لە کاتێکدا لە دوای شەری ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران کە لە ٢٣ی جۆزەردان دەست پێکرد، دەبینین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر شت گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە بەڵام ڕژێمی تاران و دوژمنایەتییەکەی بەرامبەر ئیسرائیل و خەڵکی ناو خۆ و بەتایبەت خەڵکی کوردستان نەگۆڕاوە و بەردەوامە.
هەموو لایەنەکانی بەشدار لەم شەرە خۆیان بە براوەی ‘ئەم شەرە ١٢ ڕۆژە دەزانن کە لە ٣ی پووشپەر تەواو بوو. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هەر وەها سەرکردەکانی ئێران، هەموویان بە لێکدانەوە جیاوازە جۆراوجۆرەکانیان ئیدیعایان کردووە کە لەم شەرە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە. بەڵام ئەو ئیدیعایانە و جەختکردنەوە زۆری ترەمپ سەبارەت بەوەیکە ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت، پێویستی بە شی کردنەوەی زیاتر هەیە. پێدەچێت دەرئەنجامە ستراتیژییەکانی شەڕەکە بێ ئەوەی زۆر وەستانی لە سەر بکەین، بە پێچەوانەی ئەوەی ترەمپ باسی لێوەدەکات، بسەلمێنرێت کە نە ئاشتی دەهێنێتە ئاراوە و نە کۆتایی بە کردەوەی سەربازیی بهێنێت. لەوانەیە لەبری ئەوە، وەک ململانێکانی پێشوو، تەنیا قۆناغێکی نوێ لە دوژمنایەتی کە بە شێوەیەکی جیاوازتر لە جاران ڕێکخراوتر بێت، لە نێوان ئێران و ئیسرائیل بێتە ئاراوە.
گرنگترین بابەت دوای شەرەکە، مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە سەر دەسەڵات. ئەگەر بروانینە ئەو ٣٠ فەرماندە و ١٩ زانا ئەتۆمییەی کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، کەسایەتییە ئایینییە دەسترۆشتووی تێدا نەبووە کە زیاتر لە بەرپرسان و فەرماندەکانی کۆماری ئیسلامی دەسەڵات و لە سەر سیاسەتی ئێران کاریگەریان هەیە. مانەوەی ئەوان بەو واتەیە دێت کە هێشتا بە جۆرێک نوێنەرایەتی مانەوەی کارەکتەری ڕژێم دەکەن و بەردەوام دەبن لە درێژە پێدان بە سیاسەتەکانی پێشوویان. هەروەها هێرشەکان درزی ئەوتۆ و کاریگەری نخستە ناو جەستەی کۆماری ئیسلامیە. بەداخەوە لە دەرەوەی کۆماری ئیسلامی کەسێک وەک ڕێبەر نەهاتە پێشەوە کە بەرنامەیەکی تۆکمە و باوەڕپێکراو پێبێت کە بتواندرێ وەک بەدیل و ئالترناتیڤ ئۆپۆزسیۆن پشتیوانی لێبکات و جەماوەرێکی بەرفەراوان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە.
لە گۆشەنیگایەکیترەوە دەتوانم بلێم کە دەسەڵاتدارانی ئێران بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کەڵکی خۆیان لە شەڕەکە وەرگرتبێت. تەنزی مێژوویی بۆردومانی ئاسمانی ئەوەیە کە لە کاتێکدا تواناکانی دوژمن لاواز دەکات، بە پێچەوانەوە دەتوانێت ئیرادەی خەڵک بەهێزتر بکات. خەڵکی ئێران، لە ژێر کاریگەری ئەم شەرە دەنگێکی نوێ و ناسیۆنالیستییان دۆزییەوە، کە دسەلاتداران بە خێرایی وەک ئاماژەیەک بۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی بەکاریان هێنا. کاریگەری ئەم بابەتانە ئەوەندە زۆر و خێرا بوو کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی خامنەای لە کاتی عاشورا داوای لە مداحەکەی کرد کە سروودی ئەی ئیران بخۆێنێتەوە. کارێک کە تا پێش ئەم شەرە ئەنجام دانی مەحال بوو.
