By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: چارەسەرێک بۆ ئێرانێکی نوێ بە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی کوردستانی رۆژهەڵات. بۆچی وتارەکەی عەبدوڵڵا مۆهتەدی لە کۆنفرانسی “مافی مرۆڤ لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی” گرنگ و دروست و نەخشەڕێی  داهاتووە؟
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > چارەسەرێک بۆ ئێرانێکی نوێ بە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی کوردستانی رۆژهەڵات. بۆچی وتارەکەی عەبدوڵڵا مۆهتەدی لە کۆنفرانسی “مافی مرۆڤ لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی” گرنگ و دروست و نەخشەڕێی  داهاتووە؟
وتار

چارەسەرێک بۆ ئێرانێکی نوێ بە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی کوردستانی رۆژهەڵات. بۆچی وتارەکەی عەبدوڵڵا مۆهتەدی لە کۆنفرانسی “مافی مرۆڤ لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی” گرنگ و دروست و نەخشەڕێی  داهاتووە؟

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/10/29 at 8:43 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
13 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

کاک عەبدۆڵڵا مۆهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شؤڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە 18ی ئۆکتۆبری 2025، وتارێکی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی “مافی مرۆڤ لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی” پێشکەش کرد کە دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە نێو مەحافلە فیکری، سیاسی و میدیاییەکاندا هەبوو.

وتار و قسەکانی کاک عەبدۆڵڵا تەنیا تەحلیلێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو پلانێکی هەمەلایەنە بوو بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی ئێرانی داهاتوو لەسەر بنەمای دیموکراسی و دادپەروەری و مافی مرۆڤ؛ نەخشەڕێگایەک کە ئەزموونی یەک سەدە لە دیکتاتۆرییەت، ستەمکاری و ناکارامەیی لە ئێران تێدەپەڕێنێت و بەرەو بنیاتنانی وڵاتێک دەڕوانێت کە هیچ تاکێک بە هۆی نەتەوە، ئایین، زمان، یان جنسییەت و ڕەگەزەکەیەوە پەراوێز نەخرێت. لەم وتارەدا سێ تەوەری بنەڕەتی باسکرا؛

1- پێویستی و زەرورەتی گوزار بۆ دیموکراسییەکی موتەکەسیر و فرەیی کە لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ دامەزرابێت.

2. جەختکردنەوە لەسەر دادپەروەری ئینتقالی مرۆڤانە و ناتۆڵەسەندنەوە  (عدالت انتقالی انسانی و غیرانتقام‌جویانه) بۆ سەردەمی دوای کۆماری ئیسلامی.

3. ڕەخنەی بنەڕەتی لە سیاسەتی دەرەوەی فراوانخوازی و ئیدۆلۆژی کۆماری ئیسلامی و زەروورەتی جێگرتنەوەی بە دیپلۆماسی واقیعبینانە و بەرژەوەندیخوازانە.

ئەم سێ تەوەرە نەک هەر لە ڕووی تیۆری دروستن، بەڵکو لە ڕووی کردارییەوە باشترین چارەسەری ڕزگارکردنی ئێران و بەدیهێنانی مافەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەلات لە داهاتوویەکی دیموکراسیدان.

دیموکراسی فرەچەشن و موتەکەسیر، مەرجێکە بۆ مانەوە و سەقامگیری لە نێوان نەتەوەکانی پێکهێنەری وڵاتی ئێران. لەبارودۆخ و بەبوونی فاکتەرە دیاریکەرەکانی هاوکێشە سیاسیەکانی جیهان، ناوچە، ئێران و کوردستانی ئێستادا پێشبردنی بەرنامەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی وڵاتی کوردستان بۆ کوردی رۆژهەڵات دوور و ئەستەمە، بۆیە سەرکردەکانی کوردی رۆژهەڵات دەبێ بەپێێ پێوەر و ئیمکانە راست و واقەعییەکان بە نەخشەرێی دروست و چالاکانە هەوڵ بدەن بۆ زۆرترین دەستخستەکانی مافی کورد.

