سزا ئابوورییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی مێژوویەکی دووری هەیەو بۆ سەروبەندی داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە. دواتر بەتایبەت لەدوای ئاشکرابوونی بەرنامەی ئەتۆمی، سزاکان چڕ بوونەوە و پانتاییەکی زیاتریان لەخۆگرت. گەمارۆکان بەشێوەی تاکلایەنە لەلایەن وڵاتگەلی وەک ئەمریکا یان بەشێوەی بەکۆمەڵ لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمان و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەرێوەچووە. ساڵی ٢٠١٥ی زایینی و دوابەدوای ڕێککەوتننامەی بەرجام، ئابڵۆقە ئابوورییەکانی تایبەت بە بەرنامەی ناوەکی لە لایەن ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لا چوو. ئەمەش ڕێگای بۆ دەستڕاگەیشتنی ئێران بە بازاڕە جیهانییەکان کردەوە، وەبەرهێنانی دەرەکی ڕاکێشا و ئاستی هەناردەکردنی نەوت بەرز بوویەوە. ئابووری ئێران لە یەکساڵی سەرەتاییدا ١٣ لەسەد گەشەی کرد.
ئەم دۆخە زۆری نەخایاند و لەدوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام، زۆربەی بەربەست و گوشارەکان بەکردەیی گەڕانەوە. دواتر میکانیزمی “سناپباک” لە ٢٨ی سێپتامبەری ۲۰۲۵ وەک ئامرازێک بۆ گەڕاندنەوەی دەستبەجێی سزاکان، لەلایەن تروئیکای ئەورووپاییەوە چووە بواری جێبەجێ کردنەوە و هەموو گەمارۆ نێونەتەوەییەکان بەشێوەی ئۆتۆماتیک گەڕانەوە. بەم پێیەش بەرجامی نیوەگیان کۆتایی پێهات و ئەووروپا بەکردەوە چووە بەرەی ئەمریکاوە. ئەگەرچی ئێران پێشتر هەڕەشەی دەکرد لەم ئەگەرەدا یان لە پەیمانی قەدەغەی چەکی ناوەکیی (ان پی تی) دەچێتە دەرەوە یان گەرووی هۆرمۆز دەبەستێت و ئەورووپا نائەمن دەکا بەڵام لەئێستادا تەنیا باس لەوە دەکا کە دەستی وڵاتانی ئەورووپی لە دانوستاندنی داهاتوودا کورت دەبێتەوە.
لەکاتێکدا بارودۆخی ئابووری ئێران لە ساڵانی ڕابردوو هەتا هاتووە خراپتر بووە، لە شەڕی ١٢ ڕۆژە بە سەدان میلیارد دولار خەساری بەرکەوتووە و هەژاری و گرانی و هەڵاوسان تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە، بڕیارنامە پێشووەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی گەڕانەوە و وەک مکانیزمێکی یاسایی، ڕەوایی بە سەپاندنەوەی هەموو گەمارۆ نێونەتەوەییەکان دا کە پانتاییەکی بەرین لە بوارەکانی چەکوچۆڵ هەتا سیستەمی بانکی و کەرتی ڕاگواستن و زانست و تەکنۆلۆژی لەخۆدەگرێت. گرنگیی گەمارۆکان لەچیدایە و کاریگەرییەکانی کامانەن؟
گەمارۆکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ بەرنامەی ئەتۆمی و هاژەکی ئێران دەکەنە ئامانج و هەرجۆرە هاوکاری و یارمەتییەکی دەرەکی لەم بوارانەدا قەدەغە دەکەن. دەست بەسەر بەشێکی بەرچاو لە سەرمایە و داهاتی ناوەند و دامەزراوە و کەسایەتییەکانی ئەو وڵاتە ڕادەگرن و هاتوچۆی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، کارکردی سیستەمی بانکی و پووڵی، کەشتیڕانی و بیمە و بواری گواستنەوە، قەدەغە یان سنووردار دەکەن. هەروەها لەبواری زانست و تەکنۆلۆژیای هەستیاردا کارتێکەر دەبن. هاوکات بەشێوەی ناڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمێنانی ناوخۆیی، وەبەرهێنان و بازەرگانی دەرەکی و، هەناردەکردن و هاوەردەکردنی کەلوپەل و شتومەک دادەنێن، ئاستی فرۆشتنی نەوت دادەبەزێنن، بەهای تمەن کەمتر و ڕێژەی هەڵاوسان بەرزتر دەکەنەوە.
