راگه‌یاندنی كۆتایی پلینۆمی پێنجه‌می كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان
وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 1 شه‌م Nov 07, 6:14 am
پلینۆمی پێنجه‌می كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان دوای چوار رۆژ كاری به‌رده‌وام به به‌شداریی هاوڕێیانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، كۆتایی پێهات.
کۆمیتەی ناوەندی بۆ ئامادەکاری سیاسی و تەشکیلاتی بۆ پلینۆم، کۆمیسیۆنێکی لە ژمارەیەک لە ئەندامانی خۆی راسپارد بۆ ئامادە کردنی بەڵگەنامەی پێویست بۆ پەسند کردن لە پلینۆم‌دا. ئەم کۆمیسیۆنە بڕیار و بەڵگەنامەکانی دەگەیاندە هاوڕێیان و لە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی ناوەندیدا دەخرانە بە باس.
له كۆبوونه‌وه‌كانی ئاماده‌كاریی پلینۆم‌دا، پرسی جۆراوجۆری ته‌شكیلاتی، كار و چالاكیی شه‌ش مانگی رابردوو و رێكاره‌كانی خولی داهاتووی چالاكیه‌كانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی،هەل‌ومەرجی سیاسی کوردستان و ئێران و ناوچەکە و ئەگەری جۆراوجۆر و سیاسەتەکانی کۆمەڵە و چۆنیەتی کار و چالاکی ئۆرگان و ناوەندە حیزبیەکان تاوتوێ کرا. لەم کۆبوونەوانەدا بەڵگەنامە و بڕیارنامەی پێویست ئامادە کرا و خرایە بەر دەستی هەموو هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی. بەمجۆرە کۆمیتەی ناوەندی بەر لە پلینۆم بە ئامادەکاریی سیاسی و حیزبیی پێویست. پلینۆمی دەست پێ‌کرد. رۆژی هه‌ینی 29ی مانگی ئۆكتۆبر رێكه‌وتی 7ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، كاری پلینۆم به‌شێوه‌ی ره‌سمی ده‌ستی پێكرد و رۆژی 10ی خه‌زه‌ڵوه‌ر رێكه‌وتی رۆژی یه‌كه‌می مانگی نۆڤه‌مبر كۆتایی پێهات.
باسه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌م پلینۆمه بریتی بوو له راپۆرتی سكرتێری گشتیی كۆمه‌ڵه و تاوتوێ كردنی ئه‌م راپۆرته، په‌یڕه‌و و پرۆگرامی كاری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، باس و گفتوگۆ له‌مه‌ڕ ئاسۆسات و داهاتووی كاری ئه‌م مێدیایه، رێكخستنی ته‌شكیلاتی ئاشکرای کۆمەڵە لە کوردستان، رێكخستنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و كار و چالاكیی رێكخستنه‌كانی ناوخۆ، كۆنگره‌ی داهاتووی كۆمه‌ڵه و رێكخستنی ناوخۆی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی.
له باسی راپۆرتی سكرتێردا، دۆخیی سیاسیی ئه‌مڕۆی كوردستان و ئێران و ناوچه‌كه و هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی ئێمه له هه‌مبه‌ر دۆخه‌كه و پرۆژه و پلانی كاری داهاتوومان بۆ رێكخرانی هه‌ر چه‌شنه هاوپه‌یمانی و هاوئاهه‌نگیه‌ك له ئێران و هه‌روه‌ها له كوردستان و پرسی هه‌وڵ بۆ هاوكاری و نزیكایه‌تی له به‌ره‌ی كۆمه‌ڵه‌دا به مه‌به‌ستی هاوده‌نگی له‌سه‌ر پلاتفۆرمێكی سیاسی و ته‌شكیلاتیی روون بۆ وه‌دیهێنانی یه‌كێتی و یه‌كڕیزیی سه‌ر له نوێی كۆمه‌ڵه لێکدرایەوە.
