By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: بنەما نەتەوەییەکانی ئەدەبیات
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > بنەما نەتەوەییەکانی ئەدەبیات
وتار

بنەما نەتەوەییەکانی ئەدەبیات

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/11/18 at 7:34 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
15 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

ئەدەبیات هەمیشە یەکێک بووە لە گرنگترین ئامرازەکانی دەربڕینی شوناسی کولتووری و مێژوویی و کۆمەڵایەتی گەلان. گەلان لە ڕێگەی زمان و گێڕانەوە و ئەفسانە و شێوازی ئەدەبی خۆیانەوە بەردەوام هەوڵی دامەزراندنی شوناسی نەتەوەیی خۆیان داوە. ئەم هەوڵانە وردە وردە بوونەتە هۆی دروستبوونی ئەوەی کە ئەمڕۆ پێی دەوترێت ئەدەبیاتی نەتەوەیی. به ڵام ئەدەبی نەتەوەیی تەنیا بریتی نیە لە کۆمەڵە بەرهەمێک به زمانی نەتەوەیەک، بەڵکوو پێکهاتەیەکە ئاڵۆز و فرەچەشن که تێیدا دامودەزگاکانی کولتووریی سیاسەتی دەوڵەت و زمان و یادەوەریی مێژوویی و فاکتەرە جیهانییەکان ڕۆڵ دەگێڕن. بنەما ئەدەبییە نەتەوەییەکان دەکرێ وەک کۆمەڵێک توخمی کولتووری، زمانەوانی، دامەزراوەیی و مێژوویی پێناسە بکرێن کە ئەدەبیاتی نەتەوەیەک لە قاڵب دەدەن و شەرعیەتی پێدەدەن و لەوانی دی جیای دەکەنەوە. ئەم بناغانە بریتین لە زمانی نەتەوەیی، دامەزراوە کولتوورییەکان، سیاسەتە کولتوورییەکانی دەوڵەت و مێژووی ئەدەبی نەتەوەیی. زمان یەکەم و گرنگترین توخمە لە پێکهاتنی ئەدەبیات چونکە ئامرازی دەربڕین و هاوکات هەڵگری یادەوەری مێژوویی و مێتافۆر و پەند و پێکهاتە فیکرییەکانیشە. دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان وەک ئەکادیمیا، زانکۆ، بڵاڤۆک، ڕاگەیاندن و تەنانەت خەڵاتی ئەدەبی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پێناسەکردن و بەرەوپێشبردنی ئەدەبیات بە گشتی. هەروەها حکومەتەکان ڕۆڵیان هەیە لە پێکهێنان و چەسپاندنی ئەدەبیاتی نیشتمانی لە ڕێگەی پاڵپشتی دارایی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی وەرگێڕان و فێرکردنی زمان و بەرەوپێش بردنی بەرهەمە نیشتمانییەکان. نەریتە ئەدەبییەکان، نووسەرانی بەچاو و دیار، بزووتنەوە ئەدەبییەکان چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە نوێیەکان وەدیدێنن. پاسکال کازانۆڤا لە کتێبی کۆماری جیهانی ئەدەبیاتدا، لە چوارچێوەیەکی جیهانیدا لە چەمکی بناغە نەتەوەییەکانی ئەدەبیات دەکۆڵێتەوە. ئەو پێی وایە ئەدەبیاتی نەتەوەیی بەشێکە لە بوارێکی جیهانی کە تێیدا بەرهەمە ئەدەبییەکان بۆ بەدەستهێنانی متمانە و شەرعییەت دەبێت سنوورە نەتەوەییەکان تێپەڕێنن. لەم بوارەدا هەندێک زمان و کولتوور لە ناوەند و هەندێکی تر لە پەراوێزدان. نووسەرێک کە لە وڵاتێکدا کار بکات کە دامەزراوەی ڕۆشنبیری بەهێز و زمانێکی جیهانی هەبێت، بەختی زیاتری هەیە لە ئاستی جیهانیدا ببینرێت. لە لایەکی دیکەوە، نووسەرێک لە وڵاتێکەوە کە زمانێکی پەراوێزخراو و دامەزراوی لاوازی هەیە، دەبێ لە ڕێگەی وەرگێڕان، کۆچ یان داهێنانی پێکهاتەیی و فۆرمیکەوە خۆی بخاتەڕوو بۆ ئەوەی بتوان بچێتە ناو پانتایی جیهانی نووسینەوە. زمان تەنیا ئامرازی دەربڕین نییە بەڵکوو سەرچاوەی دەسەڵاتە لە بواری ئەدەبی جیهانیدا. زمانە ناوەندییەکانی وەک ئینگلیزی، فەرانسەیی و ئیسپانیایی بەهۆی بڵاوبوونەوەی جوگرافی و مێژووی کۆلۆنیالیزم و بوونیان لە دامەزراوە کولتوورییە جیهانییەکاندا، بۆ شەرعیەتدان بە بەرهەمە ئەدەبییەکان دەسەڵاتی زیاتریان پێیە. لە بەرانبەردا زمانە بچووکەکان یان ناوخۆییەکان بۆ ئەوەی ببینرێن پێویستیان بە وەرگێڕان یان ڕێکاری ناڕاستەوخۆ هەیە. ئەم پرسە بە تایبەتی لە وڵاتانی پاش کۆلۆنیالیزمدا گرنگی زیاتری دەبێ. نووسەرانی ئەم وڵاتانە هەندێک جار ڕووبەڕووی دوانەی زمانەوانی دەبنەوە. زمانی کۆلۆنیالیزم لە لایەک ئامرازێکە بۆ چوونە ناو جیهان و لە لایەکی دیکەشەوە زمانی زگماکی هەڵگری شوناس و جۆرێک لەبەرخۆدانی کولتوورییە. ئەم دوانەیە هەندێک جار دەبێتە هۆی دروست کردنی شێوازی ئەدەبی تایبەت کە تێیدا نووسەر هەوڵی هاوسەنگ کردنی زمانی جیهانی و زمانی نەتەوەیی دەدات. لێرەدا پێویستە دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان لە پێناسەکردن و دامەزراندنی ئەدەبیاتی نەتەوەییدا بەهەند وەربگیرێن. ئەکادیمیاکانی زمان و ئەدەب، وەک سەرچاوە، پێوەرەی زمانەوانی و ئەدەبییەکان دادەنێن. بڵاوکەرەوە و میدیاکان بەرهەمی ئەدەبی بڵاودەکەنەوە و ڕەخنەیان لێدەگرن و بەرەوپێشیان دەبەن. خەڵاتی ئەدەبی وەک خەڵاتی نۆبڵ، خەڵاتی بووکر، یان خەڵاتە نیشتمانییەکان، شەرعیەت و متمانە بە بەرهەمەکان دەبەخشن. زانکۆ و ناوەندە توێژینەوەکان وانە دەڵێنەوە و شیکاری دەکەن و گرنگتر لەوانە، بەرهەمەکان ئەرشیڤ دەکەن. لەو وڵاتانەی کە ئەم دامەزراوانە بەهێز و سەربەخۆن، ئەدەبیاتی نەتەوەیی دەتوانێت بە شێوەیەکی یەکگرتووتر گەشە بکات. لەبەرامبەردا لەو وڵاتانەی کە دامەزراوە کولتوورییەکان لاوازن یان لە بواری سیاسەتدا سەبەخۆ نین، ئەدەبیاتی نەتەوەیی زیاتر ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە.

لایەنێکی دیکە دەسەڵاتە. حکومەتەکان لە ڕێگەی سیاسەتی کولتوورییەوە، لە داڕشتنی بناغەی ئەدەبیدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. ئەم سیاسەتانە دەتوانێ بریتی بێ لە پاڵپشتی دارایی بۆ نووسەران و بڵاڤۆکەکان و فێستیڤاڵە ئەدەبییەکان و هەروەها، پێشخستنی زمانی نەتەوەیی لە ڕێگەی پەروەردە و ڕاگەیاندن و وەرگێڕانی بەرهەمە نیشتمانییەکان بۆ زمانە جیهانییەکان و دامەزراندنی خەڵات و دامەزراوەی ئەدەبی نیشتمانی. لە هەندێک وڵاتدا حکومەتەکان ئەدەب وەک ئامرازێک بۆ پێکهێنانی شوناس، بەرخۆدانی کولتووری، یان پڕوپاگەندەی سیاسی بەکاردەهێنن. ئەم بەکارهێنانە هەندێک جار دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئەدەبیاتی نەتەوەیی، بەڵام بەداخەوە، هەندێک جاریش دەیکاتە ئامرازێکی ئایدیۆلۆژیک. هەموو ئەدەبیاتێکی نەتەوەیی مێژوو و نەریت و یادەوەرییەکی بەکۆمەڵی هەیە کە چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە نوێیەکان دابین دەکەن. نووسەر و ڕەخنەگر و خوێنەر، بەرهەمەکان لە پێوەندی لەگەڵ ئەم مێژووەدا دەپێون. ئەم مێژووە دەتوانێت هەم ئیلهامبەخش بێت و هەم سنوور دانێت. نووسەرێک کە بیەوێت خۆی لە نەریت دوور بخاتەوە، دەبێت لەگەڵ یادەوەریی کولتووری نەتەوەکەی بچێتە ناو دیالۆگەوە. یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان لە پشکنینی بناغە نەتەوەییەکانی ئەدەبدا، گرژی نێوان ناسیۆنالیزمی ئەدەبی و جیهانیبوونە. لە سەردەمی بەجیهانیبووندا، نووسەران دەبێ سنووری نەتەوەیی ببڕن بۆ ئەوەی ببینرێن، بەڵام ئەم بەزاندنە هەندێ جار بە نرخی لەدەستدانی بەشێک لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان تەواو دەبێت. ئەم گرژییە بە تایبەتی بۆ نووسەرانی وڵاتانی پەراوێزخراو توند و تۆڵ ترە. ئەم گرژییە دەبێ بە باشی شی بکرێتەوە لەبەر ئەوەی هەندێک لە نووسەران بە دروستکردنی زمانێکی ئەدەبی سەربەخۆ توانیویانە ئەم دوانەیە تا ڕادەیەکی بەرچاو چارەسەر بکەن. نموونەی ئەم نووسەرانە بریتین لە جەیمز جۆیس کە زمانێکی ئەدەبی تایبەتی لە دژی هەژموونی ئینگلیس دروست کرد، فرانتس کافکا کە بە زمانی ئەڵمانی لە کەشوهەوای چیکۆسلۆڤاکیدا نووسی و ئەدەبیاتێکی جیاوازی خوڵقاند. ئەدەبیات پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە کە هەرکام لە زمان و دامەزراوە کولتوورییەکان و هەروەها سیاسەتی حکومەت تێیدا ڕۆڵ دەبینن. لە سەردەمی بەجیهانیبووندا، ئەدەبیاتی نەتەوەیی ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە. دەقە ئەدەبییەکان، تەنیا پارێزەری شوناسی کولتووری نین، بەڵکوو پردێکن بۆ چوونە ناو پانتایی جیهانیی ئەدەبەوە. لەبەرامبەر نەزمی جیهانیدا، پێویستە ئەدەبیاتی نەتەوەیی سنوورە زمانەوانی و کولتوورییەکان ببڕێت و هاوکاتیش، دەبێ بتوانێت لە بواری کێبڕکێی جیهانیدا جێگەی خۆی بدۆزێتەوە. ئەم بوارە، فەزایەکە کە تێیدا بەرهەمە ئەدەبییەکان لە ئاستی جیهانیدا بۆ متمانەپێکردن و شەرعیەت و بینین، کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن. لەم فەزایەدا ناوەندە ئەدەبییەکانی وەک پاریس، لەندەن یان نیویۆرک ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن و زمانی وەک ئینگلیزی و فەرانسەیی، بە هۆی مێژووی کۆلۆنیالیزم و دەسەڵاتی میدیایی و دامەزراوە فەرهەنگییە بەرفراوانەکانیانەوە، پێگەیەکی ناوەندییان وەرگرتووە. هەندێک لە نووسەران لەگەڵ پاراستنی زمان و شێوازی زگماکی خۆیان، هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە بچنە ناو مەیدانی جیهانییەوە. هەندێکی تر بە نووسین بە زمانە ناوەندییەکان یان کۆچ کردن بۆ ناوەندە ئەدەبییەکان، ڕێگای دیکە هەڵدەبژێرن. ئەم هەڵبژاردنانە هەندێک جار دەبێتە هۆی دابەشبوون لە ناسنامەی نووسەردا، چونکە دەبێت لە نێوان زمانی دایکی و زمانێکی جیهانیدا، لە نێوان نەریتێکی ئەدەبی نیشتمانی و شێوازە جیهانییەکان، لە نێوان بینەرێکی ناوخۆیی و خوێنەرێکی نێودەوڵەتیدا بڕیار بدات.

