هه‌ست به‌و زوڵمه ناكه‌ن كه له‌كورد ده‌كرێت
وه‌شانگه‌ر رزگار - 5 شه‌م Jan 21, 5:41 pm
له‌م ماوه‌یه‌دا شه‌پۆلێك ناڕه‌زایه‌تی سه‌باره‌ت به‌ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان شاره‌كانی ئێرانی گرته‌وه‌و تا ئێستاش به‌رده‌وامه، ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه به‌بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز ناسراوه، بۆ زانیاری زیاتر‌و كۆمه‌ڵێك مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزی ئێران، رێگا مه‌گه‌زین دیدارێكی له‌گه‌ڵ (جه‌لال ناوه) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان سازدا.
رێگا مه‌گه‌زین: ئایا ئه‌م كێشانه‌ی كه له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هاته ئاراوه، شه‌ڕی نێو خۆی ده‌سه‌ڵات نییه له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی رژێمی ئیسلامی ئێرانه‌وه؟
جه‌لال ناوه: بێگومان ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی كوده‌تاو باڵی پاوانخوازی رژێمه‌وه، شه‌ڕی نێوان باڵه‌كانی كۆماری ئیسلامی بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات په‌ره‌پێدا، ته‌نانه‌ت رژێم له‌درێژه‌ی سه‌ركوتی بێ به‌زه‌یی‌و دڕندانه‌ی ئاخێزه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی خه‌ڵكی ناڕازی، به‌ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستی دایه گرتن‌و زیندانیكردنی كه‌سایه‌تییه سه‌ره‌كی‌و ناسراوه‌كانی باڵی به‌ناو ریفۆرم خوازی نێو ده‌سه‌ڵات‌و سوكایه‌تی‌و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌پاڵیوراوه موعته‌ریزه‌كان كه به‌درێَژایی مێژووی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی هه‌م (مووسه‌وی)و هه‌م (كه‌ڕووبی)ش له‌كه‌سایه‌تییه سه‌ره‌كی‌و پله‌و پایه‌داره‌كانی رژێم بوون‌و ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا ئه‌و راستییه‌ی هه‌م بۆ خه‌ڵك‌و هه‌م ته‌نانه‌ت بۆ باڵی ریفۆرم خوازی نێو ده‌سه‌ڵات ده‌رخست كه‌باڵی پاوانخوازی رژێم به‌هیچ كام له‌بنه‌ماڵه‌كانی دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ پابه‌ند نییه‌و له‌پێناو مانه‌وه‌و درێژه‌دان به‌ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌ست له‌هیچ چه‌شنه سه‌ركوت‌و بێ مافییه‌ك ته‌نانه‌ت له‌ئاست كه‌سه‌كانی خۆی ناپارێزێت، ئه‌مه‌ش خه‌ڵكی ناڕازی به‌ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یاند كه‌ڕژێمی كۆماری ئیسلامی به‌گۆڕان نه‌بێت قه‌ت هیچ چه‌شنه ریفۆرمێك به‌خۆیه‌وه نابینێت‌و ته‌نیا شتێك كه به‌لایه‌وه گرینگ نییه، ده‌نگ‌و خواستی خه‌ڵكه. ئه‌م راستییه بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌خه‌ڵكی تینووی ئازادی ئێران كه‌سه‌ره‌تا به‌مه‌به‌ستی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان هاتبوونه سه‌رشه‌قامه‌كان‌و خوازیاری ده‌نگه دزراوه‌كانیان بوون، سنووره سووره‌كان ببه‌زێنن‌و له‌خۆپیشاندانه‌كانیاندا درووشمی ئیستقلال، ئازادی، جمهووری ئێرانی بده‌ن، مووسه‌وی‌و كه‌ڕووبیش كه‌نوێنه‌رایه‌تی باڵی ریفۆرم خوازی رژێم ده‌كه‌ن له‌م شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته‌داو له‌هه‌ڵوێسته‌كانیاندا ده‌ریان خست كه‌باڵی ریفۆرم خوازی ده‌سه‌ڵاتیش مانه‌وه‌ی گرێ دراوه به‌مانه‌وه‌ی رژێم‌و باوه‌ڕی ته‌واویان هه‌یه به‌قانوونی ئه‌ساسی رژێم‌و به‌هیچ چه‌شنێك وه‌كوو مووسه‌وی وتی: رازی نه‌به یه‌ك وشه كه‌مترو نه‌یه‌ك وشه زۆرتر له‌كۆماری ئیسلامی نین‌و ئه‌م شه‌ڕه‌یان شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته، نه‌به‌دیهێنانی خواست‌و مافه‌كانی خه‌ڵكی ئێران. رێگا مه‌گه‌زین: ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی كه‌پاش هه‌ڵبژاردنه‌كان روویداو به(بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز) ناسرا، به‌بڕوای ئێوه بزووتنه‌وه‌یه‌كی دیموكراتیكانه‌یه؟ جه‌لال ناوه: هه‌روه‌ك بۆ خۆشتان ئاگادارن دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ركۆمار له‌ئێران، شه‌پۆلێك له‌ناڕه‌زایه‌تی هاته ئاراوه، ئه‌م جه‌ره‌یان ناڕازییه كه‌خۆی به‌ناوی (موج سبز) جه‌ره‌یانی سه‌وز ناساند له‌پێشدا به‌ناڕه‌زایه‌تی به‌ئاكامه‌كانی هه‌ڵبژاردن هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان داوای هه‌ڵبژاردنی دووباره‌یانكرد. ئه‌وان پێیانوابوو كه‌ئه‌مه كوده‌تای ئینتخاباتییه كه‌باڵی ده‌سه‌ڵاتی پاوانخواز هێناویه‌تییه ئاراوه كه به‌ڕاستیش وابووه. باڵی ده‌سه‌ڵات كوده‌تایان كرد بۆیه كاتێك كه‌هاتنه سه‌رشه‌قامه‌كان به‌م درووشمه‌وه هاتن (رای من‌و پس بدید) له‌وه‌ڵامی خۆپیشاندانه ئارامه‌كه‌ی خه‌ڵكی ناڕازی دژ به‌ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، هێزه سه‌ركوتكه‌ره‌كان خه‌ڵكێكی زۆریانگرت، زۆر كه‌سیان كوشت‌و ته‌نانه‌ت له‌زیندان ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاری جنسی كران له‌زیندانی (كه‌هریزه‌ك). ئه‌م كاره نامرۆڤانانه له‌هه‌موو جیهان ده‌نگی دایه‌وه‌و، دواتریش خامنه‌یی رێبه‌ری رژێمی ئیسلامی بڕیاری داخستنی دا، زۆرێك له‌خه‌ڵكی گیراویان هێنا له‌دادگای فه‌رمایشیدا دادگایی كران‌و حوكمی قورسیان به‌سه‌ردا سه‌پا، رژێم پێی وابوو ئه‌م كارانه ده‌توانێت خه‌ڵك بێ ده‌نگ بكات، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه خه‌ڵك به‌ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی خۆیان درێژه‌یاندا، ته‌نانه‌ت ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه كێشایه ئه‌و شوێنانه كه‌ڕژێم وه‌ك تریبوونی خۆی كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرێت، له‌نوێژی هه‌ینی تاران كه(ره‌فسه‌نجانی) له‌خوتبه‌كه‌یدا ناڕه‌زایه‌تی خۆی ده‌ربڕی، ئه‌م جاره خه‌ڵك درووشمی مه‌رگ بۆ دیكتاتۆریان هه‌ڵبڕی، ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه به‌مه‌ش ته‌واو نه‌بوو، خه‌ڵك له‌هه‌موو رێوڕه‌سمه حوكمی‌و ناحكومییه‌كان بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی دژ به‌حكومه‌ت كه‌ڵك وه‌رده‌گرێت، خه‌ڵك بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین دژ به‌حكومه‌ت له‌ڕۆژه‌كانی (قودس، 13ی خه‌زه‌ڵوه‌رو 16ی سه‌رماوه‌رز)، وێنه‌ی خامنه‌یی‌و ئه‌حمه‌دی نه‌ژادیان ئاگردا، ئه‌م فاكتۆرانه نیشان ده‌دات كه‌هه‌تا دێت ئه‌م جه‌ره‌یانه رادیكاڵتر ده‌بێت، ئه‌م بزووتنه‌وه خه‌ڵكییه نیشانی‌دا كه‌ئیتر له‌تاران نییه‌و له‌ڕۆژانی رابردووه‌وه له(16ی سه‌رماوه‌رز) نیشانیاندا، (16)ی سه‌رماوه‌رز له‌مه‌شهه‌د، ئه‌سفه‌هان، سنه، ئه‌راك، ره‌شت، شیراز، ورمێ‌و ئه‌هواز سه‌ره‌رای هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ی هێزه سه‌ركوتكه‌ره‌كانی سوپای پاسداران‌و هێزی ئینتزامی، خۆپیشاندانی گه‌وره له‌دژی رژێم له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات هاته ئاراوه.
