ئاوەزی گشتیو بەرهەمەکانی
وهشانگهر ئاسۆ - ههینی Nov 18, 10:33 am
ن: پییەر بۆردیۆ
و: بیژەن قوبادی
رووداوەکانی ئەم دواییانەی وڵاتانی عەرەب و بە دەسەڵاتەوە نووسانی دەسەڵات دارانی ئەو حکومەتانەی کە بە پێچەوانەی خواست و ویستی خەڵکی خۆیانن، لە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە بە گشتی و دەسەڵات دارانی وڵاتانی عەرەب بە تایبەت، بە هەر نرخێک، و تەنانەت لەناو چوونی خۆیان و بنەماڵەکانیان، ئەو راستیە دەسەلمێنێت کە لەم بوارەدا ئەو بابەتەی بێ نرخ و بەهایە و پەراوێز خراوە، عەقڵ و ئاوەزە کە لە پێناو دەسەڵاتدا دەبێتە قوربانی. ئایا سەدام حسێن، موبارەک، بن عەلی، قەزافی و. . . نەیان دەتوانی چارەنووسێکی جیا لەوەیان هەبێت؟ کاتێک پۆلێک مراوی خەریکی کۆچ و ڕەون، ئەوەی کە شاڕەزایەو لە نووکی کاروانەکەدایە، پاش ماوەیەک هەڵفڕین، جێ گۆڕکێ دەکات و دەچێتە ئاخری ریزی کاروانەکەوە و مراویەکی ترجێگای دەگرێتەوەو رێبەرایەتی ئەو پۆلە باڵندەیە لە ڕەوەکەیاندا وەئەستۆ دەگرێت و ئەم زنجیرەیە بە بێ پسانەوە درێژەی هەیە. لەم ئاڵ و گۆڕو جێ گۆڕکیانەدا نە ئەو مراویانەی رێبەریی بە جێ دێڵن وئەگەڕێنەوە بۆ کۆتایی رێزی کاروانەکە خۆیان بە دۆڕاو دەزانن و نە ئەوانەش کە رێبەرایەتی بە دەستەوە دەگرن تووشی خۆ بە زل زانی و خۆبایی دەبن!
پێویستە بوترێت کە تەنیا چەشنێک لە رەگەز پەرستی هەبوونی نیە و شیاوە کە لەسەر”رەگەزپەرستیەکان” بە شێوەی کۆ بدوین. بە رێژەی ئەو لایەنانەی کە پێویستیان بە بیانوویەک بۆ سەلماندن و هەبوونی خۆیان هەیە، رەگەزپەرستیش بوونی هەیە. ئەمەیە ئەو لێکدانەوە نەگۆڕەی ناساندنی”رەگەزپەرستی”. بەڕای من هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی شێوازە جۆربەجۆرەکانی رەگەزپەرستی، بە تایبەت ئەوانەی کە شاراوەتروکەم وێناترن و ناسینیان ئەستەم ترە، جێگای وردبینیی زۆرتروسەرنجی تایبەتن. بڕێک لەوبۆچوونانە کەمتر دەدرێنە بەر رەخنەو لەوانەشە کە رەخنەگرانی ئاسایی خۆیان هەڵگروخاوەنی تایبەتمەندیی ئەو شێوە بۆچوونە رەگەزپەرستانەیە بن. لێرەدا مەبەستمان شێوازی “هۆشمەندانە”ی رەگەزپەرستیە.
رەگەزپەرستیی”هۆشمەندانە” چەشنێک لە رەگەزپەرستیی تایبەت بە چینی دەسەڵات دارە و تایبەتمەندیە لە رادەبەدەرەکانی لەوئاستەدایە کە لەو رەگەزپەرستیە ناسراوە گشتییە جیاوازی دەکاتەوە. ئەم شێوازە زیاتر لە لایەن رەخنەگرانی کلاسیکی رەگەزپەرستیی و لەوانە ژان پۆل سارتێرەوە هێرشی کراوەتە سەر.
