پاش ڕاوەستانی شەری ١٢ رۆژەی نێوان ئێران وئیسراییل، کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە لە لایەن سێ وڵاتی ئورپایی بەشدار لە رێکەوتنی بەرجام و بە مەبەستی گەرانەوەی ئەو وڵاتە بۆ پرۆسەی دانوستانە ئەتۆمییەکان کەوتۆتەوە ژێر گووشار. یان رێکەوتنێکی شەفاف و پابەندیی ئێران بە خاڵەکانی رێکەوتنەکە یان گەڕانەوەی هەموو سزا و گەمارۆکانی شوورای ئەمنییەت بۆسەر ئێران لە رێگای چالاک کردنەوەی مکانیزمی ماشە ئەو پەیامە روون و ئاشکرایەیە کە بە گوێی ئێراندا دراوە.هەرچەند کۆماری ئیسلامی هێشتا پەشۆکاوی و شڵەژانی شەڕی ١٢ رۆژە بەری نەداوە، لە رێگای کاربەدەستە جۆراجۆرەکانی خۆیەوە و بە دەستەوداوێن بوونی ئەو وڵاتانەی بە دۆستی خۆی دەزانین و لە رێگای هێناگۆری پێش مەرجی وەک قەرەبووکردنەوەی زەروروزیانەکان و دانی بەڵێنی بۆ هێرشنەکردنە سەری بە تەماو بوو دەستێک بە روخساری هەڵبزرکاو و تۆزێک لێنیشتووی دیپلۆماسی دەرەوەی خۆیدا بێنێ و لە پێگەیەکی بەهێزەوە مانۆری دیپلۆماتیک لێبدا،بەڵام لە راستیدا شەڕی ١٢ رۆژە ئەوەی بن بەڕەی خستەسەر بەڕە و کۆماری ئیسلامی وەک دەڵێن بەجۆرێک “کەشفی عەورەت” بووە کەلێن وکولێن وفێڵ ویاریکردنەکانی بە کاتەوە بۆ هەموو کەس ئاشکرا بووە و تاقە کارتی قۆماری لەدەستی دا سووتاوە،بە جۆرێک کە نوێنەری ئامریکا لە ناتۆ دەڵێ بڕوامان بە هێچ یەکێک لە قسەکانی عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران نییە و وشەی”درۆزن”ی بۆ بەکار دێنێ و دەڵێ کەسێکی جێگای متمانە نییە بۆ گفتوگۆ. بەڵام لە کاتێکدا چالاکبوونەوەی مکانیزمی ماشە وەک مۆتەکەیەکی تۆقێنەر ئەوکی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەگووشێ و ملکەچی چوونەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئورووپای کردوون، کەچی لایەکەوە سەدان تۆن تەقەمەنی رەوانەکراوی بۆ حوسییەکانی یەمەن دەستی بەسەردا گیراوە و لە لایەکیترەوە تاقیکردنەوەی مووشەکی دوورمەودا لە ژێر نێوی بەرێکردنی مانگی دەسکرد بۆ بۆشایی ئاسمان لەم بارودۆخەدا نائاسییە و، ئەو کردەوانەش ئەوەندەیتر نیازپاکی و راستگۆیی کۆماری ئیسلامی خستۆتەوە ژێر چاویلکەی گومانەوە وئەو پرسیارەی ورووژاندووە کە ئایا مەبەستی کۆماری ئیسلامی وەڵامی ئەرێنی بۆ چوونەپێی گفتوگۆ راستگۆیانە و بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێکی جیددیە یان یاری کردن و کرینی کاتە بۆ خۆرێکخستنەوەی سەرلەنوێ بە ئامانجی بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی شەرەنگێزانەی خۆی کە تەنانەت پاش هاتنەدەرەوەی خامنەیی لە مەنهۆڵە ژێرزەوییەکەی و تۆزێک رەوینەوەی ترسی لەرووخسار نیشتووی هەمیسان بە پەنجەراوەشاندن چاو لە دونیا سوور دەکاتەوە.؟
• ئەوەی بە روونی دیارە کۆشکی خەیاڵی و بنکۆڵی ئێمپراتۆرییەتی شیعەی دەسەڵاتی ئیسلامی هەرەسی هێناوە و شێرەبەفرینەی رابەرایەتی ئومەتی ئیسلامی خامنەیی تواوەتەوە وئەوەی ماوەتەوە قوماربازێکی دۆڕاوی دەستبەتاڵ، فسفس پاڵەوانێکی بێ سپەر و گورز وڕم کە وادیارە هەتا ئێستاش خەوی خەیاڵاتی بەتاڵی خۆی بەری نەداوە و هەموو ئاماژەکان دەریدەخەن کە هەموو هەوڵیان ئەوەیە بە نیشاندانی رەزامەندی بۆ گەرانەوەی سەرمێزی گفتوگۆ تۆزێک باری قورسی گوشارەکانی سەریان کەم کەنەوە ودەرفەتێکی دیکە بدۆزنەوە دوور لە چاوی دنیا و بە نهێنی و شاراوە دەستیان بگەیەننە چەکی ئەتۆمی وبە خەیاڵی خۆیان گەرەنتی پاراستنی دیکتاتۆرییە ئیسلامییەکەیان مسۆگەر بکەن.ئەم خەیاڵە ساویلکانەی خامنەیی لە کاتێکدایە کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێودەوڵەتی لە لاوازترین پێگەی خۆیدایە و کەوگیری لۆبیکردن وپاڵپشت دۆزینەوەی لە ئاستی ئورووپادا وەبنی مەنجەڵەکە کەوتووە ،گرووپە بە وەکالەتەکانی لە ناوچەکە لەسەدەست داوە وشەڕی ١٢ رۆژەش پاشەڵێکی ئابرووبەرانەی نیزامی ومووشەکی و چەکداری بۆ جێ هێشتووە،لە نێوخۆش ئابوورییەکی داڕووخاو ونەخۆش و قەیرانێکی قووڵی نێوخۆیی لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتی،سیاسی و ئەمنییەتی و شەرعییەت و رەوایی بە جۆرێک بەرۆکی گرتوون کە بە قسەی سەرۆککۆمار و کاربەدەستەکانی خودی رژیم لەچارەسەرکردنیاندا دەستەوەستانن، بەڵام شەخسی خامنەیی چەکی ئەتۆمی بە شاکلیلی گرێپووچکەی قەیرانەکان و رەواندنەوەی مەترسی سەردەسەڵاتەکەی دەزانێ کە بێگوومان هەڵپەی دەستراگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆم دەبێتە سەرەخۆرە وتیری خڵاس بۆ تەرمی نیوەگیانی کۆماری ئیسلامی.