دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی، هێزە سیاسییە کوردییەکان دوای دەیان ساڵ لە سەرکوتکردنی حکوومەتی پەهلەوی، دەرفەتێکی دیکەیان بۆ دەربڕینی داواکارییە سیاسی و کۆمەڵەیاتیەکان دۆزیەوە. ئەم هێزانە بە سەرۆکایەتیی هەردوو حیزبی سیاسیی کۆمەڵە و دێموکڕات بە دروشمی “دیموکراسی بۆ ئێران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان” لە ٨ خاڵدا داواکارییەکانیان پێشکەش بە نوێنەرانی حکوومەتی کاتی کرد. کورد ئۆتۆنۆمی بە فۆرمێکی مینیمالیستیتر (سادەکراوە) لە سەربەخۆیی یان فێدرالیزمی دەویست. ئەم مۆدێلە سیاسییە پێشنیاری ئەوەی دەکرد کە حکومەتی ناوەندی سیاسەتی دەرەکی و دارایی و بەرگری و سەربازی بگرێتە ئەستۆ، لە کاتێکدا سیاسەتی ناوخۆ و ئیدارەی ناوچەیی لە دەستی کورد خۆیدا بمێنێتەوە، کە ئەم داواکاریە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی ئەوکات، مێهدی بازرگان ڕەتکرایەوە و بە “جیاخوازی” گەلی کورد لێکدانەوەی بۆکرا.
حیزبە سیاسی و چالکوانانی مەدەنی و ڕێبەرانی ئایینی لە کوردستان بە سەرۆکایەتی “شێخ عیزەدین حوسێنی، کە زانایەکی ئایینی سکۆلار بوو، لە ١٢ی پووشپەڕی ١٣٥٨دا بەشداری کردن لە ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامیان بایکۆت کرد. ئەوان پێیان وابوو ئەنجامدانی ئەم ڕیفراندۆمە لەسەر سیستەمێک کە تا ئەوکات بنەمافکری و ئیدئۆلۆژیەکانی بۆ هەموو لایەک ڕوون نییە، هەڵەیە و دێمۆکڕاتیک نانوێنێت. هەر لەو بارەیەشەوە کۆمەڵە سەبارەت بە گشتپرسی ١٢ی پووشپەڕ لە ڕاگەیاندراوێکدا دەنووسێت: “تا ئەوکاتەی بەرنامەی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا داخوازی دیمۆکراتیانەی شۆڕشی ئێران و بەتایبەتی داخوازییەکانی گەلی کورد لە خۆ نەگرێت و لەسەر بنەمای خودموختاری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا، هەنگاو نەندرێت، ئێمە بەشداریکردن لە ڕیفراندۆم بە بێبایەخکردنی خواستی ڕەوای خەڵکی ئێران دەزانین. بۆیە ئێمە بەشداری ئەم ڕیفراندۆمە ناکەین”.
