شکست و ریسوایی پیلانێک یان یەکگرتنەوەی کۆمەڵە
وهشانگهر ئاسۆ - 1 شهم Nov 13, 12:08 pm
ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
لەم ڕۆژانەی دواییدا، کۆمیتەی ناوەندیی جەریانێک کە خۆی بە حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران ناوزەد ئەکا و کەسایەتیی یەکەمی ئەم حیزبە، عەبدوڵای موهتەدی، لە راگەیاندنێکدا، ئیدیعای پەیوەست بوونی زۆرینەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیان بە حیزبەکەیانەوە کردوە. ئێمە هاوکات لە گەڵ وەدرۆ خستنەوەی ئەم هەواڵە و ئیدانە کردنی ئەم شێوازە تەبلیغی یە گۆبلێزی و چەواشەکارانەیە، بە پێویستمان زانی کە ئاماژەیەک بکەین بە راگەیاندنی یەکی ئۆکتۆبر، رێکەوتی ٩ی مانگی رهزبهری١٣٩٠ی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە کە تێیدا باسمان لە پیلانگێڕیی عەبدوڵلای موهتەدی و حیزبەکەی لە دژی کۆمەڵە و دەرئەنجام و ئاکامی شکستخواردووی ئەم جەریانە کردبوو. لە راستییدا کۆی ئەم رووداوانە لە ڕوانگەی ئێمەوە بابەتگەلێکی کۆن و لەبیر کراون. رووداوگەڵێک کە لە نیهایەت دا بە تەریک مانەوە و دوورکەوتنەوەی تاقمێک کە مل کەچی هیچ پرەنسیب و بڕیارێکی حیزبیی و تەشکیلاتیی نەبوون، کۆتایی پێهات. ئەمەش خۆی لە خۆیدا هۆیەکانی هەرچی برینتر بوونەوەی گٶڕەپانی خەبات و چالاکیەکانی کۆمەڵەی هێنایە ئاراوە. نەتەنیا هیچ بۆشاییەک هەست پێ نەکرا، بەڵکووگوڕ وتینێکی نوێی خستە گیانی رەوتی بەرەوپێش چوونی گەشەی کۆمەڵە. بەم هۆیانەی سەرەوە و زۆی هۆی تر، دووپات کردنەوەی ئەم بەسەرهات و شکستە بە پێویست نازانین. بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە بە هۆکاری جۆربەجۆر خوازیاری زانیاریی زیاترن، وەبیر هێنانەوەی هێندێک خاڵ دهتوانێ بەسوود بێت.
دووکەس لە کادرەکانی پێشوومان کە زیاترلە ساڵێک لەمەوبەر بە هۆی کۆمەڵێک هەڵەی تەشکیلاتیی و کردەوەی ناشایست و کەڵک وهرگرتنی نابەجێ لە پلە و پایەی تەشکیلاتیی و حیزبییان کەوتبوونە بەر ڕەخنەی تووندی ناوخوی تەشکیلات، لە نیهایەتدا بەرەورووی ڕەخنەی جیددی و سەرکۆنە و سزای حیزبیی لە لایەن کۆمیتە ناوەندیی کۆمەڵە بوونەوە. ئەنجامی کۆی ئەمانەش هۆیەکانی هەرچی زیاتر تەریک کەوتنەوەی ئەم کەسانەی بەدواوە بوو. پلیۆنیۆمی پێنجەم ئەو دەرفەتە گونجاوه بوو کە کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە زۆر وشیارانە قۆستییهوه بۆ پێداگریی زیاتر و جیددیتر سەبارەت نەزم و نەسەقی حیزبیی و پێشگیریی لە سەرەڕۆیی