ئینسانی راسته‌قینه کێ‌یه؟! (به‌شی سێهه‌م)
وه‌شانگه‌ر ئاسۆ - 4 شه‌م Feb 15, 4:02 am
گه‌ران به دوای خـــۆ دا. خۆ دینه‌وه!
له به‌شی یه‌ک و دوو دا باسی ئه‌وه کرا له مێژووی مرۆڤ و له کوللیه‌تی خۆی‌دا دوو بۆچوون، دوو جیهان‌بینی له بابه‌ت جۆری چاولێکردنی ئینسان له خۆی و له ته‌بیعه‌ت شکل ده‌گه‌رێ. یه‌کیان ئینسان و سروشت به عه‌بد و ده‌سکردی خودا ده‌زانێ واته “خوداسه‌نته‌ری” و ئه‌وی‌تریان ئینسان به زاتێکی بێ هاوتای خه‌ڵلاق و دروستکه‌ری کۆمه‌ڵگا و هه‌موو شته‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا ده‌زانێ واته “ئینسان سه‌نته‌ری”. “خوداسه‌نته‌ری” هه‌وڵ‌ده‌دا مرۆڤ له ئاسمان و خه‌یاڵاتی بێ سه‌ر و بن دا ون ده‌کا. ئینسان‌سه‌نته‌ری تێده‌کۆشێ مرۆڤ له خۆی، له واقع و راستیه‌کان نزیک کاته‌وه.
له چاخ و قۆناغه جۆربه‌جۆره‌کانی مێژوودا ئه‌و دوو بۆچوونه وه‌ک دوو خه‌تی ئه‌مبه‌ر ئه‌وبه‌ری جاده‌یه‌ک موازی له گه‌ڵ یه‌ک هاتوونه پێش. هێندێک جار ئه‌میان پـڕره‌نگتره و هێندێک جاریش ئه‌وی‌تریان. له هه‌ر جێ و سه‌رده‌مێک له مێژوودا ئه‌م دوو خه‌ته یه‌کتریان بڕیبێته‌وه یان یه‌کیان به‌ته‌واوی و به شێوه‌یه‌کی فیزیکی به‌سه‌ر ئه‌وی‌تردا زاڵ بووبێ ئه‌وا خه‌فه‌قان و تاریکایی‌داهاتووه و کۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری تووشی قه‌یران و کویری و سه‌رلێشیواوی و شه‌ر و نه‌هامه‌تی گه‌وره بووه.
گه‌ران به دوای خودا دا له ناو بازنه‌یه‌کی به‌ستراو ده‌بێته هۆی گێژ بوون و خۆ ون کردنی ئینسان. خودا سه‌نته‌ری موتوری سه‌ره‌کی هه‌ڵسوورانی مرۆڤ و مێژووه پڕ کاره‌ساته‌که‌یه‌تی له سه‌ده‌کانی ناوه‌راست. به هه‌ر راده‌یه‌ک ئینسان له ژیان و پێگه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی خۆی ده‌کۆڵێته‌وه و بیر له ئازادی و باشترکردنی باری ناهه‌مواری ژیانی ده‌کاته‌وه، له دیتنه‌وه‌ی خۆی وه‌کوو ئینسان نزیکتر ده‌بێته‌وه. ئینسان سه‌نته‌ری موتوری سه‌ره‌کی هه‌ڵسوورانی مرۆڤ و مێژووه داهێنه‌ره‌که‌یه‌تی له یونانی چاخی زێرین و له‌سه‌ده‌کانی نێوان 15 تا 18ی زاینی.