لەم نێوەندەدا ڕۆڵی وەرگێڕ و بڵاڤۆکە نێودەوڵەتی و فێستیڤاڵە ئەدەبییەکان زۆر جێی سەرەنجە. وەرگێڕان هاوکات کە ئامرازێکە بۆ گەیاندنی مانا، هۆکارێکیشە بۆ گەیاندنی متمانە. وەرگێڕان، بە هەڵبژاردنی بەرهەم و شێوازی وەرگێڕان و ناساندنی نووسەر، ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان ئەدەبیاتی نیشتمانی و ئەدەبیاتی جیهانیدا دەگێڕێ. هەروەها دەکرێ بڵێین، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان نووسەرانی تایبەت دەهێننە ناو گۆڕەپانی جیهانییەوە. فێستیڤاڵ و خەڵاتی ئەدەبی، بە ناساندنی بەرهەمی وڵاتانی جیاواز، بۆ شەرعیەتدان و دیارکردنیان ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن. بەڵام ئەم پرۆسەیە هەمیشە مەترسی شێواندن، سادەکردنەوە، یان چەقبەستوویی لەگەڵدایە. بۆ ئەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکان لە بازاڕی جیهانیدا قبوڵ بکرێن، هەندێ جار دەبێت خۆیان لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی بینەرێکی ڕۆژئاواییدا بگونجێنن و ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی ڕەسەنایەتی و فرەچەشنی کولتووری. بەڵام نووسەرانێک هەن کە توانیویانە لە سەر شانۆی جیهانیدا سەرهەڵبدەن و لە هەمان کاتیشدا بناغە نەتەوەییەکانی ئەدەبیاتەکەیان بپارێزن؛ نووسەرانی وەک ئۆرهان پاموک لە تورکیا، نگوگی وا تیۆنگۆ لە کینیا، مەحمود دەروێش لە فەلەستین. ئەوانە بە نووسین بە زمانی زگماکی خۆیان و پاراستنی شێوازی خۆجێیی خۆیان توانیان پێگەیەک لە پانتایی ئەدەبی جیهانیدا دەستەبەر بکەن. ئەم نووسەرانە تەنیا نوێنەری ئەدەبی نەتەوەیی خۆیان نین، بەڵکوو بە دروستکردنی زمانێکی ئەدەبی سەربەخۆش بەشدارییان لە دەوڵەمەندکردنی ئەدەبی جیهانیدا کردووە. لە ئێراندا نووسەرانی وەک سادق هیدایەت، مەحمود دۆڵەت ئابادی، شەهرنوش پارسیپوور و ڕەزا بەراهنی هەوڵیان داوە بە کەڵک وەرگرتن لە زمانی فارسی، نەریتە ئەدەبییە ئێرانییەکان و شێوازە مۆدێرنەکان، بەرهەمگەلێک دروست بکەن کە هەم لەسەر ئاستی نەتەوەیی مانادار بن و هەم توانای جیهانییبوونیان بێت. لە ئەدەبیاتی کوردیدا، دەکرێ ئاماژە بە شاعیران و نووسەرانێک وەک شێرکۆ بێکەس، بەختیار عەلی، شێرزاد حەسەن و فەرهاد پیرباڵ بدرێ. وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرانە بۆ زمانەکانی دیکە ڕۆڵێکی گرنگی بووە بۆ ناساندنی ئەدەبیاتی کوردی بە جیهان. ئێستا خوێنەرانی ئێرانی باشتر و بەربڵاوتر لە جاران، نووسەرانی کورد و بەرهەمی ئەدەبیی کوردی دەناسن. هەرچەن هێشتا ئەدەبیاتی کوردی، ئاستەنگی وەک نەبوونی وەرگێڕانی پیشەیی و لاوازی دامەزراوەی فەرهەنگی و سنووری سیاسی لە پێشە کە ڕێگری لە بوونی بەربڵاوی لە ئەدەبی جیهانیدا دەکات. ئەگەر بنەما نەتەوەییەکانی ئەدەبیات، لەگەڵ هزری کراوە و دامەزراوەی بەهێز و سیاسەتی ڕۆشنبیریی تۆگمە و پەیوەندی لەگەڵ جیهاندا بێت، ئەوا دەتوانێ ئەدەبێک بێتە ئاراوە کە هەم ڕەگ و ڕیشەی لە کولتوری نەتەوەییدا بێ و هەم لە ئاستی جیهانیدا بناسرێت. بۆ مانەوە لە نێوان ئەدەبیاتی نەتەوەیی و نەزمی جیهانیدا، پێویستە گرنگی بە ڕۆڵی خوێنەریش بدرێت. خوێنەری ئەدەبی، جا نەتەوەیی بێ یان جیهانی، هەم وەرگری مانایە و هەم یەکێکە لەو هۆکارانەی کە بەها و متمانەی بەرهەمێکی ئەدەبی لە قاڵب دەدات. لە فەزای نەتەوەییدا خوێنەر بە پاشخانی کولتووری و زمانەوانی و مێژوویی خۆیەوە