حەوت ساڵ لەمەوپێش، ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، چەن مانگێک پێش لەوەی ڕامین حسەین پەناهی، هاوڕێ لەگەڵ لوقمان و زانیار مورادی بەدەستی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لەسێدارە بدرێن ئەو پەخشانە شیعرەم بۆ ڕامین نووسیبوو و بەهۆی ئەوەی لە ناوخۆ بووم، ئەوکات بە ناوی خوازراوی کاروانەوە بڵاو کرایەوە، دیارە رژیمی ئێران لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی هەر ئەو ساڵەدا ئەو سێ ڕۆڵەیەی کوردستانی لە سێدارە دا و خەڵکی کوردستانیش بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە تاوانەکانی ڕژیمی ئێران و خاوەنداریەتی لە ڕۆڵە گیانبەختکردووەکانیان، لە ٢١ی خەرمانانی هەر ئەو مانگەدا مانگرتنێکی سەرتاسەرییان بەڕێوە برد و لە هەموو شار و شارۆچکە و گوندێک، دووکان و بازاڕ داخرا و ئەو تاوانە ئیدانە کرا.
بۆ ڕامینی حسەین پەناهی:
سڵاو هاوڕێ
ئەستێرەکان هەواڵ ئەنێرن
ئەستێرەکان سوور سوور، بەسەر چیا و
بەسەر دەشت و درگای زنیدانا
خەیاڵ ئەفڕێنن.
کەلەپچەکان، چاوبەستەکان، جووڵانەوەی لێوی بازجووەکان
بەرزکردنەوەی دەنگ و شەللاقەکان
هەموو شتێ باسی تۆیە هاوڕێم
کە بڕیارە ئازادی بڕی.
ئاسمان بە خۆی و کۆترەکانیەوە
زەریا بە خۆی و ماسییەکانیەوە
ئازادی بە خۆی و جلەکانیەوە، بە هەوای بەریەوە
ئەڵێن سەرفراز بی نیشتمانی خۆڕاگری.
ڕامین، ورەی بە ئەستێرە بەخشیوە بدرەوشێتەوە
تینی بە خوێن داوە بە دەمارا بگەڕێت
ڕامین ڕایسپاردووە ئازادی بێت
ڕامین لە کارگەکانە، ئەوەتا ئێعتراز ڕووی داوە
لە دیواری شارەکانە، ئەوەتا بە خەتی ئاسنین نووسراوە
ڕامین لە شەقامەکانە، ئەوەتا دەنگی ئێعترازە و هەڵبڕاوە
ڕامین لە زانکۆکان و لە چیاکان و
لە هەر شوێنێکە وا ناسرەوێ تا ئازادی بێت.
جەللادەکان هەتا بووە هەر جەللاد بوون
ئێمەش شۆڕەسواری ئازادی.
زیندانەکان هەتا بووە هەر زیندان بوون
ئێمەش باڵەکانی فڕین و ڕزگاری
چاوبەنەکان کوا چاری تیژایی دیتنمان ئەکەن
ئەوەتا ڕامین ئەمسەر هەتا ئەوسەری کوێراییتانی دیتووە
کەلەپچەکان کوا ئەتوانن دەستی چیاکان ببەستن؟!
کوا ئەتوانن شەپۆلەکان لە زەریاکان بگرنەوە؟!
ڕاپەڕینەکان لە شارەکان؟!
کوا ئەتوانن نەهێڵن ئازادی بێت؟!
نەهێڵن هەوا بە ڕەگ و بە سییەکانمانا بگەڕێت؟!
ئێمە کە ژیان پشتیوانمانە و ئێوە کە مردن!
ڕامین ڕەنج بە ڕەنج، زام بە زام، شەپۆل بە شەپۆل،
ڕامین ئەستێرە بە ئەستێرە هاتووە و
لەم ئاسمانە نایەتە خوار.
ئێوە شکۆی شاختان بۆ داناگیرێ
ئێوە کە ئەتانەوێ بەرۆکی ئەم نیشتمان بدڕن
جلی ئەم ئەوینە دادڕن
ئێوە کە ئەتانەوێ ئارەقی ئەم چاوانە، بە درۆی خۆتان بسڕن
حاشا لە پینەکانی دەستمان بکەن
لە ڕەنجی ژیانمان؛
کە ئێوە فێرن زاڵم بن
فێرن مرۆڤکوژ بن، دژی ئینسان
فێرن ئازادی لە هەموو شوێنێ بدزن
ئێوە کە تەنها بە سیمای مردن دەرئەکەون
کەی ئەتوانن ئەستێرە لە شەو
فڕین لە کۆتر
کەی ئەتوانن خۆڕاگری لە چیا
ڕامین لەم خەڵکە بەشمەینەتە بگرنەوە؟!
