بەکارهێنانی چەمکی پەلەپیتکە یاوەکو ماشە تەنها بۆ چەک نییە. هەندێک جار پەلەپیتکە و ماشەیەک هەیە کە بە چرکاندنی فشارێکی سیاسی دروست دەبێ و تەواوی سیستەمی ئابووری وڵاتێک دەڕووخێنێت. ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی لە تیررەسی وەها مەترسییەکدایە: میکانیزمی ماشە. کوردگوتەنی چارەنوسی بە پەلەپتکەیەکەوە بەندە. بەڵام ئەم هەڕەشەیە لەناکاو و کوتوپر نەهاتووەتە ئاراوە، بەڵکو ئاکامی ساڵانێک بڕیاردانی هەڵە و نکۆڵیکردن لە ڕاستییەکان و سەرخستنی بەرژەوەندی تەسکی ئیدۆلۆژیکی دەسەڵاتی شێعەی دوازدە ئیمامی بەسەر هەموو بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵانی خەلکی دانیشتووی وڵاتدایە کە لەلایان دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، وڵاتی بەرەو ئاقاری گۆشەگیری و ئینزوا بردووە.
کاتێک کە بڕیاربەدەستانی دەسەڵاتی وڵاتێک مەنتق و عەقڵانییەت و شەفافیەت و دووربینی بە چەقبەستوویی و دواکەوتوویی و نکۆڵیکردن و دروشمی پوچ و بێبنەما دەگۆڕنەوە، ئەو وڵاتە دەگاتە ئاستێک کە تەنانەت بڕیارنامەیەکی نێودەوڵەتیش دەتوانێت بەرەو لێواری مەرگ پاڵێ پێوە بنێت.
لە کاتێکدا خەڵک رووبەروی بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستی رۆژانەیانن، دەرمانی تایبەت بۆ نەخۆشەکان کەمی کردووە، مەدرەسەکان بێ ئیمکانات و وێرانن، کارخانەکان داخراون و بارودۆخی ژیانی خەڵک لەوپەری ناسەقامگیریدایە ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی جارێ سەرقاڵی ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان لەسەر تەماحی دەستخستنی هەرچی زیاتری دەسەڵاتەکانیانن.
ئەو حکومەتەی کە نە توانای بنیاتنانی سیستمی ئابوورییەکی سەقامگیری هەیە، نە توانیبێتی ئیعتباری نێودەوڵەتی خۆی بپارێزێت، نە گوێبیستی خواستە بەرحەقەکانی خەڵک بووە، ئێستا لەژێر مەترسی و بارگرانی میکانیزمی پەلەپیتکەیەکە، کە خۆی دروستی کردووە.
میکانیزمی ماشە یان پەلەپیتکە یان (Snapback) تەنها بڕگەیەکی یاسایی نییە لە دەقی گرێبەستی بەرجامدا، بەڵکو ئاوێنەیە کە بە ئاشکرا قووڵی شکستی ستراتیژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دابینکردنی بژێوی ژیانی خەڵکدا نیشان دەدات.
ئەم میکانیزمی ماشەیە ئاماژەیە بە لەدەستدانی متمانەی جیهانی کۆماری ئیسلامی، پەیامێکە بۆ هەموو خەڵکی دانیشتووی ئێران کە ساڵانێکە باجی سیاسەتی هەڵەی کۆماری ئیسلامی دەدەنەوە و ئێستا دەبێت چاوەڕوانی شەپۆلێکی نوێی فشار و هەژاری و ناسەقامگیری زیاتر بکەن. ئەمە سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێ نییە؛ بەڵکو دووبارەبوونەوەیەکی تاڵی هەمان ئەو سیاسەتە شکستخواردووانەی دەسەڵاتی ئێرانە کە خەڵک بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبنە قوربەنی سەرەکی و تێچووی بۆ دەدەن.