تەشکیلاتی. رەوتی بەرەوپێش چوونی ئەم رووداوانە هەل و مەرجێکی هێنایە ئاراوە کە ئەم جۆرە کەسانە لە ڕێر فشاری ڕخنەی تەشکیلات لە هەڵە و سەرەرۆییەکانیان، یان بە بڕیاری حیزبیی، پلە و پایە تەشکیلاتیەکانیان لێ بستێندرێتەوە، یان ئەوە کە خۆیان نەتوانن ئەم نارهزاییهتیه گشتیی و تەشکیلاتیە تەحەموول بکەن و جگە لە دەست لە کار کێشانەوە چارەیەک بەدی نەکەن. لێرەدا بوو کە ئەم کەسانە، پێوەندیە نەهێنی و ژێربەژێرەکانیان لە تەک گروپی عەبدوڵلای موهتەدی چڕ و پڕتر کرد و سەرەتا هەوڵیان دا چەشنی ئەهەرۆم و گروپێکی گوشار لە ناوخۆی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەڵس و کەوت بکەن تا بەڵکو بتوانن لەم ڕێگایەوە ئیمتیاز و باجی سیاسیی لە تەشکیلات وەرگرن و دیسانەوە بە پلە وپایە تەشکیلاتیەکانیان کە پێشتر لەدەستیان دابوو، بگەنەوە. بەڵام هەرکە ئەم شێوازانە مەبەستی دیارییکراویانی نەپێکا، بگرە دەرئەنجامی پێچەوانەشی بەدواوە بوو و تووشی تەریک مانەوە و ئینزوای هەرچی زیاتری کردن، ئەمجارەیان لە ژێر پشتگریی خۆی عەبدوڵلای موهتەدی و حیزبەکەی، وەسوەسەی داڕشتنی پیلانێکی پڕاو پڕ لە دژی کۆمەڵە هانیدان. هەر بۆیە، دەستیان دایە جم و جۆڵێکی چهکدارانه لە ناو ئۆردوگا و بارەگاکانی کۆمەڵە و هەوڵێکی ساویلکانە و بێهودەیان بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە و لە نیهایەت دا کودەتایەکی نیزامیی و داگیر کردنی بارەگاکانی کۆمەڵە ڕەچاو کرد. ئەمە دوایین پەلەقاژە و هەوڵێکی بێسەمەر بوو کە لە گەڵ یەکەم بەرەوروو بوونەوەی لە گەڵ وشیاریی تەشکیلات و سەرکردایەتی کۆمەڵە ، فەشەلی هێنا. لەم ناوەدا، نەتەنیا هیچ گۆشەیەک لە کار و چالاکیی تەشکیلاتیی و ئۆرگانەکانی کەمەڵە تووشی خەسار و وەستان نەبوو، بەڵکوو بە فەشەل هێنانی ئەم پیلانە و دەرکران و پەرەوازە بوونی پیلانداڕێژەران و سەرکردەکانی، ئەم جم وجۆڵە ناڕەسەنە کۆتایی پێهات. ئەم کەسانە نەتەنیا نەیانتوانی هیچ جێگە و پێگەیەکی سیاسیی لە دەرەوەی کۆمەڵە بۆ خۆیان دەستەبەر کەن، بگرە لە ناو کۆڕ و کۆمەڵ و حیزبە سیاسیەکانیش هەرچی زیاتر کەم مایە و بێ ئعتبار بوون. تەنیا دەسکەوتی ئەم تاقمە، ڕاگەیاندنێکی پڕ لە سووکایەتی و بەکەمزانین بوو کە روو لە بیر و ڕای گشتیی لە لایەن عەبدوڵلای موهتەدی و حیزبەکەیەوە بۆیانکرا بەدیاریی و لە کۆتاییشدا، لە کەش و هەوایەکی پڕ لە گومان و دڕدۆنگی و بێمتمانەیی و نوقم بوون لە ئاسۆ و داهاتوویەکی لێڵ و نادیاردا، چوونە ڕیزی هاو حیزبیە نوێیەکانیان.