راپۆرت و لێكدانه‌وه‌كانی ئه‌م باسه، سه‌باره‌ت به پێگه‌ی سیاسیی كۆماری ئیسلامی و گۆڕانكاریه سیاسیه‌كان له ئێران له‌و بڕوایه‌دا بوو كه ریفۆرمخوازانی ئیسلامی له ماوه‌ی سال و نیوی رابردوودا بەهۆی قه‌تیس مانه‌وه‌یان له یاسای بنچینه‌یی و بنه‌ما فیكری و حكومه‌تیه‌كانی كۆماری ئیسلامی و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو هه‌وڵیان به ئاراسته‌ی سازان له سه‌ره‌وه به پشت به‌ستن به گوشار هێنان له خواره‌وه بوو، نه‌ك هه‌ر نه‌یانتوانی بگه‌نه پێگه‌ی رێبه‌رایه‌تی كردنی بزووتنه‌وه‌ی دیموكراسیخوازی، به‌ڵكوو له به‌رامبه‌ر یاسای دواكه‌وتوانه و دیكتاتۆریه‌تی زاڵدا به‌رده‌وام له پاشه‌كشه بوون و بوونه هۆی لاواز بوونی خۆیان و ده‌كرێ بڵێین له‌م قۆناغه‌شدا، شكستێكی دیكه‌یان تووش بوو. به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی ناره‌زایی له ساڵ و نیوی رابردوودا، بووه هۆی وشیاریی به‌رینی سیاسیی بۆ خه‌ڵكی ئێران و داهێنان و نوێگه‌ری و هێنانه به‌ر باسی داواكاریی و خواستی روون له ناو خه‌باتی جه‌ماوه‌ریدا. ئه‌م بزووتنەوە بەرینە ئازادیخوازیە كه‌شی سیاسیی له ئێران به ته‌واوی گۆڕی. به هه‌ڵبژاردنی هێما و ره‌نگی سه‌وز و سه‌پاندنی به‌سه‌ر ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا له‌ڕاستیدا ویستیان ناوه‌رۆكه‌كه‌ی له چوارچێوه‌یه‌كی ئیسلامی و “حوسێنی”دا سنووردار بكه‌ن و ناوه‌رۆكی سیكۆلار و زۆر دیموكراسیخوازانه‌ی داپۆشن. هه‌وڵیاندا پێش به په‌ره سه‌ندن و بیچم گرتنی ره‌وتی دیموكراسی بگرن و كۆماری ئیسلامی به هه‌ندێك ریفۆرم و نه‌رم كردنه‌وه وه‌ك ته‌نیا ئاڵته‌رناتیڤ بسه‌پێنن. به‌ڵام هه‌ر له هه‌مان حه‌وتووه‌كانی یه‌كه‌مه‌وه، ئه‌م خه‌ونه ره‌ویه‌وه. له‌گه‌ڵ په‌ره سه‌ندنی دروشمه‌كانی دژی دیكتاتۆریه‌تی ویلایه‌تی فه‌قیه، مه‌رگ و نه‌مان بۆ كۆماری ئیسلامی و خواستی كۆماری ئێرانی، خه‌ڵك ریزی خۆیان له ریفۆرمخوازانی ئیسلامی و خوازیارانی مانه‌وه‌ی ئه‌م رژیمه، به ته‌واوی جیا كرده‌وه. دانپێدانانی سه‌ركرده‌كانی ریفۆرمخوازان به بوونی چاوگی جۆراوجۆری فیكری له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا به‌س نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی خواست و چاوه‌ڕوانیی دیموكراتیكی خه‌ڵك و رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان و بزووتنه‌وه‌ی چینه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وه‌دی بهێنێت و ترسی جه‌ماوه‌ر له كۆمارێكی ئیسلامی به رێبه‌رایه‌تیه‌كی دیكه‌وه كه‌م بكاته‌وه.