میکانیزمی پەلەپیتکە ناوێکی سادەیە بەڵام میکانیزمێکی زۆر ئاڵۆزە. ئەم میکانیزمە بەشێکە لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ هەمان ئەو بڕیارنامەیەی کە لە دوای ڕێککەوتنی بەرجام ( JCPOA) کە ساڵی 2015 پەسەند کرا و رەوایی بە هەڵگرتنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی سزا نێودەوڵەتییە داسەپاوەکانی سەر ئێرانی دا. بەڵام لەناو ناوەرۆک و دڵی ئەم بڕیارنامەیەدا بڕگەیەک هەیە کە ئەمڕۆ بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئێران.
بە پێی ئەم بڕگەیە، هەریەکێک لە وڵاتانی ئەندام لە ڕێککەوتنەکەدا، لەوانە ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ڕووسیا و چین دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کە ئەگەر هەست بکەن ئێران پابەند نەبووە بە بەڵێنەکانی بەپێی ڕێکەوتنی بەرجام ئەوە بابەت و سکالاکەیان ڕەوانەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بکەن. ئەگەر کۆمسیۆن لە ماوەی 30 ڕۆژدا نەیتوانی ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە، ئەوە وڵاتی ناڕازی دەتوانێت داوای گەڕانەوەی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بکات.
بەڵام خاڵی گرنگ لە چالاک کردنی ئەم پرۆسەیەدا ئەوەیە کە پێویستی بە کۆدەنگی جیهانی نییە. واتە بە پێچەوانەی زۆربەی پرۆسەکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ چالاککردنی میکانیزمی پەلەپیتکە پێویست بە دەنگدان ناکات و تەنیا پێویست بەوەیە یەکێک لە لایەنەکان بانگەشەی ئەوە بکات کە ئێران ڕێکەوتنەکەی پێشێل کردووە. ئەگەر ئەندامانی دیکەش بە ڕووسیا یان چینیشەوە لەگەڵیدا ناکۆک بن، ناتوانن ڕێگری لە پرۆسەکە بکەن. بۆچی؟ چونکە تاکە ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی گەمارۆکان، دەرکردنی بڕیارنامەیەکی نوێیە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان کە لە ئەگەری ئەم حاڵەتەشدا بڕیارنامە نوێیەکە دەتوانرێت لەلایەن هەمان وڵاتی ناڕازییەوە ڤیتۆ بکرێت.
بە زمانێکی سادە ئەمە “تەڵەیەکی یاسایی” زیرەکانەیە: پەلەپیتکەی چەکێکی موسەلەح و نیشانەگیراو روو بە سیبلی گەرانەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران، کە ئەگەر بچرکێ و ڕابکێشرێت ئیدی هیچ هێزێک ناتوانێ بەری پێبگرێت.
ئەمڕۆ لەگەڵ کەڵەکەبوونی پێشێلکارییە ئەتۆمییەکان و ڕاگرتنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و بۆشایی متمانەی تەواوی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئوروپا، ئەم پەلەپیتکە و ماشەیە ئامادەیە بۆ چرکاندن و تەقەکردن.
لە مانگی پوشپەری ساڵی 2015، دوای ساڵانێک لە دانوستان و موزاکرە، ڕێککەوتنێکی ئاڵۆز سەبارەت بە پرسی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لەنێوان ئێران و شەش زلهێزی جیهانیدا هاتە ئاراوە، کە پلانی هەمەلایەنەی هاوبەش بوو کە بە بەرجام (JCPOA) ناسراوە.
ئامانجی ئەم ڕێککەوتنە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بوو لە بەرامبەر هەڵگرتنی هەنگاو بە هەنگاوی گەمارۆ و سزا سەپاوەکانی سەر وڵاتی ئێران بە هۆی پێشێلکارییەکانی عورف و یاسا نێودەوڵەتییەکان. بۆ ئێران بگەرێننەوە بۆ نەزم و سیستمی جیهانی، بۆ ئەوەی ئابووری ئێران مەجالی هەناسەی بێتەو بەرخۆ، بۆئەوەی بەرهەمهێنان هیوایەکی بۆ بگەرێتەوە و خەڵک تا رادەیەک هەست بە نیشانەکانی سەقامگیری بکەن.