له رۆژگاری ره‌شی سه‌ده‌کانی ناوه‌راستدا، قه‌شه و مه‌لاکان زۆربه‌ی خاکی ئاوه‌دانی جیهانیان به سه‌نه‌د و قه‌باڵه کردبووه موڵک و ماڵی موتڵه‌قی خۆیان. ئه‌وان هه‌زاران قه‌ڵای قایم و سه‌دان کۆشک رازاوه و ده‌یان ته‌ختی زێر و ژوور ژوور زێر و زێویان له بن خۆیان که‌له‌که کردبوو. بۆ پاراستن و به‌رین کردنه‌وه‌ی ماڵ و مڵک و ده‌سه‌ڵاتیان له هیچ جینایه‌تێک دریغیان نه‌کردبوو. ئه‌وان پیس‌ترین و خوێناوی‌ترین شه‌ره‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌راستیان خوڵقاند. له شه‌ره سه‌لیبی‌ییه‌کان دا میلیون میلیون به‌سیجی مه‌سیحی له هه‌موو ئوروپا کۆکرانه‌وه و ره‌وانه‌ی قودس کران تا ئه‌رزی مقه‌دده‌سی مه‌سیحیه‌کان، شوێنی له دایک بوون و گڵکۆی عیسا! له چنگ مسلمانانی کافر ده‌ربێننه‌وه. له‌م لاشه‌وه میلیون میلیون به‌سیجی موسلمانی په‌رۆ به‌سه‌ر له هه‌موو ئاسیا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست کۆ کرانه‌وه تا قودس، که‌عبه‌ی یه‌که‌می موسلمانان له چنگ مه‌سیحیه کافره‌کان ده‌ربێننه‌وه.
ئه‌گه‌ر لێره تۆزێک چاومان کز که‌ین ده‌بینین ئه‌وتا ئه‌وه “خه‌لیفه” و “پاپ”ی سه‌رده‌من که له کۆشکه رازاوه‌کانی خۆیان، له تالاره ره‌نگین و گه‌وره‌کانی خۆیان له سه‌ر ته‌ختی زێرین پاڵیان لێداوه‌ته‌وه. ئه‌وان به سازدانی شه‌ر، پشوویه‌کی ئاسووده‌یان هاتوه به‌ر. له هه‌ردووک لا، خه‌ته‌ر له بنان گوێیان تێپه‌ریوه. هه‌ردوک لا ماکی شۆرش و سه‌رهه‌ڵدانیان له خۆیان دوور خستوه‌ته‌وه. دوور دوور. بۆ هه‌تا هه‌تا. راست به‌ره‌و جه‌هه‌ننه‌مێکی راسته‌قینه پاڵیان پێوه‌ناون.
میلیونان مرۆڤی چاره ره‌شی، ده‌س‌خرۆی هه‌ناسه‌ساردی بێ ماڵ و په‌نای زه‌ین‌کوێر کراو، له هه‌ر دووک لا، له شاری قودس یه‌ک ده‌گرنه‌وه. ئه‌وه‌تان له ده‌لاقه‌ی مێژووه‌وه ده‌یانبینین. هه‌ر کامه‌یان نێزه یان شیرێکی به ده‌سته‌وه و به قه‌د مێشکی قشقه‌له‌یه‌ک، ئه‌قڵ له هه‌ناری سه‌ری‌دا شین بوه‌ته‌وه. که‌ف هه‌ڵده‌ده‌ن، ده‌گوررێنن. هێرش ده‌به‌ن. به یه‌ک ده‌گه‌ن. یه‌کتر دێنن، یه‌کتر ده‌به‌ن. زرک و شیر و تیر له جه‌رگ و هه‌ناوی وه‌ک یه‌ک سارده‌وه‌بوو رۆده‌که‌ن. وه‌ک گه‌ڵای دار، وه‌ک خۆڵی بیابان به سه‌ر یه‌ک دا ده‌که‌ون. خوێن دێ و سه‌ران ده‌با. ئه‌وان ئه‌و عه‌بد و به‌نده و مریدانه‌ن که له هه‌ر دوک لا پێیان وتراوه: چ بکوژن، چ بکوژرێن هه‌ر شه‌هیدن. به‌سیجیه‌کان به ته‌مای گه‌یشتن به به‌هه‌شت چاویان بـڕیوه‌ته ئاسمان. هه‌ر بۆیه پاپ و مه‌لاکان ژێر پێیان خاڵی ده‌که‌ن و و رێ و راست ده‌یاننێرنه جه‌هه‌ننه‌م، جه‌هه‌ننه‌می راسته‌قینه‌ی ژیان و مه‌رگی خۆیان.