رێگا مه‌گه‌زین: بۆچی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز هه‌موو ناوچه‌كانی ئێرانی نه‌گرته‌وه؟
جه‌لال ناوه: دیاره ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه كه به‌بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز ناوبانگی ده‌ركرد، خۆی له‌خۆیدا درێژه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌كی ماف خوازانه‌یه كه به‌درێژایی مێژووی (30) ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی خۆی له‌بزووتنه‌وه‌كانی ژنان‌و خوێندكاران‌و كرێكاراندا خۆی نواندووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه له‌ده‌ستپێكدا به‌مه‌به‌ستی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو، بۆیه نه‌یتوانی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی ئێران‌و چین‌و توێژه جۆراوجۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بگرێته‌وه، به‌ڵام دواتر‌و له‌درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان‌و رادیكاڵ بوونه‌وه‌ی درووشمه‌كان، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ورده ورده ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه‌و سه‌رجه‌م چین‌و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان خواسته‌كانیان له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا ده‌بیننه‌وه، ئێستا ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ته‌نیا به‌تارانه‌وه قه‌تیس نه‌ماوه‌و باقی ناوچه‌كانیشی گرتۆته‌وه‌و (16)ی سه‌رماوه‌رزی ئه‌مساڵ له‌زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شاره‌كانی ئێران‌دا شاهیدی خۆپیشاندانی دژ به‌حكوومه‌ت بووین‌و ده‌توانین بڵێین كه‌بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی‌و ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی ئێران، ورده ورده خه‌ریكه هه‌موو ناوچه‌كانی ئێران ده‌گرێته‌وه.
رێگا مه‌گه‌زین: له‌سه‌ره‌تادا درووشمی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو، به‌ڵام دواتر درووشمه‌كانیان گۆڕی، هۆكاری گۆڕینی ئه‌م درووشمانه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه چی بوو؟
جه‌لال ناوه: له‌ڕاستیدا درووشمی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌سه‌ره‌تادا، له‌سه‌ر ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو، به‌ڵام رووبه‌ڕوو بوونه‌ی دڕندانه‌و سه‌ركوتكه‌رانه‌ی رژێم له‌گه‌ڵ خواستی ره‌واو دیموكراتییانه‌ی خه‌ڵك، خه‌ڵكی به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یاند كه ئه‌م رژێمه به‌هیچ چه‌شنێك ده‌نگ‌و مافه ره‌واكانی خه‌ڵكی له‌لا گرنگ نییه، هه‌ر بۆیه زۆر به‌خێرایی درووشمه‌كان له‌لایه‌ن خه‌ڵكی تینووی ئازادی‌و دیموكراسی ئێرانه‌وه گۆڕاو سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاتی گرته‌وه. درووشمه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌گرفتی خه‌ڵكی ئێران هه‌ژاری‌و بێكاری‌و نه‌بوونی سیستمێكی ئازاد‌و دیموكراتیكه، نه‌ك ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد یان موسه‌وی، به‌گشتی خه‌ڵك خوازیاری گۆڕان‌و له‌ناوچوونی رژێمی كۆماری ئیسلامین.
رێگا مه‌گه‌زین: هاشمی ره‌فسه‌نجانی یه‌كێك بوو له‌باڵه به‌هێزه‌كان دژ به‌ئه‌حمه‌دی نه‌ژادو خامه‌نه‌یی، بۆچی ئێستا خامه‌نه‌یی به‌هێمای یه‌كێتی رژێم‌و ئێران ده‌زانێت؟
جه‌لال ناوه: ئه‌وه‌ی دیاره هاشمی ره‌فسه‌نجانی به‌درێژایی مێژووی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی یه‌كێك له‌سه‌ره‌كیترین كه‌سایه‌تی‌و مۆره‌كانی ده‌سه‌ڵات بووه‌و مافیای ئابووری له‌ئێران به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ده‌ستی خۆی‌و بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه بووه‌و هۆكاری دژایه‌تیكردنیشی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، به‌هۆی له‌قاودانه‌كانی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، سه‌باره‌ت به‌خۆی‌و كوڕه‌كانی‌و بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه بوو، هه‌رچه‌نده ئه‌مڕۆ له‌و قه‌یرانه‌دا كه‌سه‌رجه‌م رژێمی گرتۆته‌وه‌و به‌ره‌و فه‌وتان‌و له‌ناوچوونی ده‌بات، ره‌فسه‌نجانی ده‌وری ئۆپۆزیسیۆن ده‌بینێت، به‌ڵام هیچ گومانێكی تێدا نییه كه ره‌فسه‌نجانی مانه‌وه‌ی خۆی له‌مانه‌وه‌و درێژه‌ی