بزووتنەوەی سیاسیی ناڕەزایەتی ئەم قۆناغە هەم بە ناوەرۆک و هەم بە جۆری داواکاریەکان، هەم بە رێژە و فرەچەشنیی بەشداربووان و هەم بە هۆی بەردەوامی و بەرخۆدانی لە بەرامبەر رێکخراوترین هێزی سەرکوتگەردا. لە جۆری خۆیدا بێ وێنە بوو. ئەم بزووتنەوەیە لە ئاستی ملیۆنیدا جارێکی دیکە و ئەم جارە روونتر لە پێشوو، ئاسۆی روونی ئازادیی خستە بەرچاوی خەڵکی ئێران. ئەوانەی ئەم فرەچەشنیەی بزووتنەوەیان پێ قبووڵ نەکرا و تەنیا پێیان لەسەر هێما ئیسلامی و سەوزەکەیان داگرت، بەتایبەت لە ئاستی سەرکردایەتیدا، بە تێپەڕبوونی کات، نەک هەر نیشانیاندا توانای رێنوێنی وەها بزووتنەوەیەکی بەرینیان نیە، بەڵکوو لە مانگەکانی دواتردا عەوداڵی رزگار بوون لە رادیکاڵیزمی بزووتنەوەکە بوون. ئەگەر رێبەرایەتیی سەوز لە هەوڵی ئەوەدا بوو بزووتنەوەی ناڕەزایی وەک کارتێکی گوشار بۆ دەمەتەقە لە سەرەوە بەکار بهێنێت، بزووتنەوەی سیاسیش بە وشیاری و تێگەیشتووییەوە هەوڵی دەدا کەلەبەری ناو دەسەڵات لە بەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنێت.
پاشه‌كشه‌ی به‌رده‌وامی ریفۆرمخوازان له لایه‌ك و سووربوونی ره‌وتی دواكه‌وتووی ده‌سه‌ڵاتدار له نه‌سازان له‌گه‌ڵیان و زیاتر كردنی سه‌ركوت لەلایەکی دیکەوە، له ئه‌نجامدا شكستی ریفۆرمخوازان له ئاستی رێبه‌رایه‌تی و پرژ و بڵاو بوونیانی له خواره‌وه لێكه‌وته‌وه. بێ‌گومان ئه‌م راستیه كاری كرده سه‌ر هاوسه‌نگیی هێزه‌كان و نوشستی بزووتنه‌وه‌ی ناره‌زایی، زیاتر كردنی سه‌ركوت، پۆلیسی كردنه‌وه‌ی زیاتری كۆمه‌ڵگه و ده‌ركه‌وتنی جۆرێك له میلیتاریزم لە ناو شارەکان، نزم بوونه‌وه‌ی جم‌وجووڵی بزووتنه‌وه‌كه و هه‌ندێك جار ده‌ركه‌وتنی بێ‌هیوایی لێكه‌وتووەتەوه.
باس و لێكدانه‌وه‌كانی پلینۆم له‌سه‌ر ئه‌وه سوور بوو كه نوشستی ئێستای بزووتنه‌وه و زیاتر بوونی سه‌ركوت و زه‌بر و زه‌نگ به هیچ جۆرێك به واتای تێكشكانی بزووتنه‌وه‌ی دیموكراسیخوازی له ئێران نیه، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه، هه‌موو زانیاریه‌كان باس له‌و راستیه ده‌كات كه ناره‌زایی گشتیی رۆچووه‌ته ناو ناخی گه‌لێك توێژی كۆمه‌ڵگه‌وه و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی، زۆر به به‌رینی په‌ره‌ی سه‌ندووه. جیا له به‌رینایی ناره‌زایی گشتی، گه‌مارۆی ئابووری به‌هۆی بڕیارنامه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی كۆماری ئیسلامی و “ئامانجدار كردنی یارمه‌تیه‌كان (سوبسید)”، سیاسه‌تی سه‌ركێشانه و ده‌ستدرێژیكارانه‌ی ئێران له ناوچه‌كه، قەیرانی ئابووریی ئێرانی چەند هێندە زیاتر کردووە. په‌ره سه‌ندنی دۆخی پۆلیسی و خۆ ته‌یار كردنی ئاشكرای ده‌سه‌ڵاتدارانی رژیم بۆ سه‌ركوت و باس له “فیتنه‌ی ئابووری”، به‌ر له‌وه‌ی نیشانه‌ی هه‌وڵ بۆ سه‌قامگیر كردنی دیكتاتۆریه‌ت بێت، نیشانه‌ی گه‌شه كردنی به‌ستێنه‌كان و ده‌ركه‌وتنی تیشكی بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناره‌زایی نوێیه له ئێران. به بڕوای پلینۆمی پێنجه‌می كۆمه‌ڵه، سه‌رده‌مێكی نوێ له خه‌باتی دیموكراسیخوازی به قوڵایی و به‌ریناییه‌كی زیاتره‌وه به‌ڕێوه‌یه.
