06:18 pm - Tuesday 22 May 2012

بڕیاری لابردنی پۆستی سەرۆك كۆماری لە ئێراندا

وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 5 شه‌م Nov 17, 11:16 am

رەزا ئەمینی

بە گشتی‌و لە رووی خوێندنەوەی تئۆری‌و ئەوەی لە كردەوەدا ئەزموونكراوە، كۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا متمانەی بە چەمكی هەڵبژاردن‌و هەڵبژێران نەبووە‌و نییە‌و، پترئامانجی دەسەڵات سەپێنەكانی كۆماری ئیسلامی كەڵكی ئەبزاری وەرگرتن، لەو دەستەواژانەیە تا چاوی خەڵك‌وكۆمەڵگای نێو نەتەوەیی پێ بنووسێنن ‌و وا بنوێنن لە چوارچێوی ئەم سیستمەی پەیڕەوی لە دیسپلینی ویلایەتی فەقیه دەكا، مافی هەڵبژاردن‌و هەڵبژێران وەك مافێكی دیموكراتیكی تاك‌و كۆمەڵ خاوەن بەها‌و پێوەرە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی سیاسی كۆمەڵگا‌و بەم چەشنە گەرەكیانە لاسایكردنەوەیەكی دەسكردانەی دیموكراسی وڵاتانی پێشكەوتوو بكەنەوە ،بەڵام ئەم دمەلاسكەی دیموكراسییە، خۆی قەیرانگەلێكی بۆ كۆماری ئیسلامی پێكهێناوە‌و لە بڕگە‌و قۆناغی زەمەنی ‌و سیاسی جیاوازدا رژێمی لە گەڵ تەنگەژەیەكی بەرفراوان بەرەوروو كردووە‌و دەسەڵاتدارانی لە بەردەم هەڵوێست گرتنی توند ئاژوانەتردا راگرتووە.

یەكێك لەو بابەتانەی كە كۆماری ئیسلامی لە بەر دەم قەیرانێكی قووڵی ناوخۆیی‌و نێو نەتەوەییدا داناوە، پرسی هەڵبژاردن یان باشترە بگوترێ دیاریكردنی زۆرە ملێی سەرۆك كۆمار بووە لە ئێران. راگەیەنەرەكانی سەربە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی‌و وتەبێژ‌و دەمڕاستەكانی پارێزەری سیستمی ویلایەتی فەقیە، لە سەر‌وبەندی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری لە ئێران یان بە دەربڕینێكی تر بە سەرۆك كۆمار كردنی كەسێك لە لایان دەسەڵاتەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری بازاڕگەرمییەكیان ساز كردووە‌و خەڵك‌و لایەنە سیاسیەكانی ناوخۆ‌و دەرەوەیان سەرقاڵی شانۆگەریی ململانێكانی هەڵبژاردن كردووە‌و بە سناریۆ ساز كردن لە هەوڵی رەوایی بەخشین بە نیزامێكن كە گەمەی بە دیموكراسی‌وهەموو پێوانە دیموكراتیكەكان كردووە‌و بیر‌و ڕای جیاوازی خەڵكی بە گاڵتە گرتووە. ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە، ئەوەیە كە تەنانەت كەسانی باوەڕدار بە كۆماری ئیسلامیش جار‌و بار لە نێو پاڵێوراوان دەرداویشترێن‌و كەسانی جێگەی پەسندی رەهای خۆیان بۆ ئەم پۆستە دیاری كراون كە بۆ وەرگرتنی رەوایی تەواو پێویست بووە کە ئەوانیش بڕیاری رێبەر‌و دیكتاتۆر بێ ئەملاولا بەڕێوە ببەن، ئینجا سەڵاحیەتی خۆ پاڵاوتن‌و وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری وەدەستدێنن. راستی نەشاراوە لەو بوارەوە ئەوەیە كە تەنانەت ئەم كەسانەش كە رێبەریی نیزام مل بۆ خۆ پاڵاوتنیان رادەكێشێ‌، سەرەڕای فرت‌و فێڵی زۆرو شاردنەوەی دەنگە راستەقینەكانیشیان هەم دیس كۆماری ئیسلامی داكۆكی لە كەسێك دەكا كە پێشووتر خۆی دیاری كردوە. لە دوو خولی نۆهەم‌و دەهەمی هەڵبژاردنەکانی بە سەرۆك كۆمار كردن لە ئێراندا كە مەحموود ئەحمەدینەژاد یەكەم كەس‌ودووایین كەسی هەڵبژێراوی كۆماری ئیسلامی بوو، رێبەری ڕژێمی ئیسلامی بە ڕاشكاوی داكۆكی لە بە سەرۆك كۆمار كردنی ناو براو كرد‌و تەنانەت رێبەری دیكتاتۆری ئێران جیاوازی ئەم سەرۆك كۆمارەی لە گەڵ هاوتاكانی پێشووتری خۆی خستە بەر باس‌و رایگەیاند: كە ئەم سەرۆك كۆمارە نوێنەری راستەقینەی رێبەرە. تا سەرەتای ئەمسالیش كە سەرۆك كۆماری رژێمی ئایینی تاران لە گەڵ هێڵی رێبەری ناكۆكیەكی ئەوتۆی نەبوو، گرفتی‌‌ وا لە ئارادا نەبوو. بەڵام بە شوێن هێندێك سەرەڕۆیی ئەحمەدی نەژاد‌و دەستێوەردان لەو پرسانەی كە پەیوەندیی بە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری هێزی ئیجراییەوە نەبوو یان باشترە بگوترێ لە بەڕی خۆی زیاتر پێی راكێشا‌و دەستی بۆ نانی شوانی برد‌و رێبەری نیزامی لە خۆی وەخۆ خست، ئیتر ئەمجار كۆماری ئیسلامی هاتە سەر ئەم بڕوایە كە ناكرێت بە هیچ چەشنێك متمانە بە كەسێكی وەك ئەحمەدی نەژادیش بكرێ تا پۆستی سەرۆك كۆماریی پێ بدرێت ‌و بۆ قۆرغكردنەوەی ئەم پۆستەش هاتنە سەر ئەم بڕوایە کە دەبێ چارەیەكی بۆ بدۆزنەوە.

بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماریی كارتۆنی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە وتاری 26ی رەزبەری ئەمساڵ لە كرماشان باسی لە گۆڕینی سیستمی بە سەرۆك كۆماری كرد‌و رایگەیاند: كە دەكرێ لە پارلمان سەرۆك كۆمار دیاری بكرێ‌و پێویست ناكا بە دەنگی راستەوخۆی خەڵك سەرۆک كۆمار هەڵبژێردرێ. بە شوێن ئەم لێدوانەدا محەمەد دیهقان ئەندامی لێژنەی سەرۆکایەتی مەجلیس وتی: “دەكرێ لە ساڵی 1391دا ئەم بابەتە بخرێتە راپرسی “دیارە پێشووتریش عەباسعەلی كەدخودایی وتەبێژی “شوورای نیگەهبان”‌و عەلی لاریجانی سەرۆكی مەجلیس هاوڕا بوونی خۆیان لە گەڵ گەڵاڵەی قۆرغكردنی دەسەڵاتی ئیجرایی راگەیاندبوو. هەنووكە كارناسانی سیاسی دۆخی ئێران لە سەر ئەوە كۆكن كە نیزامی پارلمانی بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆماری لە ئێراندا بەڕێوە دەچێ‌و ئیتر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بە شێوازی رابردوو لە وڵاتدا باوی نامێنێت.

گەڵاڵەی لابردنی پۆستی سەرۆك كۆماری‌و دیاری كردنی ئەم پۆستە لە لایەن مەجلیسەوە‌و چاودێری، كونترۆڵكردن‌و یەكدەستكردنی مەجلیس‌و هەر ئورگانێكی پەیوەندیدار بە دەسەڵات، بە هۆی دامەزراوەی باڵادەستی رێبەریی لە ئێراندا دەتوانێ زۆر ئامانج‌و گەڵاڵەی شاراوەی لە پشت بێ، بەڵام گرینگترین واتای رازی نەبوونی سیستمە بەو بڕە مافەش كە بە خەڵك دراوە‌و، ئەمەش بە مانای بەرین بوونەوەی كەلێنەكانی دەسەڵات‌و خەڵكە كە لە داهاتوودا، لە دوو بەرەی دژبەری یەكتردا دێنە نێو گۆڕەپانی گۆڕانكارییە سیاسیەكانی ئێران‌و ئەنجامەكەشی هەرەس هێنانی دیكتاتۆرییە لە وڵاتی دیكتاتۆر لێدراوی ئێراندا.

 

Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS

نووسینی روانگه

داخراوه