By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: ئێران، کۆماری ئیسلامی و شکستێکی چەند ڕەهەندیی
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > ئێران، کۆماری ئیسلامی و شکستێکی چەند ڕەهەندیی
وتار

ئێران، کۆماری ئیسلامی و شکستێکی چەند ڕەهەندیی

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/08/01 at 7:22 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
18 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

ئاکامی هێرشی لە ناکاوی ئیسرائیل و کاریگەرییەکانی جەنگی ١٢ ڕۆژە کە لەوانەیە سەرەتای گۆڕانکارییەکی قووڵ و بنچینەیی بێت، وەک خاڵێکی وەرچەرخان دێتە هەژمار کە دەرەنجامەکانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەسەر سیستەمی سیاسی و پێکهاتەی داهاتووی ئێران کاریگەری دادەنێت. کۆماری ئیسلامی لە زۆر بواری وەک ستراتیژیک، سەربازی، ئەمنییەتی و زانیاری، سیاسی و دیپلۆماتیک، کۆمەڵایەتی و ئابووری، ڕاگەیاندنی و سایبەری و، بەرێوەبەرایەتی لە ماوەی کەمتر لە دوو حەوتەدا شکستی هێنا. وەها هەژێندرا کە هەموومانی تووشی هەژێند کرد. لێکوتەی ئەم دۆمینۆی شکستە دەگاتەوە بە شکستێکی ئیدئۆلۆژیک و گوتاریی.

ڕژیم و شکستی ستراتیژیک:

دوکترینی بەرگری (دفاعی) و بەرپێگری (بازدارندگی) ئێران لەسەر سێ کوچکەی «هێزی نیابەتی، توانای مووشەکی و بەرنامەی ناوکیی» پێکهاتبوو. بەو مەبەستەی بە سازکردنی پشتوێنێکی ئەمنی لە هێزە پرۆکسییەکان بە دەوری ئیسرائیل و لە پانتایی کەوانەی شێعە، دژبەرانی  گەمارۆ بدا و لەهەمبەر ڕکابەرە ستراتیژیکەکانی وەک وڵاتانی عەرەبی و تورکییە لە ناوچەکەدا دەستی باڵا بگرێت. توانای مووشەکی بکات بە ئامرازی پێشکەوتنی شەڕ لە ئاسماندا و بەرنامە ناوکییەکەیشی وەکوو کارتێکی بەهێز بۆ ململانێی ناوچەیی و جیهانیی بەکار بهێنێت.

لەبواری پرۆکسییەکاندا هەتا کاتی شکستی داعش تا رادەیەک سەرکەوتوو بوو. ئەگەرچی هەم ڕاستەوخۆ هەم ناڕاستەوخۆ بە سەدان جار لە سوورییە و عێراق و ناوچەکە کەوتە بەر پەلاماری ئیسرائیل و ئەمریکا، ناوەبەناویش وەڵامی دەدایەوە. لەدوای ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ هەموو پرۆکسییەکانی کەوتنە بەر زەبری قورسی ئیسرائیل. بە لاوازبوونی تەواوی حەماس و حیزبوڵڵا، ڕووخانی بەشار ئەسەد، کونتڕۆڵی حەشدی شەعبی و زەربەلێدان لە حوسییەکان، کۆڵەکەی یەکەمی ئەم دوکترینە پووکایەوە و لە ئەنجامی ئەم شەڕەشدا هەیمەنە و متمانەی ئێران لە لای پرۆکسی و هاوپەیمانانی داشکا.