ئەگەرچی لەدوای ڕەچاوکردنی سیاسەتی گوشاری لانی زۆر لەلایەن ئەمریکاوە و گەمارۆ ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی ئەو وڵاتە، بەشێکی بەرچاو لە ڕێکخراوە حکومییەکان، کەرتەکانی پیشەسازی، نەوت و گاز و پترۆشیمی، ئۆتۆمبیل و سیستەمی بانکی و هتاد کرابوویە ئامانج و، بەکردەوە بانک و کۆمپانیا نێونەتەوەییەکانی لە پەیوەندی و مامڵەکردن لەگەڵ ڕژیم بێبەش کرابوون بەڵام جیاوازی گەمارۆکانی ئێستا لەوەدایە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی هەموو وڵاتەکان لەوانە چین و ڕووسیاش پابەند دەکا بە بەڕێوەبردنی گەمارۆکان. هەرچەندە ئەم وڵاتانە تا ئێستاش وتوویانە کە پێبەند نابن بەڵام گوشار و گەمارۆ لاوەکییەکانی ئەمریکا، ڕیسکی مامڵەکردن لەگەڵ ئێران دەباتە سەرەوە. پێشووتر ئێران توانیبووی لەڕێگای فرۆشتنی نەوتی هەرزان بە چین یان سازکردنی تۆڕگەلی جۆراوجۆری ژێرزەوەینی و دۆزینەوەی ڕێکاری ژێربەژێر بۆ ئاڵوگۆڕی دراو و بازەرگانی، تا ڕادەیەک گەمارۆکان دەور بداتەوە بەڵام پێدەچێت لەدوای چالاکبوونەوەی سناپبەک، ئەم هەوڵانە دژوار یاکوو تێچووی ئەم کردەوانە زۆر زیاتر لەجاران بێت.
ئابووری ئێران پشتبەستوو بە هەناردەی نەوت و گازە و زیاتر لە سەدا ٤٠ی داهاتی حکومەت لەم ڕێگاوە دابین دەکرێت کە ئەمەش گەورەترین سەرچاوەی دولار و دراوی دەرەکییە. ئەگەرچی گەمارۆکان راستەوخۆ ئەم کەرتە ناگرێتەوە بەڵام گەمارۆی سیستەمی بانکی و بیمە و ڕاگواستن و تەکنۆلۆژیا، کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەم بەشە دادەنێت. بەپێی گەمارۆکانی ئەمریکا، هەر ناوەند و ڕێکخراوەیەکی ماڵی لە دونیا بەشێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هاوکاری گواستنەوەی پارەی نەوتی ئێران بکا، غەرامە دەکرێت و لە مامڵە و پێوەندی لەگەڵ بازاڕەکانی ئەمریکا وەک بەهێزترین ئابووری جیهان بێبەش دەبێت. ئەمەش وا دەکا ریسکی هاوکاری و مامڵە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەڕادەیەک بگا کە وڵاتان خۆیان بەدوور بگرن. بەربەستی یاسایی و دەستووری، ڕیسکی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی تا ڕێژەیەکی زۆر بەرز دەکاتەوە.