ئه‌وانه‌ی به زیندوویی له‌و شه‌رانه گه‌رانه‌وه ، چیرۆکی خه‌ون و خه‌باتی خۆیان بۆ مناڵان و بۆ جیله‌کانی داهاتوو گێرایه‌وه. به‌شه‌ری خه‌وتوو له لانکی مێژووی به ئایین راژاوی خۆی‌دا که‌مێک راتـله‌کا. به‌ڵام خه‌وه به‌ردینه به‌ری نه‌دا، هێشتا 200ساڵی‌تری ده‌ویست تا به ته‌واوی چاوی بکاته‌وه و بێته‌وه خۆی. له جه‌رگه‌ی ئه‌وهه‌مووه بێنه و به‌ره و شه‌ر و کوشتار و برسیه‌تی و مه‌رگه ساتانه‌دا، خۆ دیتنه‌وه‌ی ئینسان کارێکی گه‌ڵێک دژوار و ئه‌سته‌م بوو.
ئینسانی پاسیو و مونفه‌عیل کراو، که مێشک و ئه‌قلی خۆی دابووه ده‌س خه‌وتن و خاخامه‌کان، ئینسانێک که هه‌موو شتێکی ژیانی خۆی سپاردبووه ده‌س قه‌زا و قه‌ده‌ر، سه‌ره‌نجام ناچار بوو قوربانی و به‌هایه‌کی گه‌لێک زۆر بدا تا وه‌ک خۆی لێ‌بێته‌وه. خوێنی هه‌زاران کچ رژا و مێشکی هه‌زاران کور پژا، هه‌زاران ژن و پیاو به زیندوویی سووتێندران تا مرۆڤ له ئاخرین داڵانه جه‌هه‌ننه‌میه‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌راست خۆی و بیر و پرسه‌کانی ده‌رباز کرد.
به‌شه‌ری مارانگازی پرسیاره خه‌ته‌ره‌کانی خۆی، کۆڵه‌واری ده‌ستی مه‌لا و قه‌شه ده‌مارگرژه‌کان، له سه‌ده‌ی 15ش نه‌ک به ئاشکرا به‌ڵکوو له ژێرزه‌مینه کۆنه شێداره‌کاندا، دوور له چاوی گزیر و سیخور و حه‌رس، له ته‌نیایی و بێ ده‌نگی دا، ده‌س به بیرکردنه‌وه و خۆ ناسینه‌وه ده‌کاته‌وه . کتێب و بیره ون‌بوه‌کانی یونانی کۆن له ته‌پ و تۆزی سه‌ده‌کان ده‌ته‌کێنی و به وردی ده‌یانخوێنێه‌ته‌وه. هه‌میسان سوقرات ئاسا خۆی و خه‌ڵک پرسیار باران ده‌کا و رێگای تاقیکاری و لێکۆڵینه‌وه ده‌گرێته به‌ر. هاوکات وڵامه‌کان و هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌کانی خۆی له‌و ژیرزه‌مینه شێدارانه‌دا ده‌نووسێته‌وه، یان ته‌رح و نه‌قشه‌کانیان ده‌کێشێته‌وه. ئینسان به خۆی‌دا دێته‌وه. یه‌کێک له ده‌رسه گرینگه‌کانی مێژوو ئه‌وه‌یه که پێمان ده‌ڵێ: “ژیانی به‌شه‌ر به کار و هه‌وڵ‌دان و به وردبوونه‌وه و پرسیار و بیر‌کردنه‌وه‌کانییه‌وه گه‌شه ده‌کا و پێش ده‌که‌وێ. دوژمنی سه‌رسه‌ختی ده‌سه‌ڵاتدار و درۆزن، هه‌ر ده‌م نه‌ترسی و پرسیاره. گه‌ر ئازادیت ده‌وێ مه‌ترسه. هه‌میشه پرسیار بکه.” پرسیاره به‌ر به کاره‌سات ده‌گرێ. سوقرات بۆیه به‌رده‌وام پرسیاری ده‌کرد چونکه پرسیار ئاوی سه‌رچاوه‌ی رووباری ژیانه. پرسیار گوڵۆپی سه‌ره که هه‌ڵ‌ده‌بێ به‌رپێی ژیان روون ده‌کاته‌وه.