ژیانی رژێمدا ده‌بینێت‌و له‌ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییانه‌شداو له‌شه‌ڕی نێوان باڵه‌كانی نێوده‌سه‌ڵات، ده‌یویست له‌سه‌ره‌تادا له‌لایه‌كه‌وه ده‌وری یه‌ك خستنه‌وه‌ی باڵه‌كان بگێڕێت‌و له‌لایه‌كی تره‌وه پێگه‌یه‌ك بۆخۆی له‌نێو خه‌ڵكی ناڕازیدا ده‌سته‌به‌ربكات، به‌ڵام هێرشی به‌ربڵاوی باڵی پاوانخوازی رژێم له‌ڕۆژنامه‌و راگه‌یاندنه‌كاندا بۆ سه‌رخۆی‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌و تاوانباركردنی به‌هاندان‌و خه‌تدان به(مووسه‌وی‌و كه‌ڕووبی‌و خاته‌می)و باڵی ریفۆرمخوازی نێو ده‌سه‌ڵات‌و گۆڕانی ئاڕاسته‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان‌و خۆپیشاندانه‌كان، په‌یبردن به‌و راستیه‌یه كه‌ئیتر ته‌نانه‌ت سه‌ركوتی دڕندانه‌و زیندان‌و ئه‌شكه‌نجه‌ش ناتوانێت وڵامده‌ره‌وه بێت، ره‌فسه‌نجانی هێناوه‌ته سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته كه‌ده‌بێت هه‌موو هێزی خۆی بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و رژێمه بخاته‌گه‌ڕ.
رێگا مه‌گه‌زین: بۆچی له‌میدیاكاندا گیراوه سیاسییه‌كان به‌گیراوی سیاسی ئه‌ژمار ناكرێن‌و ته‌نیا به‌ناوی گیراوانی (ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌م دوایانه) ناویان لێ ده‌به‌ن؟
جه‌لال ناوه: رژێمی كۆماری ئیسلامی به‌درێژایی (30) ساڵی رابردوو، به‌رده‌وام هه‌بوونی زیندانیی سیاسی له‌زیندانه‌كانی خۆیدا ره‌ت كردووه‌ته‌وه‌و ئه‌مه شتێكی تازه نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه له‌دادگا نمایشییه‌كانی كه له‌ته‌له‌فزیۆنی ره‌سمی ئێرانه‌وه بڵاویكرده‌وه‌و تاوانی سه‌ره‌كی گیراوه‌كانی به‌تاوانی هه‌وڵدان دژ به‌ئه‌منیه‌تی میللی راگه‌یاند كه‌ئه‌مه بۆ خۆی تاوانێكی سیاسییه.
رێگا مه‌گه‌زین: له‌پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ئێران حزبی دیموكراتی كوردستان‌و پارتی ئازادی كوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ كه‌ڕوبی راگه‌یاندو له‌دوایین لێدوانی حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا باس له‌دورستی هه‌ڵوێستی خۆیان ده‌كات؟
جه‌لال ناوه: به‌بڕوای من رووداوه‌كانی دوای نمایشی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماریی ئه‌وه‌ی به‌باشی ده‌رخست كه‌وه‌ها لێكدانه‌وه‌یه‌ك دروست‌و گونجاو نه‌بوو. رێگا مه‌گه‌زین: هاوكات له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كانی ناوه‌ندی ئێران (عه‌بدوڵڵا موهته‌دی) سكرتێری حزبی كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانی ئێران داوای له‌خه‌ڵكی كوردستان كرد بۆ پاڵپشتی بۆ پشتیوانی له‌ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بڕژێنه سه‌ر شه‌قام، به‌ڵام له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه بێ وه‌ڵام مایه‌وه، هۆكاره‌كه‌ی چی بوو؟ جه‌لال ناوه: داواكردن له‌خه‌ڵكی كوردستان بۆ مانگرتن‌و ئیعتراز كردن به‌كۆماری ئیسلامی هیچ كارێكی خراپ نییه، به‌ڵكوو كارێكی باشه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌حزبێكی رۆژهه‌ڵات ئه‌و هه‌وڵو تێكۆشانه بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی حزبه كوردییه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌داخوازی فۆڕمێكی نه‌ته‌وایه‌تی كه‌خه‌ڵكی كورد بكات به‌خاوه‌نی زمانێكی هاوبه‌ش كه‌داخوازییه‌كانی خۆی به‌ده‌ستبهێنێت، لێی نابیندرێت‌و به‌ته‌نیا داواكردن له‌خه‌ڵكی كوردستان بۆ مانگرتنی سه‌راسه‌ری، ئه‌مه تائێستا له‌ڕوانگه‌و زاویه‌ی به‌رته‌سكی حزبایه‌تییه‌وه‌یه، هێشتا له‌م زاویه‌وه چاولێكردنه له‌بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێرانه‌ی خه‌ڵكی كورد، وه ئه‌م كاره جگه له‌خۆ مه‌تره‌حكردن به‌تاك‌و وه‌دیهێنانی مه‌نفه‌عه‌تی حزبی، شتێكی تری لێ به‌دی ناكرێت، من پێموایه ده‌وری خۆ قه‌دیسكردن‌و ته‌نیا له‌مه‌نفه‌عه‌تی حزبییه‌وه چاو لێ‌كردن له‌شۆڕش‌و بزووتنه‌وه به‌سه‌ر چووه، من پێموایه كه‌حزبه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵات ئیختلاف‌و بیركردنه‌وه‌ی جۆراوجۆریان هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌رفه‌تێكی وا پێك نه‌هاتووه كه‌ئه‌م جیاوازی بیركردنه‌وه جۆراوجۆره به‌شێوه‌یه‌كی مه‌عقول‌و دروست رێكخرێت كه‌هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان لێی تێبگات.