لە ئاپریلی ٢٠٢٤ بۆ یەکمجار کونسولگەری ئێران لە دەمیشق کەوتە بەر هێرش و چەند فەرماندەی باڵا کوژران. ئێران ئەمەی بە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خاکی ناوبرد و لە خەونی وەرگرتنەوەی توانای بەرپێگری، بۆ یەکەمجار لە خاکی خۆیەوە و بەشێوەی ڕاستەوخۆ زیاتر لە ٢٠٠ هاژەک و درۆنی بەرەو ئیسرائیل هاویشت. چەند مانگ دواتر «هەنییە» لە تاران تێرۆر کرا پاشان «حەسەن نەسروڵا» و فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵڵا کوژران. ئێران بۆ جاری دووهەم بە زیاتر لە ٣٠٠ هاژەکی باڵستیک و درۆن هێرشی کرد. فەرماندەکانی ئێران بە خولیای ساغکردنەوەی توانای بەرپێگرییەکی لە دەست ڕۆشتوو، هەڕەشەیان دەکرد کە جارەکانی داهاتوو ئەم هێرشانە لەبار رێژە و تەوژمەوە چەندقات بەرزتر و بەهێزتر دەبێت. بەڵام لەم جەنگەدا، بەخێرایی و تا ڕادەیەکی بەرچاو توانا و کارامەیی هاژەکەکانی ئێران دابەزی و لاواز کرا بەڕادەیەک کە لە هەر شەپۆلێکدا تەنیا ٢٠ بۆ ٣٠ هاژەک دەهاویشترا.

جیا لە توانای مووشەکی، چەندین ژێرخان و ناوەند و بنکەی هەستیار و گرنگی ناوکیی وەک دوایین کوچکەی دوکترینی کۆماری ئیسلامی، لە سەرانسەری ئێران کرانە ئامانج و خەساری بەرچاویان بەرکەوت و کۆی بەرنامەکە بۆ ماوەیەکی نادیار دوا کەوت. ئەگەرچی ئیسرائیل هەموو ئامانجەکانی خۆی لەوانە لەناوبردنی تەواوی بەرنامەی مووشەکی و ناوکیی نەپێکا و تەنیا توانی لاوازی بکا یان بۆ چەند مانگ دوای بخات بەڵام گریمانەکانی ئەم پرسە بوو بە هۆی ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکە لە داهاتوویەکی نادیاردا.

شکستی نیزامی:

ڕژیم جیاواز لە باڵاترین فەرماندە سەربازییەکانی زیاتر لە ٦٠ فەرماندەی پلەبەرز و ٦٠٠ هێزی سەربازی و ١٠ زانای ئەتۆمی لەدەست دا لە کاتێکدا لایەنی بەرانبەر یەک سەربازی کوژرا.  بەپێی هەندێک سەرچاوە ٥٠ لەسەدی کۆگاکانی مووشەک و لانچێرەکانی هەڵدانیان، زیاتر لە ١٥ فڕۆکەی شەڕکەر و هیلی کوپتەر، ٦ فڕۆکەخانە و چەندین پادگانی ئەو وڵاتە خاپوور کرا یان خەساری گەورەی بەرکەوت. دوای ٤٨ کاتژمێری سەرەتایی، کۆنتڕۆڵی ئاسمانی ئێران بەتەواوی لەدەست چوو، سیستەمی بەرگری لاواز یان لەکار کەوت. تەنانەت ع.عەراقچی، وەزیری دەرەوە، لە گەرمەی شەڕەکەدا ناچار بوو بە مەبەستی سەفەر داوای ئیجازە بکات. بۆشایی بەرگریی ئاسمانی ئێران تا ڕادەیەک بوو کە شاری مەشهەد لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و لە قووڵایی ٢.٣٠٠ کیلۆمەتری مەودا لەگەڵ ڕۆژاوای ئیسرائیل بۆ چەندجار بکەوێتە بەر هێرش.

لە ١٢ ڕۆژی ئەم جەنگەدا بە گشتیی هەزار درۆن و  زیاتر لە ۵۵۰ هاژەک لە لایەن ئێرانەوە هاویشترا کە ٣١ دانەی لە عەرز کەوت. زیاتر لە ٨٦ لەسەدی هاژەکەکان لە ئاسماندا تەقێندرانەوە و لەو ١٤ لەسەدەش کە گەیشت، نیوەیان ئامانجی خۆیان نەپێکا. زیاتر لە ٩۹ لەسەدی هێرشە درۆنییەکانی ئێران پووچەڵ کرانەوە. کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە هێرشەکەی وەک دەستدرێژی دەرەکی ناودەبرد بەڵام ناچار بوو بەبێ هیچ پێشمەرج و داواکارییەک ملکەچی ئاگربڕ بێت و لە وڵامی هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ناوکییەکان، هاوشێوەی هێرش بۆ سەر عەین ئەسەد، بە ئاگاداری پێشوەختەوە و بەشێوەی هێمایین چەند هاژەکێک ئاراستەی پێگەی سەربازی عودەید بکات. ئێستاش داوای لێ دکەن ئیسرائیل بە فەرمی بناسێت و بەرنامەی ناوکیی، مووشەکی و نیابەتی بە یەجگاری لابات.