لەلایەکیترەوە ڕێژیم کۆنترۆڵی جونگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی خۆی بەدەستەوە ماوە و پاراستوویەتی، لەوانەش هێزی سپای پاسداران، سەرەڕای کوژرانی حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی لە هێرشەکاندا و هەر وەها ڕێکخستنی هێزەکانی بەسیج. ئەمانە دەبێتە هۆی ئەوەی تاران خۆی لە بەرامبەر هەڕەشە ناوخۆییەکان مسۆگەر بکات و لە دژی نەیارانی هەڵمەتێکی دژە سیخوڕی بۆ چاوترس کردنی خەڵک دەستپێبکات. هەر وەک دەبینین هەر دوای ئاگر بەستەکە سێ زیندانی کوردی بە تۆمەتی سیخۆری بۆ ئیسرائیل لە سێدارەدا و بە پانتایی کوردستانیش زۆر خەڵکی هەر بەم تاوانە دەسبەسەر کردوە و خستوینەتە ناو گرتووخانەکانەوە.
لێکدانەوەکان لەسەر لاوازی ڕژێم لە لایەن نەیارانی کۆماری ئیسلامیەوە بەردەوامە و زۆر جار لە گەڵ ڕژێمە کەوتووەکانی دیکەی ناوچەکە هەڵیدەسەنگێنن. بەڵام نابێ لە بیرمان بچێت کە بارودۆخی ئێران جیاوازە لە بارودۆخی سوریای بەشار ئەسەد، عێراقی سەدام حوسێن یان لیبیای موعەمەر قەزافی. لە سوریا و لیبیا ڕژێمەکانی ئێستا لە لایەن گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆییەوە کە لە لایەن زلهێزە دەرەکیەکانەوە پشتیوانیان لێدەکرا، دژایەتی کران. لە کەیسی عێراق، ئۆپۆزسیۆن پەرش و بڵاو بوو و کەمتر ڕێکخرابوو، بەڵام بە جێگیرکردنی هێزی بیانی بە شێوەیەکی بەرفراوان پشتگیری کران کە هێزە چەکدارەکان و ناوەندە ئەمنییەکانی سەدامی زۆر لاواز کرد. لە ئێران نە ئۆپۆزسیۆنێکی بەرفراوان هەیە کە بکرێ پشتی پێببەستی و نە هیچ شتێک سەبارەت بە دەستێوەردانی چەکداری هاوشێوەی عێراق لە بەرنامەی زڵهێزەکان بەدی دەکرێ. هەروەها لە ئێستادا هیچ کەسایەتییەکی ئۆپۆزسیۆنی باوەڕپێکراو لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا نییە کە بتوانرێت بەڵێنی پشتیوانی لەو شێوەیەی پێ بدرێت.
لە هەمان کاتیشدا ئەگەر بروانینە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لەگەڵ ئەوەی زیانێکی زۆری پێگەیشتووە، بەڵام تا ئێستا بە شێوەیەکی سەربەخۆ هەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە. هەندێک شوێن لە ئێستاوە خەریکن دووبارە چاک دەکرێنەوە و هەر وەها خەمڵاندنی ورد بۆ ئەوەی تا چەند بەرنامەکە دواخراوە، پێدەچێت بەدەستهێنانی زەحمەت بێت. ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کارە پێشگیرانە و ئەو ڕێوشوێنە خۆپارێزییانەی ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی گرتیەبەر، شتێکی سەیر نییە.
ئێستا تاران هێندێک بژاردەی هەیە سەبارەت بەوەی کە چۆن ئەو شتانەی لە بەرنامەکەیدا ماونەتەوە کەڵکی لێوەربگرێت. دەست ڕاگێشتن بە بۆمبی ئەتۆم مەترسی دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی هەڵمەتی بۆردومانکردن زۆرتر دەکات و ترەمپیش چەند جار ئاماژەی بەوەداوە. هەروەها پێچەوانەی سیاسەتی ڕاگەیەندراوی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئینقلابی ئیسلامی دەبێت سەبارەت بە دەست ڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمییە و ئەگەریش پێچەوانەی ڕاگەیاندنەکانی بێت ئەوە تێچووی زۆری بۆ ئێران دەبێت. هەروەها بە سەرنجدان بە وێرانکردنی زۆری دامەزراوە ئەتۆمی و جەنگیەکان لە ئیسفەهان و فۆردۆ لە ڕووی تەکنیکییەوە ئەم کارە خۆی چالشێکیشە بۆ کۆماری ئیسلامی.