رێگا مه‌گه‌زین: ئایا ده‌رچوون‌و به‌ڕێوبردنی حوكمی ئیعدامی ئه‌م دوایانه له‌كوردستان، په‌یوه‌ندی به‌بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی پاش هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌یه؟
جه‌لال ناوه: دیاره په‌یوه‌ندی هه‌یه كه‌كۆماری ئیسلامی ده‌یه‌وێت به‌ڕێگای ئیعدام له‌كوردستان، خه‌ڵكی ئێران چاوترسێن بكات، پێیان بڵێت كه‌هێشتا ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه، هه‌ركات بیه‌وێت ده‌توانێت خه‌ڵك سه‌ركوت بكات. رژێمی كۆماری ئیسلامی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنییه‌وه، كوردستانی وه‌كوو ناوچه‌یه‌كی ته‌واو ئه‌منییه‌تی‌و مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆی چاولێكردووه، به‌رده‌وام ئه‌مه‌شی كردۆته بیانوویه‌ك بۆ میلیتاڕیزه‌كردنی شاره‌كانی كوردستان‌و گرتن‌و سه‌ركوت‌و ئیعدامی شارومه‌ندانی كورد، له‌م رێگایه‌وه ویستوویه‌و ده‌یه‌وێت خه‌ڵك چاوترسێن بكات.
رێگا مه‌گه‌زین: به‌گشتی پێگه‌ی كورد له‌بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی ئێران‌دا چۆن ده‌بینیت؟
جه‌لال ناوه: خه‌ڵكی كورد‌و بزووتنه‌وه‌ی كوردستان ده‌بێت بتوانێت ده‌ست‌و پێوه‌ندی چاك له‌گه‌ڵ ئه‌م بزووتنه‌وه بگرێت. ئه‌زموونی خه‌ڵكی كورد له(30)ساڵی رابردوودا ده‌توانێت هه‌وێنی باش بێت بۆ خه‌ڵك‌و له‌ڕادیكاڵ بوونیدا كاریگه‌ری هه‌یه، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌توانێت رێگایه‌ك بێت بۆ ئه‌وه‌ی داخوازییه‌كانی خۆی تێدا بنوێنێت‌و حه‌قخوازی خۆی به‌هه‌موو میلله‌ته‌كانی ئێران بناسێنێت، له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ش له‌به‌رچاوبگرین كه له‌ئێرانی داهاتوودا ئێمه له‌گه‌ڵ دوو نه‌ته‌وه (فارس‌و تورك) كه له‌ڕابردوودا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بوون‌و زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی دسه‌ڵات‌و بڕیاردانیان به‌ده‌سته‌وه بووه، ڕووبه‌ڕوو بووینه‌ته‌وه، بۆیه پێویسته نه‌ته‌وه‌ی كورد بۆ ئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا بتوانێت له‌گۆڕه‌پانی سیاسی ئێران‌دا رۆڵی به‌رچاو بگێڕێت‌و وه‌زنی هه‌بێت، ده‌بێت ویست‌و داخوازییه‌كانی خۆی به‌باشی به‌نه‌ته‌وه‌كانی تر بناسێنێت، ئه‌گه‌رچی زۆرێك له‌خه‌ڵكی كورد داخوازییه‌كانی عه‌ینی‌و حه‌قیقییه، به‌ڵام ناتوانین بڵێین كه‌هه‌موو خه‌ڵكی ئێران هه‌ست به‌و زۆڵم‌و زۆره ده‌كه‌ن كه‌به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكی كورد ده‌كرێت.
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS


(No Ratings Yet)