ئۆپۆزسیۆنی کوردستان تەنیا بە دەرکردنی بەیاننامە و داواکاریەکانی گەلی کورد خۆیان سنووردار نەکردبۆوە. ڕێکخستن خەڵک و چالاکوانانی مەدەنی و دامەزراندنی ئەنجومەنی خۆ بەڕێوەبەری لە گەڕەک و شار و شارۆچکەکان و هەوڵدان بۆ خوێندن و بردنەسەرێی ئاستی خوێندەواری و زانستی خەڵک سەبارەت بە کێشە سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتیەکان توانیبووی شارە کوردیەکان لە شارەکانی دیکەی ئێران جیاواز بکات، ئەوەش بۆ ڕژیم قەبوڵکراو نەبوو، هەر بۆیە نزیکان و بەرپرسانی ڕژیم لە ڕاگەیاندنەکانیاندا لە ڕادیۆ و تەلەویزیۆنی ڕژیم، دژی کوردستان و حیزبە کوردیەکان هەواڵی ناڕاستیان بلاو دەکردەوە کە لە بنەمادا ئامانجی سەرەکیان لیدانی خەڵک و بە تایبەت حیزبە سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان بوو. هەر بۆیە خەڵک هەر زوو هەستیان بەو پیلانەی ڕژیم کرد و زۆرێک لە خەڵکی مەریوان بە ئاراستەی سیاسی جیاوازەوە گردبوونەوەیەکیان لە دژی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست لە لایەن ڕادیۆ و تەلەویزیۆنی نیشتمانییەوە ڕێکخستبوو، بەڵام لە لایەن هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیەوە تەقەیان لێکرا. خەڵکی شاری مەریوان لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم ڕووداوە بە ڕێبەری کاک فۆئاد مستەفاسوڵتانی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە، بەرەو دەرەوەی شار وەڕێ کەوتن. کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان لە ٣١ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا، یەکێکە لە گرنگترین ناڕەزایەتییە مەدەنی و جەماوەرییەکانی کوردستان کە ڕژیمی تاران هیچ بە دڵی نەبوو. ئەم ناڕەزایەتییە تەنیا بە خەڵکی شاری مەریواندا سنووردار نەما و لە ڕۆژانی دواتردا خەڵکی لە شارەکانی دیکە وەک سنە، سەقز ، بانە و بۆکان بۆ پشتیوانی خەڵکی مەریوان بەرەو کانی میران ڕێپێوانیان کرد. ئەو هەڵسووکەوتە و یەکڕیزیەی خەڵکی کورد خومەینی و دەوڵەتی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی بە تەواوی تووشی دڵەڕاوکێ کرد، هەر بۆیەش پروپاگاندای نزیکان و کاربەدەستانی خومەینی وادەکات کە لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی، ڕوحوڵڵا خومەینی بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی خەڵکی کورد و ڕووبەڕووبوونەوەی “خراپەکاران” بڕیاری جیهاد بۆسەر شارە کوردیەکان ڕابگەیێنێت. ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دەردەچێت کە بەپێی گێڕانەوەی هەندێک لە بەرپرسانی سیاسی ئەو سەردەمە، هیچ هەواڵێکی تایبەت لە شارە جیاوازەکانی کوردستان نەبووە و هیچ هۆکارێک بۆ ئەو هێرشانە نەدەبیندرا.
گۆڤاری “چێشم ئەندازی ئێران” کە لە ساڵانی ١٣٨٢ و ٨٤ی هەتاوی دوو ژمارەی خۆی تەرخاندەکات بۆ ڕوداوەکانی کۆتایی دەیەی ٥٠ی هەتاوی لە کوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی ئەوکات سەبارەت بە ڕوداوەکان وتوووێژ دەکات کە خۆی سەلمێنەری زۆربەی بابەتەکانە.
لەو وتوووێژانەدا سەبارەت بە هۆکاری دەستپێکردنی شەڕ و بڕیاری جیهاد لە لایەن خومەینیەوە، حسێن شاوەیسی پارێزگاری ئەوکاتی سنە باس لەوەدەکات کە زانیاری هەڵەیان بە خومەینی داوە و بڕیاری خومەینی لەسەر ئەو بابەتە هەڵەبووە و کاتێک ئاگادار کراوە کە وا نیە، کە تازە درەنگ ببوو. شاوەیسی لە وتوووێژێکی تایبەت بە کوڕدستان کە لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لەگەڵ گۆڤاری “چێشم ئەنداز” کردوویەتی باس لەوەدەکات کە زۆربەی دەسهەڵاتدارانی حکومەتی ناوەندی کوردستانیان وەک وڵاتێکی بێگانە چاو لێدەکرد و باسیان لە هێرش بۆ کوردستانیان و گرتنی ئەو ناوچەیە دەکرد، هەر بۆیە هەواڵ و زانیاری درۆ و ناڕاستیان بڵاو دەکردەوە کە کوردستان دەیهەوێت جیا ببێتەوە و هەروەها لە جێگایەکی باس لە ڕۆڵی دەڕندانەی سادقی خەڵخاڵی دەکات و دانبەوەدادەنێت کە چۆن لە دادگاییەکی چەند خولەکی هەزاران کەسی لە سێدارەداوە و بۆتە هۆی ترساندنی و دڵەڕاوکێی خەڵک و دەشڵێت کە ئەڕتەش بە سەرۆکایەتی تیمسار قەرەنی لە ڕاگەیاندنێکدا ڕوو بە خەڵکی کوردستان دەڵێت کە هێرش دەکەینە سەر کوردستان و خاک و خۆڵی لە تورەکە دەکەین.
