12:21 pm - Saturday 19 May 2012

سەرکردایەتیی کۆمەڵە پێشوازیی لە شاندێکی حزبی دێمۆکراتی کوردستان کرد

وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 1 شه‌م Nov 06, 1:23 pm

رۆژی شەمە 14ی خەزەڵوەری 1390 بەرانبەر بە 5ی نوامبری 2011ی زایینی هەیئەتێكی حیزبی دیموكراتی كوردستان كە بریتین بوون لە بەڕێزان، مامۆستا عەبدوڵا حەسەن زادە، مستەفا مەولوودی جێگری سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان، قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسی، كەریم مەهدەوی ئەندامی كومیتەی ناوەندیی‌و بەرپرسی پەیوەندیەكانی حیزب لە سلێمانی، سەی برایم كەریمی بەرپرسی كومیتەی ئەمنیەت‌و فەتاح ئیلخانیزادە لە بەشی پەیوەندیەكان، سەردانی ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانیان كردوو لە لایەن هەیئەتێكی ناوەندیی كۆمەڵە كە بریتین بوون لە بەڕێزان هاوڕێ رەزا كەعبی جێگری سكرتێریی گشتی كۆمەڵە‌و بەڕێزان سادق زەندی، جەلیل ئازادیخواز، بیژەن قوبادی‌و محەمەد فەرهادزادە ئەندامانی كومیتەی ناوەندیی‌و عەلیڕەزا قادری كادری كۆمەڵە بە گەرمی پێشوازیان لێكرا. دیداری دوو هەیئەتی حیزبی دیموكراتی كورستان‌و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، لە كەش‌و هەوایەكی دۆستانە‌و پڕ لە دیالۆگ لەسەر گرینگترین گۆڕانكاریەكانی ئێران‌و ناوچەكە‌و كوردستان بەڕێوەچوو. لە پێشدا هەیئەتی كۆمەڵە زۆر سپاسی هەیئەتی میوان‌و كومیتەی ناوەندیی حیزبی دیموكراتی كوردستانیان كرد بە بۆنەی هەڵوێستی بەرپرسانە‌و برایانە لە ئاست رووداوەكانی ئەم دواییانەی كۆمەڵە. باسە سیاسیەكانی دوو هەیئەت لەمەڕ گۆڕانكاریەكانی ئێران‌و كورستان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، بە تایبەت لە رۆژانی رابردوودا هەواڵنێرە جیهانیەكان باسیان لە ئەگەری هێرشی نیزامی بۆسەر كۆماری ئیسلامی ئێران كردوتەوە. باس لەوە كرا ئەگەرچی ئەم هەواڵانە ناتوانرێت بەمجۆرە لێك بدرێتەوە كە بە زوویی ئەگەری هێرش بۆسەر ئێران هەیە، بەڵام تا رادەیەك گۆڕانكاری لە ئاستی میدیا‌و راگەیاندن نیشاندرا.

دوو هەیئەت دووپاتیان كردەوە، حیزبە سیاسیەكانی كوردستان‌و بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی كوردستان دەبێ پشت بە خۆو بەهێزی بزوتنەوەی جەماوەری خۆی ببەستێت. ئێمە نابێ لایەنگری هێرش بۆسەر ئێران بین، بەڵكوو دەبێ هەوڵبدەین كە بزوتنەوەی كوردستان بە هێزی جەماوەری خەڵكی كوردستان‌و حیزبە سیاسیەكان بتوانێت لە گۆڕانكاریەكانی ئێران‌و ناوچەكە كەڵك وەربگرێت‌و لەپێناو بەهێزبوونی خۆی هەوڵبدات. هەر لەم پەیوەندەدا دوو هەیئەت باسیان لەوەكرد كە بزوتنەوەی كوردستان دەبێ بتوانێت، سەرنج‌و پشتیوانی دەرەكی بۆ لای خەباتی گەلی كورد بەدەست بهێنێت. هەیئەتی حیزبی دیموكراتی كوردستان‌و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە ئاست گۆڕانكاریەكان‌و هەر ئەگەرێك جەختیان لەسەر هاوپەیمانی هێزە كوردستانیەكان كردوو، لەسەر ئەو باوەڕە بوون كە بۆ یەكگرتووی حیزبە سیاسیەكان نابێ ماندوو بن‌و هەوڵی زۆرتر بدەن‌و تەنیا وەها هاوپەیمانیەك دەتوانێت بزافی رزگاریخوازانەی كوردستان بەهێز بكات. هەروەها باس لەوەكرا، دەبێ بتوانین سەرنجی هێزە سیاسیەكان لە ئێران‌و پشتیوانی ئەوان بۆ كێشەی كورد رابكێشێن‌و لە گۆڕانكاریەكانی ئێران‌و كوردستان‌و بزوتنەوەكەی جێگە‌و شوێنی شیاوی خۆیان هەبێت.

تەوەرێكی دیكەی باسی دوو هەیئەت، مەسەلەی هەڵبژاردنی داهاتووی مەجلسی نۆهەمی شورای ئیسلامی بوو كە تەئكیدكرایەوە، دەبێ بتوانن لەم پەیوەندەدا هاوهەڵوێستیەك لە نێوان حیزبە كوردستانیەكاندا پێك بێت. هەروەها باس لەوەكرا، ئاماژەكان بۆ ئەوەیە كە، هەڵبژاردنی ئەمجارەش داخراوتر لە هەموو هەڵبژاردنەكانی دیكەیە. دوو هەیئەت جەختیان لەسەر ئەوەكردەوە ئەگەر حیزبە كوردستانیەكان بتوانن هاوهەڵوێست بن، قورسایی خۆیان‌و بزوتنەوەی كوردستان زۆر زیاتر دەكەن، هەر بۆیە هەوڵی خۆیان بۆ وەها هاوهەڵوێستیەك بخەنە گەڕ. باسە سیاسیەكان‌و ئاڵ‌وگۆڕیی بیروڕای دوو لایەن، لە كەش‌وهەوایەكی دۆستانەدا كۆتایی پێهات‌و هەردوو لا جەختیان لەسەر پەیوەندی گەرمترو فراوانتری نێوانیان كردەوەو دواتر هەیئەتی میوان لە لایەن كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەوە بەڕێكران.

Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS

نووسینی روانگه

داخراوه