بەڵام ئەم سەردەم و مەجالە تەمەنی کورت بوو. لە ناوخۆی ئێراندا، پرۆسەی بەرجام هەر لە سەرەتاوە بە گومان و بەرەنگاربوونەوەی هەندێک لە دامەزراوەکانی دەسەڵات بەرەوڕوو بووەوە. دروشمەکانی وەک “نفوزی و جاسوسی رۆژئاوا و ئەمریکا” و “سازشکاری لەگەڵ دژبەانی شۆڕشی ئیسلامی” کەشوهەوای ناوخۆی دەسەڵاتی لەرزان و پڕکێشە کرد. هەروەها سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەردەوام بوو لە هەنگاونان بە دوو ئاراستەدا؛ دانوستان لە لایەک و پشتیوانی لە هێزە نیابەتی و پروکسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە لە لایەکی دیکەوە، کە گرژی و ئاڵۆزییەکان دەوروژێنن.
لە ساڵی ٢٠١٨دا دەوڵەتی ترامپ بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە بەرجام هاتە دەرێوە و سزاکانی سەرلەنوێ سەپاندەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران وای دەنواند بە کەڵک وەرگرتن لە پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەمریکا گۆشەگیر دەکات؛ هەروەها بە گەشاندنەوەی ئاگری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە گوشارەکان بۆ تەسلیم کردنی رۆژئاوا بە خواستەکانی خۆی زیاد دەکات، بەڵام ڕێگای هەڵبژێردراو ڕێگای پەرەسەندنی کێشەکان بوو. ئێران ئاستی پیتاندنی خۆی زیاد کرد، پشکنینەکانی چاودێرانی ئاژانسەکەی سنووردار کرد و وردە وردە خۆی لە بەڵێنەکانی لە بەرجامدا دوور خستەوە.
ئورووپا کە سەرەتا هەوڵی پاراستنی ڕێککەوتنەکەی دەدا، وردە وردە خۆی لە رژیمی ئێران دوور خستەوە. نەک لەبەر ئەوەیکە خواستی گەرانەوەی گەمارۆکانیان هەبێ، بەڵکو لەبەر بێزاربوونیان لە سیاسەتە شەڕەنگیز و چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامی کە دیپلۆماسییان بە هەڕەشەی تیرۆریستی بۆ سەر ناوچەکە و جیهان گۆڕی. دیارە ئەنجامەکەشی بوو بەوەیکە ئوروپا لەو بژاردەیە نزیک بووەوە کە “ڕۆژێک بە هێڵی سوور دادەنرا”؛ ئەویش بەکارهێنانی میکانیزمی ماشە یان پەلەپیتکەیە.
لە ساڵی ٢٠٢٥دا جارێکی دیکە جیهان شایەتحاڵی گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بوو بۆ کۆشکی سپی؛ کەسایەتییەک کە ناوەکەی گڕێدراوە بە کشانەوە لە رێکەوتنی بەرجام (JCPOA) و دروستکردنی زۆرترین فشار و هەڵوێستی توند بەرامبەر ئێران. لەگەڵ گەڕانەوەی ترامپدا جارێکی دیکە ڕێگای دیپلۆماسی بۆ ئێران سەختتربووەوە و سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوە، لێدان و شەڕ دەورێکی نوێی بەخۆیەوە بینی. سزاکانی ئەمریکا زیاتر بوونەوە، تۆن و ئاستی دەنگی هەڕەشەئامێزی کۆشکی سپی چڕتر بووەوە، بەشێوەیەک ئەگەر لە دەورەی سەرۆک کۆماری جۆیبایدێن لە کۆشکی سپی چوکە ئۆمێدێک هەبوو، دیسانەوە هیواکان بۆ زیندووکردنەوەی رێکەوتننامەی بەرجام وەک پێشووتری خولی یەکەمی دەسەڵاتداری سەرۆک کۆماریی ترامپ کاڵ بوویەوە.