سه‌ركێشیه ئه‌تۆمی و سه‌ربازیه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی‌نژاد، ئێرانی له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی كه‌وتنه به‌ر هێرش و ته‌نگژه‌ی سه‌ربازیی ده‌ره‌كی به‌ره‌وڕوو كردووه و پلینۆم وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنه هێرشی ده‌ره‌كی به زیانی خه‌ڵكی ئێران ده‌زانێت و دژایه‌تی ده‌كات، به‌ڵام سه‌ركێشی ئه‌تۆمیی رژیمی ئێران مه‌حكوم ده‌كات و به هۆكاری به‌ره‌و هه‌ڵدێر بردنی ئێرانی ده‌زانێت.
له باسی راپۆرتی سكرتێردا، یه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كان كه یه‌كێك له باس و دیالۆگه گه‌رمه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كان بوو، بریتی بوو له پێداگری له‌سه‌ر قورسایی و بایه‌خ و گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌كانی ژنان، كرێكاران، روناكبیران، راسان و وشیاریی گه‌لانی ئێران و بزوونه‌وه‌یه‌كی به‌رینی مه‌ده‌نی و دیموكراسیخوازانه‌ی گشتی. پلینۆم گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی کە بە بەرزکردنەوەی خواستەکانی خۆیان لە ماوەی دەیەی رابردوودا بەرچاوتر و رێکخراوتر هاتوونەتەوە مەیدان، به دیارده‌یه‌كی گرینگ بۆ گۆڕینی كه‌شی سیاسیی ئێران هه‌ڵسه‌نگاند و له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو كه له قۆناغی داهاتووی خه‌باتدا، بەتایبەت بزووتنه‌وەی ژنان و کرێکاران رۆڵی به‌رچاو و گاریگه‌ریان ده‌بێت. هه‌ربۆیه ده‌بێ پشت به‌ستن به‌م بزووتنه‌وانه و به‌هێز كردنیان یه‌كێك له بنچینه‌كانی سیاسه‌تی ئێمه بێت. ئێمه ده‌بێ تێ‌بكۆشین په‌یوه‌ندیی ئه‌م بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیانه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تەواو دیموکراتیک و سیکۆلار و پێشکەوتووی كوردستان پته‌و و به‌هێز بكه‌ین، ئه‌م كاره بۆ به‌هێز كردنی سیكۆلاریزم و پته‌و كردنی كۆڵه‌كه‌كانی دیموكراسی له ئێران ئامرازێكی زۆر به‌سووده.
به‌شێكی دیكه له باسه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كانی پلینۆم بۆ هه‌وڵدان بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانیه‌كی سیكۆلار و دیموكراسیخواز له ئێران ته‌رخان كرابوو. له‌م باره‌یه‌وه كه‌م‌وكورتیه‌كیه‌كانی چالاكیی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی ئێمه درایه به‌ر ره‌خنه و تیشك خرایه سه‌ر پێویستی كار له ده‌ره‌وه‌ی ژینگه‌ی خۆمان و هه‌وڵ بۆ هه‌ڵبه‌ستنی په‌یوه‌ندیه‌كی چڕوپڕتر له‌گه‌ڵ هێزه دیموكرات و لیبراڵ و سیكۆلار و چه‌په‌كان به مه‌به‌ستی پێكهێنانی یه‌كێتیه‌كی سیكۆلار و دیموكراسیخواز له ئێران. به‌تایبه‌ت داوای له ماڵپه‌ڕه‌كان، ئاسۆسات و رێكخستنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات كرد هه‌تا چوارچێوه‌ی چالاكیه‌كانی خۆیان به له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌م ئاراسته‌یه رێكبخه‌ن و رۆڵی چالاكتر و كاراتریان هه‌بێت.
