکەین، لە غەیری ئەوەدا جیا دەبینەوە و  ئەبینە  دژی یەکتری. بەرای من ئەبێت بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەم شێوە بیرکردنەوە و ئەو فەرهەنگە جێگیر کراوە بخەینە بەر رەخنە و فەرهەنگی دیموکراسی و تەحەمولی بیری جیاواز لە جێگەی دانێین. بە تایبەت لە دنیای ئەوڕۆدا  کۆشش بۆ هەژموونی یەک بۆچوون یان یەک سیاسەت بەسەر هزری کۆمەڵگا دا، کارێکی بێکەڵک و بێ ئاکامە. ئەبێ خاڵەهاوبەشەکانی بۆچوونە جیاوازەکان بناسین و بۆ یەک دەستی و یەک ریزی هێزەکان و پێشرەوی لە هەر قۆناغێکی زەمانی دا کەڵکی لێ وەرگرین. فێر بین کە لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ ئازادی خوازەکان سازش بکەین. ئەمە رەمزی ئەو یەکگرتنە گشتی و بەرفراوانانەیە کە ئەتوانێت رەوتی کۆمەلایەتی هەمەگیر بە دی بهێنێت. ئەبێ لە فەرهەنگی سوسیال دیموکراسی  لە ئورووپا وانە وەربگرین، و ریفۆڕم و چاکسازی وەک چەکێکی کارامە وەدەست بگرین. پرۆسەی جێگیر بوونی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی کارێک نیە کە یەک رۆژە بکرێت و بێ جێگیر بوونی دیموکراسی، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئابوری سەقەتە و ئەم دووە کاریگەری بەرانبەریان لە سەر یەکتر هەیە. کۆمەڵە لە هەر قۆناغێکدا کە ئەم سیاسەتەی کردۆتە بەرنامەی خۆی سەرکەوتوو بووە و لە هەر کوێ لە سەر سێکتاریزم پێداگریمان کردووە زیانمان لێکەوتوە. ئەمە رەوتەکانی دیکەی سیاسیش دەگرێتەوە.

 

س.م

پەیدا بوونی جیاوازی خستن لە بواری کۆمەڵایەتی ئێران دا رەنگە ئاسەوارێک لە پرۆسەیەکی مێژووییمان بۆ بخاتە روو. بەڵام لەگەڵ وجودی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئەم دەرد و نایەکسانیە کۆمەڵایەتیە پانتاییەکی زۆر بەرفراوانی پەیدا کردووە. بەشێک لە ویستەکانی حیزبەکەی ئێوە و ئەحزابی قەومی- نەتەوەیی دیکەی ئیرانیش لە سەر بنەمای یەکسانی ماف خۆتان دەبیننەوە و بێشک ئەمە یەکێک لە ماف خوازیەکانی هەرە گرنگی سەردەمی ئێمەی بە خۆی تەرخان کردوە.

بەشێک لە خاڵەکانی نایەکسانی وەرگێڕانی ژانێکی هاوبەش و گشتی هەموو ئێرانیەکانە بەڵام نمونەگەلێکیش هەن کە نیشان لە خەسار لێکەوتنی بەشێک لە کۆمەڵگایە، بۆ وێنە نایەکسانی جنسیەتی، قەومی و ئایینی.

نایەکسانی فەرهەنگی-سیاسی لە ئێران دا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا ئەم نایەکسانیە لە یاسا و شێوە و ناوەرۆکی حکومەت دایە؟ ئایا ئەم نایەکسانیە لە هزری گشتیش دا هەر دێت و دەچێت؟ رێگەی بەرنگار بوونەوە لەگەڵ ئەمە و چارەسەرکردنی چیە؟ ئایا تەنیا دانانی یاسا گەلی یەکسانی ماف تەواوە بۆ لابردنی نایەکسانی؟ چ رێگەگەلێکی درێژ و کورت خایەنتان پێ شک دێت بۆ چارەسەر کردنی ئەم لێک پچڕانی کۆمەڵایەتیە؟

 

ع.ئیلخانیزادە:

لە وڵامی ئەم پرسیارەی ئێوە دا ئەبێ بڵێم کە پرسی فرە نەتەوەیی و قەومی بوون  یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئێرانە کە لەسەر چۆنیەتی ئاڵوگۆڕەکان و جم و جوڵە سیاسیەکان  لە هەموو سەردەمە مێژووییەکان دا کارتێکەر بووەو لەمە بە دواش ئەبێ. بەڕای من هەروا کە ئازادی سیاسی بێ کۆت و شەرت و رزگاری ژن لە نایەکسانی، پایەکانی سەرەکی دیموکراسین، رزگاری نەتەوەیی و لابردنی ستەمی نەتەوەییش یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی دیمۆکراسی لە ئێران دایە. رونتر بڵێم جۆراوجۆری نەتەوەیی و قەومی ئێران زۆرتر لە هەر وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوینە. ئێران موزاییکی نەتەوەکانە و ئەگەر بزانین کە لەم نیعمەتە کەڵک وەربگرین دەبێتە خاڵی هیزی ئێمە. بەڵام سیاسەتی شوینیستی خاڵی لاوازییە بۆ یەکگرتویی گەلانی ئێران. بە هیچ شێوەیەک ناکرێ قسە لە دیموکراسی بکەین لە کاتێکدا کە بەشێک لە گەلانی ئەم وڵاتە لە ژێر باری نایەکسانی دا بمێننەوە. باوەر بە یەکسانی تەواوی نەتەوەکانی ناو ئێران و دابین کردنی مکانیزمێکی روون بۆ لابردنی ستەمی نەتەوەیی لەسەر ئەوان، تەنیا رێگەی پێکەوە مان و یەکگرتوویی هەموو گەلانی ئێرانە. ئەم گرنگایەتیە لە لایەن حکومەتە دیکتاتۆرەکانەوە نەتەنیا رچاو نەکراوە بەڵکوو حاشا کردنی شوناسی نەتەوەیی سیاسەتی زاڵی هەموو دیکتاتۆرەکان بووە و هەیە. عەداڵەتی کۆمەڵایەتی  چۆن دادەمەزرێ ئەگەر نەتەوەی باڵادەست نایەکسانی نەتەوەیی بەسەر نەتەوەکانی دیکە دا دابەزێنێت؟ یەکسانی سیاسی و بارودۆخ و ئیمکانی یەکسان بۆ هەوڵی ئابوری مرۆڤ چۆن پێک دێت لە کاتێکدا کە نایەکسانی بەسەر بەشێک لە خەڵکدا بە رەوا دەزانرێ؟