لەم حاڵەتەدا ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشی سنووردار بەڵام ئامانجداریان کردە سەر هەندێک لە دامەزراوە ئەتۆمییە هەستیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هێرشێک کە نەک هەر کەرەستە و تەجهیزاتی ژێرخانی چالاکییە ئەتۆمییەکانی کردە ئامانج بەڵکو پەیامێکی سیاسی ڕوونیشی بۆ کۆماری ئیسلامی نارد کە سەبر و تەحەموڵی ڕۆژئاوا کۆتایی هاتووە.
وەڵامی ئێران لەبری هێورکردنەوەی دۆخەکە، پەرەپێدانی هەرچی زیاتر قەیرانەکە بوو. تاران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سنووردارتر لە جاران کرد. کامێرا و دووربینەکانی چاودێری ئاژانس کوژێنرایەوە و مەئمور و پشکێنەرەکان دەرکران و ڕاپۆرتدانەوەکان بە ئاژانس کەمکرایەوە.
لە هەمان کاتدا پیتاندنی ئۆرانیۆمی ئێران ئاستی شەست دەرسەد (60٪)ی تێپەڕاند، ئاستێک کە هەرچەندە هێشتا بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی تەواو نییە، بەڵام ئێرانی لە ڕوانگەی تەکنیکییەوە چەند هەنگاوێک لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیک کردەوە. ئەم زیادبوونی ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێندراوەی ئێران نەک تەنها بۆ ئوروپا، بەڵکو بۆ هەموو جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زەنگێکی مەترسیدار بوو.
وڵاتانی ئوروپایی کە ساڵانێک بوو نێوەندگیرییان دەکرد و تێدەکۆشان بۆ ڕزگارکردنی بەرجام ئەمجارەیان تەنیا هۆشدارییان دا. نە بڕیارنامە، نە کۆبوونەوەی بەپەلە، نە پێشنیارێکی جددی بۆ زیندووکردنەوەی رێکەوتننامەی بەرجامیان ئەنجام نەدا. ئەمجارەیان ئوروپا زیاتر چاودێر بوو نەک چالاکوانێکی خاوەن رۆڵ و کاریگەر.
چین و ڕووسیا، دوو هاوپەیمانی سونەتی ئێرانیش بێدەنگیان هەڵبژارد، نە پشتگیریان دەکرد و نە دژایەتیان دەکرد. ئەم بێدەنگییە بەهۆی بێتەفاوتییەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی وریاییەوە بوو کە لە بێمتمانەیی بە دروستی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوەی گرتبوو. موسکۆ و پکەن ئامادە نەبوون باجی ماجراجووییەکانی تاران بدەنەوە.
لەم نێوەندەدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبری بەکارهێنانی دیپلۆماسی بۆ هێورکردنەوەی قەیرانەکان، ڕێگای هەڕەشە و چەواشەکاری و داڵدەدانی گروپە تیرۆریستیەکانیان گرتەبەر. جارێکی تر لەبری بەرنامەیەکی راستەقینە و لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵک، دروشمی پووچ و بێبنەمایان لە میدیا فەرمیەکاندا دووبات دەکردەوە. ئەوان باسیان لە “ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران” دەکرد و دەستیان دابووە ئامرازی پۆپۆلیستی ئێرانچییەتی، بەڵام هیچیان لەبارەی راستییە ئابوورییە داڕماوەکان و مەترسییە جدییە ئەمنییەکانەوە نەدەگوت.
لە ئێستادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەرلە پاریسەوە تا واشنگتۆن، لە بێرلینەوە تاوەکو تۆکیۆ بەو ئەنجامە گەیشتووە کە سیاسەتی سەبر و دانبەخۆداگرتن لە هەمبەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی چیدیکە کار ناکات.