شکستی ئەمنییەتی و زانیاری:

بێ ئاگایی لە زانیارییە پێشوەختەکان و ئاستی پەشۆکانی ئێران تا ڕادەیەک بوو کە جیاواز لەوەی کاتی هێرشەکەی بۆ پێشبێنی نەدەکرا، زۆربەی فەرماندەکان و کۆمەڵێک لە زانا ئەتۆمییەکانی لە خەوندا و لە ماڵ و لە شوێنی خۆیان کوژران. لە ٢٤ کاتژمێری سەرەتایی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران لەکار کەوت. شوێنی هەموو پەدافەند و ڕادارەکان کەشف و پووچەڵ کرانەوە. کۆمەڵێک تیرۆری ئامانجدار لەناوخۆ بەڕێوەچوو. بە وتەی هەردوولا بەشێکی بەرچاو لە ئۆپۆڕاسیۆنەکان لەناوخۆی ئێرانەوە ڕێکخرابوون و هێزی زەوینی و کۆماندۆیی ئیسرائیل تێدا بەشدار بووە. ئەمەش بەواتای شکستێکی گەورەی ئەمنی و زانیارییە بۆ وڵاتێک کە سنووری هاوبەشی لەگەڵ دوژمنەکەی نییە و لە دووری ١٥٠٠ کیلۆمەتر زەربەی وای لێ دەکەوێت. هاوکات لەگەڵ هێرشەکان بۆ زیاتر لە ١٠٠ فەرماندەی باڵا و دەیان بەرپرسی ڕژیم پەیامی خۆبەدەستەوەدان ڕۆیشتبوو. جیا لەوەی ئێران نەیدەزانی کوێی دەکرێتە ئامانج، ئاستی ئاگاداری و زانیاری تەواو و خێرا و دەقیق لە شوێنە هەستیارە و ئامانجە ستراتیژیکەکانی لایەنی بەرانبەر بە رادەیەک بوو کە بەرزترین کاربەدەستانی ئێران لەژێر گومان و چاودێریدان. ئێستاشی لەگەڵ بێت نەیانزانیوە فڕۆکەکان لەکوێوە هەڵدەستن، کوێ دەپێکن و ئەم بابەتە بووەتە هۆی مشتومڕ و گومان لە وڵاتانی دراوسێ.

زۆریان دەگوت هەرچییان نەبێت خاوەن ئەمنییەتن بەڵام لە ڕاستیدا دەزگای ئەمنیی و زانیاری کۆماری ئیسلامی وەها شکستێکی خوارد کە بۆ ماوەیەک توانای پاراستن و ڕاگرتنی پەیوەندیی کارامەی لەنێوان ناوەندی بڕیار و تۆڕی فەرماندەهی لە دەست دا.

شکستی سیاسی و دیپلۆماتیک:

کۆماری ئیسلامی لە بواری سیاسەتی دەرەکی، ناوچەیی و ناوخۆیی شکستی هێنا. ماوەیەکی زۆر بوو لە ئاست دەرەکی پشتی بە ڕووسییە و چین بەستبوو و لە حاند سیاسەتی ناوچەیی، لە جیاتی سازکردنی پەیوەندی بونیاتنەر و بەرژەوەند-تەوەر لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، لەسەر گروپە نیابەتییەکان وەبەرهێنانی کردبوو. جگە لە پاکستان کە بە رواڵەت پاڵپشتی تەواوی لە ئێران کرد، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، چین و ڕووسییە بە پارێزەوە هەڵوێستیان گرت، ئەورووپا لە شان ئیسرائیل راوەستا و وڵاتانی عەرەبی وەک عەرەبستان و ئەمارات، سەرەڕای ئەوەی هێرشەکەیان مەحکوم کرد هیچ رێکار و پاڵپشتییەکی کردەییان نەبوو. تەنانەت هیچکام لە پرۆکسییەکانی، بەشێوەی راستەوخۆ نەهاتنە ناو شەڕەکەوە.