مێژووی سه‌ده‌کانی ناوه‌راست ده‌رسێکی‌تریشمان پێ ده‌ڵێ: “زاڵ بوونی “خوداسه‌نته‌ری” له گه‌ڵ خۆی ترس و تۆقاندن دێنێ.” ترس له خودای قه‌ههار و تۆڵه ئه‌ستێن، ترس له ئاگری جه‌هه‌ننه‌م و ترس له مارو دووپشکی به قه‌د وشتران. مه‌لا و قه‌شه‌کان به شیوه‌ی سیستماتیک هه‌موو جومعه و یه‌ک‌شه‌ممه‌یه‌ک له سه‌ر مه‌نبه‌ری خوتبه‌وه له شه‌یپوری ئه‌و ترس و تۆقاندنانه‌یان ده‌تووڕاند و به هه‌موو توانایان هه‌وڵیان ده‌دا تا ئیمانداران هێنده بترسێنن که ئیتر هیچ هه‌ست و هێز و ئیراده‌یه‌کیان نه‌مێنێ. به‌م شێوه‌یه دوای هه‌ر خوتبه‌یه‌ک، ئیمانداران که‌ساییه‌تی و ئینسانییه‌تیان له که‌می ده‌دا و هاوکاتیش خۆف و هه‌ستی په‌لاماردان له ده‌روونیاندا گه‌شه‌ی ده‌کرد.
هه‌وێنی “خوداسه‌نته‌ری” ترساندن بوو له هێزێکی نادیار و له ئاگری جه‌هه‌ننه‌م. گه‌رم راگرتنی ته‌نووری ئه‌م ترس و رۆرۆیه پێویستی به گرتن و شکنجه و کوشت و بــڕ و سووتاندن بوو. ماره‌کانی زووحاک داوای مێشکی بزۆزی گه‌نج و لاوه‌کانیان ده‌کرد. په‌یداکردنی ئه‌و مێشک و هه‌سته بزۆزانه‌ش کاری سه‌ره‌کی و هه‌میشه‌یی که‌سانی وه‌ک “ساوونارولا” یان “سارودۆزۆلا” بوو.
”خوداسه‌نته‌ری” ئینسانی تووشی کویری کرد. کوێری حه‌جمێکی نادیار له تێ‌نه‌گه‌یشتنه که لێواولیوی ترس و دڵه‌راوکێ‌یه. ترس ژوورێکی تاریکی داخراوه که ها ئێستا ها تاوێکی‌تر کاره‌سات تێیدا روو ده‌دا. له سه‌ده‌کانی ناوه‌راستدا مرۆڤ ده‌ترسێندرێ. دار و به‌ردی لێ ده‌کرێته شه‌یتان و دێوه‌زمه. ده‌ر و ژووری ماڵ و هه‌ناوی پـڕ ده‌بێ له شه‌وه و له جندۆکه. ترس مرۆڤ له حه‌قیقه‌ت خوازی و هۆشمه‌ندی دوور ده‌خاته‌وه. ترس مرۆڤ ده‌کا به که‌ره‌سته، به دیکتاتۆر، به سه‌گ، به درنده و جانه‌وه‌ر.
رنسانس
چۆن خواردنی میوه‌ی حه‌رام ئاسان نه‌بوو به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئینسان کردی، ئاواش گومانکردن له درۆ و ده‌له‌سه‌کانی کلیسا ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام سه‌رنجام ئینسان کردی. خوێنی پرسیار و جووڵه و به‌رخۆدان گه‌رایه‌وه ناو ده‌ماره‌کانی. دوای نزیک به 2000 ساڵ خولانه‌وه له ناو بازنه‌ی تاریکی ترس و خورافه‌دا، به ده‌رد و ئازارێکی زۆر، له منداڵدانی مێژوو تفـڵێـک له دایک بوو که دواتر ناوی نرا رنسانس(Renaissance). ئه‌م تفـڵه له ئیتالیا له دایک بوو. له ئاڵمان ناو‌کی بڕا و له فه‌رانسه ناوی له سه‌ر داندرا.