پێش لە بەرجام ئاستی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە خوار یەک میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بوو بەڵام پاش ڕێککەوتنەکە بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل بەرزبوویەوە. دوای چوونە دەرەوەی ئەمریکا ئەم رێژەیە تا ڕادەیەکی بەرچاو دابەزی و لەساڵی ٢٠٢٠ گەیشتە خوارەوی ٤٠٠ هەزار بەرمیل بەڵام لەئێستادا ئەم ئاستە چوارهێندە (١.٥ بۆ ٢ میلیۆن) بەرز بووەتەوە بەو جیاوازییەی کە زیاتر لە ٩٠ لەسەدی بە بەهایەکی هەرزان بە چین دەفرۆشرێت. ئەمەش ئابووری ئێران بەتەواوی ملکەچی چین دەکا. لە ئەگەری ئەوەی جێگرەوەی باشتر بۆ نەوتی ئێران پەیدا بێت، لەوانەیە ئەو وڵاتە ڕێژەی کڕینی نەوت کەمکاتەوە یان بە پارەیەکی زۆر هەرزانتر لەباتی شتومەک بیکڕێتەوە کە ئەمەش ئابووری ئێران ئەوەندەی دیکە لاواز دەکا. بەپێی بەراوردەکان پێدەچێت بە هاتنەوەی گەمارۆکان و تەنانەت بەبێ لەبەرچاوگرتنی رۆڵی چین، ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران بەهۆی نەبوونی وەبەرهێنانی دەرەکی، نالەباربوونی ژێرخان و دەستڕانەگەیشتن بە تکنۆلۆژیای پێویست، لە ڕۆژدا ٥٠٠ هەزار بەرمیل دابەزێت. هەروەها دەستڕانەگەیشتن بە سیستەمی سویفت و بیمە، تێچووی ڕاگواستن لەنێوان ٢٠ بۆ ٣٠ لەسەد بەرز دەکاتەوە و ئەمەش لەپاڵ ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی تانکەرە نەوتەکان (ناوگان سایە)، ساڵانە دەیان میلیارد دۆلار خەسار لە داهاتی ئێران دەدا.
سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت بازەرگانی و ڕاگواستن و بیمەکردنی نەوتی ئێران لە بەندەرەکان ڕابگرێت، تەنانەت ئەگەر چین پشتگوێیان بخات. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لەدوای سناپبەک نرخی نەوتی خاوی ئێران بە ڕێژەی ١٠ بۆ ١٥ لەسەد دابەزیوە، بووەتە سووتەمەنی بازاڕە ڕەشەکان و بەشێکی بەرچاوی لە تێچووی دەڵاڵیدا خەسار دەبێت. ئەمەش نەک هەر داهاتی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی کەمدەکاتەوە (کە بە ٢٠ بۆ ٣٠ میلیارد دۆلار زیانی ساڵانە دەخەمڵێندرێت)، بەڵکوو بۆشایی کەمبوونی وزەی ناوخۆییش قووڵتر دەکات لە کاتێکدا ئێران ڕووبەڕووی کەمیی کارەبا و ئاو و گاز بووەتەوە. لە درێژخایەندا ئەم سزایانە دەتوانن بەرهەمهێنان لە کێڵگە گازییەکانی وەک پارسی باشوور ڕابگرن و ئێران لە ڕۆڵی ستراتیژیک لە ترانزیتی وزەی ناوچەیی بێبەش بکا.
ئەم سزایانە بە گرنگیدان بە سنووردارکردنی دارایی (وەک قەدەغەکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ بانکە ئێرانییەکان)، سیستەمی بانکی ئێران زیاتر لە ساڵی ٢٠١٨ گۆشەگیر دەکات. هەر ئێستاشی زۆربەی بانکەکانی ئێران ڕوو لە ئیفلاس و مایەپوچی دەڕۆن و ئەوەندە نییە بانکی ئایەندە بە قەرزێکی نجوومییەوە داخرا. دوای ڕاگەیاندنی ترۆئیکای ئەورووپایی نرخی ڕیاڵ(تمەن) بەرامبەر بە دۆلار بە ڕێژەی ١٤ لەسەد دابەزیوە و هەڵاوسانی ساڵانە کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تا ئێستا لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٠ لەسەد دەگۆڕدرا، پێدەچێت بگاتە ٦٠ لەسەد. نرخی کاڵا ئەساسییەکانی وەک گۆشت و شیرەمەنی و برنج لەپاڵ کرێی ماڵ بەرزترین هەڵاوسانیان بووە. ئەم هەڵاوسانە بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن بۆ شتومەکی سەرەتایی وەک دانەوێڵەی پێویست بۆ ئاژەڵ و باڵندە (هەروەها دەرمان و ئامێرە پزیشکییەکان) لەپاڵ ئاڵەنگاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە سویفت، چینی مامناوەند ئەوەندەی دیکە دەتوێنێتەوەو داهاتی بنەماڵەکان کەم دەکاتەوە. داڕووخانی بەهای تمەن، دابەزینی ئاستی توانای کڕین و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانی بەدواوەیەو ئەم ڕەهەندە ڕاستەوخۆ لەسەر ژیان و بژێوی خەڵک کاریگەری دەبێت. ئەمەش لەوڵاتێکدا کە گەندەڵی ڕێکخراوەیی، ڕانت و دزی باوە و نیوەی دانیشتووانی لەژێر هێڵی هەژاری تەواودان، بەواتای گرانی زیاتر و گشتگیربوونی هەژاری و برسییەتییە.