لە سیاسەتی ناوخۆییشدا شکست لە چەند لاوە خۆی دەرخست. یەکەم مەودای «ئێران» وەک قەبارەیکی جوغرافیایی و «کۆماری ئیسلامی» وەک پێکهاتەیکی سیاسی زیاتر بوو. دووهەم سنووری نێوان «خەڵک» و «دەسەڵات»ی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە پێشوو زەق بووەوە و، لەناوچوونی متمانەی خەڵک بەهۆی ناتوانی لە پارێزگاری لە گیان شارومەندان ئەم پرسەی زیاتر ورووژاند. لەنێو کاربەدەستانی توندڕەو و میانەڕەو و ئۆپۆزیسیۆن چەند دەستەییەک لەدەوری گوتاری ڕووخان، وڵاتپارێزی، نەتەوەگەرایی، ئیسلامگەرایی و هتاد هاتە ئاراوە کە  لەگەڵ ئیدئۆلۆژی ڕژیم بەریەککەوتن. ڕەوایی ڕژیم زیاتر لاواز بوو و هەر بۆیە دەسەڵات زیاتر لە هێرشی دەرەکی، لە ناڕەزایەتی و خرۆشی ناوخۆیی نیگەران بوو.

لە ڕووی دیپلۆماسیشەوە بە پێچەوانەی ئەوانەی دەیانگوت ئێرانییەکان لە دانوستان و وتووێژدا یەکەمی بێ ڕکابەرن، ئەمجارەیان سەرەنجامی کڕینی کات و پێداگری لەسەر زێدەخوازییەکان بە بێ هەڵسەنگاندنی واقیعی، ئەو وڵاتەی تا لێوارەی ڕووخان برد. لە میانەی دانوستاندا گیرۆدەی شەڕ هات و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە بێ ئاکام مایەوە. ئێستاش لەدوای ڕاوەستانی شەڕ لە دووڕێیانی تەسلیم یان لەناوچووندان. دوایین کارتەکانیان خەرج کردووە، قەتعنامەی شۆرای حوکام لە دژی ئێران دەرکراوە، مێکانیزمی ماشە لەسەر پەلەپیتکەیە و دەرگاکانی دیپلۆماسی جێگەی خۆی داوە بە فتوای کوشتنی گرۆسی و نتانیاهۆ و ترامپ.

شکستی کۆمەڵایەتی و ئابووری:

جیا لە هەڵاواردن و سەرکوتی کۆمەڵایەتی نەتەوە بندەستەکان و کەمینە ئایینی و ئایینزاییەکان، خەڵکی ئێران بەگشتیی تا پێش لە جەنگ، لە ٣ ڕەهەندەوە لەژێر گوشار و چەوساندنەوەدا بوون. یەکەم، گەندەڵی و نابەرابەرییەکی سیستەماتیکی کۆمەڵایەتی و ئابووری کە چەندین خۆپیشاندانی گەورەی وەک ٨٨ و ٩٦ و ٩٨ و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەدواوە بوو. دووهەم، فەوتاندنی سامان و داهاتی خەڵک و وڵات کە بۆ پاڵپشتی گروپە نیابەتییەکان و پێشوەچوونی بەرنامەی مووشەکی و ناوکیی بە فیڕۆ دەڕۆیشت. سێهەم، لێکوتەکانی ئەم سیاسەتە کە دەبوو بە هۆی گەمارۆی ئابوورییەکان و کاردانەوە نەرێنییەکانی لەسەر ژیانی خەڵک. ئەمانە هۆکارگەلی بەرزبوونەوەی گرانی و هەژاری و بێکاری و کەلێنی چینایەتی بوون. بە ڕادەیەک کە بەپێی ئامارە حکومییەکان، زیاتر لە ٣٠ لەسەدی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاری تەواو و زیاتر لە ٦٠ لەسەد لەژێر هێڵی هەژاریی رێژەییدان. هاوکات پاشکەوتنی کەرتی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاری و ڕێژەیەکی بەرچاو لە هەڵاتن و پەنابەری و کۆچڕەوی لێدەکەوتەوە و لەپاڵ هاتنە خوارەوەی ئاستی متمانە، سەرمایەی کۆمەڵایەتی تووشی خەسار کردبوو.