زووڵم له ئه‌ستووری خۆی‌دایه که رنسانسی ئیتالیا وه‌ک ئاگرێک له بن خۆڵه‌مێشێکی هه‌زار ساڵه‌دا هه‌ڵده‌ستێته‌وه. پشکۆکانی هه‌ر هه‌مان باوه‌ره‌کانی سوقرات و هراکلیت و دیموکریت و باقی زانا و هونه‌رمه‌نده به‌تواناکانی یونانه و هه‌تا دێ زیاتر گــڕ له په‌تی ئه‌ستووری سه‌ده‌کانی ناوه‌راست به‌رده‌دا. له جه‌رگه‌ی بووژانه‌وه‌ی متمانه‌ی ئینسان به خۆی و تواناییه‌کانی، دیسان شاکار ده‌خوڵقـێته‌وه. دیسان داری ئه‌قل و هۆشی به‌شه‌ر چرۆ وگوڵی تازه ده‌رده‌کا‌ته‌وه. چاوخشانێک به‌سه‌ر شاکاره عیلمی و ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌کانی ده‌وره‌ی رنسانس دا، بۆمان ده‌رده‌خا کاتێک ئینسان دێته‌وه هۆش، کاتێک پرسیار له بوونی خۆی ده‌کاته‌وه، کاتێک له ده‌ور و به‌ری خۆی ورد ده‌بێته‌وه و له شت ده‌کۆلێته‌وه، کاتێک متمانه به ئه‌قڵ و هه‌ست و ده‌ستی خۆی په‌یدا ده‌کاته‌وه. که‌م که‌م له‌ززه‌ت له کاری خۆی وه‌رده‌گرێ و دنیایه‌کی نوێی بێ هاوتای پــڕ له جووڵه و جوانی ده‌خوڵقێنێ‌ته‌وه. نابێ هه‌رگیز له بیرمان بچێ هه‌مووی ئه‌وانه به گوزه‌رگای ته‌نگه‌به‌ری، پر خه‌ته‌ری، باسی سه‌ری سه‌ده‌کانی 13، 14 ، 15 و 16 دا تێپه‌ر بووه.
بۆ ساتێکیش بێ بێنه به‌رچاو مرۆڤی ده‌نگ و هه‌ست له گه‌رودا قه‌تیس کراو، مرۆڤی جه‌سته و رووح گرمۆڵه‌کراو، هێنده له مه‌رگ و شکنجه و ئاگر ترسێندراوه که ته‌نانه‌ت نووسینه‌کانی ناو ژیرزه‌مینه شێدارانه‌کانیشی به‌رعه‌کس ده‌نووسێ وه‌کوو چۆن لئوناردۆ داوینچی نووسی. له گوته حه‌قیقی و زانستیه‌کانی خۆی پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه وه‌ک چۆن گالیله کردی. گوناهی دروستکردنی په‌یکه‌ری رووتی داوود ده‌خاته ئه‌ستۆی خوای گه‌وره و خۆی لێ بێ‌به‌ری ده‌کا، وه‌ک چۆن میکل‌ئاجلۆ کردی.
میکل‌ئاجلۆ “په‌یکه‌ری داوود”ی نه‌ک به پێی وێنه و وته‌کانی ئنجیل به‌ڵکوو به ئیلهام له کاره‌کانی ڤیدیاس و له رووی وته‌کانی زانایانی یونانی کۆن له مه‌ر عه‌زه‌مه‌ت و گه‌وره‌یی و جوانی ئینسان و به بیرۆکه‌ی دروستکردی ئینسانی کامڵ، له به‌ردێکی مه‌رمه‌ری سپی ساخی یه‌کپارچه‌ی 5 میتری داتاشی. 4 ساڵی ره‌به‌ق شه‌و و رۆژ بێ په‌سا، ماندوویی نه‌ناسانه کاری له سه‌ر کرد. خه‌و خوراکی له خۆی حه‌رام کرد. ره‌نجی کێشا و ئاره‌قی رشت تا گه‌وره‌ترین شاکاری په‌یکه‌رتاشی جیهانی به ده‌سته‌کانی خۆی نه‌خشاند. په‌یکه‌ری رووتی ئینسان! ئینسان هه‌ر ده‌قیقه‌ن وه‌ک خۆی! ئینسانێکی جوان و بیرمه‌ند و به توانا و بێ ئازار، نه‌ک خودایه‌ک بۆ ترس و تۆقاندنی خه‌ڵک و بۆ سوجده‌بردن له‌به‌ری. جوانی ئه‌و شاکاره ئاوایه که قه‌ت دڵ و چاو له سه‌یری تێر و ته‌واو نابن. له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش‌دا کاتێک په‌یکه‌ره‌که دێنن تا له ناوه‌راستی مه‌یدانی شاری فلۆرانس داینێن، به ته‌حریک و تێخورینی قه‌شه‌یه‌کی ده‌مارگرژ، ره‌وه‌یه‌ک له به‌سیجیه‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌راست کۆده‌بنه‌وه، سیره‌تی په‌یکه‌ره‌که ده‌شکێنن و میکل‌ئاجلۆ ده‌گرن و ده‌ی‌به‌ن تا به تاوانی کفرکردن له ناو ئاگردا به زیندووی بسووتێنن.