ئەوەی لێرەدا ئەتوانێ جێی سەرنج و تێڕامانی گشتیی بێ، ئەو هەڵلاو بەزم و پرۆپاگەندە نزم و ساویلکانەیە کە کەسی دیاریی کراو و خەڵکانێک کە خۆیان بە حیزبی سیاسییش ناوزەد ئەکەن، رێیان خستوە. تەسویر و قەوارەیەک کە لەم جەماعەتە بەدی ئەکرێت، لە راستییدا وەبیرهێنەرەوەی لەشکرێکی شکستخواردوە کە لە گۆیا لە شەڕی دوژمنێکی بەهێز و سەرسەخت گەرابێتنەوە و لە هەمان کاتدا هەلهەلەی جەشن و شایی و شادمانیان لە دوورەوە ئەبیسترێ. هاوکات لەگەڵ هەمووی ئەمانە، سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، هەڵوێستی کۆمەڵە و کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەیان بە شیاو و ڕەوا زانیوە و بە دەرکەوتنی ڕاستیەکان و ئاگاداریی پڕاوپڕی هەموان لە واقعی رووداوەکان، هۆیەکانی تەئیید و پەسندی سیاسەتەکانی کۆمەڵە لە بەرەنگاربوونەوەی وەها جم و جۆڵ و گەرایشێکی ناسیاسیی لایان پێک هێناوە. داخ و مەخابن کە جەریانی بە ناو کۆمەڵەی کوردستانی ئێران و لە سەرووی هەموانەوە خۆی کەسی یەکەمی ئەم حیزبە تا ئەو جیگایە دابەزیون کە دوژمنایەتیی لە گەڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیان تا ئاستی پیلانگێڕیی و ڕێبەریی کردنی گەرایشێکی ناسیاسیی و کودەتایەکی نیزامیی بەرەوپێش برد و دواتریش شکستی نیهایی خۆیان بە ناوی هەوڵ و تێکۆشان بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵە ناوزەد کرد. ئەم چەواشەکارییە ئاشکرایەش کۆمەڵێک هۆکاری دیاریی کراوی هەیە کە ئەتوانین ڕاو بۆچوونی خۆمان لەم بارەیەوە بەم شێوەی خوارەوە دیاریی بکەین :
١. هەموان شاهیدن کە جەنابی موهتەدی و بەشێک لە ڕێبەریی حیزبەکەی، بە هیچ شێوە پێشوازییان لە بانگەوازی ئێمە و کەسانی تر بۆ دیالۆگ و تێکۆشان لە مەڕ پرسی کۆمەڵەیەکی گەورە و بەرین و یەکگرتوو نەکرد و بە پێچەوانەوە لە هیچ هەوڵ و تەقالایەک بۆ دژایەتی کردنی ئەم بانگێشتە درێغییان نەکرد. داواکاریی ئێمە بۆ دیالۆگ و دانوستانی ئاشکرا و سیاسیی لە گەڵ تەبعی ئەوان هاوتەراز نەبوو. هەر بۆیە ناچار بوون کە لە دنیای وەهم و خەیاڵی خۆیاندا، گەرای شکست و حەزفی گشت لایەنەکانی کۆمەڵە پەروەردە کەن. بە پێێ هەڵسەنگاندنەکاینان، یەکەم لایەن کە بیریان لە لاوازکردن و شکست پێهێنانی کردبۆوە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو. ئێمە پاش چەندین کۆبوونەوە و دانووستان کە بە بەشداریی لایەنێکی سێهەم بەڕێوە چوو، زۆر زوو بۆمان دەرکەوت کە مەبەستی ئەوان جگە لە ریاکاریی و فریودان شتێکی تر نیە و ئەوان لە چواچێوەی سیاسەتێکی ساویلکانە، جگە لە سازکردنی کەلێن و دووبەرەکیی لە ڕیزەکانماندا هیچ مەبەستێکی تریان نیە. هەر ئەوکاتیش ئێمە بە راشکاوی بە لایەنی سێهەممان ڕاگەیاند کە هیچ راستگۆییەک لە نییەتی ئەواندا بەدی ناکرێ وسەجەمی پێوەندیی ناسالم و ژێر بەژێری موهتەدی لەگەڵ کەسانێک لە ناو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەم راستیە و ئەم ڕوانگەیەی ئێمەی بە باشی سەلماند.
