12:08 pm - Saturday 19 May 2012

ئێران لە گەمارۆى بازنەى نێودەوڵەتیدا

وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 2 شه‌م Dec 19, 9:55 am

رەزا ئەمینى

باکگراوەندەکانى سەر هەڵدانى ئێرانێکى ئەتۆمى‌و شیکردنەوەى، دیاردەیەکى مەترسیدارو چەکدارى وەک “کۆمارى ئیسلامى ئێران” هەنووکە خوێندنەوەیەک، بە بارستایی تێداچوونى هەڵدەگرێ.

کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەناوى جیهانى دوو جەمسەریی، لە سەر بنەماى هاوکێشەیەکى سیاسى‌و ئابوورى دژبەیەکدا، بە کەڵک وەرگرتن لە تەنگەژە نێو دەوڵەتییەکانى ئەم قۆناغە، دامەزرانى ئیمپریالیزمى ئیسلامى کردە، فانتازیاى کاراکتێرە شەرئەنگێزەکانى خۆى‌و ئێستا بە مەترسى کاوڵکاریى شارستانییەت پێناسە هەڵدەگرێ.

بونیاتنەرانى بیرۆکەى زێدەخوازى ئایینى، لە گەڵ گەیشتنە دەسەڵاتیان، ژێستى ئۆتۆنۆمییان گرت‌و بێ لایەنیان لە ئاست یارییە سیاسیەکانى، زلهێزە نێو دەوڵەتیەکانى ئەو کات نواندو دروشمى بۆشى ” نەشەرقى ، نەغەربى، جمهوورى ئیسلامى” یان چڕى. بنەماکانى ئەم دروشمە بریقەدارو نێوبەتاڵە لە پراکتیکدا، واتە لە هاوسەنگییە سیاسیەکانى هەرێمى‌و نێو دەوڵەتى، بێ نێوەرۆک بوونى وەروودەخست‌و پتر لە شانتاژێکى پیاوە دەسەڵات نەدیتوەکانى تاران دەچوو کە سەرمەستى سەرکەوتنێکى دوور لە خولیا، بەرەو خەنەییترکردنى خەون‌و خەیاڵەکانیان، ئەسپى تۆرى دەسەڵاتیان لینگ دەدا. لە هەناوى دروشمى ئاماژە بۆکراو دا سروشتى سیاسى‌و فەلسەفەى بناژۆخوازى ئاسمانى خۆى مەڵاس دابوو، کارەساتى هەناردنى شۆڕشى ئیسلامى بۆ دەرەوەى سنوورەکانى ئێران چرکەژمێرى بۆ دەکراو بەردى بنا‌غەى سیاسەتى نێودەوڵەتى کۆمارى ئیسلامى لە سەر رسکا.

رەوتى رووداوەکانى پاشتر، بە تایبەتى هەڵگیرسانى شەڕى ئێران‌و عیراق ( خەرمانانى 1359 – گەلاوێژى 1367) گرینگترین لەمپەرى دەسڕاگەیشتن بە خولیاى دامەزراندنى ئیمپراتۆرى ئایینى بوو کە ئیستراتێژیستەکانى ئێران، بۆ مەودادارتر کردنى شەڕ هەوڵیان دەدا. بۆیە پێویستیان بە کۆمەڵێک پەیوەندیى نێو دەوڵەتى بۆ دابین کردنى لۆجستیکى شەڕ هەبووو رۆژئاواش بۆ قاڵکردنەوەى کەرەسە سەربازییەکانى نەیدەتوانى چاو لە بازاڕى گەرمى ئێران بپۆشێ. دوو فاکتۆرى کریاڕو فرۆشیارى کەلو پەلە جەنگییەکان، ئاکامەکەى پڕچەک بوونى ئێران‌و راژانى دراوەکانى ئێران بۆ لایەنەکانى سات‌و سەوداچى بوو.

 ئاکامى سیاسەتى بەرژەوەندیخوازیى رۆژئاواییەکان پەرەگرتنى بیرۆکەى زێدەخوازى کۆمارى ئیسلامى بوو، کە دەستى دەخستە ناو کۆمەڵێک پرسى نێو نەتەوەیی‌و پەرەى بە توندو تیژیی‌و تیرۆرى نێو دەوڵەتى‌و داڵدەى لایەنە گێرە شێوێنەکان، دەدا.

رمبازێنى زلهێزە نێو دەوڵەتییەکان لە بازاڕى چەورى ئێرانداو بەرژەوەندى خوازیى ئابووریى رۆژئاوا، کە بە سانایی دەستیان بە سەر سەرچاوەکانى داهاتى ئێران رادەگەیشت. بە تەنیا بەرژەوەندیى بۆ ئەوان بە شوێنەوە نەبوو، بەڵکوو کۆمارى ئیسلامیشى پڕچەکتر دەکردو دیاردەیەکى دەهێنایە بەرهەم کە هەنووکە بە قەیرانى مەترسیدارى ئێرانى ناوکى ناوزەد کراوە.