لە چوارچێوەی نەریتە ناوخۆییەکاندا بەرهەمەکان شی دەکاتەوە. بەڵام لە ئاستی جیهانیدا خوێنەر ڕووبەڕووی چاوەڕوانی جیاواز و وەرگێڕدراوی بەرهەمەکە دەبێتەوە. ئەم جیاوازییە لە تێگەیشتندا دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە مانا و شێواز و تەنانەت ناوەڕۆکی بەرهەمەکەدا. نووسەرێک کە بیر لە خوێنەرێکی جیهانی بکاتەوە، ڕەنگە هەندێ توخمە ناوخۆییەکان لاببات یان بە شێوەیەک بیاننووسێتەوە کە خوێنەرێکی بیانی یان غەیرە ناوخۆیی لێی تێبگات. ئەم بابەتە جارێکی تر تیشک دەخاتە سەر گرژی نێوان پاراستنی ئەدەبی ناوخۆیی و مامەڵە لەگەڵ جیهاندا. لە سەردەمی ئینتێرنێتدا، سۆشیال میدیا و پلاتفۆرمی چاپی دیجیتاڵی و کتێبی ئیلیکترۆنی سنوورە کلاسیکەکانی بڵاوکردنەوەی بەرهەمی ئەدەبیان گۆڕیوە. نووسەران دەتوانن بەبێ نێوەندگیری دامەزراوە فەرمییەکان بەرهەمەکانیان بڵاو بکەنەوە و لەگەڵ خوێنەرانی جیهانیدا پەیوەندی دروست بکەن. ئەم پەرەسەندنە ئەو دەرفەتەی بۆ ئەدەبیاتی نەتەوەیی ڕەخساندووە کە لە ڕێگەی تێکنۆلۆژیا و ئامرازە نوێیەکانەوە خۆی زیاتر لە پێشوو بناسێنێت. بەڵام لە هەمان کاتدا مەترسی ئەوە لە ئارادایە کە ببێتە بابەتێکی سووک و ڕووکەشیانە و لەدەستدانی قووڵایی کولتووری. ئەو ئەدەبیاتەی بۆ ئەوەی سەرەنجی بەردەنگی جیهانی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، پەنا بۆ کلێشە و گێڕانەوەی سادە و فۆڕمی بازاڕ دەبات، ڕەنگە تەنانەت، خۆی لە بناغە ڕەسەنەکانی خۆی دوور بخاتەوە. لەم ڕووەوە ڕۆڵی پەروەردە و توێژینەوەش زۆر گرنگە. سیستمی پەروەردەیی، بە ناساندنی ئەدەبیاتی نەتەوەیی بە نەوە نوێیەکان، پارێزەری بنەما کولتوورییەکانە. ئەگەر دامەزراوەگەلێک وەک زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە، بتوانن ئەدەبی نەتەوەیی لە پێوەندی لەگەڵ ئەدەبی جیهانیدا هاوئاهەنگ بکەن، نەوەیەکی نوێ لە نووسەران و خوێنەران، بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە شوێنی خۆیان لە جیهاندا، دەتوانن بەرهەمگەلێک وەدی بێنن کە هەم ڕەگ و ڕیشەدار و هەم گشتگیریش بن. هەرچەندە ئەساسی بەرهەمی ئەدەبی لەسەر نەریت و یادەوەری مێژوویی هاوبەش دامەزراوە، بەڵام دەبێ بتوانێ خۆی لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا بگونجێنێ. ئەدەبیاتی نەتەوەیی بۆ ئەوەی لە جیهانی ئەدەبدا ببینرێت، دەبێ نەک هەر بە نیسبەت زمانی خۆی وەفادار بمێنێتەوە بەڵکوو دەبێ بتوانێت لەگەڵ زمانەکانی دیکەدا بچێتە ناو دیالۆگەوە. ئەم دیالۆگە ڕێگە بە گەلان دەدات گێڕانەوەی خۆیان سەبارەت بە مرۆڤایەتی و مێژوو و جیهان لە بواری ئەدەبی جیهانیدا بخەنە ڕوو. ئەدەب، لە کۆتاییدا، زمانی هاوبەشی مرۆڤایەتییە؛ زمانێک کە لە دڵی کولتوورە هەمەچەشنەکانەوە هەڵدەقوڵێت و لە دڵی خوێنەرانی هەموو جیهاندا دەنگ دەداتەوە. بنەما ئەدەبییە نەتەوەییەکان، ئەگەر هۆشیاری و داهێنان و کارلێک کردنیان لەگەڵ بێت، دەتوانن پردێک بن لە نێوان زۆرترین ئەزموونی ناوخۆیی و گشتگیرترین ماناکان. ئەم پردە، ڕێگای نووسەران بەڕووی جیهاندا دەکاتەوە، جیهان بەرەو تێگەیشتنێکی قووڵتر لە فرەچەشنی و ئاڵۆزی و جوانی کولتوورە مرۆییەکان دەبات. هەروەها، وەرگێڕانی ورد و دروستیش دەتوانێت ڕۆحی بەرهەمەکە بپارێزێت و بیگەیەنێتە خوێنەری جیهانی، لە کاتێکدا وەرگێڕانی ڕووکەشیانە، دەشێ ببێتە هۆی شێواندنی مانا، سادەکردنەوەی کولتووری، یان چەقبەستوویی.