٢. لە ڕونگەی ئێمە هەوڵ و کۆششی لایەنێکی سیاسیی بۆ لاواز کردنی لایەنی رکەبەر و بەرانبەر و دزەکردنە ناو ڕیزەکانیان بە مەبەستی تەبلیغی سیاسەتەکانی خۆی، قەدەغە و بڤە نیە. ئەوەی کە لای ئێمە قابیلی ئیدانە کردنە، ئەو دیاردە دزێوە ناسالمەیە کە دەستی پیلانگێریی و دەستێوەردانی ناسالم و دوور لە هەر چەشنە پرنسیبێکی سیاسیی و بەڕێوەبەریی بۆ شکل دان بە کودەتای نیزامیی و پەرەدان بە فەزای ترس و ئاژاوە و جۆرێک لە لۆمپەنیزم ( لەم دەورەیەدا شاهیدی نموونەیەکی بەرچاوی بووین). سیمای بێڕەنگ و ترساوی ئەم تاقمە لە بەرەورووبوونەوەیان لە گەڵ دیالۆگێکی سالمی سیاسیی لە ماوەی دووساڵی ڕابردوودا لای هەموو کەس ناسراوە. خۆدزینەەوی ئەم جەماعەتە لە وە ئەستۆ گرتنی بەرپرسایەتیی و دەرئەنجامی سیاسەتەکانیان، ئەمری واقیع و راستییەکی حاشاهەڵنەگرە. شەفافییەت و راستگۆیی کۆمەڵە لە هەمبەر خەڵکی کوردستان سوننەتێکی هەمیشەیی و نەگۆڕ بووە کە ئەم جۆرە کەسانە لێی بێبەریی بوون. ئەوان ئامادەی هاوکاریی لە گەڵ هیچ کام لە لایەنەکانی کۆمەڵە نین و لە بەر ئەوەی پێیان وایە لە کۆمەڵەیەکی یەکگرتوو و بەهێزدا جێگە و پێگەیەکیان نابێ و بە هۆی هەڵس و کەوت و تێروانییان ئەکەونە پەڕاوێزەوە. ئەوان لە ماوەی ئەم دووساڵەی ڕابردوودا، سیاسەتی تەزویر و فریودان و دیپلۆماسیی ناسالمیان کردە بنەما و بنچینەی تەرح و پلانەکیان و کاتێکیش لێیان ئاشکرا بوو و ئامانجی سەرەکیی سیاسەتەکانیان لە قاو درا، ئەمجار بەکردوە دەستیان دایە سرینهوهی فیزیکیی هاوسەنگەرانیان.
٣. ئیتربۆ هەموو تەیفی کۆمەڵە روون و ئاشکرایە کە مەبەست و سیاسەتی ئەم جەریانە نەک هەوڵ و تێکۆشان لە پێناو بەیەکەوە ژیان و سازدانی نێزیکایەتیی و هاوکاریی لە ناو بنهماڵهی کۆمەڵە و داکۆکیی پرۆسەی سازدانەوەی یەکگرتوویی ناو تەیفی کۆمەڵە ، بەڵکوو لە راستییدا، کەند و کۆسپ سازکردن لە سەر رێگای یەکگرتنەوەیەکی واقیعیی و سیاسییە. ئەم جەماعەتە، هاوکات لە گەڵ دژایەتیەکی کوێر و هەمەلایەنە لە گەڵ گشت لایەنەکانی کۆمەڵە و حیزبە سیاسیە کوردیەکانی تر، مەبەستیانە کە بە خۆهەڵواسین و ئیئتلاف لە گەڵ راستترین جەریاناتی سیاسیی، هاورێ و هاوسەنگەرانی پێشووی خۆیان لاواز و ئیزۆلە کەن. بەڵام هەر وەک هەموومان ئەبینین، ئەم سیاسەتەیان، دەرئەنجامێکی جیا لە تەریک و ئیزۆلەبوونی هەرچی زیاتری خۆیان لە ناو تەیفی کۆمەڵە و چەپی کوردستاندا نەبووە. دەنگی ئیعتراز و ناڕازیی بوون لەم سیاسەتانەیان تەنانەت لە ناو حیزبەکەی خۆیان و ئەندامەکانیشیان بۆ هەموان بیستراوە. سیاسەت و پیشەی بەنرخی رۆژ نان خواردن ئیتر هیچ ئیعتبار و پێگەیەکی لە ناو تەیفی کۆمەڵە بۆ نەهێشتوون و خۆیان باش لەوە ئاگادارن کە لە کۆمەڵەیەکی بەرین و یەکگرتوودا جێگایەک بۆ وەها سیاسەتێک نیە و هەر ئەوەش سەرتاپای وجوودیانی پڕ کردوە لە ترس و نیگەرانی. ئەوان تەحەموولی هیچ شەریک و هاوبەشێکی سیاسییان نیە و دەرگایان تەنیا و تەنیا بەرووی خەڵکانی گوێ لەمست و بێ وورە و شکست خواردوو کراوەیە . ئیتر بۆ هەموان روون و ئاشکرایە کە قیل و قاو و دەنگی زڕاوی شەیپووری پڕوپاگەندەیان لە مەڕ تهریک کهوته و ڕاونراوانێک کە لە ڕێزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەر کران، هەوڵێکە لە پێناو سەرپۆش نانە سەر کێشە ناوخۆییەکانیان و کپ کردنی دەنگی هەموو ئەو کەسانەی کە لە ناو خۆی حیزبەکانیان ئیدانەی سیاسەتەکانیان ئەکەن.