یه‌كێكی دیكه له باسه‌كانی پلینۆم، هه‌وڵ بۆ وه‌دیهێنانی هاوكاری و هاوئاهه‌نگیی به كرده‌وه‌ی نێوان حیزبه سیاسیه‌كانی كوردستانی ئێران و ره‌خساندنی به‌ستێنی گونجاو بۆ دیالۆگ له‌سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه‌كان بوو. پلینۆم سیاسه‌ته‌كانی تا ئێستای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی به دروست و گونجاو هه‌ڵسه‌نگاند. هاوكات جه‌ختی كرده‌وه كه له داهاتووشدا ده‌بێ نه‌ك هه‌ر ئه‌م هه‌وڵانه درێژه‌ی پێبدرێت، به‌ڵكوو پێویسته كار له‌سه‌ر میكانیزمه‌كان و پێكهێنانی كه‌شی گونجاو بۆ ئاسانكاریی له‌مه‌ڕ ئه‌م ئه‌ركه گرینگه به جیددی درێژه‌ی هه‌بێت و رێبه‌رایه‌تیی كۆمه‌ڵه ده‌بێ په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ حیزب و ره‌وته سیاسیه‌كان چڕتر بكات. لەم بەشەدا پلینۆم پێداگری کردەوە لەسەر ئەوەی نابێ هاوکاریی نێوان حیزبە کوردستانیەکان بۆ ئاستی گەمەیەکی سیاسی و دیپلۆماسی و سات و سەودا نزم بکرێتەوە. کۆمەڵە دەبێ خۆ لەمە بە دوور بگرێت و لەمبارەیەوە سیاسەتێکی روون و ئاشکرا و راگەیەنراوی بێت.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه جارێكی دیكه له‌سه‌ر هه‌وڵ بۆ هاوكاری، دیالۆگ و پێكهێنانی نزیكایه‌تی له نێوان هه‌موو ئه‌و ره‌وتانه‌ی به ناوی كۆمه‌ڵه‌وه كار ده‌كه‌ن، پێداگری كرایه‌وه. پلینۆم جارێكی دیكه پێداگریی له‌سه‌ر كار كردن به بڕیارنامه‌ی په‌سندكراوی پلینۆمی دووهه‌م له‌مباره‌یه‌وه كرده‌وه. ئێمه خوازیاری دیالۆگی سیاسیی ئاشكرا و روون له‌گه‌ڵ هه‌موو به‌ره‌ی كۆمه‌ڵه‌ین. ئێمه پرسی پرژ و بڵاویی كۆمه‌ڵه و كار بۆ یه‌كگرتوویی سه‌رله‌نوێی سیاسی و ته‌شكیلاتی به پرۆژه‌یه‌كی گرینگ ده‌زانین. هاوكات هه‌ر چه‌شنه نزیكایه‌تی، دیالۆگ و هاوكاریی نێوان دوو ره‌وتی دیاریكراو له پێناو ئه‌م ئه‌ركه‌دا، نه‌ك هه‌ر ره‌د ناكه‌ینه‌وه، به‌ڵكوو پێشوازیی لێده‌كه‌ین. خۆ بواردن و دژایه‌تی كردن له‌گه‌ڵ دیالۆگ و هاوكاری و ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ره‌وته‌كانی كۆمه‌ڵه كه هێشتا به‌شێك له ره‌وته‌كان پێداگری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، به سیاسه‌تێكی نابه‌رپرسانه هه‌ڵسه‌نگێنرا كه مه‌به‌ستی له‌مپه‌ر خستنه سه‌ر رێگه‌ی هاوكاری و دیالۆگ و پرۆسه‌ی یه‌كگرتوویی دووباره‌ی كۆمه‌ڵه‌یه. به بڕوای ئێمه لابردنی له‌مپه‌ره‌كان له‌سه‌ر رێگای دیالۆگ و ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی پێكهێنانی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی یه‌كگرتوو، هه‌نگاوێكی گرینگه له پێناو وه‌دیهاتنی خێراتری هاوكاری و هاوئاهه‌نگی له نێوان حیزبه سیاسیه‌كانی كوردستانی ئێران‌دا. لە باسی هاوکاری و یەکگرتنەوەی بەرەی کۆمەڵەدا جەخت کرایەوە کە ئێمە پێویستمان بە بزووتنەوەیەکی چەپی سۆسیالیستیی ئەمڕۆیی بۆ بەشداری لە گۆڕانکاریە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان هەیە. هەربۆیە دەبێ بنەما فیکری و سیاسیەکانی چەپی سۆسیالیستی لە کوردستان ببێتە بابەتی کۆمەڵێک سمینار کە ئافراندنەوەی پێگەی کۆمەڵە و چەپ لە کوردستان بپێکێت. دەبێ پرەنسیپە فیکری و سیاسیەکانی کۆمەڵە و چەپی سۆسیالیستی دیاری بکرێت بۆ ئەوەی یەکگرتنەوە و پێکهاتنەوەی کۆمەڵەیەکی بەرین بە ئاسانیەکی زیاترەوە مسۆگەر بێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌دا باس له پێویستیی هاوئاهه‌نگی و هاوكاریی له‌گه‌ڵ حیزبه سیاسیه‌كان له به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان كرا. به بۆچوونی پلینۆمی