میکل‌ئاجلۆ هاوار ده‌کا: “ئه‌ی خه‌ڵکینه، ئه‌ی موئمه‌نه‌کان! راوه‌ستن. ئایا ئێوه ناڵین که ئینسان نابێ کفر بکا؟ ئایا ئێوه ناڵێن که ئینسان نابێ کارێک بکا که دژی فه‌رموده‌کانی کتێبی ئاسمانی و باری ته‌عالا نه‌بێ؟ ده‌ی خۆ من هیچ کاری وام نه‌کردووه. “ده‌نگی قه‌شه وه‌ک قشقه‌له له ناو ئاپووره‌ی خه‌ڵک به‌رز ده‌بێته‌وه: “ئه‌ی ئه‌وه نیه که حه‌زره‌تی”داوود” ت به گه‌ڵ‌وگوونی رووت دروست کردوه؟ ئه‌دی ئه‌وه کفر و ئیلحاد و بێ ئابرووی له‌وه‌ش زیاتر؟! بی‌سووتێنن!” میکل‌ئاجلۆ ده‌ڵێ: ” ئه‌ی خه‌ڵکینه بۆ ساتێکیش بێ بۆ خاتری خودا راوه‌ستن. (خه‌لکه‌که بێ ده‌نگ ده‌بن). بیر له‌وه بکه‌نه‌وه که خوای گه‌وره ئێمه‌ی چۆن دروست کردووه؟ ئایا کاتێک خوا ئێمه‌ی خولقاند به به‌رگ و لیباسه‌وه خه‌لقی کردین؟ بیر له‌وه بکه‌نه‌وه که ئێمه چۆن له دایک ده‌بین؟ ئه‌گه‌ر رووتی داوود کارێکی خراپ و قه‌بیحه یان نا چاک و دروسته، له هه‌ر حاڵ‌دا کاری من نیه کاری باری ته‌عالایه.”
په‌یکه‌رتاشه گه‌مارۆدراوه‌که زۆر خۆشبه‌خت ده‌بێ که ئه‌مجاره به هه‌زار ناری عه‌لی به یارمه‌تی شاره‌داری شاری فلۆرانس له سووتان به زیندی سه‌ر رزگاری ده‌بێ. به‌ڵام بێننه به‌ر چاو که به ده‌یان هه‌زار کچ و ژن و کور و پیاوی ساده، به هه‌زاران زانا و رووناک‌بیر و ره‌خنه‌گر و هونه‌رمه‌ند و مرۆڤی هه‌ڵکه‌وته،به تۆمه‌تی ئه‌وه که رووحی شه‌یتانیان چووه‌ته قالبی‌یه‌وه، به تۆمه‌تی ئیلحاد و کفر له سه‌ده‌کانی ناوه‌راستدا به ده‌س کلیسا و به فه‌رمانی پیاوانی ئایینی‌وه، کرانه ده‌سته چیله‌ی ئاگر یان به خه‌نجه‌ر و شمشیری ئیسلام هه‌نجن هه‌نجن کران.