یەکێک لەو چەمکە سەرەکیانەی کە کاک عەبدۆڵڵا جەختی لەسەر کردەوە، زەروورەتی خوڵقاندنی دێموکراسی فرەیی و موتەکەسیر(Plural Democracy)  لە داهاتووی ئێراندایە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئێران بە گشتی بیەوێت لە بازنە و سووڕی ستەم و دیکتاتۆرییەت و تەبعیز و هەڵاواردن رزگاری بێت، هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە قبوڵکردنی فرەچەشنی نەتەوەیی، مرۆیی و کولتووری.

دیموکراسی فرەیی و موتەکەسیرتەنیا بە مانای هەڵبژاردنی ئازاد نییە؛ بەڵکو سیستمێکە کە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە سەرەوەی ئاستی دەنگی زۆرینەدان. دەنگی زۆرینە تەنیا کاتێک رەوایە کە لەگەڵ بنەما گشتگیرەکانی مافی مرۆڤدا بگونجێت. ئەزمونە مێژووییەکان پێمان دەڵێن کە زۆرێک لە سیستم و نیزامە پاوانخوازەکان بە “پەنابردنە بەر دەنگی زۆرینە یان ئیدۆلۆژی تودەیی و جەماوەری، مافی ئەقەڵییەت و کەمینەکانیان پێشێل کردووە.

لە کۆمەڵگای ئێرانێکی کە فرە نەتەوە و فرە کولتور و فرە ئایینیە، تەنیا بە قبوڵکردنی شێوەی فەرمی هەمەجۆرەیی نەتەوەیی، زمانەوانی و کولتوری و ئایینی دەتوانرێت سەقامگیرییەکی بەردەوام بەدەستبهێنرێت. ئەمەیە کە کاک عەبدۆڵڵا مۆهتەدی جەختی لەسەر کردووەتەوە: “ئەگەر ئێرانی داهاتوو بیەوێت ببێتە ماڵێک بۆ هەموو نەتەوەکانی، دەبێت فرەچەشنی نەک وەک هەڕەشە بەڵکو وەک دەرفەتێک ببینێت.”

بەم شێوەیە لەمپەرەکانی سەر رێی رەوتی سیاسی و سیاسەتی دروستی کوردی رۆژهەڵات کەم دەکاتەوە و نیشانی دەدات؛ فرەچەشنی نەتەوەیی و زمانەوانی لە ئێراندا ڕێگری نییە لە بەردەم یەکگرتوویی، بەڵکو هۆکارێکە بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی، چونکە یەکگرتوویی ڕاستەقینە کاتێک بەدی دێت کە هەموو نەتەوە و پێکهاتەیەک لە ناو وڵاتدا هەست بە بینراو و ڕێزگرتن و هاوپشکی بکات.

کاک عەبدۆڵڵا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کوتی؛ “ئێرانی داهاتوو دەبێ بە دادپەروەری و عەقڵانییەتەوە قۆناغی گوزار و گواستنەوە تێپەڕێنێت و خۆی لە تۆڵەسەندنەوەی کوێرکوێرانە و لە سێدارەدانی ناپێویست بەدوور بگرێت و لەبری “خوێن خاهی”، “حەقیقەت خاهی” بکاتە تەوەری سەرنجەکانی.”