ئەم جەنگە بوو بەهۆی بێگانەیی هەرچی زیاتری خەڵک لەگەڵ حکومەت. خەڵک ئەو شەڕەی، بە دروستی، بە شەڕی خۆی نەدەزانی بەڵکوو وەک شەڕی دەسەڵاتێکی چەوسێنەر و داگیرکەر لەگەڵ دوژمنەکەی دەبینی و لەمێژ بوو هاواری دەکرد «دشمن ما همین جاست». بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ناوەند، زۆربەی نەتەوە بندەستەکان، چینە چەوساوەکان و خەڵکی وەزاڵەهاتوو، زەبوونی هێزە سەرکوتگەرەکانیان بە چاوی خۆیان دەدیت و شادمان بوون. خەڵک لەسەربانی ماڵەکانیانەوە دەستیان بۆ فڕۆکە شەڕکەرەکان درێژ دەکردەوە و چەپڵەیان بۆ لێ دەدان. لە جیاتی ئەوەی بەرەنگاری بکەن، شارەکانیان چۆڵ دەکرد. لە کاتێکدا بە وتەی ڕژیم لە رێوڕەسمی قاسم سولەیمانی بە میلیۆنان کەس بەشدار بوون و ئاپۆرەی جەماوەر کوژراوی لێکەوتەوە، تەرمی زیاتر لە ٣٠ فەرماندەی پلەبەرز بە بەشداری کەمتر لە ١٠٠ هەزار کەس ئەسپەردە کرا.

جیا لە هەڵاوسانێکی هەمیشەیی، ڕووخانی ١٤ لەسەدی بەهای تەمەن و نەبوونی کونتڕۆڵ بەسەر بازار لەکاتی شەڕدا، بەهای شت و مکی بە چەند قات بەرز کردەوە و تا ئێستاش بەردەوامە. لەناوچوونی دەیان میلیارد دولار تێچووی پاڵپشتی و پۆشتەکردنی گرووپە نیابەتییەکان و چەند تریلیون دولار تێچووی بەرنامەی ناوکیی و خەساری گەمارۆکان، هاوشانی فەوتانی دەیان ژێرخانی گرێدراو بە کەرتی نەوت و پاڵاوگە و بەندەرەکان و داکشانی ٢٥٠ هەزار یەکەیی بورس، بەشێک لە شکستە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی لەم شەڕەدا بوو. وەک نموونەیەکی بچووک، تێچووی درۆن و مووشەکە هاویشتراوەکانی ئێران نزیکەی ١٦ میلیارد دولار دەخەمڵێندرێت کە خەساری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تەنیا ٣ میلیارد دولار بووە. دۆخی ئابووری ئەو دەسەڵاتە وەهایە لە لێوارەی مان و نەماندا نەیتوانی دەست بۆ بەستنی گەرووی هورموز ببات، لەبەر ئەوەی لەپێشدا خۆی پێ دەخنکا.

شکستی ڕاگەیاندنی و سایبەری:

دەزگای پڕۆپاگاندا و ئیمپەراتوورییەتی ڕەسانەیی پێکهاتوو لە سەداوسیمای حکومی و دەیان کەناڵ بە زمانە جیاوازەکان لەوانە پرێس تیڤی و ئەلعالەم، رەوایەت و کەڵان ڕەوایەتی شەڕیان دۆڕاند. ئەم دۆڕاندنە وێنە و وێنای دەزگایەکی شیشەیی لە درۆ و بوختان و چەواشە بوو. بینای شیشەیی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی لەکاتی ڕووماڵی بەرنامەی زیندوو کەوتە بەر هێرش و ئەم شکستە بە سەدان هەزار جار بینرا. ئەم بینا شیشەییە نە تەنیا نەیتوانی خەڵک بەسیج بکا و یەکڕیزی و یەکگرتوویی پێک بێنێت یان لانیکەم هێز و وزە و دەروونی خەڵک بجووڵێنێ و ببزوێنێت، ئەو پەڕی ناکارامەیی و ناڕەوابوونی خۆی دەرخست. تەنانەت هوشدارییەکانی تایبەت بە شەڕی بڵاو نەدەکردەوە. ئەوە هەمان دەنگ و ڕەنگ بوو کە دانپێدانانی سەدان ڕۆڵەی خەڵک و هەواڵی لەسێدارەدانیانی بڵاو کردبوویەوە.