هه‌رده‌م ده‌بێ له بیرمان بێ که له تاریکستانی سه‌ده‌کانی ناوه‌راست له ئورووپا هه‌موو ئیراده و خه‌ڵلاقییه‌ت و نیشاندانی هه‌موو تواناییه ئینسانیه‌کان له مرۆڤ قه‌ده‌غه کرابوو. هه‌ر پرسیارێک له بابه‌ت بوون و مان و باشتر ژیان و لێکۆلینه‌وه له ژینی ئێستا و داهاتوو، به کفری موتله‌ق ده‌هاته ژمار. هه‌ر کفرێك سه‌زای به زیندووی هه‌ڵقرچان له ناو ئاگربوو. به‌راستی ئاسان نه‌بوو مرۆڤ ته‌لسمی ترسی بشکێنێ و تۆوی گومانی خۆی بتروکێنێ. به‌ڵام مێژوو سه‌لماندی رووباری پرسیار و مه‌یلی تێگه‌یشتنی مرۆڤ هه‌موو به‌ربه‌ستێک تێکده‌شکێنێ.
رنسانس شقارته‌یه‌که که له ژووری تاریکی سه‌ده‌کانی ناوه‌راستدا هه‌ڵده‌کرێ، تا ئینسان ببینێ. تا جینایه‌ت بوه‌ستێ. تا مرۆڤ ته‌ماشای خۆی کاته‌وه. تاریکی با ترسناک و دنیاداگر بێ، به‌ڵام هه‌ڵکردنی شقارته‌یه‌ک، مۆمێک، چرایه‌ک ده‌توانێ دڕی پێ‌بدا و جوان و ناحه‌ز و چاک و خراپی تێدا ئاشکرا بکات.
له ژوور و داڵانه تاریک و ترسناکه‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌راست دا، زۆر مرۆڤی گه‌وره‌ی باوه‌ر به‌خۆ، بیردۆز، واقع‌گه‌را، زانست‌خواز، دۆزه‌وه‌ر و داهێنه‌ری وه‌ک دانته، بوکاچه، مارکۆپولۆ، پترارک، گوتنبرگ، مارتین لوتر، دکارت، بیکن، کپلر، کوپرنیک، گالیله، ماژڵان، داوینچی، میکڵ‌ئانجلۆ، ماکیاولی، دواتریش شکسپییر و سروانتس و … په‌یدا بوون که به کۆشش و لێکۆڵینه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی به‌رده‌وام مه‌سیر و رێگاکانی تازه‌ی ژیانی مرۆڤیان له سه‌ر ئه‌رز و له ده‌ر و ژووری خۆدی ئینساندا دۆزێیه‌وه. ئه‌گه‌رچی ئه‌وانه له نه‌هایه‌تدا به یه‌ک رێگای فکری و ئینسانی‌دا نه‌رۆیشتوون، به‌ڵام هه‌ر هه‌موویان له یه‌ک شت دا کۆک بوون. پشت کردن گه‌ندکاوی بیری خواسه‌نته‌ری و رووکردنه‌وه له زات و تواناییه بێ‌وێنه‌یه‌کانی ئینسان.
ئه‌وان ئاڵای په‌یامی دنیایه‌کی نوێیان بۆ به‌شه‌ر هه‌ڵدا. په‌یامی دنیای نوێان به هه‌ست و ده‌سته‌کانیانی خۆیان، به خوێن و خه‌باتی خۆیان خه‌لق کردبوو. ئه‌گه‌رچی زۆریش به وردی تێی‌نه‌ده‌گه‌یشتن و نه‌یان ده‌توانی به وشه‌ی روون بیدرکێنن، به‌ڵام له گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا مژده‌ی وه‌رچه‌رخان و سه‌رده‌مێکی نوێ کۆمه‌لایه‌تیان چرپانده گوێی نه‌وه‌کانی نوێ و چرایه‌کیان له‌به‌رده‌م مرۆڤ خۆی و هه‌موو کۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری‌دا هه‌ڵکرده‌وه. چرایه‌ک که هه‌تا هات هه‌ر گه‌شاوه‌تر بوو. ئه‌وان بناخه‌کانی قه‌ڵای ئینسانگه‌رایی(Humanism) و “رۆشنگه‌ری” سه‌ده‌ی 18یان دامه‌زراند و مه‌سیری جاده‌ی دنیای نوێی سه‌رمایه‌دارییان دیاری کرد.