رەگەزپەرستیی جێگای باسی ئێمە، تایبەت بە چینی دەسەڵات دارە و زاوزێ و گەشەو نەشەی بەستراوەتەوە بە کولتوور و پاشکەفتە فەرهەنگیەکەیەوە. میراتێکە کە میراتگرەکەی خۆی بە خاوەنی سروشتیی و بێ ئەم لاو ئەولای ئەو میراتە ئەزانێت. “ماکس وێبێر”ئەڵێت: رەگەزپەرستیی “هۆشمەندانە” کەرەسە، بیانوو و دەمامکێکە کە ئەوان بە کەڵک وەرگرتن لەو بەرگە دەسکردە، جیاوازی و مافی تایبەتیی خۆیانی پێ بسەلمێنن. واتە توێژی دەسەڵات داربەو شێوەیە سەروەری و باڵادەستیی خۆی بە بابەتێکی بڕاوە و بە دوور لە هەر شک وگومانێک بە کۆمەڵگا بناسێنێت و خۆی بانتر و سەرتر لە هەموو کەس و لایەنێک بزانێت.
پێویستە ئەوەش بڵێین کە هەر رەگەز پەرەستیەک، شێوازێکە لە بنەما خوازی. رەگەزپەرستیی”هۆشمەندانە”ش چەشنە کۆمەڵاتییەکەیەتی کە تایبەتە بە لایەن و هێزی دەسەڵات دار. ئەو چینەی کە دەسەڵاتەکەی لە گرەوی ئەو بەڵگانەدان کە بە دەستیانەوەیە وەکوو: بڕوانامەی خوێندن کە قەباڵەی شایەتیی”زیرەکی” ئەوانە و لە کردەوەدا لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکان، بۆ دەستەبەر کردنی جێگەو و پێگەی گرینگی ئابووریی، جێگای قەباڵەو و بەڵگە کۆنە حەشاردراوەکانی نێو گەنجینەی خاوەن مڵک و مەزراکانی گرتۆتەوە.
جیهانی ئێمە ئەمڕۆ ناخۆشە، لە هەمانکاتیشدا ناسەقامگیر و تەنیایە. جەستەی زامدارو لاوازی ئەم جیهانە ناسەقامگیر و تەنیایە، هاوکات هەڵگری بارێکی قورس و گرانەو ئەویش بێدادگەری یە. خاڵی بوونی جێگای وتووێژ و کاری هاوبەشیش ئەو جیهانە کە لە گۆڕەپانی بێ عەداڵەتیدا بە بێ ئاسۆیەکی روون هەنگاو ئەنێت و رێگا ئەپێوێت، ئازار دەدات. ئایا ئێوە جێگایەک یان شوێنێک کە تێیدا بە ئازادی کۆ ببنەوەو وتووێژی تێدا بکەن، پێ شک دێت؟ بەم پێیە، پێویستە لە پێناو پێکهێنانی فەزاییەک بۆ لێک تێگەیشتنێکی هاوبەش هەوڵ بدەین و تێبکۆشین. لێک تێگەیشتنێکی عەقڵانیی کە لەمەو بەدوا لە لایەن هەمووانەوە بپارێزرێت و رێزی لێ بگیردرێت. بێ شک گەیشتن بە وەها هیوایەک رەنگە دوور بێت لە دنیای واقیع، بەڵام بە ویست و خواستی گشتی و هاودەنگی و کۆدەنگی گەیشتن بەو ئاواتە دوورەدەستە، زۆر نزیکتر لەوەیە کە بیری لێ ئەکرێتەوە.
بە چاو خشاندنێکی کورت بە سەر خەرجە نیزامیەکانی جیهان و بە پشت بەستن بە ئامارە بڵاو کراوەکانی رێکخراە باوەڕ پێکراوە نێونەتەوەییەکان، دەگەینە ئەو راستیە تاڵە کە رۆژانە دوو میلیاردو پێنج سەد میلیون دۆلار(2/500/000/000) خەرجی کوشتنی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤە. بەواتایەکی تر جیهان رۆژانە رێژەیەکی سەرسووڕ هێنەر لە راوگەیەکدا خەرج دەکات کە راو و راوچی هەردووکیان قوربانیی تەماح و زێدە خوازیی کەسانێکن کە لە عەقڵییەت و تێگەیشتنی گشتیی و جەماوەری بێزارن.
راوچی دەچێت بۆ راو، نێچیریش لە داو دەخات، بەڵام سەرکەوتووی ئەو یارییە ئەو کەسەیە کە رێژەیەکی هەرە زۆرتری لە مرۆڤەکانی تری لەناوبردبێت. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە هەر بە پێی راگەیاندنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژانە پترلە دووسەدهەزار(200/000/) منداڵ لە گەڵ برسیەتی دەستەو یەخەن و زۆرتر لە نیوەیان دەمرن.