٤. سیاسەتەکانی ئەم جەریانە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بە روونی دەری خست کە لە روانگەی ئەوانەوە کۆمەڵانی خەڵک هیچ جێگە و پێگە و دەسەڵاتێکیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا نیە. لە ڕوانگەی ئەم کەسانەوە سات و سەودای نزمی سیاسیی دەور و نەخشی سەرەکیی هەیە و قسەی یەکەم ئەکات. ئەمە بەلارێداچوون و هەڵگەرانەوەیەکی ئاشکرا و پڕاوپڕە لە ئامانج و سیاسەتە مێژوییەکانی کۆمەڵە. ئەمانە فێرن کە ئەگەر قازانج و بەرژەوندیەکانیان بخوازێ، لە چەپی چەپەوە بەرەو راستی راست هەڵگەڕێنەوە و ئەگەر رۆژگارێک ئیدیعای داکۆکییکردنی بزوتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانیان ئەکرد، ئەمجارە تەنیا و تەنیا بۆ ئەوەی مەجالی خۆدەرخستن لە جەریدە وگۆڤارێکیان پێ بدرێ، نکوڵی لە نەتەوەبوونی گەلەکەیان بکەن و تا ئاستی قەوم و قەبیلەیەک کە لە لایەن نەیارانی گەلی کوردەوە بەکارئەهێندرێ، نزمی کەنەوە. ئێمە لە هەر دەرفەتێک و لە ئاسۆسات و ووت و وێژی جیا جیا دا ئەم سیاسەتەمان داوەتە بەر ڕخنە و گازندەی زۆر جیددی و هەوڵمان داوە لە پێناو سەلماندنی ئەم راستییە کە جیاوازیی سیاسیی لە بەینی لایەنەکانی کۆمەڵە راستییەکی حاشا هەڵنەگرە و خۆ گێل کردن لەم بابەتە، دوورکەوتنەوەیە لە سەرچاوەی واقیعی کێشەکان و گرنگیی تەوەرەی باسەکان.
٥. عەبدوڵلای موهتەدی و حیزبەکەی بە شێوەیەکی دیاریکراو و تایبەتیی، پاش ئەو جیاییەی کە ساڵی ٢٠٠٧ بە سەرکۆمەڵەدا سەپێندرا، هەر کە مەیدانیان چۆڵ بینی و هەلیان بۆ رەخسا، بە هەموو توانایانەوە ئەسپی خۆیان لنگدا و رێگایکیان گرتە بەر کە بەتەواویی جیاواز بوو لەو رێگایەی کۆمەڵە تا ئێستا خەباتی بۆ کردبوو. زۆر ساویلکانەی پێوابوو کە بۆ بەدەست هێنانی وەجهە و هێژمۆنی لە ناو کۆمەڵە، باشترین و تەنیا ڕێگای مومکین، پڕکردنی دەستەکانیان و کۆ کردنەوەی ئیمکانات بە هەر قیمەتێک و لە هەر ڕێگایەکەوە وخۆهەڵواسین بەخەڵکانێک کە لای ئەوان بەکەسانی گەورە و باڵادەست لە قەڵەم ئەدران. دواتریش و لە کاتی پەرەسەندن و بەرینتر بوونەوەی بزوتنەوەی ئیعترازیی نەتەوەکانی ئێران و هاوکات، سەرهەڵدانی رەوتی ئیسلاحخوازی سەوزی ئیسلامیی لە ئێران، ئەو ترسەیان لێ نیشت کە نەکا لە قافڵە بەجێ بمێنن و هەر ئەو تێگەیشتنە نادروستە کە گۆیا ئێران لەژێر رکێف و دەسەڵاتی ئیسلاحخوازانی ئیسلامیی دایە، هەرچی زیاتر بەرەو ئەم رێگایە پاڵی تێوە نان. لەمەودوا بوونە سەوز پۆشانی دوو