هەروەها هاشم سەباغیانیش یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی وتووێژی تاران، ئەو قسانە پشتڕاستدەکاتەوە، و هەروەها باس لە ڕۆڵی ئەڕتەشی ڕژیم بە تایبەت تیمسار قەرەنی و مستەفا چەمڕان دەکات کە بێ ئەوەی هیچ شارەزاییەکیان لەسەر دۆخی کوڕدستان هەبێت، تەنیا بە ئامانجی شەڕ و هێرش بۆ کوردستان ڕوویان لە کوردستان کردووە و بە گشتی دژی دانوسان و گفتوگۆ لە سەر ئەو بابەتە بوون.
هەروەها پەروپاگەندای میدیای فەرمی و بڵاوکردنەوەی سروود و ماڕشی نزامی خۆی هاندەری سەرەکی بوو بۆ جوڵاندان هەستی خەڵک و هاندانیان بۆ هێرش کردنە سەر کوردستان، کە شاوەیسی خۆی دان بەو باتەدا دەنێت.
بەم جۆرە بە هێرشی بەر فراوانی ئەڕتەش و خستنە کاری ماشێنی جنایەتەکانی خەڵخاڵی کورد تەنیا پاڵپشتی هەر خۆی دەبێت، هەر بۆیە بە خوێندنەوەی دروستی بابەتەکە، کۆمەڵە هەر زوو دوای دوو کاتژمێر لە بڕیاری جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان نامیلکەی، “خلق کرد در بوتە آزمایش” دەردەکات و خەڵک بۆ بەرەنگاەبوونەوەی شەڕێکی نەویستوو بەڵام چاوەڕوان کراو ئامادە دەکات تا بتوانن پیش بە جنایەتی زیاتری ڕژیم بگرن.
ئەگەر چی کەش و هەوای شەڕ و خەمی لە دەست دانی ئازیزان و کارەساتی لە سێدارەدانی منداڵان لە پاوە، چالاکوانان لە پادگانی مەریوان و شۆڕشگێڕان و چالاکوانانی سیاسی لە فڕۆکە خانەی سنە و سەرجەم شارە کوردیەکان بەردەوام بوو و لە لایەکی دیکەوە کوشتنی زیاتر لە ٦٨ کەس لە ئاواییەکانی قاڕنا و قەڵاتان لاپەڕەیەکی دیکە لە جنایەتەکانی ڕژیمی خومەینی سەبارەت بە گەلی کورد بوو، بەڵام هەوڵی خەڵک بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانیان و خۆڕاگریان وایکرد کە ڕژیم بۆ جارێکی تر بیتەوە سەر مێزی وتوو وێژ. لە خەباتی چەکداری ئەم قۆناغەدا کە نزیکەی ٣ مانگی خایاند، هێزە سیاسییەکانی کورد کە پاڵپشتی خەڵکیان لە گەڵ بوو، دەستی باڵایان هەبوو و بە نیشاندانی باڵادەستی سیاسی و سەربازی خۆیان، دواجار حکومەتیان ناچار کرد ئاگربەست قبووڵ بکات. بەڵام هەر زوو هەست بەوە کرا کە ئەو وتەەێژانە تەنیا بۆ کات کڕینە بۆ خۆ تەیارکردنی ڕژیم بۆ هێرشێکی بەربڵاوتر بۆ سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان، کە لە کۆتاییشدا دەرەنجامەکەی هەر هێرشی بەربڵاو و گرتن و کوشتنی خەڵکی بێتاوانی ناوچە کوردنشینەکان بوو. بەڵام وەک هەمیشە ڕژیم هەوڵیدا حیزبە سیاسی و مەدەنیەکان بە هۆکاری سەر نەکەوتنی دانوسان و وتووێژەکان تۆمەتبار بکات، بەڵام حسێن کرمانی نوێنەری خومەینی لەگەڵ هەیئەتی وتووێژ، باس لەوەدەکات کە: لە کۆبوونەوە لە گەڵ سەباغیان و سحابی پێم وتن ئایا ئێوە بە دانیشتن لەگەڵ کۆمەڵە و دێموکڕات دەتانهەوێت دان بە بوونی ئەو حیزبانەدا بنێن؟ کە ئەوان وڵامیان داوە لە ئێستادا باروودۆخەکە لە بەرژەوەندی ئێمەدا نیە سەبر کە با سنورەکان بگرینە دەست دواتر بیرێکی لێدەکەینەوە!
