سووریە، کوشتارگەی خەڵکی بیر جیاواز
وهشانگهر ئاسۆ - 4 شهم Feb 15, 5:27 am
دوای تێپەڕ بوونی نزیک بە یەک ساڵ لە ڕاپەڕینی جەماوەریی لە سووریە دژ بە حکومەتی بەشار ئەسەد، هێشتاکە بینەرو بیسەری کۆمەڵکوژیو کوشتاری بێ بەزەییانەی خەڵکی بێ تاوانو ڕاپەڕیوی شارە جۆراو جۆرەکانی ئەو وڵاتەینو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی کوژراوانو خەسارە مرۆییەکان لە زیاد بووندایەو بە پێی دواین ئامارە بڵاو بووەکان لەم پەیوەندەدا ڕێژەی قوربانیان سنووری 6 هەزار کەسی تێپەڕاندووەو بە هەزاران کەس بریندارو بە هەزاران کەسی دیکەش لە زیندانەکاندا بەسەر دەبەنو ئەم چەرخی قەسابیە بێوچانو بێ ڕاوستان، گیانی خەڵکانی بیر جیاوازو نەیاری خۆی دەگرێتو سەرکوت هێشتاکە هەر قسەی یەکەمو کۆتایی بەشار ئەسەد بۆ مانەوە لەسەر کورسی دەسەڵاتە.
دواین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئەمنیەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ داسەپاندنی ئابڵۆقەکان بەسەر ئەو وڵاتەش بە ڕەت کردنەوەی بڕیارنامەی ئەو شەورایە لە لایەن چینو ڕوسیەوە بێ ئاکام مایەوەو هەر ئەمەش ناڕەزایەتیو دژایەتیەکی زۆری بەرانبەر بەو دوو وڵاتە لەلای وڵاتانی جیهانو بەتایبەت لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی سووریەوە لێکەوتەوە. هەر لەم پەیوەندەدا بورهان غلیون سەرۆکی شەورای نەتەوەیی سووریە خوازیاری پێکهێنانی ئێئتلافێکی نێو نەتەوەییو دەرەکی لە چوارچێوەی شەورای ئەمنیەت بۆ یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی سووریە بووەو هەروەها ڕەت کردنەوەی بڕیارنامەی ئابڵۆقەکان لە لایەن ڕووسیە و چینی بە مۆر کردنی ئیجازە نامەی کوشتنی خەڵکی سووریە ناولێبردووەو زیادیشی کردووە کە، ئەم کارەی مسکۆو پێکەن زەبرێکی کاریگەرو نالەبار لە جەستەی ڕێگا چارەی ئاشتی خوازانەی قەیرانەکانی سووریە دەداتو دەستی ڕژێمی دیکتاتۆری ئەو وڵاتە بۆ جینایەتی زۆرتر ئاوەڵاتر دەکاتو داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد تاکوو، وەکوو توونس باڵوێزەکانی سووریە لە وڵاتەکەیان بکەنە دەرەوەو داواشی لە خەڵکی ناڕازی سووریە کرد تاکوو، لە بەرانبەر باڵوێزخانەی ڕووسیەو چین بە هۆی هەڵوێستە نەشیاوەکەی ئەو دوو وڵاتەوە، دەست بدەنە ناڕەزایەتی دەربڕین.
ڕێک چەند کاتژمێر دوای ڕەت کردنەوەی بڕیارنامەی شەورای ئەمنییەت لە لایەن ڕووسیەو چینەوە، ئەرتەشی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، خەڵکیان بە شێوەیەکی دڕندانەو بە دوور لە هەر چەشنە پێوەرو پێناسەیەکی مرۆیی، لە سەر شەقامەکان گوللە باران کردو لەو هێرشەدا سەدان کەس کوژرانو بریندار بوونو شەپۆلێکی نوێی لە کوشتاری خەڵکی وەزاڵە هاتووی سووریە دەستی پێکرد. نەبیل ئەلعەرەبی سکرتێری گشتی یەکیەتی عەرەبیش لە بەرانبەر بایکوتی بڕیارنامەی شەورای ئەمنییەت نیگەرانی دەربڕیوەو لەم پەیوەندەدا ڕایگەیاندووە، سەرنەکەوتنی ئەم شەورایە لەهەمبەر پەسەند کردنی بڕیارنامەیەک بۆ پشتیوانی لە گەڵاڵەی یەکیەتی عەرەب بۆ چارەسەریی کێشەکانی سووریە، هۆکارێک بۆ کۆتایی هێنان بە پشتیوانیی جیهانی عەرەبو هەوڵەکانی ئەم یەکیەتییە لە پەیوەند لەگەڵ سووریە نییەو یەکیەتی عەرەب هەماهەنگ لەگەڵ هەموو لایەنەکانو لەوانە دەوڵەتی سووریەو نەیارانی ئەو ڕژێمە، سەرجەم هەوڵەکانی خۆیان بۆ چارەسەریی سیاسی قەیرانی ئەم وڵاتە بۆ بە ئامانج گەیاندن دەخەنە گەڕ.
لە لایەکی دیکەوە یونیسێف، سندووقی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوایین ڕاگەیەندراوی خۆیدا هێناویەتی کە، تاکوو ئێستا 384 منداڵ لە ڕووداوەکانی سووریە گیانیان لەدەستداوەو نزیک بە ئەم ڕێژەیەش منداڵ لە زیندانەکاندان کە، هەندێکیان تەمەنیان کەمتر لە 14 ساڵە. ڕیما سەلاح جێگری بەڕێوبەری یونیسێف لەم پەیوەندەدا وتوویە، ئەم ئامارانە تا ڕۆژی 7ی ژانویە کۆ کراوەتەوەو ڕژێمی دەسەڵاتدار لە سووریە لە بەرانبەر پارێزگاریی لە منداڵان و مافەکانیان، بەڵێنی یاسایی هەیەو دەبێ لەئاست بەڵێنەکانی پێبەند بێت.
دەبێ ئەوەش بوترێت، کە تاکوو ئێستا چەندین دەستە خەڵکی ئێرانی لە سووریە لە لایەن شۆڕشگێڕانەوە بە هۆی ئەوەیکە لە کوشتاری خەڵکی ئەو وڵاتەو یارمەتی گەیاندن بە ڕژێمی بەشار ئەسەد دەستیان هەبووە، ڕفێندراون. ڕژێمی ئیسلامیش بەردەوام تۆمەتەکانی دەستێوەردان لە کاروباری سووریە ڕەت دەکاتەوەو ئاگادار نەبوونی لە ئاست وەها کەسانێک ڕادەگەێنێتو دەڵێت؛ ئەم چەشنە کەسانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە نییەو ئەگەریش کەسانێک وەها کارگەلێک ئەنجام دەدەن، ئەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانەیە، یان لە لایەن کەسانێکی دیکەوە سازمان دراون.
Komala Party له Twitter, ڵاپهڕی ئێمه له Facebook .وهرگرتنی بابهتی نوێ له رێگهی RSS



(No Ratings Yet)