ئیجازه بده‌ن ئه‌و باسه ئاوا کۆ که‌ینه‌وه: له مێژووی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤ دا هه‌ر کات ئینسان به دوای خۆی‌دا گه‌راوه، هه‌ر کات هه‌بوونی خۆی کردوه‌ته ناوه‌ند، هه‌ر کات ئینسان خۆی سه‌نته‌ری دید و هه‌ڵسورانی خۆی بووه، هه‌ر کات ئینسان خه‌وی لێ چاوی خۆی زراندوه و رووی پرسیاره هه‌راسانکه‌ره‌کانی کردوه‌ته‌وه جۆری ژیان و بواری ژیانی خۆی و کۆمه‌ڵگاکه‌ی، هه‌رکات گازی ره‌خنه‌ی له خۆی گرتووه و جوابی له خۆی ویستوه‌ته‌وه. هه‌ر کات هاتوه‌ته سه‌ر ئه‌و باوه‌ره که خۆی ده‌بێ و ده‌توانێ ژیانی بگۆرێ، ئه‌و کات خه‌بات و تێکۆشان و جووڵه و جوانی په‌یدا بووه. ئه‌وکات شۆرش رووی داوه. ئه‌و کات مرۆڤ به‌رگری له ئازادی و که‌رامه‌تی خۆی کردووه و شاکاری زۆر گه‌وره‌ی خولقاندوه. هه‌ر کاتیش غه‌یری ئینسان، خودا و ئه‌ربابه‌کانی سه‌رزه‌وی و سوود و سه‌له‌م له ناوه‌ندی دید و بۆچوونی دابوون. هه‌ر کات ئینسان باوه‌ر به خۆی لێ ئه‌ستێندراوه‌ته‌وه. هه‌ر کات کراون به عه‌بد و ناچار له په‌ره‌ستنی خودایه‌کی بێ هاوتا و په‌یره‌و کردنی سوننه‌تێکی بێ ئاڵ و گۆ‌ر کراون. هه‌ر کات بوونه کۆیله‌ی هاونه‌وعی خۆیان،ئیتر پاسیو بوون و داوه‌شاون. خه‌وتوون. گێژ و ماخویا له بازنه‌ی پرسیاری:”ئاسمان حه‌وتن یان هه‌شت؟ هێلکه له پێشدا دروست بووه یا مامر؟”، “پردی سیرات چه‌ند باریک و چه‌ند فه‌رسه‌خ درێژه؟” خولاونه‌وه. گه‌ران به‌دوای وڵامی پرسیاری وا نه‌ک هه‌ر هیچ موشکله‌یه‌کی ژیانی مرۆڤی حه‌ڵ نه‌کرد، بگره خولانه‌وه له‌و بازنه به‌سترواه گاڵته‌جاریانه‌دا، خافلاندی و هێزی کار و هۆشی خه‌للاقی به با دا و به تاڵانی برد.
ئومانیسمی رنسانس که به هۆی “ئینسان سه‌نته‌ری”یه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا له درێژه‌ی گه‌شه‌ی خۆی‌دا ئه‌قڵی کرده سه‌نته‌ر و سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری خولقاند. رۆشنگه‌ری ئه‌قڵی وه‌ک خودا به‌جێ هێشت و به گرتنه‌وه‌ی ده‌ستی خودی مرۆڤ، مده‌رنیته‌ی هێنا کایه‌وه. له چاخی رۆشنگه‌ری‌دا مرۆڤ ناسی و کۆمه‌ڵناسی گه‌شه کرد و باسی ئازادی تاک (individ) گه‌شایه‌وه. باسی داهاتوومان له سه‌ر رۆشنگه‌ری ده‌بێ.
درێژه‌ی هه‌یه
Komala Party له Twitter, ڵاپه‌ڕی ئێمه له Facebook .وه‌رگرتنی بابه‌تی نوێ له رێگه‌ی RSS



(No Ratings Yet)