لێکەوتەی دیکە لەسەر بازەرگانی دەرەکی ئێرانە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ چین، عێراق، ئیمارات و تورکیایە. عێراق ئێستاشی گوشاری ئەمریکای لەسەرە و تورکیاش لەدوای کۆریدۆری زەنگەزوور، دەستی باڵای لە ترانزیتی ناوچەکە هەیە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بازرگانی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکای باکوور کە دوای ڕێککەوتننامەی بەرجام زیندوو بووەوە بە تەواوی وەستاوە. لەدوای گەمارۆکان، هەناردەکردنی پترۆشیمی بە ڕێژەی لەسەدا ٢٠ دابەزیوە و زنجیرەکانی دابینکردن پەکخراوە. تەنانەت بەهۆی بەربەستە یاساییەکانی تایبەت بە بانک و دراو، لە ئەگەری هەناردەکردنی کاڵاش، گێڕانەوەی داهاتەکەی زەحمەتە. ئاستی هاوردەکردنی ئێران زیاتر لە ڕێژەی هەناردەیەتی و ئەمەش هاوسەنگی دارایی ئەم وڵاتەی ناتەراز کردووە. هاوردەکردن لە وڵاتانی دەرەکییەوە پێویستی بە دراوی دەرەکییەو کەمایەسی لەم بوارەدا دەبێتە هۆی گرانی شتومەکی هاوردە، کارتێکەری لەسەر کەرتەکانی وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی دادەنێت و بەهای کۆتایی بۆ بەکارهێنەر زیاد دەکا. کاڵاگەلی وەک زێڕ، دانەوێڵە و گەنمەشامی، ماددەی کیمیاوی، کەرەستەی پزشکی و هتاد بەشێکی بەرچاو لە هاوردەی ئێرانن. هەروەها زۆربەی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی پێویستیان بە هاوردەکردنی پێداویستی و ماددەی خاوە، نەبوونی دراوی بیانی و دابەزینی بەهای تمەن تێچوویان دەباتە سەرەوە و ئەمەش راستەخۆ لەسەر بەهای کاڵای بەرهەمهێندراو کاریگەر دەبێت. بۆیە ناچار دەبن کاڵای بەرهەمهێندراو بە بەهایەکی گرانتر بفرۆشن و ئەم گرانییەش دەکەوێتە سەرشانی بەکارهێنەران.
گەمارۆکانی کەرتی زانست و تێکنۆلۆژیا، کەرتی پیشەسازی و ئەمنییەتی سایبەری ئێران بەتەواوی لاواز دەکا. لە ڕوانگەی چۆنایەتییەوە، ئەم گۆشەگیرییە دەتوانێت دەستڕاگەیشتن بە تکنۆلۆژی بەڕۆژ نامومکین و وەبەرهێنانی بیانی بەرەو سفر ببات، ئەمەش ئابووری ئێران لەسەر بنەمای زانست لاواز دەکا. گەمارۆکان زۆر لایەنی وەک گواستنەوەی ئامێری تاقیگە، پارچەی ئەلیاژە تایبەتەکان، مایکرۆچیپ و سافتوێری تایبەت لەخۆ دەگرێت. ئەمانەش کاریگەری لەسەر تەکنۆلۆژیا و پشکەوتنی زانستیی ئەو وڵاتە هەیە و هێزی مرۆیی توانا و پسپۆڕ بێتوان و ناچار بە کۆچ دەکا.