ئێوە خاڵێکی دروست و هەستیارتان لە نێو پرسیارەکەتان دا گونجاندوە: “ئایا ئەم فەرهەنگی نایەکسانیە لە نێو خەلکیشدا دیسان بەرهەم دێتەوە؟” بەڵێ بە درێژایی سەدەکان ئەم فەرهەنگە جێنشین و بڵاوبۆتەوە و لە نێو خەڵکیشدا دیسان بەرهەم دێتەوە. شێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵ ژن لە کۆمەڵگای ئێمە دا لە پێش چاو بگرن، ئایا بە بێ پشتیوانی فەرهەنگی کەس ئەتوانێ ئاوا سوکایەتی بە ژنان بکات؟ بە رەوا زانینی چەند هاوژینی بۆ پیاوان ، یاسایی کردنی فەحشا و لە ئیختیار گرتنی لەشی ژن بە دانی پارە لە ژێر ناوی سیغە و هاوسەرگیری کاتی، بێبەش کردنی ژنان لە مافی راگرتنی منداڵان لە بارودۆخی یەکسان لەگەڵ پیاوان، بێبەش کردنی ژن لە مافی میراتی تەواو، نایەکسانی ئاشکرا لە ئەسپاردە کردنی بەرپرسیارەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە ژنان و کۆت و بەندی جۆری پۆشش تەنانەت لە بواری وەرزش و … هەمووی ئەمانە بە واتای بوون و کرداری  فەرهەنگێکی  پیاوسالار و تا سەر ئێسک نایەکسانە. بەشێکی زۆر لە پیاوانی ئێمە و تەنانەت بەشێک لە ژنانمان ئەم نایەکسانیە بە رەوا و دروست دەزانن. ئەمە بگرە  هەتا شتەکانی دیکە کە چ کۆسپ گەلێک هەن لە رێگەی گەیشتن بە دیموکراسی. بوونی ئەم هزرانە هەموو رۆژێک و لە نێو بنەماڵەش دا بەرهەمهێنەرەوەی نایەکسانی و خاو کەرەوەی بزوتنەوەی دیموکراسی خوازیە. بەڵێ لەگەڵ فەرهەنگی باو لە نێو گەلەکەیشماندا ئەبێ شەڕ بکەین  و هەموو رۆحیاتی خەڵکی ئێمە شایەنی پیرۆز بوون نیە. کۆمەڵگایەک کە ژن ئەم هەموو کۆت و بەندەی بە دەست و پاوە بەستراوە نادیموکرات و نائینسانیە.

لە بابەت پرسی نەتەوەییشەوە هەموو رۆژێک بیری شوینیزمی نەتەوەیی بڵاو دەکرێتەوە و لە ئاکام دا لەملاوە رێگە خۆشکەری باڵا کردنی فەرهەنگی نەتەوە پەرستی تۆخ دەبێت. لە روانگەی منەوە روانگە و فەرهەنگی شوینیستی و ئینکاری ماف و شوناسی نەتەوە دانیشتووەکانی نێو ئێران گەورەترین مەترسیە بۆ جیابوونەوە و تەجزیەی گەلانی ئێران لە یەکتر. سەربەخۆ خوازانی راستەقینە هەڵگرانی هزری مانەوەی ستەمی نەتەوەیی بوون و هەن. هەرچەندە کە کۆشش و هات و هاوار بکەن تا ئاگری کورەی نەتەوەپەرەستی بگەشێننەوە، ئیدی ناتوانن دەمامک لە روی خۆیان بدەن و حاشا لەوە بکەن کە دوژمنی راستەقینەی نەتەوەی باڵادەستیش هەر بۆ خۆیانن. بە راستی نەتەوەکان و گەلانی ئێران بە پێوەند گەلی مێژوویی و فەرهەنگیەک کە پەیدایان کردووە خواستی یەکەمیان پێکەوە مان و پێکەوە بوونە.

ئەبێ بڵێم کە بەختەوەرانە ئەم جۆرە لە هزری شوینیستی لە دەیەکانی ئەم دواییە دا ناچار بە پاشەکشێ بووە. کەم نین ئەو کەسانەی کە خەساری کۆمەڵایەتی ستەمی نەتەوایەتی بە جدی دەگرن و بنەمای پرسەکەیان بە شێوەیەکی دروست قبوڵ کردووە و بە دووی رێگە چارە دا دەگەڕێن کە بتوانن رێگایەک بۆ پێکەوە مانی نەتەوەکانی ئێران ببینەوە.

لە وڵامی بەشی کۆتایی پرسیارەکەتان دا ئەبێ بڵێم بێ شک جێبەجێ کردنی یاساکانی ماف گەلی کۆمەلایەتی و سیاسی باش و پێویستە. بەڵام ئەبێ ئەم یاسایانە هەم فرە نەتەوەیی ئێران قبوڵ بکەن هەمیش یەکسانی نەتەوەکانی ئێران لە مافە نەتەوەییەکەیان. لە روانگەی منەوە ئەسڵی فدراتیو بوونی ئێران  لە سەر ئەساسی هەبوونی نەتەوەکان و دروست کردنی یەک حکومەتی نا سانتڕاڵ  رێگەیەکی دروست و عاقلانەیە.  لە دونیای ئەورۆ دا ئێمە دەبینین کە فدرالیزم لە یەکگرتنی نەتەوەکانی یەک وڵاتی دیاریکراودا نمونەی زۆر سەکەوتووی لێکەوتۆتەوە.

 

س.م

بژاردەی هەڵهاتن لە سانترالیزمی دەسەڵاتی سیاسی- ئابوری و فەرهەنگی، گوتاری هاوبەشی زۆربەی هێزە سیاسیەکانە. بەڵام لە چۆنیەتی جێبەجێ کردنی ئەودا بێشک  تێگەیشتنی جۆراوجۆر و جیاواز هەیە. گوتاری پرش و بڵاوی بزوتنەوەی سیاسی و هەتوانە بەدیل خوازانەکانی ئەم بوارە، لەسەر بژارەگەلێک وەک فدرالیزم و یا پێناسە گەلێک وەک پەڕلەمانی مەهستان و سیستەمی  ئیالەتی ویلایەتی نیشان دەدا کە سەرنجەکان بەرەو کوێوەیە. ئەم پێناسانە بەڵام تا ئێستا بە هۆی نەبوونی بنەماگەلی بایەخی و ئاماری نێژراون و نەبوونی هزری پسپۆڕانە لە بواری بنەماکای ئابوری- ماف و فەرهەنگی لە زمانی هزر و چالاکی سیاسی دا لە ئاستێک لە خستنەڕوو و خەسارناسی سیاسی خۆی بەستۆتەوە و لەوە دەرباز نابێت. ئێستا چۆن ئەتوانین بە یەکگرتووییەکی دیاریکراو و وردی نەزەری لەم بارودۆخەدا بگەین؟ بۆچی  فدرالیزمی جوگرافیایی ناتوانێت وڵامی داخوازیەکان بداتەوە؟ بۆ چی بیر دەکرێتەوە فدرالیزمی نەتەوەیی شیاوی جوگرافیای فەرهەنگی و تێکەڵاویە لە یەک تەنراو و پرش و بڵاویە ئینسانیەکەی ئەوە ؟ ئەو جێگا کە یەکەیەکی هاوبەشی قەومی-نەتەوەیی  و زمانی، جوگرافیای جیای خۆی لە دیکەی فەرهەنگەکان دەدۆزێتەوە ، ئایا ئەم سەربەخۆییە بە جیا قبوڵ کردنی سنوورە شوناسیەکانە کە لە فدرالیزمی نەتەوەیی بژاردەی یەکەمی ئەوە پێداگری لەسەر لێکپچڕانی ئینسانی لە یەکەیەکی نەتەوەیی دا نایەتە ئەژمار؟

 

ع.ئیلخانیزادە:

هەروەک ئاماژەتان پێدا هاوبەشیەکی بیرورا  هەیە بە نیسبەت نەهێشتنی دەسەڵاتی  ناوەندیگەرانە و ئەمە بە واتای دان نان لەسەر خەسارە کۆمەلایەتیەکان و هەبوونی ستەم لە نەتەوەکانە، بەڵام لە شێوازی جێبەجێ کردنی سیاسەتی سڕینەوەی ناوەندی گەری دا جیاوازی بیر و را هەیە. یەکەم دەبێت بڵێم سڕینەوەی ناوەندی گەری لە دەسەلاتی سیاسی زۆر باش و ئەوڕۆیی و بەکەڵکە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بە واتای لابردنی ستەمی نەتەوایەتی یا بە ئیجبار جێگری ئەو نیە. هەرچەن قبوڵ دەکەم کە ئەم تێڕوانینە لە خۆیدا توانای ئەوەی هەیە تا بەرەو ئەو ئاراستە بڕوات. باشتر وایە کە کێشەی تایبەتی خۆمان بە روونی و بێ ئەملاو لا بڵێین. لە ئێرانی ئێمە دا نەتەوەگەلێک هەن کە لە ستەمی نەتەوەیی رەنج دەبەن. ئەم راستیە بە درێژایی مێژوو بە رادەیەک کاریگەر بووە کە بووە بە دایکی شوینیزمی ستەمکارانە و ناسیونالیزمی تۆخ. تا جێگایەک کە مەترسی تێکهەڵچوونی نەتەوەکانی دانیشتوی ئێرانی لە خۆیدا حەشار داوە. یەکەم گرینگی ئێمە دەبێ ئەوە بێت کە  ئەگەر بۆ لابردنی ستەمی نەتەوایەتی هەنگاو دەنێین، تێبکۆشین کە ئەم گەلانە کە مێژوویەکی هاوبەشیان هەیە، یەکگرتوویی و لەگەڵ یەک بوونێکی پتەوتر لە جارانیان هەبێت. بۆیە دەبێت شێوازێک بەکار بێنین کە نەتەوەکانی ناو ئێران رازی و خۆشحاڵ بن لەوەی کە بەیەکەوە دەمێنن. لەم حاڵەدا با بزانین جیاوازی لەمەڕ شێوازی جێبەجێ کردنی سڕینەوەی ناوەندی گەری لە کوێ دایە؟ ئایا لە نێوان  نوێنەران، رۆشنبیران و هەڵکەوتوانی نەتەوە ستەم لێکراوەکان ئەو جیاوازی و پرش و بڵاویە هەیە؟ نا ، کێشەیەک کە ئێوە ئاماژەتان پێداوە لە راستیدا لە نێو نوێنەران و خواستی نەتەوە ژێر ستەمەکان و راوێژکارانی نەتەوەی بالادەستە. بەو ئەنجامە دەگەین کە لە رێگە چارە و شێوازی لابردنی ستەمی نەتەوەیی و سڕینەوەی ناوەندیگەری، لە نێوان خوازیارانی راستەقینە و نەتەوە گەلێک کە خوازیاری مافە نەتەوەییەکانی خۆیانن کێشەیەک نیە. ئەبێ هەم کێشەکانی ئەوان چارەسەر بێت هەم هی هەموو نەتەوەکانی ئێرانی تا بتوانین هەم یەک ریزی و لەگەڵ بوونەکەمان بپارێزین و هەمیش مەترسی پارچە پارچە بوونی ئێرانیش لابەرین.

دووهەم، بەدی هێنانی یەکەی نەتەوەیی بە شێوەی فدرالیزم ئێستاکە گوتاری هاوبەشی هەموو چالاکان و رەوتە سیاسیەکانە لە نێو نەتەوەکانی ئێران دا. بۆیە دەتوانین بڵێین کە جیاوازیەک نیە  و ئەمە جێگەی خۆشحاڵیە کە هەموو ئێران سیستەمی فدراتیو واتا بەیەکەوە بوون و بەیەکەوە ژیانیان بەلاوە پەسەندە. جگە لەمە بوونی فدرالیزمی جوگرافیایی بە هیچ شێوەیەک بە واتای دووری فەرهەنگەکان لە یەکتر نیە. لە هەموو ناوچە فدراڵەکان کەسانێک لە نەتەوەکانی دیکە کار و ژیان دەکەن ، زمان گەلی ناوچەکانی دیکەش رەسمیەتیان هەیە و پێوەندی و هاتووچۆی نێوان نەتەوەکانی دیکە نە تەنیا کەم نابێتەوە بەڵکوو بە هۆی نەمانی ستەمی نەتەوەیی و گرێی رۆحی نەتەوە پەرستی تۆخ، یەکگرتوویی نەتەوەکان زۆرتر دەبێت. لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە سیستەمی فدراڵ بەڕێوەیە شەڕی نەتەوەکان بە کەمترین رێژەی خۆی گەیشتوە و هەستی هاوکاری پەرەی سەندوە. هەر لەم پێتەختی کوردستانەی عێراق، ئێستا بە نیسبەتی ساڵانی پێشتر رێژەیەکی زۆرتر عەرەب کار و ژیان دەکەن و پێوەندی کورد و عەرەب زۆرتر و باشتر لە جارانە. لە بەغدا رێژەیەکی زۆرتری کورد لە جاران ژیان دەکەن. بۆچی لە تاران وا نەبێت؟ من دڵنیام نەتەوەکانی ناو تاران لە بەرەبەیانی دامەزراندنی مۆدێلی فدراڵی لە ئێراندا بە تێگەیشتنێکی باشتر لە ئێستە قبوڵی یەکتری دەکەن. کێ دەڵێ فدرالیزم یانی بە جێهێشتنی تاران لە لایەن تورک و کورد و… یا بە پێچەوانە؟ ئەم جۆرە وێنە کردنانە تەنیا لە مێشکی نەخۆشی شوینیزم دا دەگونجێ. پەڕەپێدانی ئەم جۆرە ترس گەلە و نامۆ کردنی پرسەکە لە راستیدا بۆ ترساندنی خەڵک و درێژە پێدانی کاری هەمیشەیی شوینیزمی حاکمە بۆ بێبەش کردنی نەتەوەکانی ناو ئێران لە مافە رەواکانیان. بە پێچەوانەوە چ لە ئوروپا و چ لە ئەمریکای لاتین و ئاسیاش بوونی حکومەتە فدڕاڵەکان بووەتە هۆی نزیکیی زۆرتری نەتەوەکان و کەم بوونەوەی کێشەو قینە کۆنەکان و یەکریزی پارێزراوتر و پیوەندی یەکسان و یەکگرتوانەتر لە نیوان نەتەوەکانی ناو سنورەکانی ئەو وڵاتانە. راستیەکانی جیهانی و نمونە زیندووەکان پێچەوانەی ئەو نیگەرانیانە پیشان دەدەن. بە پێچەوانە ئینکاری بوونی نەتەوەیی یان کۆشش بۆ کەم کردنەوەی مافەکانی نەتەوەکان، دوژمنی و نەبوونی یەکگرتوویی نەتەوەکانی بە دووەوەیە. داپچڕانی ئینسانی تەنیا بەم شێوەیە قووڵ و قووڵتر دەبیتەوە و بە پێچەوانە بوونی فدرالیزم و قبوڵی شوناسی نەتەوەیی نەتەوەکانی تر ئەو داپچڕانانە لە نێو دەبات و برینەکان سارێژ دەکات، ئەمە باسێک نیە کە تیۆریزە کردنی بوێت، ئەزمونی دنیا ئەمەی سەلماندوە.

