12:12 pm - Saturday 19 May 2012

راگەیاندنی دەبیرخانەی کۆمەڵە سەبارەت بە تۆمەتە بێ بنەماکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی کۆمەڵە

وه‌شانگه‌ر رزگار - 5 شه‌م Nov 04, 1:24 pm

راگەیاندنی دەبیرخانەی کۆمەڵە سەبارەت بە تۆمەتە بێ بنەماکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی کۆمەڵە


کاناڵی تەلەویزیۆنی پرێس تی ڤی سەر بە رژیمی کۆماری ئیسلامی کە بە زمانی ئینگلیسی بڵاو دەبێتەوە، لە زاری وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئیددعای ئەوەی کردووە کە چوار کەس بە وتەی ئەوان،تیرۆریستیان دەسبەسەرکردووە کە لەگەڵ کەسێک بە ناوی جەلیل فەتاحی دانیشتووی وڵاتی ئینگلیس پێوەندیان بووەو ئەم کەسانە لە تیرۆرو کوشتنەکانی دوو ساڵ لەمەوپێش دەستیان هەبووە. وەزارەتی ئیتلاعات‌و‌ کاناڵی ئینگلیسی زمانی پرێس تی ڤی بۆ چەسپاندنی ئەم سیناریۆی خۆیان، کەسانی دەسبەسەرکراویان بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ وڵاتی ئینگلیس تاوانبار کردووە‌و‌ هەروەها رایگەیاندووە کە ئەو کەسانە پێوەندی راستەوخۆیان بە کۆمەڵەوە بووە. کۆمەڵە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵەی دەزگای ئیتلاعاتی رژیم بە تەواوەتی رەتدەکاتەوەو ئەم کردەوە بە سیناریۆیەک لە لایەن رژیمی کۆماری ئیسلامی دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان‌و‌ کۆمەڵە دەزانێت‌و‌ رادەگەیەنێت، ئەم کەسانە هیچ پێوەندیەکیان بە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە نیە. شایانی باسە، ئەم کەسانە لانیکەم لە ماوەی یەکساڵ‌و‌ نیوی رابردوو لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی رژیمەوە دەسبەسەرکران‌و‌ ئێستا بۆ درووستکردنی سیناریۆیەکی نوێ دژی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان بەکار دەهێنرێن. هەروەها دەبێ ئاماژە بەوە بکەین، هەوڵی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ پێوەندیدانی کۆمەڵە‌و‌ چالاکیەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، کردەوەیەکی دزێوو ئاشنا لە لایەن ئەم رژیمەوەیە، کە هیچکات نەیتوانیوە بەکەڵک وەگرتن لەم شێوە تۆمەتانە کەمترین پێگە بۆ درێژەدانی دەسەڵاتی خۆی لە کوردستان دەستەبەر بکات. لە ماوەی مانگەکانی رابردووداو پاش ئەوەیکە خەڵکی کوردستان‌و‌ بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی ئەم گەلە، بە مانگرتنی سەرتاسەری‌و‌ خۆڕاگریە بەربڵاوەکانیان، جێگەو پێگەیەکی تایبەتیان بۆ خۆیان بەدەستهێنا، دەزگای ئاژاوەگێڕی‌و‌ سیناریۆ شکست خواردووەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی رووی لە زۆربوون کردووە.

دەبیرخانەی کۆمەڵەی زەخمەتکێشانی کوردستان
4ی نوامبری 2010ی زایینی

Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS

نووسینی روانگه

داخراوه