بەم لێدوانە بە دروستی یەکێک لە گڕێ و گرفتە زەینییەکان کە بوونی هەیە و لە سەختترین و لە هەمان کاتدا چارەنووسسازترین و حەیاتیترین قۆناغی گوزار و گواستنەوەشەی دەستنیشان کرد؛ چۆن مرۆڤ دەتوانێت لە سیستمێکی سەرکوتکەر تێپەڕێت بەبێ ئەوەی وڵات لەناو گێژەڵوکەی تۆڵەسەندنەوە و توندوتیژیدا نوقم بێت؟

دادپەروەری ئینتقالی چەمکێکە کە بۆ مەودای گوزار و گواستنەوە لە دیکتاتۆریەت لە وڵاتانی جۆراوجۆردا بەکارهاتووە. ئامانجەکەی بەرگری کردن لە پاکتاوکردنی کوێرکوێرانەیە و هەروەها گەڕاندنەوەی متمانەی کۆمەڵایەتی و دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە زوڵم و ستەم دووبارە نەبێتەوە. لە باشووری ئەفریقا، نیلسۆن ماندێلا و دێسمۆند تۆتۆ بە دامەزراندنی “کومیسیۆنی ڕاستی و ئاشتەوایی” نموونەیەکی سەرکەوتووی ئەم سیاسەتەیان پێشکەش کرد. لە شیلی دوای ڕووخانی پینۆشە، هەمان ڕەوش و ڕێکار وایکرد کۆمەڵگا بەبێ توندوتیژی بگەڕێتەوە بۆ دیموکراسی.

لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامیشدا، ڕێکارێکی لەو شێوەیە زۆر گرنگە. کۆمەڵگایەک کە دەیان ساڵە توندوتیژی و هەڵاواردنی بەخۆیەوە بینیوە، پێویستی بە ئاشتەوایی نەتەوەیی هەیە لەسەر بنەمای ڕاستی، نەک تۆڵەسەندنەوە. کاک عەبدؤڵا مۆهتەدی بە ڕەتکردنەوەی سزای لەسێدارەدان و داوای دادپەروەری ناتۆڵەسەندنەوانە، بە شێوەیەکی کاریگەر باسی لە کۆتایی هاتنی چەرخە و سووڕی توندوتیژی سیاسی لە مێژووی ئێراندا کرد؛ شتێک کە دەتوانێت بناغەی ئەخلاقی سیستمی داهاتوو بێت.

لە راستیدا بەپێێ هەموو فاکتەرە کارلێکەکان، کوردی رۆژهەڵات بە هیچ جۆرێک لە بوونی کێشە و تووند وتیژی و هەڵگیرسانی شەڕی نەتەوەیی قازانج ناکات.

تەحلیلی کاک عەبدؤڵا بۆ قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە بەشە ڕووناککەرەوەکانی وتارەکەی بوو. سێ قەیرانی گەورەی بەم شێوەیە دەستنیشان کرد:

1. قەیرانی شەرعیەت و رەوایی؛  کەلێنی نێوان خەڵک و حکومەت لە ئێرانی کۆماری ئیسلامیدا ئەوەندە قوڵ بووەتەوە کە هیچ میکانیزمێک ناتوانێت پردێکی بۆ دروست بکات. لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 1388 تا بزوتنەوەکانی ساڵی 1396 و 1398 و بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ساڵی 1401دا، خەڵکی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر نیشانی داوە کە شەرعیەتی و رەوایی ئەو سیستم ونیزامە بۆیان نەماوە.

کاک عەبدوڵڵا  دەڵێت ئەم قەیرانە دەرئەنجامی سەرکوتکردنی ئازادییەکان و ڕەتکردنەوە و نهێشتنی مافی هەڵبژاردنی خەڵکە. حکومەتێک کە شەرعیەتی خۆی لە “ئیدیۆلۆژییەکی تایبەت و فرقەیەکی ئایینی”  لە وڵاتێکی فرە نەتەوە، فرە بیر و فرە ئایین وەربگرێت، بەجێگای لە دەنگ و خواستی راستەقینەی خەڵکەوە، ناچارە کە بەرامبەر خەڵک بوەستێتەوە کە بەم شێوەیە شەرعیەت و رەوایی خۆشی لەدەست دەدات.