 

س.م

سڕینەوەی ناوەندیگەری بێشک پرۆسەیەکی دەبێت درێژخایەن لەسەر ساحەی کۆمەڵایەتیدا، هەروا کە سەرهەڵدانەکەی فەرانسە دەستپێکی ئەوە بوو و تا ئێستا ئەم پرۆسەیە لەو وڵاتە هەر بەردەوامە. جیاوازی دانانی پۆزەتیڤ لە بەیانی ئێرانیکی ئازاددا دەتوانێت رێ کردن بەرەو یەکسانی خێراتر بکاتەوە. بەڵام بێشک قبووڵی ئەوەش دەکەن کە خۆی ئەم رووداوە پێویستی بە سەبر و تاقەت گرتنی زۆرێک دەبێت، هەروا کە لە وڵامەکەی پێشتریشتاندا ئاماژەتان پێ دابوو، وەرگرتن و پەیدا کردنی توانی سیاسی لە چۆنیەتی ریزبەندی کۆمەڵایەتی ئێران گۆڕانێکی بنەڕەتی بە نیسبەت رابردویەکی نزیکەوە کردووە. ئەوڕۆ ئەو توانایە بە قبوڵی بوونی جۆراوجۆریەکان لە دۆزینەوە و داڕشتنی بەرنامەگەلێکە بۆ دەرباز بوون لە سیستەمێکی سیاسی- ئابوری فەرهەنگی ناوەندگەرا. رێگە چارەیەکیش جگە لەمە نیە کە پێوەندیەکی ئۆرگانیک لە نێوان خاوەن بەشانی ئەم وڵاتەو داهات و دەسەڵات دا پێناسە بکرێت. بەڵام بێشک  بۆ تێگەیشتنی زۆرتری تەوەرەکە و بۆ ئەوەی کە بتوانرێ بە پێناسەیەکی دیاریکراوی سیاسی بگەین ئەبێ بزانین داخوازیەکان چین؟ تا بتوانین بوارێک بە ئەم ناوە دیاریکراوەی بۆ تەرخان بکەین. خواستە راستەقینەکانی نەتەوەو قەومەکانی ئێران چین؟ و بۆ وا بیر دەکرێتەوە کە لە ئەم یان ئەو بەرنامەی دیاریکراو دا دەکرێ ولام دەری خواستەکانیان بین؟ ئەم نوێنەرانی سیاسی نەتەوانە کێن؟ و چۆن ئەکرێ بە نوێنەرایەتی ئەوان لە لایەن گەلانەوە باوەڕ بێنین؟ مگەر جگە لەوەیە کە بژاردەی کۆتایی بڕیاری خەڵک دەبێ؟ کەواتە پەلە و یەکگرتن و پێکەوە سازان لە ناو و شێوەی سیستەمی داهاتوو لە نێوان نوخبە سیاسیەکان بۆ چیە؟ نوخبە سیاسیەکان لە ساز کردنی رێکخراوی گەورەی خۆیاندا تەنیا دەتوانن لە پرۆسەیەکی دیموکڕاتیک دا زانستەکانی خۆیان بخەنە ئاراستەی پێشنیارەوە، بەڵام بێشک مافی هەڵبژاردن هی خەڵکە و ناتوانن لە پێکهاتنە ئاشکرا و نهێنیەکاندا لە نێو خۆیاندا بەرنامە و موهەندیسی هزری خۆیان بە جێگەی هزری گشتی بە کار بێنن و ئەو مافە لە خەڵک زەوت کەن. مافی ئیرادەی خەڵک کە سندوقەکانی دەنگدان پێناسەی ئەون؟ ئایا پێتان وا نیە کە نوخبە سیاسیەکانی سەردەم بە هەموو ئیدعای دیموکڕات بوونی خۆیانەوە بە فەرهەنگێکی باوک سالارانە و نوخبە سالارانە چاو لە پرۆسەکە دەکن؟

 

ع.ئیلخانیزادە:

لەم پرسیارەشدا بە پرسگەلێکی هەستیار و گرنگ ئاماژەتان کرد کە یەک بە یەک ولامیان دەدەمەوە.

یەکەم؛ راستە کە ریفۆڕم و چاکسازی لە بینای سیاسی ناوەندیگەری ئێران دا بە کات و سەبور بوون نیازمەندە و کاری شەو و رۆژێک نیە. بەڵام مەگەر قبوڵی فدراتیو بوونی ئێران و یا قبوڵی مافی یەکسان بۆ ژنان و دیموکراسی و یاسا گەلی دیموکڕاتیک  بەو واتایەیە کە پرسەکە چارەسەر کراوە و ئیدی کار لەسەر ناوەندیگەری و پیاو سالاری تەواو بووە؟ بە هیچ شێوەیەک وانیە. تازە بە قبوڵ کرانی ئەمانە ئێمە هێشتا لە سەرەتای رێگاین و رێگایەکی درێژیشمان لەبەرە و بە دەردی خۆتان دەڵێن ئێمە تازە دەستمان پێکردوە و کلیلەکەمان لێداوە. بزانین ئایا پێویستی گۆرانکاری لە ناو ئەم سیستەمە هەموان قبوڵیانە؟ بۆچی ناڵێن سەرەتای ئەم ریفۆڕمە کوێیە و کۆتاییەکەی دەگاتە کوێ؟ هەر پرۆژەیەکی چاکسازی دەبێت ئەنجامێکی روون و دیاری کراوی هەبێت. بەڵام بۆ چوونی بە هیز هەیە بۆ ئەوەی کە لە دیاری کردنی ئەنجام و ئاکام لە پشت پەردە بهێڵێتەوە و خەڵک بە سەبر و تاقەت هێنان داوەت کات. ئەمە کێشەی سەرەکیە لە بەرانبەر ریفۆڕم و چاکسازیدا ئەمە فەرهەنگی ناوندیگەرە کە بەم شێوە خۆی دەپارێزێ. ئایا ئەتوانین لەسەر دیمۆکراتیک بوونی هەموو بنکەکانی دەسەڵات و ئازادی تەواوی سیاسی لە ئێرانی داهاتوودا پێکنەیەین بەڵام لە هاوکاری نێوان رەوتە سیاسی و نوخبەکانی ئەم وڵاتە قسە بکەین و بۆ وتنی یەکسانی نەتەوەکانی نێو ئێران لاڵ ببین؟ بە رای من ئەمە نامومکینە. جگە لەمانەش ئەگەر قبوڵی دەکەین ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە ئەوە دەبی ئولگووی وڵاتە فرە نەتەوەکانی دیکە لە جیهاندا بکەینە بنەما. با نمونەیەکی رونتر باس بکەم، هەموو چەپەکان لە سوسیالیزم و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دەدوێن و لە ستەمەکانی سەرمایەداری دەڵێن، دیتمان کە سوسیالیزمی جۆری سۆڤیەت و تێزی دیکتاتۆری پڕۆڵتاریا دۆڕا بەڵام هیزەکانی سوسیالیستی کە خۆیان لەگەڵ دیموکراسی رێک خست و پێداگری لە رفۆڕم گەلی قوڵی کۆمەڵایەتی لە سیستەمی ئابوری دا دەکەن، سەرکەوتن گەلێکی شایانیان وەدەست هێنا. کۆمەڵگاگەلێک کە سوسیالیستە دموکڕاتەکان لەوێدا باڵا دەست بوون بە ئاشکرا پێشکەوتن گەلێکی گرینگیان تۆمار کرد، کەواتە دروست وایە کە هەموو سوسیالیستەکانی جیهان لە ئاستی گشتی پێداگری لەسەر ئەم ئەزمونە بکەن و لەگەڵ بارودۆخی وڵاتەکەی خۆیان رێکیبخەن و لە کەمایەسیەکانی خۆ ببوێرن. لە بابەتی رەت کردنەوەی فۆرمی ناوەندیگەری لە وڵاتانی فرە نەتەوەیشدا ئەبێ ئەم راستیە لە پێش چاو بگرین. ئەزمونی بەشەری بە لەبەر چاو گرتنی تایبەتمەندی کۆمەڵگاکان فٶڕم گەلێکی دیاریکراوی تاقی کردۆتەوە تا ئەو جێگەی کە سنوری نێوان وڵاتانیش لە بەشێک لە جیهان ئیدی ئەو واتای جارانی خۆی لە دەست داوە، بێ ئەوەی کە شوناسی هێچ نەتەوە و گەلێک رەت بکرێتەوە یان هەست بە پەستی و ستەم بکات بەرانبەر خۆی.

