شكۆدار بێت رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه
وه‌شانگه‌ر عه‌تا - 1 شه‌م Jun 20, 9:33 am
راگه‌یاندنی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه
به‌رز و به‌رێز بێت یادی 31ی جۆزه‌ردان رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه
وشه‌ی پێشمه‌رگه ناوێكی ناسیاو وخوشه‌ویسته له ناو دڵی خه‌ڵكی كوردستاندا.پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه به هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی كه زیاتر له سێ ده‌یه له خۆیی نیشانی داوه ، نه ته‌نیا له ناو خه‌ڵكی كوردستان به‌ڵكوو له هه‌موو ئێران‌دا ناو و ناوبانگ و خۆشه‌ویستێكی تایبه‌تی هه‌یه. رۆژی 31ی جۆزه‌ردان رۆژی شه‌هید بوونی هاوڕێ سه‌عید موعینیه كه له لایه‌ن كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌وه به رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه ناو نرا.
سه‌عید موعینی یه‌كێك له زیندانیانی خۆراگر بوو له ناو ئه‌شكه‌نجه‌گاكانی رژیمی په‌هله‌وی و له ناو زیندانیه سیاسیه‌كانی ئه‌و كاته‌دا به هۆی خۆراگری بێ وینه ناوی ده‌ركردبوو.له ماوه‌یه‌كی كورتدا كه هاوڕێ سه‌عید بۆ كارێكی ته‌شكیلاتی له كوردستانی ئێراق بوو ، بوو به خوشه‌ویستی پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه.
ئێستا كه 32 ساڵ له هێرشی دڕندانه‌ی رژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر كوردستان تێده‌په‌رێت و خۆراگریی چه‌كدارانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به رێبه‌ریی كۆمه‌ڵه ، توانیویه‌تی درێژه‌ی شورشی كوردستان له به‌رانبه‌ر سه‌ره‌رۆیی بسه‌لمێنێت . له ماوه‌ی ئه‌م 32 ساڵه‌دا پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه یاد و بێره‌وه‌ریی و ئازایه‌تی هاوڕێ سه‌عید موعینی‌یان هه‌زاران جار له دژوارترین شه‌ره‌كاندا ، له راستی و پاكی پیوه‌ندی گرتنی دڵسوزانه‌ی له گه‌ڵ خه‌ڵك و زه‌حمه‌تكێشان ،به‌رز را‌گرتوه و حه‌ماسه‌ی خۆراگریی ئه‌وهه‌تا هه‌تایه ده‌مێنێته‌وه. بۆیه 31ی جوزه‌ردان رۆژی به‌رز راگرتنی سه‌عد و سه‌عیده‌كانه . رۆژی رێزلینان له رێگا و سیاسه‌تێ كه پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی كردوه‌ته هێمای متمانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان. رۆژی پێداگری له سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی هێزی چه‌وساوه‌كانی كوردستان له به‌رانبه‌ر زۆر بێ‌ژان و داگیركه‌رانه .رۆژی به‌رز راگرتنی هێزێكه كه ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی ته‌نیا شه‌ر له به‌رانبه‌ر داگیركه‌ران دیاری ناكات ، به‌ڵكوو بردنه سه‌ری ئاستی زانیاری و هوشیاری سیاسی خۆیی و خه‌ڵكی كوردستان به مه‌رجی سه‌ره‌كی په‌ره‌سه‌ندی خۆراگری خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانێ.
ئه‌وساڵ له هه‌ل ومه‌رجێكدا رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه رێز لێده‌گرین كه خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی خه‌لكی ئێران و كوردستان چووه‌ته قۆناغێكی نوێه‌وه. ئێمه شاهیدی چه‌ندین مانگ ناره‌زایه‌تی ده‌ربرینی خه‌ڵك له شه‌قامه‌كانی شاره گه‌وره‌كان و شاهیدی مانگرتنی سه‌راسه‌ریی و به‌ربڵاوی خه‌ڵكی كوردستانین. به دڵنیائیه‌وه ئێمه له هه‌ل و مه‌رجێكداین كه باڵانسی نێوان خه‌باتی سیاسی و خۆراگریی چه‌كدارانه گۆرانی جیدی به سه‌ردا هاتووه.به‌ڵام سه‌ره‌رای ئه‌مانه، له وڵاتیكی دیكتاتۆر لێدراوی ژێر ده‌سه‌ڵاتی میلیتاریزمی كۆماری ئیسلامی ، خه‌ڵكی كوردستان نه ده‌توانن ده‌ست له سونه‌تی پێشمه‌رگانه هه‌ڵبگرن و نه شیاویشه كه رۆڵی خه‌باتی چه‌كدارانه‌ش له به‌ر چاو نه‌گیردڕێت . به پێچه‌وانه‌وه پاراستنی هێزی پێشمه‌رگه و ته‌یار كردن و نۆێكردنه‌وه‌ی ئه‌ركی سه‌رشانی ئێمه‌یه له داهاتووشدا .تا ئه‌و كاته‌ی ئازادی هه‌ڵسووڕانی سیاسی حزبی مسوگه‌ر نیه هه‌بوونی هێزی نیزامی خه‌ڵك یه‌كێك له بنه‌ماكانه بۆ پارستنی باڵانسی سیاسی نێوان ئێمه و دوژمنی داگیركه‌ر.
پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه ئه‌و هێزه‌یه كه له ر‌واڵه‌تی دابه‌زین و كه‌م بوونه‌وه‌ی ده‌ور و نه‌خشی خه‌باتی چه‌كدارانه توانیویه‌تی له سازماندان ، وشیاری‌به‌خشی و په‌ره‌پێدانی خه‌باتی راگه‌یاندن و سیاسی رۆڵی به‌رچاوی گێراوه. ئێمه ، پاراستنی هێزی پێشمه‌رگه و مافی به‌رپرچدانه‌وه‌ی چه‌كدارانه له به‌رانبه‌ر هێرشی داگیركه‌رانه و سه‌ركوتكه‌رانه‌ی كۆماری ئیسلامی بۆ خۆمان و گه‌ڵه‌كه‌مان ده‌پارێزین و به ره‌وای ده‌زانین.
به‌رز و به‌رێز بێت یاد و بێره‌وه‌ری شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه
سڵاو بۆ هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان
سڵاو له هه‌موو پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه و ئه‌وانه‌ی كه رۆژێك له ریزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌دا بوون
سه‌ركه‌وێت خه‌باتی خه‌ڵكی كوردستان بۆ رزگاری و ئازادی
بڕۆخێ كۆماری ئیسلامی
كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان
29/جوزه‌ردانی 1389
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS


(No Ratings Yet)