ئاتشە و ئۆلگوو و ئارمانەکانی بزوتنەوی سەوزی ئیسلامیی و رێبەرەکانیان کرد ناوەرۆک و هەوییەتی خۆیان. تەنانەت پاش ناهومێدبوون و شکستی سیاسیی لەم بوارەشدا، بە جێی ئەوەی بیرێک لە سیاسەتەکانی تا ئێستایان بکەنەوە ، لە بەرنامە و پلانی سیاسییاندا، وەرچەرخانێکی لە جاران زیاتریان رەچاو کرد و لە ناو خۆی تەشکیلاتەکەشیان، بە جێی تەفهیم و جێ خستنی چەمکی حیزبییەت، هەوڵێکی زیاتر لە هەمیشەیان بۆ سازکردنی کاریزماکان و کیشی شەخسییەت و برەوپێدان بە تاک پەرەستی دەست پێکرد. هاوکات لە گەڵ ئەم پاشگەزبوونە و زیگزاگە سیاسییە کە ئیتر بەشێکێ جیانەکراوە لە هەوییەتی ئەم کەس و حیزبەی پێک ئەهێنا، تۆوی رق و قینیان لە دژی تەیفی کۆمەڵە بە گشتیی و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بەتایبەتی، زیاتر لە ناخیاندا چەکەرەی ئەکرد و گەورەتر ئەبوو. کێ هەیە ئەو راستییە نەسەلمێنێ کە پێگهی جهماوهریی کۆمەڵە لە ناو خەڵکی کوردستان کە رۆژ بەرۆژ روو لە پەرەسەندن و زیادبوون بوو، یەکێکە لە هۆ سەرەکیەکانی ئەم رق و قینە بێسنوورەی ئەم جەریانە بەرامبهربه کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەناخیا پەروەردەی ئەکرد.
6. بە بروای ئێمە، ئەم جۆرە سیاسەت کردنە و رێگرێکی جیددی و گەورە و گرانە کە پێش بە تەبایی و هاوکاریی نێوان لایەنەکانی کۆمەڵەیە و تا ئێستاش خەساری گەورەی لە رەوتی بەرەوپێشچوونی دیالۆگ و لێکنێزیکبوونەوە داوە. دیالۆگێکی جیددیی سیاسیی و هەوڵدان بۆ هاوکاریی و هاوئاهەنگیی لە ناو تەیفی کۆمەڵە، بە بێ سەلماندنی سەداقەت و نیازپاکیی خۆ پاراستن لە سیاسەتی فریو و پیلانگێڕێی مومکین نابێ. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا، لە هیچ هەوڵ و کۆششێک بۆ هاوکاریی و تەبایی و سازدانی فەزایکی سالم بۆ رەخساندنی دەرفەتەکانی دیالۆگێکی سالم و هاوڕێیانە، درێغی نەکردوە و لە داهاتووشدا درێژە بەم هەوڵانەی و هێنانە ئارای بیر و بۆچوونی ڕەخنەگرانە ئەدات و هیچ گومانێکمان لەوەدا نیە کە بەو ڕێژەیەی کە شێوازی ناردروست و چەواشە، زیان ئەگەیەنیەتە هەموو لایەک، هەر بەم ڕێژەیەش ،نیازپاکیی و ملدان بە دیالۆگی عەلەنیی و ئاشکرا، رێگای بەرەوپێشچوون و بە ئەنجام گەیشتنی هەوڵەکانمان لەم پێناوەدا، مومکین و ئاسانتر ئەکات.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١١.١١.٢٠١١
Komala Party له Twitter, ڵاپهڕی ئێمه له Facebook .وهرگرتنی بابهتی نوێ له رێگهی RSS


(No Ratings Yet)