دوهەم؛ لە پرسیارەکەتاندا بە دروستی باستان لە دەنگ و ئیرادەی خەڵک کرد، لەگەڵتاندا هاوڕام کە ئەمە بنەمایەکی گرینگە و ئەبێ رێنوێنی ئێمە بێت لە چارەسەری پرسەکەدا. بێشک دەبێت خواستی نەتەوەکان و چۆنیەتی لابردنی ستەمی نەتەوایەتی نەک بە ریکەوتنی نهێنی نێوان نوخبەکان بەڵکو بە دەنگ و رای خەڵک و لە پڕۆسەیەکی بە تەواوی دیموکڕات دا دیاری بکرێت. بەڵام بۆ خواستەکانی نەتەوەیی گەلی کورد دەبیت لە کام خەڵک پرسیار بکرێت؟ ئایا ئازەری و فارسەکان دەبێ دەنگ بدەن؟ بێشک لەگەڵ من هاوڕان کە ئەمە وەک ئەوە وایە کە خواستەکانی بزوتنەوەی ژنان لە نێو پیاواندا دابنێین بۆ دەنگدان و یا خواستی کرێکاران بدەین بە بازاڕیەکان کە دەنگی پێبدەن. ئێمەش خاوەنی داخوازی گەلی دیموکراتیک  و عەداڵەت خوازانەین کە پێوەندی هەیە بە هەموو گەلانی ئێرانەوە و دەنگی هەموویان دەبێت دیاریکەری داخوازیەکان بێت. هەروەها خواستی لابردنی ستەمی نەتەوایەتیش یەکێکە لە پرسەکانی کۆمەڵگای ئێمە. دەمهەوێ بڵێم پرسی گشتی گەلانی ئێران و پرسی تایبەتی نەتەوەکانی ئێران  لەهەمان کاتدا کە کاریگەریان لەسەر یەک هەیە بەڵام بۆ چارەسەر کردنیان دەبێت تا رادەیەک جیا بکرێنەوە لەیەک. من هەر لەم چاو پێکەوتنەدا پێداگریم لەسەر ئەوە کردووە کە پرسی نەتەوەکان و چارەسەری ئەو یەکێک لە کۆڵەکەکانی دیموکراسیەت لە ئێران دایە و لە کاتێکدا کە ئەم پرسە چارەسەر نەکرابێت لە سڕینەوەی ناوەندیگەری و دابین کردنی دیموکراسی لە ئێراندا نیشانێک نابیت. لە تورکیە ئێستاکە تا رادەیەک دیموکڕاسی هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە پرسی نەتەوەکان چارەسەر نەکراوە، مانەوەی هەر ئەم دیموکراسیە کەمەش  دیمەنێکی لەرزۆکی هەیە. بێشک قبوڵی دەکەن کە لەوێ تەنیا پرسی کورد وەکوو پرسی نەتەوە هەیە و تورکیە وەک ئێران موزاییکی نەتەوەکان نیە. بەراستی نازانم ترسیان لە چیە؟ تا ئێستاش من خواستی سەربەخۆیی نەتەوەکانم لە هیچ رەوتێکی گرنگ نەبیستووە ، بە پێچەوانەوە پێداگری کردن لەسەر بەیەکەوە مانی نەتەوەکانی ئێران گوتاری زاڵە. تەنیا پارێزەرانی مانەوەی ستەمی نەتەوایەتین کە ئەو ترسە بێ هۆیە پەرە پێدەدەن و لە راستیدا تۆوی بەش بەش کرانی ئێرانیش هەر ئەوان دەیچێنن و لە ژێر حکومەتی ئەواندا ئێران بیهەوێ یان نا بەرەو پارچە پارچە بوون دەڕوات.

سێهەم؛ لە وڵامی بەشێکی تر لە پرسیارەکەتان کە ”خواستی راستەقینەی نەتەوەکان چیە و نوێنەرەکانی چۆن دیاری دەکرێن؟” دەبێ بڵێم خواستی هەموو نەتەوەکانی ئێران مافی نەتەوەیی بەرانبەر بە نەتەوەی بالادەستە، بەو واتا کە دەیانەوێ ئیرادەی خۆیان لە دیاری کردنی چارەنوسی نەتەوەییاندا وەگەڕ بخەن. دەیانەوێ بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان بدرێتە دەست خۆیان، بە مافی خۆیان دەزانن کە بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و بنوسن. بە پێویستی دەزانن کە بەرپرسانی ئیداری و ناوچەیی خۆیان لە ناو خۆیاندا هەڵبژێرن، خوازیاری ئەوەن کە پەرلەمانی هەرێمی خۆیان هەبێت. قبوڵی دەکەن کە یاساگەلی گشتی هاوبەشیان لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێراندا هەبێت و هەموو لە یەک یاسای گشتی پەیڕەوی بکەن بەڵام لە جێبەجێ کردن و سازدانی ئەم یاسایانە تا ئەو جێگەی کە دەگەڕێتەوە بۆ پرسە ناوخۆییەکان خۆیان دیاریکەر بن . ئەیانهەوێ بزانن سەروەت و سامانی ولاتەکەیان چۆن سەرف دەکرێ و وەکوو هەموو ئێرانیەک لە ریزبەندی بودجەی گشتیدا بەشی شایستەی خۆیان هەبێت. قبوڵی دەکەن کە سیاسەتی دەرەکی و پاراستنی سنورەکان لە دەستی حکومەتی ناوەندیدا بێت بەڵام دەیانەوێت ئاسایشی ناوخۆیان بەدەست خۆیانەوە بێت. دەیانەوێت لە پەرلەمان له هەر نەتەوەیەک بە ریژەی دانیشتوانی نوێنەری هەبێت و خۆی نوێنەرەکانی هەڵبژێرێت،کورتی بکەمەوە دەیانەوێت بەقەد بەشەکەی خۆیان بەشدار بن. ئەگەریش ئەوە جێبەجێ نەبێ بەو واتایە کە ئەمانە خەڵکێکی پلە دوون و لە دیاری کردنی چارەنوسی خۆیان دا هیچ دەسەڵاتێکیان نیە و دیارە خەبات دەکەن تا کوو بەو ئامانجانە کە باسم کردن بگەن.