ئابووری ئێران پێش لە گەڕانەوەی گەمارۆکانیش لەبارودۆخێکی خراپدا بوو. پێشبینی دەکرێت گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠٢٥دا بۆ ٢ تا ٣ لەسەد دابەزێت. بەپێی ڕاپۆرتی بانکی جیهانی، ئابووری ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥، ١.٧ لەسەد بچووک بووەتەوە و ئەم رێژەیە لەساڵی ٢٠٢٦ دەگاتە ٢.٨ لەسەد. ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو دەبێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی هەناردەکردن و کورتهێنانی زیاتری بودجەی حکومەت. کەرتی پیشەسازی و کانگاکان کە لەسەدا ٢٥ی بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێن و هەر ئێستاش، بەرهەمهێنان لەم بوارانەدا بەڕێژەی ١٠ بۆ ١٥ لەسەد دابەزیوە. بەپێی پێشبینییەکانی ژووری بازەرگانی ئێران، ئەرزشی بازاڕی سەرمایەی ئێران لە ١٢٠ میلیارد دۆلارەوە بۆ ٦٥ میلیارد دۆلار دادەبەزێت و ڕێژەی بێکاری لەوانەیە بگاتە ١٤ لەسەد (هەڵبەت ڕێژەی راستەقینەی بێکاری لە ئێران، زۆر لەمانە زیاترە). ڕاوەستانی پرۆژەکان، زۆربەی یەکە خزمەتگوزاری و پیشەسازییەکان ناچار بە داخستن دەکا و ئەمەش دەبێتە هۆی بێکاری زیاتر و قووڵتربوونەوەی قەیرانەکان.
ئەنجام
دوابەدوای سناپبەک، ئابووری قەیراناوی ئێران دەچێتە لێواری خەسارەوە. لەگەڵ دابەزینی ڕێژەی هەناردەی دەرەکی، ڕووخانی بەهای تمەن، قووڵبوونەوەی کەلێنی چینایەتی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و هەڵاوسان و بێکاری، گوشار بۆ سەر تاک و بنەماڵەکان زیاتر دەبێت و لەپاڵ کارتێکەری نەرێنی لەسەر دۆخی دەروونی خەڵک، ئەگەری ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی بەرز دەکاتەوە. لێدوانەکانی ڕێبەری باڵا و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وای دەردەخەن کە ئەم وڵاتە ئامادەی پاشەکشێ نییە و لەسەر ئیدئۆلۆژی و ڕێڕەوی خۆی سوورە. ئەمەش لەلایەکەوە بەواتای بەفیڕۆدانی زیاتری سەرمایە و داهاتی وڵاتەکەیە لەپێناو سەرەڕۆیی و شەڕخوازییەوەو خەڵک زیاتر تووڕە و بێهیوا دەکا، هاوکات درزی خستووتە نێو بازنەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەک کە بەسەر چەند بەرەی دژ بە یەکتردا دابەش بوون. لەلایەکی دیکەوە کۆدەنگی جیهانی ساز دەکا و سێبەر دەخاتە سەر متمانەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کە دەبێتە هۆی پێداچوونەوە بە چۆنییەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم وڵاتە.
بە لەبەرچاوگرتنی دەیان قەیرانی سروشتی و دەستکرد کە لەبوار ناوخۆیی و دەرەکیدا داوێنی ئێرانی گرتووتەوە، درێژەدان بەم دۆخە بۆ خەڵک و حکومەت هەتا دێت دژوارتر دەبێت. هەرچەند کاریگەریی گەمارۆ نوێکان بەهۆی بەردەوامبوونی بازرگانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی غەیرە ڕۆژئاوایی (وەک چین) لە سزا تاکلایەنەکانی ئەمریکا سنووردارترە بەڵام کارتێکەرییەکانی لەسەر ئابووری نیوەگیانی ئێران حاشاهەڵنەگرە و تێکەڵبوونی لەگەڵ گوشارە ناوخۆییەکان (وەک وشکەساڵی و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی) دەتوانێت لێکەوتەی قورس و گرانی بەدواوە بێت.
.