پێنجەم، بزووتنه‌وه‌ی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان به‌هۆی خواستی هاوبه‌شیان بۆ سه‌قامگیر بوونی دیموكراسی و خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، پێویسته یاسا و بنه‌مای دیاریكراوی بۆ په‌یوه‌ندیی حیزبه‌كان و بزووتنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی كوردستان هه‌بێت. پره‌نسیپی ده‌ستوه‌رنه‌دانی به كرده‌وه له بزووتنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، قبووڵ كردنی دیالۆگی سیاسی نێوان حیزبه‌كان به فره‌چه‌شنیی فیكریه‌وه و ره‌د كردنه‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنه ده‌ست بردن بۆ چه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان حیزبه‌كان، پره‌نسیپی هاوكاری نه‌كردن له‌گه‌ڵ هیچ ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تێك له‌دژی بزووتنه‌وه و حیزبه‌كان له هه‌ر به‌شێكی كوردستان، قبووڵ كردنی ئازادیی ره‌خنه و ئازادیی را ده‌ربڕین و بۆچوون چ له ئاستی ناوخۆ و چ له په‌یوه‌ندیه ده‌ره‌كیه‌كانی هه‌ر هێزێكی سیاسیی كورد، پێویستیی هه‌وڵدان بۆ پێكهێنانی ئۆرگانێكی گشتی و په‌یوه‌ندیدار به هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان كه په‌یوه‌ندیه‌كانی حیزب و بزووتنه‌وه‌كان و پرسه ستراتیژیه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به چاره‌نووسی خه‌ڵكی كوردستان تاوتوێ بكات و بڕیاره‌كانی به ئاگاداری هه‌مووان بگه‌یه‌نێت، بەشێک لەو پرەنسیپ و رێسایانەن کە دەبێ بکرێنە بنەمای هاوکاریی نێوان بەشەکانی کوردستان.
به بڕوای پلینۆم، رژیمه‌كانی ناوچه‌كه كه خۆیان له‌گه‌ڵ پرسی كورد ده‌سته‌ویه‌خه‌ن، خۆ له هیچ هه‌وڵێك نابوێرن بۆ لاواز كردنی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان له هه‌ر به‌شێكی. كۆماری ئیسلامی كه زۆر له عیراق ده‌ستی ده‌ڕوات و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی بۆ هه‌مووان ئاشكرایه، له ماوه‌ی ساڵی رابردوودا به بیانووی جۆراوجۆر، هه‌ر به بۆمباران كردنی ناوچه سنووریه‌كانه‌وه هه‌تا ناردنی ده‌سته‌ی تیرۆر و گوشاری سیاسی و ئابووری، هه‌وڵیداوه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ملكه‌چی خواست و سیاسه‌ته‌كانی خۆی له عیراق بكات. راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه رژیمی ناوه‌ندیی عیراقیش سوودی له‌م سیاسه‌ته‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران بینیوه و بە نهێنی و بە ئاشکرا هاوکری و هاوڕێیەتی ئێرانی کردووە. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌م به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی ناوچه‌یی و هه‌م به‌هۆی گرفته ناوخۆییه‌كانی، له به‌رامبه‌ر ئه‌م گوشارانه‌دا جگه له ناره‌زایی سیاسیی، هیچ دژكرده‌وه‌یه‌كی جیددی له ده‌ست نایه‌ت. ئێمه وێڕای مه‌حكووم كردنی سیاسه‌تی ئێران، باوه‌ڕمان وایه كه ره‌وتی ریزبه‌ندیه‌كان له ناوچه‌كه و ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له عیراق و ناوچه‌كه و گوشاره‌كانی بۆ سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به ناچار خه‌ڵكی كوردستانی عیراق و حكومه‌تی هه‌رێم به‌ره‌وڕووی ئه‌م سیاسه‌ته ده‌ستدرێژیكارانه‌یه ده‌كاته‌وه. هه‌ربۆیه پلینۆم پشتیوانی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عیراق و پته‌وتر كردنی په‌یوه‌ندیی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌م حكومه‌ته و له‌قاودانی سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی و دژایه‌تیی ته‌واو له‌گه‌ڵ ئه‌م سیاسه‌تانه‌ی بە پێویست زانی.