نوێنەرانی سیاسی ئەم نەتەوانە ئەبێ لە لایەن خۆیانەوە دیاری بکرێن. رێگە بدەن با هەموو ئەحزاب و بنکە سیاسیەکانی پارێزەری یەک نەتەوە ئازادانە قسەی خۆیان بکەن و بەرانبەرەکەشیان رای خۆی بڵێت و رێکلامی بۆ بکات. پاش هەمووی ئەمانە و لە کۆتایی دا بەرنامە و پێشنیارەکان لە راپرسیەک دا بخرێتە بەر دەنگدان و لەو نێوە دا بڕیاری رونکەرەوەی گەل دەربکرێت. هیوادارم هەمووان قبوڵی ئەوە بکەن کە دەنگی خەڵک بنەمای سەرەکیە. ئەورۆ لە کوردستانی ئێران ئەحزابێکی بە پێگەی سیاسی هەن کە لە لایەن خەڵکەوە بە نوێنەرایەتی قبوڵ کراون، بەڵام ئێمە دەڵێین کە تەنانەت ئەو حیزبانەش دەبێت لە راپرسیدا دەنگی خەڵک کۆ بکەنەوە و لە هەر قۆناغێکدا دەبێت ئەم کارە دووپات ببێتەوە. ئێمە دەمانەوێ هەموو گەلانی ئێران رەزامەند بن تا بتوانن بە یەکگرتویی ئێرانێکی ئاوەدان بنیات بنێن. ئەمە ئاواتی منە بۆ هەموو گەلانی ئێران. ئێمە نامانهەوێ کە نوخبەکان چارەی خەڵک بنووسنەوە بەڵکوو دەمانەەوێ کە ئەو نوخبانە کە بە ئیمکانات و دەنگی خەڵک گەیشتونەتە ئەو جێگە خزمەتکاری ئیرادەی خەڵک بن.

 

س.م:

هەردوکمان قبوڵ دەکەین کە هیچ یەک لە خواستەکانی خەڵکی ئێران لە راوێژ لەگەڵ سیستەمی دیکتاتۆری ویلایی دا نایەتە دی، بۆیە رەت بوون لە ئەم سیستەمە یەکەم هەنگاو بۆ ئازادی و بەدی هاتنی  ئامانجەکانە بۆ ئازادی. بێشک پرۆسەی رەت بوون ناتوانین بە بێ یەک کۆبونەوەی سیاسی بە دی بێنین، مەگەر ئەوەی کە بمانەوێ لە هێزێکی دیکەی بەدەر لە ئیرادەی نەتەوەیی قسە بکەین. ئەم کۆبونەوە یەکەم لەسەر کام بنیات ئەبێ خۆی پێبگەیەنێت؟ ئایا پێکهاتنەکانی ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە هەوەڵ ئەبێ لەگەڵ بەدیل گەلێکی یەکدەست رێکبخرێت؟ یان دەکرێ لەسەر بنەمای کەمترین رادە لە ئازادی بیر بکرێتەوە کە بەدیل گەلی جۆراوجۆر بتوانن لە پرۆسەیەکدا خۆیان بە هەموو خەڵک بناسێنن؟ ئەم کەمترینانە بۆ کۆبونەوەیەکی سیاسی بە مەبەستی تێپەر کردنی سیستەمی ئێستە تا دامەزراندنی دەوڵەتێکی کاتی دەتوانن چی بن؟

 

ع. ئیلخانیزادە؛

کێشەکە ئەوەیە کە ئەگەر من و ئێوە قبوڵی ئەوە دەکەین کە گەیشتن بە خواستەکانی خەڵک لەگەڵ ئەم سیستەمە توتالیتەرە نامومکینە، بەڵام بەشێکی ئۆپۆزسیۆن لە درێژەی نارەزایی دەربرینەکانی خەڵک لە دوساڵی رابردوودا تێپەڕ بوون لەم سیستەمەیان لە هەنگاوی هەوەڵ دا نەویست و تێکۆشان کە بە جۆرێک لەگەڵ لایەنگرانی مانەوەی سیستەم بۆ دیالۆگ دانیشێت و تەنانەت بۆ ریفۆڕم خوازەکانی ئەم سیستەمە ئەگەرچی نەخوازراو، ئابڕویەکیشیان کۆ کردەوە. پرسێکی تر ئەوەیە کە هەر جۆر لە خەیاڵی رزگارکەری دەرەکی بۆ دامەزرانی دیموکراسی لە ئێراندا مەترسیدارە. یەکەم دەبێت خەڵک و ئەکتەرە سیاسیەکان فەرهەنگی دیموکراسی بە بنەما بگرن و پابەندی بن تا هزری دیموکراسیخوازانە بەدی بێت. ئەوە بەو واتا نیە کە ئۆپۆزسیون چاوی لەسەر کارتێکەریە دەرەکیەکان ببەستێت و بایەخی کەمی پێ بدات. ئەم راستیەی دونیای ئەوڕۆ دەبێ قبوڵ کەین. ئەبێ بتوانین لە پێشدا ئیرادەی سەربەخۆی گەلەکەمان بخەینە روو و بە هیچ نرخێک مەعامڵەی لەسەر نەکەین. ئەمە هێڵێکی سورە کە قەت نابێ بیبەزێنین. کەواتە ئێمە ئەبێ دو کێشە بخەینە بەر باس.

لە ولامی پرسیاری بەدیلی سیاسیەکەتان دا من دەڵێم کە بە هیچ شێوەیەک ناکرێ هەموان لەسەر بەدیلێکی سیاسی هاوڕا بین. ئەبێ قبوڵی کەین کە بەدیلە سیاسیەکان لە سیستەمێکی دیموکراتدا جیاوازن. بەڵام هەموو ئەم بەدیلانە خاڵ گەلێکی هاوبەشیان هەیە. هەمویان ئازادی تەواوی سیاسیان قبوڵە، ئازادی رێکخراوە و ئازادی بەیان بە پێویست دەزانن و بە یەکیەتی و یەکپارچەیی ئێران باوەڕیان هەیە و دیارە لابردنی ستەمی نەتەوایەتی لە ئێرانیان قبوڵە. بە پەیمانە نیو نەتەوەییەکان لە مەڕ مافی ژن و یەکسانی ژن و پیاو ، وەدی هێنانی رێکخراوەکانی کرێکاری و یاساکانی کار و دیفاع و جێبەجێ کردنی جارنامەی مافی مرۆڤ و لە کۆتایی دا ئیرادەی خەڵکی ئەم وڵاتە  لە هەڵبژاردنیکی بە تەواوی دیموکراتیک  و ئەسڵی سەربەخۆیی سیاسی پابەندن و ئەوانە بە ئامانجی خۆیان دەزانن. تەنیا لەسەر ئەم بنەمایانە  لانیکەم دەتوانرێ کۆبونەوەیەکی سیاسی سەرەتایی پێک بهێنریت تا دامەزراندنی حکومەتێکی کاتی. ئەبێ بە بەرفراوانی ئەگەری ئەوە بۆ هەموان بڕەخسێندرێ کە بیر و بۆچوونەکانی خۆیان بڵاو بکەنەوە و بە هەموانی رابگەیەنن و بەدیلی دڵخوازی خۆیان بناسێنن. بەڵام لە کۆتاییدا دەنگی خەڵک بڕیاردەر بێت. ئەبێ بارودۆخێک برەخسێت کە بەدیلە سیاسی کۆمەڵایەتیەکان بتوانن لە سیستەمێکی دیموکراتدا کێبەرکێ بکەن و پێکەوە لە ئیدارەی کۆمەڵگادا بەشدار بن.