دەزگای پرۆپاگاندای ڕژیم کەوتە سانسۆڕی ڕاستییەکان و دەستی دایە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و بێ بنەما لەوانە خستنە خوارەوەی دەیان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان یان چەندین فڕۆکەی ئێف-٣٥ و بەدیل گرتنی فڕۆکەوانەکان و سازکردنی ویدیۆی درۆیینە بە ژیریی دەستکرد لە شارەکانی ئیسرائیل، بەڵام نەیتوانی پێش لە دەستڕاگەیشتنی خەڵک بە هەواڵ و زانیاری دروست لە ڕێگای سۆشیالمێدیا و ڕاگەیاندنە دژبەرەکان و ئینتەرنێتی ستارلینک بگرێت.

هەموو جۆرە دەنگۆیەک وەک کوژرانی قائانی و تیرۆری ئەحمەدینێژاد بە زوویی و بە ئەسپاوی لەلایەن خەڵکەوە قبووڵ دەکرا. هاوکات  ئیسرائیل دەیان ڕاپۆرت و وێنە و هەواڵی بەڵگەمەندی دەردەکرد و هەواڵە ساختەکانی بە درۆ دەخستەوە. وێنەی هێرشەکانی بڵاو دەکردەوە کە ئامانجەکانی دەپێکا، لەولاوەش ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی دەستەوداوێنی هەواڵنێرییە دەرەکییەکان دەبوو. سەدا و سیما هەک کرا. لە شاشەی تیڤیییەوە داوا لە خەڵک کرا بڕژێنە سەرشەقام. پەیوەندی ئینتەرنێتی و تەلەفونی پچڕا. چەندین بانکی سەرەکی و شوێنی ئاڵوگۆڕی دراو، بنکەی سەرەکی و پێگەی سووتەمەنی هەک کرا.

شکستی بەڕێوەبەرایەتی: 

کۆماری ئیسلامی لە پێش جەنگیشدا توانای دابینکردنی نزمترین ئاستی خزمەتگوزاری و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی نەبوو بەڵام لەم شەڕەدا ناکارامەیی و بێ تواناییەکەی ئەوەندەی دیکە خۆی دەرخست. لەدوای دەستپێکی شەڕ، زۆربەی خەڵک لە شارەکان دەستیان بە خواردن و خواردنەوە و شوێنی مانەوەی کاتیی یان خزمەتگوزاری تەندروستی ڕانەدەگەیشت. حکومەتێک کە درێژماوەترین شەڕی کلاسیکی سەدەی بیستی لە کارنامەدا بوو و بەردەوام باسی لە دوژمن دەکرد، کەمترین ئامادەکاریی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن نەکردبوو. کامێرای پشتبەستوو بە ژیریی دەستکردی بۆ کۆنتڕۆڵی سەرپۆش دانابوو بەڵام بچووکترین پەناگا و سیستەمی ئالارمی بۆ ئاگاداری خەڵک دانەنابوو. ئینتەرنێت وەک تەنیا سەرچاوەی زانیاریشی لە ترسان پچڕاندبوو. ئێستاش لە جیاتی چارەسەرکردنی سەرچاوەکانی کێشە و سەرهێڵەکانی قەیران، دەستی داوەتە ڕەشبگیر و سەرکوتی زیاتری ناوخۆیی و قۆڵبەستکردنی هەزاران کەس.

حکومەت لە شەڕی هێماکانیشدا شکستی خوارد. خۆشاردنەوەی خامنەیی لە بن زەوی، لێدان و هێرش بۆسەر سەداوسیما وەک ناوەندی پڕۆپاگاندا، پۆلیسی فەتا وەک هێمای تۆتالیتاریزم، یەگانی ویژە و هێزی تایبەت وەک تابلۆی سەرکوت، پێگەکانی بەسەیج وەک گاڵتەجاڕییەک بۆ ڕەوایی، کۆگاکانی مووشەک و پایەگا هەواییەکانی وەک ئەفسانەی سەروەری بەسەر ئاسماندا تەنیا گۆشەیەک لەم شکستانە بوون.