2.  قەیرانی ناکارامەیی و گەندەڵی؛ قەیرانی دووەمی بە “گەندەڵی ساختاری و پێکهاتەیی و ناکارامەیی بەڕێوەبردن” زانی. گەندەڵی کۆماری ئیسلامی کە وانییە دیاردەیەکی کاتی و نوێ بێت بەڵکو هەر لەسەرەتاوە بەشێکە لە سروشتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. ئێران ئەمڕۆ لەبەردەم قەیرانێکی قووڵی ئابووری و هه ڵئاوسانی و هەژاری  بەربڵاو و دابەشبوونی چینایەتی بێوێنەدایە . رژیمێک  کە کۆمەڵگا بەڕێوە نابات بەڵکو تەنها “کۆنتڕۆڵی” دەکات، درەنگ یان زوو لە ناوەوە دەڕووخێت.

3.  قەیرانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدیۆلۆژی؛ قەیرانی سێیەم، لە ڕوانگەی کاک عەبدۆڵڵاوە، سیاسەتی دەرەوەی فراوانخوازانەی کۆماری ئیسلامییە، کە لەسەر بنەمای “دوژمنسازی” دامەزراوە: دژە ئەمریکابوون و دژە ئیسرائیل بوون تا ڕادە و حەدی لەناوبردن و بەم شێوەیەش پشتیوانیکردن لە هێزە پرۆکسی و نیابەتییەکان لە ناوچەکەدا.

کاک عەبدۆڵڵا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە ئەم سیاسەتە لە خراپەکاریی وڵاتانی ناوبراوەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە خودی سروشتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە کۆماری ئیسلامی مانەوەی خۆی لە دروستکردنی قەیرانەکاندا دەبینێت. دەرئەنجامی ئەم سیاسەتەش گەمارۆی ڕوخێنەر و دابڕانی جیهانی و لەناوبردنی ئابووری ناوخۆیە.

جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێرانی داهاتوو دەبێ لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدیۆلۆژییەوە بەرەو سیاسەتێکی واقیعی و بەرژەوەندیخوازانە هەنگاو بنێت.

ناوبراو بە ڕەخنەگرتن لە دروشمەکانی “لەناوبردنی ئیسرائیل” و “دەرکردنی ئەمریکا لە ناوچەکە” ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم ئامانجانە نەک هەر ناڕاستەقینە و نابەجێن، بەڵکو ڕاستەوخۆ بوونەتە هۆی هەژارکردنی خەڵک و لاوازبوونی پێگەی ئێران لە جیهاندا.

لە جیهانی ئەمڕۆدا دەسەڵاتی وڵاتان لە مووشەک و پرۆکسیدا پێناسە ناکرێت، بەڵکو لە متمانە و بازرگانی و هاوکاری نێودەوڵەتیدا پێناسە دەکرێت. وڵاتێک کە دوژمنایەتی هەموو دراوسێکانی بکات، ناتوانێت ئاسایشی سەقامگیر و بەردەوامی هەبێت.

ناوبراو بە مەحکوم کردنی سیاسەتەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، داوای گۆڕینی لۆژیکی نالۆژیکی “شۆڕش و ئینقلابی ئیسلامی” دەکات بۆ لۆژیکی “دەوڵەتسازی”، واتە ئێران لەبری هەناردەکردنی قەیرانەکان هەناردەکاری سەقامگیری و زانست و فەرهەنگ و کولتوور بێت.