 

س.م

دەگەرێینەوە سەر تەوەری کوردستان و خواستەکانی گەلی کورد. چەندین سەدەیە کە گەلی کورد جیابوونەوەیەکی دەروونی و سوکایەتی لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەچێژێت. ئەگەر باوەرمان هەبێت کە نیشتمانی کورد وەکوو قەومێ بنیاتنەری وڵاتێک وەکوو ئێران بووە، ئینجا دەتوانین هەست بە قوڵایی بەرپرسیارەتی ئەخلاقی –سیاسی و تەنانەت مافی ئەو لە لایەن ئێرانی و ئێرانەوە و هەروەها تراژدیای دڵتەزێنی  بوونی داپچڕاوی ئەو بکەین. ئەم داپچڕانە دەرونیە دابەش کردنی یەک نەتەوە یا قەوم لە چوار وڵاتی وەکوو ئێران و عێراق و تورکیە و سوریە و پێداگری لەسەر زەوتی شوناس و مێژوویی ئەو لە لایەن سیستەمە سیاسیەکانی ئەم وڵاتانە ژێرپێ نانی ئاشکرای مافە ئینسانیەکانە کە لەگەڵ خۆی خواست گەلێکیش دێنێت. رەوت و بۆچونێک دروست کردنی وڵاتێک بە ناوی کوردستان بە تەنیا رێگەی دەرباز بوون لەم داپچڕانە دەزانیت. رەوتێکی دیکەش بە قبوڵی راستی ئیمکانی جیا بوونەوەی جوگرافیای سیاسی، بەهرە گرتن لە نەوعێک لە ئۆتۆنۆمی فەرەنگی-سیاسی لە هەر یەکەیەکی وڵاتی تەنیا سیاسەتی مومکین دەزانێت. سەرەتا دەمەوێ بزانم تا چ رادەیەک خواستەکانی نەتەوەی کورد لە چوار پارچەی جوگرافیایی خۆی لە خەباتی ئێوە دا رەچاو دەکرێت؟ و ئەساسەن ئەگەری بەدیهاتنی هەرکام لەم دوو حاڵەتە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ بە رای ئێوە ئێرانی دیموکراتیک و فدڕالێک کە ئێوە خەباتی بۆ دەکەن، لە دواڕۆژی بوونی خۆیدا چ بەرپرسیارەتیەکی ئەخلاقی-سیاسی و بە تایبەت مافی هەیە لە پێوەندی یان سەپاندنی دابڕاوی نێو کوردان و ئەسلەن دەبێ پرسی عالەم گیری کورد  لە خۆیدا پەروەردە و قبوڵ بکات؟

 

ع.ئیلخانیزادە؛

هەموو باسەکان لەسەر نەتەوەکان و بە تایبەت پرسی کورد لە ناوچەکەدا لە یەک کەلام دا لابردنی ستەمی نەتەوایەتی لەسەر ئەو گەلەیە. ئەوان دیانهەوێ لە هەر کوێ هەن بە ئیرادەی خۆیان چارەنوسی خۆیان دیاری بکەن، ئێمە لە سەردەمیک دا دەژین کە نەتەوەکان دەیانهەوێ کە سەرتر لە سنورەکان پێوەندی ئابوری فەرهەنگی و سیاسیان لەگەڵ یەکدا هەبێت. ئەبینین کە لە ئوروپای یەکگرتوودا هەر شارۆمەندێکی ئوروپایی دەتوانێت لە کام وڵاتی ئوروپادا پێی خۆشە کار و ژیان بکات. لە هەمان کاتدا دەیان و سەدان ساڵە کە کوردان لە سوریە و عێراق و تورکیە و ئێران لەگەڵ گەلی ئەوێ و فەرهەنگەکانیان ژیانیان کردووە و پێوەندی ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیاسیان پەیدا کردووە. بە لەبەر چاو گرتنی  رەوتی واقع لە جیهان و راستیەکانی ژیان، گەلی کورد خوازیاری لابردنی ستەمی نەتەوایەتی و جێگیر بوونی ئیرادەی خۆیان بەسەر چارەنوسیاندان. باسی وڵاتێکی یەکگرتووی کوردستان پێکهاتوو لە هەر چوار بەشی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بۆچونێکی گشتی نیە. چاو لێکەن ئێستاکە بیست و سێ وڵاتی عەرەبی بوونیان هەیە و کەسیش خوازیاری یەکگرتنەوەیان لە وڵاتێک دا نیە. مافی سروشتی کورد و هەموو نەتەوە بن دەستەکانی ولاتێکی ترە کە دەوڵەتی خۆیان دابمەزرێنن. بەڵام رەوتی سیاسی جیهانی و راستیەکانی ئێستا و ورەی گشتی بەرەو ئەم لایەنە دەچن کە نەتەوەکانی نێو یەک وڵات بتوانن ئەگەر ستەمی نەتەوایەتیان لەسەر لابدەن لە چوار چێوەی هەمان وڵاتدا بمێننەوە. ئەوڕۆکە لە هەر چوار بەشی کوردستان  حیزبە خاوەن پێگەی جەماوەریەکان و زۆرینەی نزیک بە هەمووی گەلی کورد دروشمی جیابوونەوە و سەربەخۆییان نیە، بێ ئەوەی کە بە نیسبەت دیموکراتیک بوونی مافی خۆیان بێ ئاگا بن . ئەگەر ئازەریەکان لە ئیراندا داوای مافی خاوەندارێتی نەتەوەیی خۆیان دەکەن ئەوە بەو واتایە نیە کە دەیانهەوێ لەگەڵ ولاتی ئازەربایجان ببنە یەکێک. ئەم بۆچوون و لێکدانەوانە ئەگەریش هەبن هەروا کە ئاماژەم پێدا گشتی نیە. بە پێچەوانەوە ئەمە شوینیزمی حاکم و دژبەر لەگەڵ گەیشتنی نەتەوەکان بە مافی خۆیانە کە ئەم بۆچوونە گەورە دەکاتەوە و کۆشش ئەکا کە بیچەسپێنێت کە هەموو داوای جیا بوونەوە لە ئێران دەکەن.

لەمەڕ بەشی کۆتایی پرسیارەکەتان دا ئەبی بڵێم کە بێشک هەموو ئێرانیەکان لەمەڕ چارەنوسی کوردان لە ناوچەکەدا بەرپرسیارەتی مێژووییان لە ئەستۆیە و من خۆشحاڵم بەوەی کە ئاماژەتان دایە ئەو خاڵە هەستیارە. لە دوارۆژی ئێرانی فدڕاڵ و دیموکڕاتدا ئێمە دەبێ پشتیوانی لە مافی کوردان بکەین لە پارچەکانی تری کوردستان دا، بەڵام چارەنوسی کوردان لە بەشەکانی دیکە دەبێ بە دەستی خۆیان بگۆردرێ. کوردستانی فدراڵ بۆ دواڕۆژ لە ئێراندا ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی هەیە کە لە خواستە رەواکانی گەلی کورد و خەباتیان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان پشتیوانی بکات. لە هەمان کاتدا مافی سەربەستی دەنگدان و ئیرادەی کورد لە هەر وڵاتێک دا دەبێ بپارێزرێ. ئێمە لە کوردستانی ئێران خۆمان بە رزگاری هێنەر و قەیمی کوردانی دیکە نازانین، بەڵکوو پشتیوان و پارێزەری مافە ئینسانی و نەتەوەییەکانین. من لەگەڵ ئەم هزرە پان ئێرانیستیەدا نیم کە هەموو کوردەکانی دەرەوەی سنورەکانی ئێران بە ئێرانی دەزانێت و خەونی گەورە کردنەوەی ئێرانی لەسەر دایە. دیومانە لە قۆناغ گەلێکدا بۆ کوردەکانی دەرەوەی سنورەکانی ئێران فرمێسکی درۆیینیان دەرژاند بەڵام نەتەوەی کوردیان لە ناو سنورەکانی خۆیان دا سەرکوت دەکرد. ئێستاش کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ کورد دەکوژێ و لەم دیو لافی هاوڕێیەتی لەگەڵ حکومەتی هەرێم دا لێدەدا. ئەیبینین کە ئەم حکومەتە لە تۆپبارانی سنورەکانی کوردستانی عێراق تا هەناردەکردنی تێرۆریست بۆ ناو هەرێم و خستنی تەنگەژەی ئابوری هەرچێکی لەدەست بێت دەیکات.