کۆماری ئیسلامی و ئێران، شکست لە ئیدئۆلۆژی و گوتاردا:

ئیدئۆلۆژی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر چەند کۆڵەکە ڕاوەستابوو لەوانە وەلایەتی فەقێ، نەتەوەی ئێرانی ساختە لەژێر سێبەری ئوممەتی ئیسلامگەرای شێعە، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، سەربەخۆیی و دژایەتی ئیستکبار، هەناردەکردنی ئینقلاب، دژایەتی ئیسرائیل و پاڵپشتی فەلەستین. ئێستا وەلی فەقێ بەواتای جێگرەوەی ئیمامی زەمان و ڕەهبەری کۆمەڵگایەکی سەرلێشێواوی ساختەی ئاوێتە بە نەتەوە-ئوممەی ئێرانی-ئیسلامی کە فەرماندەی گشتیی هێزەکانیشە، توانای بڕیاردانی نەماوە، دەرکەوتنی سنوورداوە و ئیختیاراتی لەکاتی ئەو شەڕەدا بە دەستی هەیئەتی نیزامی و شۆرای عالی ئەمنییەتی میللی سپارد. لەو کاتەی دەبوو بڕیاری شەڕ یان ئاگربڕ بدا لەبن عەرزدا بوو. لەدوایین لێدوانیدا لەجیاتی ئوممەتی ئیسلامی پەنای بۆ دەستەواژەی میللەتی ئێران بردووتەوە و لەسەر خەیمەی عاشووراییەکەی هێمای شێر و خورشی هەڵدەواسێت. ڕووی کردووتە «موعین» و «شەجەریان» و لە نەوحە حوسەینییەکاندا پەنای بۆ ئەی ئێران بردووە. ئاغا-زادەکانی تیکە لە خوێنی هەژاران دەدەن و سینە لەسەر دڵی موستەزعەفین و چەوسانەوەکان لێ دەدەن. لەژێر بەیرەقی ئاغادا، ئێرانییەکان بە بومبارانی وڵاتەکەیان شاگەشکەن و بەشێکی بەرچاو لە ئوممەی ئیسلامیش لە شکستەکەی دڵخۆشن. سەرەنجامی دروشمی نە ڕۆژاوا و نە ڕۆژهەڵات (نە شرقی و نە غربی) گەیشتووتە  قۆناغی کرنۆش بۆ ڕۆژاوا و تەسلیم بۆ ڕۆژهەڵات. لە پرۆسەی هەناردەکردنی ئینقلاب شکستی هێناوە و ئینقلابەکەی لەڕووخاندایە. لە ئەو دروشمەی لە کاتی شەڕی عێراقەوە دەیانگوت «راه قدس از کربلا می‌گذرد» هەتا دانانی ڕۆژژمێری لەناوبردنی ئیسرائیل، هەمووی لە ١٢ ڕۆژدا لەناوچووە. لە بەرانبەر وڵاتێک کە لەبار پانتایی ٨٥ بەرابەر بچووکترە و ١ لە ١٠ی دانیشتووانی هەیە، شکستی خواردووە. بەداخەوە حاڵ و ڕۆژی خەڵکی فەلەستینیش بۆ هەمووان دیارە.

لە ڕاستیدا سەرێکی ئەم شکستە دۆمینۆیی و چەند ڕەهەندییە بە تەمەنی کۆماری ئیسلامییەوە بەستراوە وەک پێکهاتەیەکی سیاسی و، سەرەکەی دیکەی بە ئێرانەوە گرێ دراوە وەک قەبارەیکی جوغرافیایی. پێویستە چاوەڕێ کەین و بزانین دوایین داشی دۆمینۆکە کوێ دەڕووخێنێت.

TAGGED: ئومید تاهێری, ئێران, ئێران، کۆماری ئیسلامی و شکستێکی چەند ڕەهەندیی, کۆماری ئیسلامی, کۆمەڵە
KomalaMedia 2025/08/01
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر خامنەیی، قوماربازێکی دۆڕاو، کاریکاتێر پاڵەوانێکی بێ سپەر و گورز و ڕم!

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?