قامک لەسەر پەلەپیتکەی مێکانیزمی ماشەیە بۆ چرکاندنی گەرانەوەی گەمارۆ ئابورییە نێودەوڵەتییەکان وسزا جیهانییەکان، بزوێنەرێکی روخێنەری هەموو رەهەندە ئابوورییەکانی ئێران. میکانیزمێک کە ئەگەر چالاک بکرێت، ئیتر هیچ ڕێگەیەکی گەڕانەوەی نابێت.
گەڕانەوەی سزا و گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا پرسێکی سیاسی نییە؛ واتە تەنیا تایتێڵ و سەردێری هەواڵێکی ئاسایی بڵاوبووەوە لە مۆنیتۆر و سکرینی میدیاکاندا نییە، بەڵکو بوومەلەرزەیەکە کە لە پلە باڵاکانی ئابووری دەسەڵاتی ئێرانەوە تا سفرەی بچووکترین و هەژاراترین بنەماڵەکانی لادێ و قەراغ شارەکان هەموو پێکەوە دەهەژێنێت.
یەکەم کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر وەستانی هەناردەی نەوتی ئێران دەبێت. واتە کۆماری ئیسلامییەکی بەبێ داهاتی نەوت، رژیمی ئێران بە شێوەیەکی کردەیی سەرچاوەی سەرەکی داهات و دارایی خۆی لەدەست دەدات. ئەمەش لە دۆخێکدایە کە لە ئێستاوە زۆرێک لە حقوق و تێچووی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و یارانەکانی بۆ دابین ناکرێت، کە ئەم دۆخە دەتوانێت ئابوری ئێران بەرەو لێواری وەرشکستەگی تەواو پاڵ بنێت.
دەرئەنجامی دووەم و خاڵی گرنگی ئەکتیوکردنەوەی میکانیزمی پەلەپیتکە یان ماشە وەستانی مامەڵە داراییەکانە لەگەڵ بانکە جیهانییەکان. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێران چیتر ناتوانێت ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی بکات و بە گشتی ناتوانێ هاوردە بکات و کەلوپەلی سەرەکی بکڕێت و تەنانەت ناتوانێ قەرزەکانیشی بدداتەوە. کە ئەنجامەکەی لەناوچوونی بازرگانی دەرەکی و کەمی کاڵا و بەرزبوونەوە و سەرهەڵدانەوەی نرخەکان دەبێت.
هەروەها جێی ئاماژەیە گرانەوەی سزاکان ناراستەوخۆ دەرمان و کەرەستەی پزیشکیش دەکەنە ئامانج. نەخۆشخانەکان لە کەرەستە و دەرمانی تایبەتمەند خاڵی و بەتاڵ دەبنەوە، نەخۆشە تایبەتەکان دەبنە قوربانی کەمیی دەرمان و ئیمکاناتی پێویست.
دەستپێکردنەوەی سزاکان، بازرەسی و پشکنینی ئیجباریی و بەزۆرەملێی کەشتییە ئێرانییەکان لە دەریا ئازادەکاندا دەخاتەوە روو، کە نیشاندەری زەلیلی وحەقیری کۆماری ئیسلامی دەبێ و ئاستی بازەرگانی دەریایی دابەزینی لەرادەبەدەر بەخۆوە دەبینێت. هەروەها کۆمپانیاکانی بیمەی نێودەوڵەتیش واز لە کارکردن لەگەڵ ئێران دێنن، ئەمەش بەو مانایەیە کە هەموو بارێکی هەناردەکردن لە مەترسیدایە.
لە ئەنجامدا نرخی تمەن لە بازارە جیهانیەکاندا دابەزینێکی بێ وێنە بەخۆوە دەبینێت، هەڵاوسان خێراتر دەبێت و رکودی ئابووری بەرفراوان بزماری کۆتایی لە تابووتی ژیانی ئابووری خەڵک بەگشتی و ئێراندا دەدات. توانایی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بۆ بنەماڵەکان ئەستەمتر دەبێتەوە، رێژەی بێکاری بەرز دەبێتەوە و جیاوازی چینایەتیش زۆرتر دەبێت.