هەروەها عزەتوڵڵاسەحابی دەڵێت ڕەزا ناجیان سەبارەت بە دانوسانەکان پێی گوتم ئێمە هەر لەگەڵیان دەچێنە شەڕەوە بەڵام با برێک خەڵکیان لێ دوور بخەینەوە دواتر هێرشیان دەکەینە سەر و هەروەها خومەینیش ئەو سیاسەتەی ئێمەی قەبوڵە!
ئەوە لە کاتێکدایە کە خومەینی لە ٢٦ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی ڕوو لە خەڵکی کوردستان، دڵنەوایی خەڵک دەدات و باس لە ڕەچاو کردنی داواکاریەکانیان دەکات لە داهاتوودا، بەلام لە گوتارێکدا لە ٢٩ی پووشپەڕی ١٣٥٩ی هەتاوی باس لەوەدەکات کە لەسەراتاوە لەگەڵ وتووێژ نەبووە و هەر لەسەرەتاوە دەبوو گەمارۆ بدرێن و لە ژێر گوشاردا قسەیان لەگەڵ بکرێت.
واتە تەواوی پەروپاگاندای ڕژیم بۆ ئەوەیە کە نیشان بدات کورد بەگشتی و حیزبە کوردیەکان بە تایبەت, هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕ و دەرکردنی بڕیاری جیهاد بۆ سەر کوردستان بوون و دواتریش هەر ئەوان دژی دانووساندن و چارەسەری کیشەی کورد بوون، درۆیەکی گەورەیە کە ڕژیم بۆ پەردەپۆش کردنی جنایەتەکانی کەڵکی لێوەردەگرێت. ئەوەی ڕوونە ئەوەیەکە ڕژیم بەردەوام بە پاساوی جیاواز هەوڵی کوشتن و سەرکۆنەی خەڵکی بێتاوانی ئێران بە تایبەت کوردستانی داوە و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوشدا دەست ناپارێزێت. ئەگەر چی ڕژیم هەموو کات هەوڵی داوە هێزی نیزامی بەسەر ئێرادەی خەڵکدا سەرکەوێت، بەڵام هیچ کات و ئیستاشی لەگەڵ بێت نەیتوانیوە خەڵکی کوردستان ناچار بە تەسلێم بکات. خەڵکی کوردستان بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خۆیان لە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆردا درێژە پێداوە و کوردستان هەر وا چەقڵی چاوی ڕژیمی ئیسلامیە ماوەتەوە و دەمێنێتەوە. هەر ئەو خۆڕاگری و بەرگری گەلی کورد بۆتە هەوێنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و دەیان کاری و چالاکی ڕێکخراوەیی و مەدەنی کە خۆی سەلمێنەری کاریگەری بەهێزی گەلی کورد و زندوو بوونی حیزبە کوردیەکان بە تایبەت کۆمەڵەیە، کە بەردەوام هەڵگری ئاڵای یەکسانی خوازی و دابین کردنی مافی چارەنووسی گەلی کورد بە دەستی خۆی و دەستەبەرکردنی ئازادیە بنچینەییەکانی مرۆڤ بووە.