12:14 pm - Saturday 19 May 2012

بەرز و بەڕێز بێ ٣١ ی جۆزەردان رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە

وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 1 شه‌م Jun 19, 2:29 pm

 

٣١ی جۆزەردان ساڵوەگەڕی گیانبەختکردنی هاوڕێ سەعیدی موعینی یەکەمین پێشمەرگەی کۆمەڵەیە لە ساڵی ١٣٥٧. هەنووکە ٣٣ ساڵ بە سەر ئەو رۆژەدا تێدەپەڕێ . هاوڕێ سەعیدی موعینی قارەمانی خۆڕاگریی لە بەرانبەر ئەشکەنجەکانی ساواکی ڕژیمی پاشایەتی، نموونەی لەخۆبردوویی و ئەخلاق و ئاکاری بەرزی ئینسانی بوو. دوای رزگاربوونی لە زیندان و لە ماوەی کورتی پێشمەرگایەتیدا، هەڵگری هەر ئەو تایبەتمەندیە بەرزە ئینسانیانە بوو کە لە بەندیخانە و لە بەرانبەر شکەنجەگەرانەوە لە خۆی نواندبوو.

ئەمڕۆ کە دەسپێکی سی و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەیە ، سەرەرای سەرجەم هه‌وراز و نشێوەکانی ، دیسانیش نێو و نێوبانگ و ئاکارە شۆڕشگێرانەکانی  پێشمەرگەی کۆمەڵە لە سەر زاری هەموو تاک و کۆی خەڵکی کوردستان و ئێرانە. پێشمەرگەی کۆمەڵە بە تەنیا هێزێکی چەکدار نەبوون و نین، بەڵکوو پاڵپشت و خەمخۆری کۆمەڵانی خەڵکی بێبەش و هەژار، داکۆکیکاری ماف و ئازادیی ژنان ، خاوەنی بیر و هزری بەرزی ئینسانیی و رێکخەرانی بزاڤێکی حەقخوازانە بۆ وەدیهاتنی دنیایەکی ئینسانیترن. هەر ئەم تایبەتمەندیانەیە کە هێڵی جیاکەرەوەی نێوان هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و هەر جۆرە هێزێکی چەکداری ترە. هەر ئەمەش رەمزی خۆشەویستیی و سەرکەوتنی ئەم هێزەیە لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا.

لەو رۆژەوە تا ئێستا ، کۆمەڵگای کوردستان و ئێران، ئاڵ و گۆڕی زۆر گەورە و گرانی بە خۆیەوە بینیوە. هەر بەم پێیە کۆمەڵەش بە لەبەر چاو گرتنی هەل و مەرجی نوێی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵک ، بەردەوام هەوڵی داوه بۆ نوێ کردنەوە و گونجاندنی هێزی پێشمەرگەی خۆی لە گەڵ ئەم دۆخە. بۆ ئەم مەبەستەش، سەرەڕای ئەوەی کە زۆر جار بڕیاری وەستاندنی هەڵسووڕان و چالاکیی چەکداریی داوە، بەڵام تەنانەت بۆ ساتێکیش لە ستراتێژیی خۆی سەبارەت بە بوونی هێزێکی نیزامیی سیاسی بۆ بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ ڕژیمی دیکتاتۆر و پڕچەکی کٶماری ئیسلامی،  پاشەکشەی نەکردوە و لە هیچ هەوڵ و کۆششێک بۆ پاراستنی هێزی پێشمەرگە، خۆی نەبواردوە. لەم هەل و مەرجەدا کە رژیمی ئیسلامیی تووشی قەیرانێکی سیاسیی هەمەلایەنە هاتوە و سەرجەم خەڵکی ئێران خوازیاری رووخان و لەناوچوونی ئەم رژیمەن، کۆمەڵە و هێزی پێشمەرگەکه‌ی، ئەبێ ئەرکێکی گرنگتر بگرنە ئەستۆ. بێگومان لە هەل و مەرجی سیاسیی ئێستادا و بە لە بەر چاو گرتنی دەور و کاریگەریی چالاکیە سیاسیی و مەدەنیەکان، ئەرک و دەوری سیاسیی سەرجەم  ئێمە و هێزی پێشمەرگە بەرفراوانتر ئەبێ و لە ئاکامدا، پێویستیی هەڵسووڕانی نیزامیمان سنووردارتر دەبێتەوە. بەڵام تا ئەوکاتەی دیکتاتۆریی و هێزە سەرکوتگەرەکان  بوونیان هەیە، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەش بەردەوامە لە پاراستنی حوزور و چالاکیی خۆی و پەرەپێدانی تواناییەکانی بۆ بەرەورووبوونەوە لە هەل و مەرجی پێویستدا. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە هەڵقوڵاوی جەرگەی خەباتی خەڵکی کوردستانە و هەر لە لایەن ئەم بزوتنەوە جەماوەریەوە ئەپارێزرێ و چۆنیەتیی مانەوەشی هەر بەم خەڵکەوە بەستراوەتەوە .

ئێمە لە رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا و لە بەردەم  بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردوان و خەڵکی کوردستان دا  بۆ جارێکی تر پەیمان نوێ ئەکەینەوە کە لە پێناو ئاوات و ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە و خەڵکی چەوساوە و بەشمەینەتی کوردستان  و بۆ رزگاریی هەتا هەتاییان، درێژە بە تێکۆشانی بێ ووچانی خۆمان بدەین. کۆمەڵە ئێستاش وەک هەمیشە پارێزەری سەنگەری پێشکەوتنخوازیی  و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دژی ستەم و ئیستبدادە. ژنان و پیاوانی شۆرشگێڕی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە شان بە شانی سەرجەم ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران، درێژە بە خەباتی رزگاریخوازانەیان دەدەن .

 

سڵاو ئەنێرین بۆ هەموو خەباتکارانی رێگای ئازادیی و ئینسانییەت

سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم  گیانبەختکردوانی کۆمەڵە، پڕ ڕێبوار بێ ڕێگای پڕشانازییان

مەرگ و نەمان بۆ ئیستبداد و ستەم

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٩ ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠. بەەرانبەر ١٩ ی ژۆئەنی ٢٠١١

 

Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS

نووسینی روانگه

داخراوه