لە راستیدا ئەودەست ئاوەڵاییە، لە سەر دەستدرێژی بە عەقڵ و فامی هاوبەشی مرۆڤ دامەزراوە. لە پشت رواڵەتی مرۆڤ دۆستانەی خودایانی چەک و زێڕو زۆر و خولیای کوشتاری زۆرترەوە، چی دەگوزەرێت؟ پاساوی فەرمیی ئەودەست ئاوەڵاییە “شەڕی دژە تێرۆرە”. بیانوویەک کە ئەگەر بە پێوەری ئەو “دەرک و فامی هاوبەش”ە کە ناومان لێی برد، هەڵی سەنگێنین، بەو دەرەنجامە دەگەین کە، تیرۆریسم قەرزداری هەمان دەست و دڵبازییە ماڵیەیە. زانیارییەکی هێندە سەیروسەمەری ناوێ تا بزانین کە بەرهەمی شەڕ لە ئەفغانستان و عێراق، بە هێز بوونی تێرۆریسم بووە. شەڕەکان، بناغەیان لە سەر تیرۆریسمی حکومەتیە و تیرۆریسمی حکومەتیش لە تیرۆریسمی تایبەتیەوە هەڵ دەقوڵێت و بە پێچەوانەوە.
رەقەمە بڵا کراوەکان وا نیشان دەدەن کە لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی”جۆرج بووش”دا ئابووریی ئامریکا بە رەوتێکی دڵخۆشکەرەوە پشتی راست کردەوەو گەشەی بە خۆوە بینی. بە بڕوای پسپۆڕان، بە بێ شەڕ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو گەشە ئابوورییە، وەها خێرایی و رێژەیەکی بە خۆوە نەدە دیت. بە واتایەکی تر، هێرش بۆسەرعیراق هەلێکی زێڕین بوو بۆ ئابووریی ئامریکا. لەم نێوەدا قوربانیان و کوژراوەکان چی؟ ئایا “فامی هاوبەش” لە توانای دا هەیە دەنگی خۆی لە رێگای ئەو ئامارە ئابووریانە، یان هاودەنگ لە گەڵ ئەو باوکە جەرگ بڕاوە ، هاواری” خۆلیو ئانگیتا”(١) ئەو کاتەی کە ئەڵێت: نەفرەت شەڕ و هەموو شەڕەکان، بە گوێی هەمووان بگەینێت؟
پێنج وڵاتی گەورەی بەرهەم هێنەر و فرۆشیاری چەک واتە ( ئامریکا، رووسیە، چین، بریتانیا و فەرانسە) ئەو پێنج وڵاتەن کە لە ئەنجومەنی ئەمنیەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا خاوەنی مافی”ڤێتو”ن. ئایا ئەوەی کە پارێزەرانی ئاشتیی نێونەتەوەیی کە هاوکات گەورەترین دابینکەرانی چەک و کەرەسەی شەڕ و کوشتن لە جیهانن، سووکایەتی و بێ ڕێزی بە فام و زانینی گشتیمان نییە؟
لە کاتی دیاریکراودا، ئەو پێنج وڵاتەن کە لە سەر کورسیی فەرماندەیی دادەنیشن. لە هەمان حاڵدا هەر خۆیانن کە (FMI) واتە: سندووقی جیهانیی دراویان بە دەستەوەیە. زۆربەی ئەوانە لە ریزی ئەو هەشت وڵاتەدان کە بڕیاری دیاریکەری بانکی جیهانیی دەدەن. هەر وەها (OMC) یان رێکخراوی بازرگانی جیهانیی.
مەگەر ئەوە نیە کە خەبات بۆ چەسپاندنی دیمۆکراسی لە جیهان، بە دیمۆکراتیزە کردنی رێکخراوە نێو نەتەوەییەکان مسۆگەر دەبێت؟ فام و زانستی گشتی چی دەڵێت؟ لە بنەڕەت دا هەل و دەرفەتێک بۆ دەربڕینی بۆ چوون و بیروڕای پێشبینی نەکراوە. عەقڵی تەندروست تەنانەت مافی دەنگدان و مافی رادەربڕینیشی لێ قەدەغە کراوە.