له باسی ئۆرگانه‌كان و پرسه ته‌شكیلاتیه‌كاندا و راپۆرت و باسه‌كانی دوابه‌دوای ئه‌و، هه‌ندێك له كرده‌وه‌كان درانه به‌ر ره‌خنه و پێداگری له‌سه‌ر پێویستیی پته‌وتر كردنی په‌یوه‌ندیه‌كان و رێسا حیزبیه‌كان هه‌ر له رێبه‌رایه‌تیه‌وه هه‌تا هه‌موو ئۆرگانه‌كانی دیكه كرایه‌وه. هه‌روه‌ها كه‌مبوونه‌وه‌ی باس و كۆبوونه‌وه و په‌روه‌رده‌ی سیاسی درایه به‌ر ره‌خنه. له‌مباره‌یه‌وه پلینۆم، سه‌رقاڵ بوونی رێبه‌رایه‌تیی به كاروباری به‌ڕێوه‌به‌رێتی و كه‌متر سه‌رقاڵ بوونی به سیاسه‌ت دانان و قسه و باسی سیاسی به هۆكارێكی گرینگی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕێك و پێكی و نیزامیگه‌رێتی زانی. هه‌ربۆیه رێكخستن و كۆنترۆڵ كردنی په‌روه‌رده و وه‌رێ خستنی سمیناری سیاسیی مانگانه له كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و هه‌وڵ بۆ گه‌شه كردنی دیالۆگی سیاسی له هه‌موو به‌شه‌كانی ته‌شكیلاتی خسته ریزی ئه‌ركه‌كانی خۆیه‌وه و پێداگری كرده‌وه كه رێكخستنی داهاتووی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌بێ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌م پێویستیه بێت و به‌م ئامانجه بگات. هه‌روه‌ها پلینۆم كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌نامه و بڕیاری له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندیی ئۆرگانه‌كان و كۆمیسیۆنه‌كانی رێبه‌رایه‌تی و چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ركامه‌یان و یاسا و رێسای كاری كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی په‌سند كرد كه پێشتر ئاماده كرابوون و داوای ره‌چاو كردن و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م په‌سندكراوانه‌ی له هه‌مووان كرد.
پلینۆم وێڕای ره‌خنه گرتن له كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌مه‌ڕ كه‌مته‌رخه‌می كردن بۆ په‌ره‌پێدانی چالاكیی و رێكخستنی ته‌شكیلاته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، پێویستیی رێكخستنی زیاتری له‌م بواره‌دا به كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و كادره‌كانی ته‌شكیلاتی ده‌ره‌وه راگه‌یاند و به ئه‌ركه سه‌ره‌كیه‌كانی خولی داهاتووی چالاكیه‌كانی ده‌ستنیشان كرد.