ئێوە هەر بۆ مردن باشن و دەمرن
دەنگی ئێمە گوێکانتان ئەکوژێ
سۆمای چاومان، چاوەکانتان ئەکوژێنێتەوە
خوێنی ئێمە، سەری چەقۆکانتان ئەبڕێ
ئێمە ڕامینتان لێ ئەگرینەوە
ئێمە بە مردنیش لێ نابینەوە
ناکشێینەوە
هاتووین ناگەڕێینەوە.
ئێمە وا هاتووین، کە دەلاقەکان بە ڕووی ژیانا بکرێنەوە
کە خۆرەکان ڕۆژگاری شکۆیان ببیننەوە
ئێمە وا هاتووین، کە لەگەڵ ئەستێرەکان بدرەوشێینەوە
ئێمە ناگەڕێینەوە؛
خەڵکی ئەم هەستانەوە و شۆڕشەین
خەڵکی ئەم ئێعتراز و بانگەشەین
فێرین بۆ ژیان بمرین!
مێژوو ئەسووڕێتەوە
بە کوشتن و بڕین و سێدارەی ڕامینەکانەوە
خۆڕاگر بە هاوڕێ!
داهاتوو هی ئێمەیە.
با هەزاران ساڵ کۆتر لە قەفەس بهێڵنەوە
فڕین هەر هی ئێمەیە.
با سەدان ساڵ بیانەوێ حاشا لە ئەستێرە کەن
درەوشانەوە هەر هی ئیمەیە و
ئازادی و پێکەنین و خەندە هەر بۆ ئێمە ئەمنێنێتەوە و
مردن چاری ژیان ناکات.
زەردەخەنەی ئێمەیە بە سێدارەوە جێماوە
هەنگاوی ئێمەیە بە ڕێگاوە
خوێنی ئێمەیە بە ژیانەوە
ئەستێرە و ئاخێزت باش هاوڕێم!
هاتوویتەوە بناری هەمیشەیی خۆت
کە شۆڕشە و خۆشەویستیی ژیان.
هاتوویتەوە بە ئازارەکان بڵێیت کاتی ڕۆیشتنتانە
چەوسانەوە ڕاوبنێی
بە زامەکان بڵێی ساڕێژ ئەبن
ڕامینی حسەین پەناهی بە ٢٥ ساڵ تەمەنەوە
مێژوویەکی هەزاران ساڵەیە
کە هەرگیز ڕیشەی ئەم دارە بە مێژووی جەللادانەتان نابڕێتەوە
تەمەنی خوێن لەم نیشتمانی منەدا، لە تەمەنی مرۆڤ درێژترە
تەمەنی ڕەنج لەم دەڤەری منەدا، لە تەمەنی خواوەندەکان زۆرترە
تەمەنی برین و زوڵم لەم ناوچەیەی منەدا، لە تەمەنی ژیان بەرینتر بووە
خەم و ژن، کۆیلەیی و کچ هاوتەمەنن لەم نیشتمانەدا
خەندە هێند کەمە، تەمەنی ناگاتە لێوی باوکەکانمان
شۆڕش و سێدارە هاوتەمەنن
منداڵانی هەژار و بێپەنایی چەن تەمەندرێژ
من شۆڕشگێڕی هەموو تەمەنێکم
سێدارەکان کوا بە هەموو تەمەنیانەوە ناوی شۆڕشگێڕێک بسڕنەوە
گۆڕەکان بە هەموو فراوانییانەوە کوا بتوانن پێشمەرگەیەک بمرێنن؟!
ئەستێرەکان بەڕێوەن
ئەرخەیان بە هاوڕێم!
ناهێڵین چادرەکان ئەم شارە داپۆشن
ناهێڵین عەمامەکان بەسەر چیاکانەوە هەڵبکەن
ڕامینی هاوڕێم، دەزانم ئەستێرەکان لە چاوتا ئەدرەوشێنەوە
ئەزانم مێژوو لە گوێتا گوێی گرتووە و
سیروان بە دەمارتا دێت و دەڕوا و
دڵی ئازادی لە دڵتا لێدەدا
سەرکوت کراوە ژیان
ئەیانەوێ بە زمانی سێدارە بڵێن
هەموو شتێ لێرە
هەوا و خەندە و وچان و ئۆقرە
هەموو شتێ لێرە دەکوژن
شەقامەکان پڕن لە سێدارە
زانکۆکان، کافەتریا و شار و دێهاتەکان، سنوورەکان
هەموو شوێنێک پڕ کراوە لە سێدارە
با بە هەموو شوێنێکا بێینەوە
ئەوان ئازار و مەینەت و چەوسانەوە و
ئەوان مردنیان لە هەموو شوێنێکا بۆ داناوین
من ڕامینم و من ئێوەم و ئێوە منن
بەردەوامە شۆڕشمان
ئاخێز ئەکا و ڕاپەڕینە شۆڕشمان
دەست پێ دەکا و
کۆتایی نایە تا ئازادی!