راستە رۆژئاواییەکان بە پارێزەوە سات‌و سەوداى چەکیان لە گەڵ رژێمى تاراندا کرد، بەڵام رووسیەى دواى هەرەسهێنانى بەرەى رۆژهەڵات، وەک لایەنێکى بازرگانى لە گەڵ ئێران چەشنێکى جیاوازتر هەڵسوکەوتى کردو ئەگەر رۆژئاواییەکان لە بەرژەوەندییان دا نەبوو کەرەسەکانى سازکردنى چەکى ناوکى بە ئێران بفرۆشن، رووسیە بە نەهێنى‌و ئاشکرا دەستى لەو بازرگانییەش نەپاراست‌و بۆ بەرژەوەندیى ئابووریى داڕووخاوى خۆى زانیاریى ناوکى دا بە ئێران‌و ئەمەش بوو بە هۆکارى گازندەى رۆژئاواییەکان‌و لە گەڵ ئاشکرا بوونى کۆمەڵێک بازرگانى ناوکى، رژێمى تاران دەستى بە پاکانە کردو بۆ چەواشە کردنى کۆمەڵگاى نێو دەوڵەتى رایگەیاند:” ئامانجیان لە بازرگانى ناوکى ئاشتیخوازانەیەو دیانهەوێ وزەى ناوکى بە مەبەستى ئاسایش‌و ئاوەدانى بە کار بێنن “!

سیاسەتى بەرژەوەندى پارێزى رۆژئاواییەکان‌و ستراتێژى نیزامى کۆمارى ئیسلامى کە لە راستاى شەڕخوازىدا هەنگاوى دەنا وەک دوو بابەتى پێک ناکۆک تا کۆتاییەکانى مانگى پێشووى زایینى، لە سەر تەوەرى دڵەراوکێى رۆژئاواییەکان‌و چڕ کردنەوەى هەڵسووڕانە ناوکییەکان بە هۆى دەسەڵاتدارانى ئێران درێژەى کێشا. بەڵام دوایین راپۆرتى ئاژانسى وزەى ناوکى رۆژئاواییەکانى، وەخۆ هێنایەوە کە کۆمارى ئیسلامى جێگاى متمانە نییەو لە ئەگەرى دەسڕاگەیشتنى بە چەکى ناوکى دەبێتە مەترسى بۆ سەر هەموو جیهان‌و ئیتر لە دۆخێکى وا هەستیاردا بابەتێک بە ناوى بەرژەوەندیى وەک پێشوو مانا ناکرێتەوە. بۆیە بە شوێن راپۆرتەکەى ئاژانسى وزەى ناوکى گەڵاڵەى ئابلۆقەخستنە سەر ئێران‌و سەپاندنى سزا نێو دەوڵەتییەکان بە خەستى قسەو باسى لە سەر کراو دوو جەمسەرى رۆژئاواو ئەمریکا لە لایەک‌و شووراى نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەکى تر، هەوڵى داسەپاندنى سزاى کاریگەرتریان بۆ سەر ئێران دا.

بە هۆى سیاسەتى میلیشیایی کۆمارى ئیسلامى‌و مەترسیدار بوونى ئێرانێکى ناوکى بۆ سەر کۆمەڵگاى نێو نەتەوەیی، هەنووکە یەکێک لە لایەنە بازرگانیەکانى ئێران واتە ئینگلیس کەوتووەتە جموجۆڵ‌و پاش بە ئاکام نەگەیشتنى دیپلۆماسى نهێنى لە گەڵ ئایینسالارەکانى ئێران دوو لایەن، پشتیان لە باگراوەندەکانى بەرژەوەندى خۆیان کردو بەم چەشنە کۆمارى ئیسلامى بە تەواوى کەوتە نێو قەیرانێکى چڕتر لە هەر دەمێک.

هەنووکە کۆمارى ئیسلامى ئێران، ئیتر زلهێزیکى نێو دەوڵەتى بە پشتەوە نەماوەو لە ژێر گوشارى توندى سێ گۆشەیەکى جیهانیدایە. کە ئورووپاو ئەمریکا لایەک‌و کۆمەڵگاى نێو نەتەوەیی لایەکى ترو وڵاتانى ناوچەى رۆژهەڵاتى نێوەراستیش بەشى سێهەمى ئەم سێ گۆشەیەن کە کۆمارى ئیسلامییان لە گەڵ قەیرانێکى مەرگهێنەر بەرەوڕوو کردووە.

 لایەنە بەرژەوەندیخوازەکانى پێشوو ویناچێ بە نرخى چەکدار بوونى ئێران بە چەکى ناوکى ئیتر ئامادەى سات‌و سەوداى بازرگانى لە گەڵ ئێراندا بن. بۆیە ئێران هەمو هاوپەیمانە ناوچەیی‌و جیهانییەکانى لە دەست داوە. بێ گومان ئەگەر تا هەنووکە، ئینگلیس لەنگەرێکى بۆ مانەوەى کۆمارى ئیسلامى راگرتبوو، دەستى لە هاوکاریکردنى ئێران شل بۆتەوەو برینەکانى شەڕى دیپلۆماسى ئەم دواییانەش وا بە سانایی سارێژ نابنەوەو رووسیەش ناتوانێ چیتر درێژە بە پاراستنى بەرژەوەندییە ئابوورییەکانى خۆى لە گەڵ تاران بدا. بۆیە دەسەڵاتى ئێران لە هەر دەمێک زیاتر تەریک کەوتووەتەوەو هیچ سیاسەتێکى چەواشەو درۆ ناتوانێ بۆ ماوەیەکى پڕ مەودا لە خزمەت بەرەو پێشچوونى مانەوەى کۆمارى ئیسلامى ئێراندا بێ.

Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS

نووسینی روانگه

داخراوه