سوود و قازانجی نەخشەڕێگای کاک عەبدۆڵڵا مۆهتەدی بۆ بەدیهێنانی مافەکانی کوردی رۆژهەڵات چییە؟

یەکێک لە لایەنە هەرە گرنگەکانی وتارەکەی کاک عەبدۆڵڵا، پەیوەندی نێوان “دیموکراسی موتەکەسیر و فرەیی” و “مافی کورد”ە. جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرسی کورد تەنیا پرسی نەتەوەیی نییە، بەڵکو کێشەی ساختار و پێکهاتەی دەسەڵاتیشە لە ئێران. لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا حکومەتە ناوەندەکان لە ئێران مافە نەتەوەیی و کولتووری و زمانەوانی و ئابوورییەکانی کوردیان پشتگوێ خستووە و بە بەردەوامی لە جیاتی دیالۆگ سەرکوت و ئەمنیەتیکردنیان بەکارهێناوە. دەڵێت؛ چارەسەر لە “پێناسەکردنەوەی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و نەتەوە”دایە: دەوڵەتێک کە لەسەر بنەمای گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی بەرفراوانی نوێ و مافی یەکسان بۆ هەموو پێکهاتە ئیتنیکی و نەتەوەییەکان بنیات نراوە، نەک لەسەر بنەمای هەژموونی تاکە نەتەوەیی یان تاکە ئایینی.

لە مۆدێلی پێشنیارکراوی ئەودا، مافی کورد ئیمتیاز یان لوتفی حکومەتی ناوەندی نییە، بەڵکو مافی سروشتی و زاتی غەیرە قابلی دانوسانە. مافی خوێندن بە زمانی دایکی، مافی حوکمڕانی ناوچەیی و ناوخۆیی و مافی یەکسانی دەرفەتی گەشەپێدان دەبێت لە قانونی ئەساسی و دەستووری نوێی ئێراندا دەستەبەر بکرێت. لە چوارچێوەیەکی وەهادا کورد نەتەوەیەکی یەکسان دەبێت، نەک “کەمینەیەک” و بەم شێوەیە ڕۆڵی دەبێت لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیدا.

دیموکراسی موتەکەسیر و فرەیی، لە پراکتیکدا، بە واتای لامەرکەزی و دابەشکردنی دەسەڵات بۆ هەرێمەکان و سیستمی فیدراڵیزمە. بۆ کوردستانی رۆژهەڵات، ئەم سیاسەتە دەتوانێت خاڵی دەستپێکی گەشەسەندنێکی ڕاستەقینە بێت. بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان، پلاندانانی ئابووری و ڕۆشنبیری، بڕیاردان لەسەر بودجەی ناوخۆیی پێویستە لە دەستی دەسەلات و دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی خەڵکی کوردستاندا بێت. پێکهاتەیەکی لەم شێوەیە، با لە چوارچێوەی ئێراندا، بەڵام لەم بارودۆخەی ئێستای کوردی رۆژهەڵاتدا هەستی خاوەندارێتی نەتەوەیی، سیاسی و متمانەی کۆمەڵایەتی بەهێزتر دەکات.

کاک عەبدۆڵڵا بۆ پاراستنی کوردستانی رۆژهەڵات بەدوور گرتنی لە توندوتیژی خویناوی روو بە بەردەنگە پێوەندیدارەکان دەڵێ؛ ئەمنییەت و ئاسایشی بەرژەوەندییەکانی ئێوە لە کوردستان بە بوونی هێزی قورسی سەربازی و ئیتلاعاتی مسۆگەر نابێت، بەڵکو بە دادپەروەری و رفاە و بەشداری سیاسی خەڵکی کورد لە چارەنوسی خۆیدا مسۆگەر دەبێت. کاتێک کۆمەڵگایەک هەست بە بینراوی و ڕێزگرتن دەکات، پێویستی بە شۆڕش و یاخیبوون نییە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ئەمنییەت و ئاسایشی مرۆیی جێگەی ڕوانینی ئەمنی دەگرێتەوە؛ کە لە بەرژەوەندی هەم کورد و هەم ئێرانە.