هه‌ر له‌م به‌شه‌دا، كاری ئاسۆسات خرایه به‌ر باس و لێكدانه‌وه. پلینۆم بایه‌خ و گرینگیی ئه‌م كه‌ناڵه سه‌ته‌لایتیه‌ی بۆ كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشان دووپات كرده‌وه و هه‌وڵ بۆ درێژه‌دان به كاره‌كانی ئه‌م میدیایه‌ی خسته سه‌رووی ئه‌ركه‌كانی خۆیه‌وه. هه‌روه‌ها باشتر كردنی پرۆگرامه‌كانی و ده‌ركه‌وتنی زیاتری رێبه‌رایه‌تی و كادره‌كانی كۆمه‌ڵه تێیدا له‌و باسانه بوو كه هاوده‌نگیی هه‌موو هاوڕێیانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ر بوو. بڕیار درا وردبینیه‌كی زیاتر له په‌خشی به‌رنامه‌كاندا بكرێت و هه‌روه‌ها بۆ بردنه سه‌ره‌وه‌ی ئاستی ناوه‌رۆك و فره‌چه‌شنیی به‌رنامه‌كان، كاری جیددی بكرێت.
چالاكیی ته‌شكیلاته‌كانی ناوخۆ یه‌كێكی دیكه له باسه‌كانی ئه‌م پلینۆمه بوو. له‌م بواره‌دا په‌سندكراوه‌كانی كۆنگره‌ی 12 هه‌روا رێنوێنمان ده‌بێت. به‌ڵام گۆڕانكاری له هه‌ل‌ومه‌رجی سیاسی، پێویستیی پێداچوونه‌وه به‌سه‌ر شێوازی كار و تاكتیكه‌كاندا ده‌خوازێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پلینۆم به‌ڕێوه بردنی سمیناری به به‌شداری هاوڕێیانی به ئه‌زموونی ئه‌م بواره خسته ریزی ئه‌ركه‌كانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیه‌وه.
چالاكیی ته‌شكیلاتی هێزی پێشمه‌رگه و ئۆردووگاكانیش له پلینۆم‌دا تاوتوێ كرا. پلانه ئاماده كراوه‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته لێكدرانه‌وه و هه‌ندێك گۆڕانكاری له شێوه‌ی رێكخستنی ئۆردووگاكاندا په‌سند كرا كه به‌پێی ئه‌وانه كادره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و ئه‌ركی زیاتریان پێ ده‌سپێردرێت. هه‌روه‌ها په‌روه‌رده كردن و بارهێنانی هێزی پێشمه‌رگه و چۆنیه‌تیی چالاكیه‌كانی تاوتوێ كرا و پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه كرایه‌وه كه ئه‌م چالاكیانه ده‌بێ به‌پێی ریزبه‌ندیی پێویستیه‌كان و هه‌ڵوێسته‌كانمان له هه‌ل‌ومه‌رجی سیاسیی ئێستادا بێت.
لە بەشێکی دیکەی پلینۆم‌دا کاتی بەستنی کۆنگرەی داهاتووی کۆمەڵە دیاری کرا. پلینۆم کۆمیسیۆنێکی لە ژمارەیەک لە هاوڕێیان بۆ ئامادەکاریی کۆنگرە پێکهێنا بۆ ئەوەی ئەنجامی باسەکانی بە نووسراوە و گەڵاڵە و بەڵگەنامە بخاتە بەر دەستی کۆمیتەی ناوەندی.
دوایین باسی پلینۆم، رێكخستن و دابه‌شكاریی ناو كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بوو. بڕیار درا له ماوه‌ی نێوان دوو پلینۆم‌دا، ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی له كوردستان، رێبه‌رایه‌تیی ته‌شكیلات وه‌ئه‌ستۆ بگرێت. هه‌روه‌ها هاوڕێ عومه‌ر ئیلخانیزاده وه‌ك سكرتێری گشتیی كۆمه‌ڵه هه‌ڵبژێردرا و به‌رپرسانی بواره سه‌ره‌كیه‌كانی كار له ناو ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا هه‌ڵبژێردران. هاوڕێ رەزا کەعبی وەک وتەبێژی کۆمیتەی ناوەندی دەستنیشان کرا. له‌گه‌ڵ ته‌واو بوونی ئه‌م به‌شه، پلینۆمی پێنجه‌می كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی، كۆتایی به كاره‌كانی هێنا.
كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان
3ی نۆڤه‌مبری 2010، رێكه‌وتی 12ی خه‌زه‌ڵوه‌ری 1389
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS


(No Ratings Yet)