هەروەها دیسانەوە ئەوە خەڵکن کە دەبنە قوربانی. لەو پیرەژنەی دانیشتووی گوندەوە، کە دەرمانی فشاری خوێنی نییە، تا دەگاتە ئەو دانیشجووەی لە تاران کە متمانەی بە داهاتووی خۆی نییە و لە بێ هیواییدا، بە دوای کۆچکردنی بەرەو هەندەراندایە، بۆیە گەمارۆکان تەنیا بڕیارێکی سیاسی روولە دەسەڵاتی سیاسی ئێران نین؛ برینن، ئازارن و تاوانی ئەو بڕیارانەن کە نە لە لۆژیکی ئابووری و نە لە عەقڵانییەتی سیاسیدا جێگەیان نییە.
بۆ کوردستانی رۆژهەڵات ئەم قەیرانە لە هەڕەشەیەکی دیپلۆماسی زیاترە. کوردستانی رۆژهەڵات شوێنێکە کە هەمیشە قەیرانەکان زووتر لە شوێنەکانی تر دەگەن، و دواتر و درەنگتر جا نامێنن.
ئابوری کوردستانی رۆژهەڵات ساڵانێکە لەژێر سایەی تەبعیز و هەڵاواردنی ساختاری و پێکهاتەیی و پرۆژەی گەشەپێدانی ناتەواو و فشارە لەرادەبەدەرە ئەمنییەکان تەنیا بە پشتبەستن بە هێز و وزەی خەڵک لە خەباتدایە بۆ مانەوە. ئێستا لەگەڵ گەڕانەوەی گەمارۆ و سزا نێودەوڵەتییەکان و بڕینی بڕە سەرچاوەیەکی لۆکاڵیش، تەنانەت ئەم هێزە ناسکە بەرەو لەدەستچوون دەچێت. دیارە جولەی ئابوری رۆژهەلات کە زیاتر پشت بەستوو بە سەرسنوور و کشت وکاڵە، ئەویش لەژێر کاریگەری ناکارامەیی بەڕێوەبردنی دەسەڵات کز و لاوازتر دەبێت. کەمبوونەوەی برق و ئاو و کەمبوونەوەی مامەڵە سەر سنوورییەکان وێرای زیادبوونی مەترسییەکانی سەر ژیانی کۆڵبەران لە کوردستانی رۆژهەڵات زۆرتر لە جاران ژیانی خەڵک دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە.
لە شار و لادێکانی رۆژهەڵات دەرئەنجامەکانی گەڕانەوەی سزا و گەمارۆکان نەک تەنیا لە نرخی گۆشت و دەرماندا، بەڵکو بە گشتی لە “هیوای ژیان”دا خۆیان دەردەخەن. کارگە و “کارخانەکان” دادەخرێن، بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و نەبوونی مەجالی کار بۆ گەنج و لاوان ئاستەکانی ئالوودەبوون و گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان، کۆچکردن بۆ هەندەران و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا بە گشتی بەرز دەکاتەوە. بنەماڵەکان لە ناچاریدا دەبێ بە سفرەیەکی بچووکتر و دڵێکی پڕ لە نیگەرانیترەوە بژین. لە ناوچە سنوورییەکان هەر گەمارۆیەک بە مانای بێکاری زیاترەوە دێت و هەر دابەزینێکی نرخی تمەن بە مانای گرانبوونی ژیانی ڕۆژانە دێت. بەشێکی زۆری ژێرخانی گرنگ وەک پەروەردە و تەندروستی زیاتر پەک دەخرێت.
