راگه‌یاندنی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه بۆ ساڵڕۆژی له سێداره دانی هاوڕێ ئیحسان فه‌تاحیان
وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 5 شه‌م Nov 11, 4:53 am
ساڵێك به‌سه‌ر له‌سێداره دانی ئیحساندا تێده‌په‌ڕێت. هێشتاش هه‌مووان به خه‌م و په‌ژاره‌وه به‌ڵام به رێز و ستایشه‌وه یادی ده‌كه‌ن. ئیراده و وره‌ی به‌رزی له به‌رامبه‌ر سته‌مكاران، باوه‌ڕ و ئازایه‌تی و گه‌وره‌یی له ژێر سێداره‌دا، وه‌سیه‌تنامه‌ی كورت و پڕ شكۆی له‌مه‌ڕ پابه‌ند بوونی به به‌خته‌وه‌ریی مرۆڤ و داكۆكی له خه‌ڵكه‌كه‌ی، هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه‌ن كه مه‌رگی ئیحسان جیاواز ده‌كه‌ن. ئه‌و زۆر ساده به‌ڵام له‌وپه‌ڕی قاره‌مانیدا كۆتایی به ژیانی هێنا و بێ‌ده‌سه‌ڵاتیی و داماویی كۆماری ئیسلامی له‌قاودا. هه‌ربۆیه‌ش شیاوی ستایشی جه‌ماوه‌ر بوو.
داگیركه‌رانی كۆماری ئیسلامی، ئیحسان فه‌تاحیانیان ته‌نیا بۆ چاوترسێن كردنی خه‌ڵكی كوردستان و بۆ به‌گژدا چوونه‌وه‌ی گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ناره‌زایی جه‌ماوه‌ر له‌سێداره‌دا. ئه‌گه‌ر نا كه‌س ئازاری له ئیحسان پێنه‌گه‌یشتبوو، ته‌نیا له دژی ئازاری مرۆڤ و هاوره‌گه‌زه‌كانی له خه‌باتدا بوو. له‌سێداره‌دانی زاڵمانه‌ی ئیحسان، ده‌ریایه‌ك له نه‌فره‌ت و تووڕه‌یی له دژی رژیمی ئێران هێنایه خرۆش و پشتیوانیی به‌رین و هاوچاره‌نووسیی هه‌موو خه‌ڵكی ئێرانی له‌گه‌ڵ كوردستان لێكه‌وته‌وه. له‌م به‌ربه‌ره‌كانێیه‌دا كۆماری ئیسلامی دۆڕا و ئیحسان وه‌ك ئوستووره له دڵی خه‌ڵكدا مایه‌وه. هاوپشتیی جه‌ماوه‌ری له‌دژی له‌سێداره‌دانی و كه‌مپه‌ینه له‌قاوده‌رانه‌كانی خه‌ڵكی كورد و هه‌موو ئێرانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، جارێكی دیكه سته‌مكاری و كۆنه‌پارێزی و دواكه‌وتوو بوونی كۆماری ئیسلامی ئێرانی له پێش چاوی هه‌موو جیهان وێنا كرده‌وه.
له ساڵڕۆژی مه‌رگی ئیحساندا جێی خۆیه‌تی هه‌موو پێ‌داگر بین له‌سه‌ر رێگه‌ی دیموكراسیخوازانه و مرۆیانه و عه‌داڵه‌تخوازانه‌ی. هاوپشتی و یه‌كیه‌تیی ئه‌و رۆژانه وه‌بیر بهێنینه‌وه و جه‌خت له‌وه بكه‌ینه‌وه كه هێزی ئێمه له پێكه‌وه بوونماندایه. با ئه‌مڕۆ ئیتر به وره‌یه‌كی به‌رزتره‌وه هاوپشتیی بزووتنه‌وه‌ی دیموكراسیخوازیی خه‌ڵكی ئێران و بزووتنه‌وه‌ی كوردستان بكه‌ینه ئامانج و رێنوێنمان و بۆ یه‌كگرتووییه‌كی دیموكرات، سیكۆلار و عه‌داڵه‌تخواز له ناو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی‌دا هه‌وڵ بده‌ین. له‌م رۆژه‌دا ده‌بێ پێ له‌سه‌ر پێویستیی هاوئاهه‌نگی و یه‌كگرتوویی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران له دژی ئه‌م رژیمه داگرین و بۆ وه‌دیهاتنی ئاواته‌كانی ئیحسانه‌كان و نه‌داكان هه‌وڵ بده‌ین.
له ساڵڕۆژی مه‌رگی ئیحساندا له‌لایه‌ن هه‌موو ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ دایك و باوكی ئیحسان و بنه‌ماڵه‌كه‌ی داده‌نه‌وێنین. هه‌روه‌ها پێویسته یادی نه‌سروڵا نه‌سری پارێزه‌ری كۆچكردووی ئیحسان بكه‌ین و هه‌وڵی دڵسۆزانه و بوێرانه‌ی ئه‌و بۆ داكۆكی له ئیحسان ستایش بكه‌ین و بڵێین یادی نه‌سروڵا نه‌سری هاوكات له‌گه‌ڵ یادی ئیحسان بۆ هه‌میشه له دڵی خه‌ڵكی كوردستان و ئێران‌دا زیندووه.
به‌رز و به‌ڕێز بێت یاد و رێگه‌ی ئیحسان و هه‌موو خه‌باتكارانی رێگه‌ی ئازادی و مرۆڤایه‌تی
به‌هێزتر بێت خه‌بات بۆ دیموكراسی و رزگاریی مرۆڤ له سته‌م
بڕووخێت دیكتاتۆریی و سه‌ره‌ڕۆیی كۆماری ئیسلامی
كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان
11ی نۆڤه‌مبری 2010، رێكه‌وتی 20ی خه‌زه‌ڵوه‌ری 1389
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS


(No Ratings Yet)