کورتی دەکەمەوە، کوردەکان خوازیاری برادەری و یەکیەتی لەگەڵ هەموو نەتەوەکانی دیکەن و ئەمە بە باشترین رێگە دەزانن. بەڵام قەت لە مافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان خۆش نابن و ئەگەر گوێیان بۆ شل نەکەن و درێژەی ستەمی نەتەوایەتی بدەن، سەربەخۆیی و دروست کردنی دەوڵەتی کوردی بە تەنیا ئاڵترناتیوی رەوا بۆ خۆیان دەزانن، هەموو ئەحزابی گرینگی کوردستان چەندین دەیەیە کە بە راشکاوی رایانگەیاندوە کە بە دوای جیابوونەوە دا نین، ئەگەر فەرهەنگی زاڵ لە نێو ئێرانیەکاندا پاراستنی لابردنی ستەمی نەتەوایەتی و نەبوونی ئینکاری شوناسی کورد بێت، بێشک نە تەنیا یەکیەتی گەلانی ئەم وڵاتەیان دابین کردووە و دوارۆژێکی واڵایان دەستنیشان کردووە، بەڵکوو لە ناوچەکەدا پێگەیەکی واڵا وەدەست دێنن و هەتا هەتایە تاجی شانازی لەسەر خۆ دەدەن.

 

دوایین پرسیار؛

نەوەی گەنجی هاوچەرخ لە بەراوردێکدا لەگەڵ نەوەی سیاسی سەردەمی گەنجێتی خۆت چون هەڵدەسەنگێنیت؟ تا چ رادەیەک پێتان وایە دەتوانن بە هێنانە ئارای هزر و بەرنامەی خۆتان لەگەڵ نەوەی ئەورۆدا پێوەندی بگرن؟ نەوەیەک کە تاک بوونەکەی قسە لە حورمەتی ئینسانی ئەو دەکات. نەوەیەک کە تاقەتی فەرمانبردنی لە نێو سیستەمێکی هیرارشیک دا نیە، و دەیهەوێ رۆڵی خۆی، خۆی بیگێرێ. نەوەیەک کە لەگەڵ هەموو هاودڵی و پەیوەست بوون و رێزێک کە بۆ سنورە فەرهەنگی و تەنگەژە شوناس خوازانە نەتەوەیەکەی هەیەتی بەڵام خۆی وەک ئەندامێک لە فەرهەنگی جیهانی دەبینێتەوە و دەیهەوێ لەو ئاستەشدا رۆڵی هەبێت.

 

وڵامی پرسیاری کۆتایی؛

نەوەی لاوی سیاسی سەردەمی ئێمە شەرمن، فیداکار و تا رادەیەک بە نیسبەتی نەوەی ئێستە دوگماتیک بوو. نەوەی گەنجی ئەوڕۆ زۆر زووتر لە سەردەمی ئێمە لەگەڵ نەوەی گەنج لە سەرانسەری دنیا دا پێوەندی دەگرێت. بەڕای من مێشکی پڕپێچ و پەناتر و پانتای ئاواتەکانی بەرفراوانتر و رێگاکانی بۆ خەبات جۆراوجۆرترە. بێشک پرسی گەنجان یەکێک لە پرسە هەرە گرینگەکان لە کۆمەڵگای ئێمەدایە. هەم لەباری رێژەی ژمارەیان ، هەم لەباری توانی ئافراندن و بە کارهێنان و هەمیش بە هۆی پێوەندیەکی چڕ کە لەگەڵ دنیای دەرەوە هەیانە. نەوەی گەنجی کۆمەڵگای ئێرانی خاوەن رۆڵ و بەشێکی زۆر زۆرتر لەوەن کە دراوەتە دەستیان. زیادی دەکەم کە گەنجانی ئێمە بە توندی ئاوات و ئارەزوەکانیان سەرکوت کراوە و لە رێگەی یاسا و سیستەمی حاکمەوە سوکایەتیان پێ کراوە. ئەم راستیانە ئێمە بەو ئاکامە دەگەیەنێت کە گەنجانی ئێمە رقێکی لە دڵدا راگرتووی گەورەیان پێیە و خواستی گۆڕان و روخاندن و نافەرمانی لەواندا بە  رێژەیەکی زۆر هەیە. لە روانگەی منەوە ئاواتی گۆڕانی دنیا لە گەنجی ئێرانیدا دەتوانێت بنەمایەکی گرینگی ئاوەدان کردنەوە بێت. شکم نیە کە پەرەپێدانی پێوەندیەکان لەگەڵ نەوەی گەنجی جیهانی نە تەنیا پابەند بوون بە شوناسی نەتەوەیی ئەوانی کەم نەکردووەتەوە و نایکات، بەڵکوو هەر بەو جۆرە کە ئێوەش ئاماژەتان پێدا بە توندی دەیانەوێ نوێنەرایەتی گەلی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و وێنەی سازکراوی گەنجی ئێرانی لە مێشکی خەڵکی دنیادا بگۆڕن. لە سەروبەندی نارەزەایی دەربڕینەکانی دوساڵ لەمەو پێش دیتمان کە چ هێزێکی داهێنان و دلێریەک لە گەنجانی ئێمە  وەدەرکەوت. پیشانیاندا کە بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی بڕێک کەس، نەوەیەکی سیاسی و خاوەن هزرن. ئێمە ناچارین کە هەم وەکوو حیزب و هەم وەکوو چالاکێکی سیاسی گوێ بدەینە هاواری گەنجان و بیر و شێوەکارەکانی ئەوان لە چالاکیەکانماندا رەنگ بداتەوە، ئەگینا ئێمەش لە رابردوودا و لەگەڵ نوستالۆژیا دەژین. ئەمە بۆ ئێمە و کەسانی وەک ئێمە  مەترسیدار و پڕ زیان دەبێت. هەر بەو هۆیە بەڵێ ئێمە هەوڵ دەدەین حیزبی لاوانی کوردستان بین و ئیرادە و نوێخوازی ئەوان لەگەڵ ئەزموونی خەباتکارانەی نەوەی رابردوو تێکەڵ کەین تا بتوانین وڵامدەری پێداویستیەکانی قۆناغی نوێی خەباتی خەڵکی کوردستان بین. ئەمەش بە دیالۆگی راشکاوانە و رەخنەگرانە لەمەڕ رابردوو و رێگەی داهاتوو دەکرێ.

 

Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS

نووسینی روانگه

داخراوه