بەڵام ئەم بابەتە لە کوردستانی رۆژهەڵات تەنیا بابەتی بژێوی ژیان و پرسی ئابوریش نییە. خەڵکی کورد هەر زوو ئەم دەسەڵاتەی ناسی و بێمتمانەیی خۆی بەم دەسەڵاتەی ساڵانێکە راگەیاندووە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی ئابووری و دروستکردنی مەترسی ئەمنی، بارودۆخی کوردستانی رۆژهەڵات ئاڵۆزتر دەبێت. لەم بارودۆخەدا کە کۆماری ئیسلامی بەقا و مانەوەی خۆی زیاتر لە جاران لە ژێر مەترسیدا دەبینێت لە رۆژهەلات لەبەرامبەر بە ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان بە سەرکوتکردنی توند بەرەوڕوو دەبێتەوە و دەبینین لە کوردستان بابەتێکی ئەمنی پتر لە شوێنەکانی دیکەی ئێران لەبەرچاوە.
دیارە ئەمەش وادەکات تووڕەیییەکی کۆکراوە لە ژێر پێستی کۆمەڵگادا پەنگ بخواتەوە، بۆیە بۆ کورد ئەمە تەنیا قەیرانێک نییە لەسەر بەرنامەیەکی ئەتۆمی؛ بەڵکو بەرهەمی دەیان ساڵەی گرنگی نەدان و توندوتیژی و تەبعیز و نایەکسانییە، کە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی هەژاری و گەمارۆکاندا فۆرمێکی توندتر بەخۆوە دەگرێت.
بۆیە پێویستە رۆژهەڵات بە وریایی زۆرەوە بۆ ئەم قۆناخە نوێیە ئامادە بێت، ڕەنگە یەکەم دەنگی لە تاران ببیسترێت، بەڵام لەوانەیە یەکەم برینی لەسەر جەستەی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵەت بنەخشرێت.
رواننین بە میکانیزمی ماشە یان پەلەپیتکە نابێ تەنیا بە واتەی وشە و ئیستلاحێکی یاسایی، رێکەوتنامە و یاساکانی نێودەوڵەتی بێت؛ بەڵکو نیشاندەری ئەو ئەگەر و ساتە مێژووییانەیە کە چارەنووسی وڵاتێک بە هەموو نەتەوە پێکهێنەرەکانییەوە بە بڕیاری چەند کەسێک لە ژوورێکی داخراودا دەتوانی بگۆڕێت.
ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی لە دووڕێیانی چارەنووسی خۆیدا راوەستاوە. یان دەتوانێت ڕێگای دیپلۆماسی و دیالۆگ هەلبژێرێت و لە سیاسەتی دەرەوەدا لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا بەبێ چەواشەکاری هاوکاری بکات و هاوکاتیش گوێبیست وەڵامدەرەوەی هەموو خواست و داواکاری و چاوەروانییەکانی خەڵک لە ناوخۆ بێت یان بەرەو هەڕەشە و سەرکوتی زیاتری خەڵک، ئینزوا و گۆشەگیری قووڵتری جیهانی و زنجیرەیەک قەیرانی یەکبەدوای یەکدا بروا و هەڵبژێرێت؛ کە هەرچەند ئاکامی هەر دوو بژاردەکە لە کۆتاییدا داڕمان و روخانی یەکجاری بۆ کۆماری ئیسلامییە بەڵام بەو جیاوازییەوە کە یەکیان پرۆسێکی نەرم و درێژخایەنەتر لەوەی دیکەیان دەبێت. یەکیان لەوەی تریان کەمتر کارەساتی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە.
لە راستیدا خەڵک بە گشتی شیاو و شایەنی ئەم هەمووە سەختی و مەینەتییە نین کە کۆماری ئیسلامی بۆی بەدیهێناون. ریفاه و بەختەوەری و سەقامگیری ژیانێکی بێ دەغدەغە و بێ دڵەراوکێ مافێکی سەرەتایی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە کە رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانێکی زۆرە بە خویدڕرندەیی خۆیەوە لێی زەوت کردوون.