بەشێکی هەرە زۆر لەو خەسارو زیانانەی لە جیهاندا روودەدەن، بەرهەمی شێوەکاری رێکخراوە نێونەتەوەییەکان و لەوانە: بانکی جیهانی و رێکخراوی بازرگانیی جیهانین. قوربانیەکانیشیان “ون بووان”ن. نە تەنیا ئەوانەی کە لە تەم و مژو تاریکی دیکتاتۆرییە نیزامیەکاندا ونن، بەڵکو ون بووانی دیمۆکراسیش. لەم ساڵانەشدا لە ئێران، هەر وەکوو ناوچەکانی تری جیهان، شایەتی بزر بوونی “پیشەکان” بووین، داهاتەکان، مووچەی خانەنشینی، یەکەکانی بەرهەم هێنان، مەزراکان، کشت و کاڵ، چۆمەکان و تەنانەت منداڵەکانیشمان بزر بوون. بەرهەمی ئەو بزربوونانە هیچ نەبووە جگە لە سەرگەردانی و سەرلێشێواوی جیلێک کە خۆیان و منداڵەکانیان بە ئەنقەست ون کردووە. ئەو جیلە لە پێناو دۆزینەوەی ئەوەی کە لێی ون بووە، بە هەڵبژاردن و لە پێش گرتنی رێگای”کۆچ”،سەرلێشێواوی و سەرگەردانیی بۆ خۆی و جیلی دوای خۆیی بە دیاری هێناوە کە هەموویان بەرهەمی ناکارامەیی سیاسەتەکانی ئەو لایەنانەن کەهات و هۆریای مرۆڤ دۆستانەیان گوێی ئاسمانی کەڕ کردووە.
ئایا عەقڵی تەندروست ئێمەی ناچار کردووە تاکوو ئەو ئازارانەی کە توانای پاراستنیانمان هەیە، قبوڵ بکەین و بە دەست لەسەر دەست دانان، خۆمان بەدەستەوە بدەین تا رادەیەک کە گوایە ئەوە چارەنووسی ئێمەیەو رەوڕەوەی مێژوو یان پەنجەی مەرگ بۆی دیاری کردووین؟
قبووڵ کردن و خۆ بە دەستەوە دان؟ گوایە چارەنووسی ئێمە ئەوەیە بە هێمنی قبووڵی بکەین کە جیهان هەر رۆژ نا عادڵانەتر دەبێتەوە، بۆ نموونە: ئەگەر چی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا باسی یەکسانی و عەداڵەت دەکەن و جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان مووچەی ژنان و پیاوان دا نیە، بەڵام تا گەیشتن بە بەرابەریی راستەقینە لە نێوان مووچەی ژن و پیاودا لە بەرانبەر کاری یەکسان بە رادەی خوێندەواری و ئەزموونی یەکسانەوە،475 ساڵی تر دەبێت چاوەڕوان بین.ئایا فام و زانستی گشتی دەبێت چاوڕوان بێت تا ئەورۆژە دەگات یان پێشنیارێکی دیاری کراوی هەیە بۆ گەیشتن بە بەرابەری؟ ئایا هزری ژنان ئەو ئیزنە دەدات تا رێگای سەبرو تاقەت لە پێش بگرن و تا ئەو رۆژە مل کەچی نابەرابەری بن؟ تەمەنی مرۆڤ چەندە و چەند جیل لە ژنان دەبێت تا گەیشتن بە ئەو” ئارمانشارە” بێن و بڕۆن؟
فام و ئاوەزی گشتی بەرهەمی فێر کردن و بارهێنانی گشتیە کە ئاکامەکەی دەگاتە عەقڵی تەندورست و ئاوەزی گشتی. بە دانیشتن و چاوەڕوان بوون، چاوەڕوانی هیچ موعجزەیەک مەبن. بۆ گەیشتن بەو شتەی کە بە “عەداڵەت”و”بەرابەری” ناوی لێ دەبەین، پێویستمان بە خەبات و تێکۆشانە نە دانیشتن و چاوەڕوان بوون. تەنیا بە خەبات و تێکۆشانە کە دەتوانین ئەو شتەی لێمان تاڵان کراوە، وەدەستی بخەینەوە.
Komala Party له Twitter, ڵاپهڕی ئێمه له Facebook .وهرگرتنی بابهتی نوێ له رێگهی RSS


(No Ratings Yet)