هەروەها تێڕوانینی کاک عەبدۆڵڵا بۆ کورد مۆدێلێکە بۆ نەتەوە جیالەکوردەکانی دیکەی ئێران وەک عەرەب ، بەلوچ ، تورک، تورکمان و گیلەک و هتد. ئەو مۆدێلەی کە پێشنیاری دەکات، ئێرانێکی دێموکراتی فیدراڵی یان لامەرکەزییە؛ ئێرانێک کە دادپەروەری و یەکسانی و ڕێزگرتنی یەکتر جێگەی هەڵاواردن دەگرێتەوە. لە مۆدێلێکی وادا هەم یەکێتی ئێران دەپارێزرێت و هەم ئازادی و مافی نەتەوەکان لە ئاستی باشدا مسۆگەر دەکرێت.

بۆچی گوتارەکەی کاک عەبدۆڵڵا مۆهتەدی بۆ هەموو ئێران زۆر گرنگە؟ لە راستیدا وتارەکەی ئەو نەک تەنیا بۆ کوردی رۆژهەڵات، بەڵکو بۆ هەموو ئێران پەیامێکی هەیە. بە زمانێکی ڕوون وتی ئازادی نەتەوەیەک بەبێ ئازادی نەتەوەکانی دیکە لە چوارچێوەی ئێرانی ئێستادا مومکین نییە. مافی کورد بەشێکە لە جەستەی مافەکانی وڵاتی ئێران. ئەگەر هەر دەسەڵاتێک لە ئێران  کورد وەک “بێگانە” ببینێ و هەژمار بکات، سەرەتا درەنگ یان زوو هەمان حیساب و تێڕوانینی جیاکاری بۆ هەموو نەتەوەکانی دیکە دەبێت و هەروەهاش ئەو دەسەڵاتە بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکەش بێگانە دەبێت.

کاک عەبدۆڵڵا دەڵێ تاکە ڕێگای مانەوە بۆ داهاتووی ئێران ئیحترام و ڕێزگرتنی یەکسان و بەرابەرە بۆ هەموو نەتەوەکانی؛ ئێران دەبێت ماڵێک بێت بۆ هەمووان نەک قەفەسێک بۆ یەک ئیدیۆلۆژی.

وتارەکەی کاک عەبدۆڵڵا موهتەدی لە کۆنفرانسی “مافی مرۆڤ لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی” زیاتر لە هەڵوێستێکی حیزبی، بەیاننامەیەک بوو بۆ ڕزگارکردنی هەموو ئێران. بە ڕوونی فکر و ڕیالیزمی سیاسی ڕێگای گوزار و گواستنەوەی لە ستەم و دیکتاتۆرییەتەوە بۆ ئازادی خستەڕوو؛ دیموکراسی موتەکەسیر و فرەیی، دادپەروەری بەبێ تۆڵەسەندنەوە و دیپلۆماسی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی. بۆ کورد ئەم نەخشەڕێگایە بە مانای کۆتایی هاتنی دەیان ساڵەی نادادپەروەری و هەڵاواردنە و بۆ باقی ئێران بە مانای دەستپێکی سەردەمێکی نوێی هاوپشتی و یەکسانی دێت. ئێرانی داهاتوو یان لەسەر ئەو پرەنسیپانە بنیات دەنرێت یان لە چەرخە و سووڕێکی مێژوویی دیکتاتۆرییەت و ستەمکاری و داڕماندا گیری خواردووە و چەقبەستوو دەمێنێتەوە.

پەیامی کاک عەبدۆڵا روونە؛ تەنیا بە مافی مرۆڤ، دادپەروەری و قبوڵکردنی فرەچەشنی، ئێران، بۆ یەکەمجار لە مێژووە مۆدێرنەکەیدا، دەتوانێت ماڵێکی ڕاستەقینەی هەموو نەتەوەکان و خەڵکی ئێران بێت.

TAGGED: ئاسۆی ڕۆژهەڵات, ئاسۆی ڕۆژهەڵای ٢٠١, دارا قوڕەیشی, کۆمەڵە
KomalaMedia 2025/10/29
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر لە نۆ مانگدا زیاتر لە هەزار کەس لەسێدارەدراون
بابەتی دواتر دەورانی گوزار،پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?