لە لایەکی دیکەوە، ئەدەبیاتی نەتەوەیی دەبێ بتوانێت باس لە پرسە جیهانییەکانیش بکات. ئەو نووسەرانەی باس لە نیگەرانیی مرۆیی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفی دەکەن، ئەگەری بینینیان زیاترە. پرسەکانی وەک کۆچبەری، هەڵاواردن، شەڕ، خۆشەویستی، مردن، ئازادی و دادپەروەری، ئەگەر بە زمان و شێوازی زمانی خۆماڵی دەرببڕدرێن، دەتوانن لە یەک کاتدا هەم نەتەوەیی و هەم جیهانی بن. ئەم یەکگرتنە، یارمەتی دەوڵەمەندکردنی ئەدەبیاتی نیشتمانی دەدات ودەیکاتە بەشێک لە گفتوگۆی جیهانی. لەم ڕێگایەدا، گرنگیدان بە فرەچەشنیی زۆر پێویستە. ئەدەبیاتی نەتەوەیی نابێت لە یەک دەنگدا کورت بکرێتەوە بەڵکوو پێویستە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنی زمانەوانی، نەتەوەیی، ڕەگەزی، چینایەتی و ناوچەیی بێت. بۆ نموونە دەبێ بتوانێت دەنگی نەتەوە جیاوازەکان، زمانە خۆجێییەکان، ژنان، چینە هەژارەکان و ناوچە بێبەشەکان لەخۆ بگرێت. ئەم هەمەچەشنییە یارمەتی دەوڵەمەندکردنی ئەدەبیاتی نەتەوەیی دەدات و لە چەقبەستوویی و هەوڵی بەیەکسان کردنیش دەیپارێزێت. لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێ کە بنەما ئەدەبییە نەتەوەییەکان پێکهاتەیەکی ئیستاتیک و داخراو نین، بەڵکوو لە کارلێککردن لەگەڵ پێشهاتە جیهانییەکان و تێکنۆلۆژیا نوێیەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە کولتوورییەکان دەگۆڕدرێن. ئەم هاوسەنگییە ڕێگە بە گەلان دەدات گێڕانەوەی خۆیان لەبارەی جیهان و مێژوو و مرۆڤایەتی لە بواری ئەدەبی جیهانیدا بخەنە ڕوو. بنەما ئەدەبییە نەتەوەییەکان ئەگەر بە شێوەیەکی دروست بەهێز بکرێن، دەتوانن لە نێوان ڕابردوو و داهاتوو، لە نێوان ناوخۆیی و جیهانی و لە نێوان تاک و کۆمەڵگەی جیهانیدا پێوەندی ساز بکەن. ئەدەبیات، لە کۆتاییدا، زمانی هاوبەشی مرۆڤایەتییە؛ زمانێک کە لە کولتوورە جۆراوجۆرەکانەوە سەرچاوە دەگرێت و لە دڵی خوێنەرانی جیهاندا ڕەنگ دەداتەوە.

TAGGED: ئاسۆی ڕۆژهەلات ٢٠٢, ئاسۆی ڕۆژهەڵات, بنەما نەتەوەییەکانی ئەدەبیات, کاردۆ میری, کۆمەڵە
KomalaMedia 2025/11/18
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر خۆ تەیار کردنەوەی ئێران دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە؛ ڕێکخستنەوەی بەرەی خۆڕاگری و گرووپە بە وەکالەتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?