ئاماژە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن کە دەسەڵاتدارانی ئێران پابەندبوونی خۆیان سەبارەت بە بەرهەمهێنان و پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی مەدەنی دووپات دەکەنەوە. نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمیر سەعید ئیرڤانی، بە مافی ڕاستەقینەی ئێران وەسفی کردووە. وازهێنان لە بەرنامەکە کە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئیسرائیل داوای دەکەن، پێدەچێت بە بێ دانوستان بمێنێتەوە. بۆیە ئەوەی دەسەلاتدارانی ئێران لەم ڕۆژانەی ئاخردا تەرکیزیان کردۆتە سەر، ڕەواڵەتی ئاشتیخوازی بەرنامە ئەتۆمیەکەیە بۆ دووبارە بونیاد نانەوەی. لەوەدەچێت بانگەشەی ئەوان تەنیا تا ئەو حەدە بێت کە متمانە بە ئیدیعا گشتیەکانیان بدات، لە هەمانکاتدا تێدەکۆشن ئەوەندە فراوان نەبێت کە ئیسرائیل دووبارە هان بدات بۆ هێرشێکیتر. ئەمەش لەوانەیە لە چەند مانگی داهاتوودا هەندێک گرژی دروست بکات.
هەروەها پێکهێنانەوەی تواناکانی بەرگری ئاسمانی لەلایەن ئێرانەوە دیسان دەتوانێت کێشەیەکی سەرەکی بێت. بۆ ئیسرائیل، بە دەست گرتنی ئاسمانی ئێران ئامانجێکی ستراتیژی گرینگ بوو لە شەڕی ١٢ ڕۆژە و ئامانجێک بوو کە تا ئێستاش ئیدعا دەکات کە ئاسمانی ئێران لە ژێر کۆنترۆلی خۆیدا هێشتۆتەوە. لە کاتێکدا دەسەلاتدارانی ئێران بە ئاشکرا لە ناوخۆ و دژ بە ئیسرائیل بە پرۆپاگەندا بۆ چاککردنەوەی تۆڕی بەرگری ئاسمانی هەوڵ دەدەن بەڵام مەترسی ئەوەش دەکەن کە ئیسرائیل بوروژێنێت بۆ هێرشکردن بۆ تێکدانی توانا نوێیەکانی و دووبارە بە دەستەوە گرتنی ئاسمانی ئەو وڵاتە. تا ئێستا ئیدیعاکان تەنیا لە جێگرەوەی ناوخۆییدا تێنەپەریوە بەڵام هەر ئاماژەیەک بۆ سیستەمی نۆێتر و پێشکەوتووتر کە لە دەرەوەی ئێران کردرابێت ڕەنگە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بەدوای خۆێیدا بێنێت.
لە کاتێکدا ئیسرائیل ئیدیعای سەرکەوتن لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا دەکات کە باش دەزانێت بۆ چارەسەری درێژخایەنی هەڕەشەی ئەتۆمی ئێران پێویستی بەوەیە کە هەم هەژموونی ئاسمانی و هەم دزەکردنی هەواڵگری لە ئێراندا تا کاتێکی نادیار بپارێزێت و هەمووکاتیش ئامادەی لێدانی ئێران بێت.
هاوشێوەی وەها سیناریۆیەک ئەوەیە کە لە ساڵانی نەوەدەکان بە ناوی چاودێری باشوور بە هاوپەیمانییەتی فەرەنسا، سعودیە، بەریتانیا و ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە کاتی ڕووخانی سەدام حسێن، بۆ ماوەی ١١ ساڵ بەسەر باشووری عێراقدا بەڕێوەچوو.
هەرچەندە ڕووبەرێکی زۆر بچووکتری دەگرتەوە لەوەی کە ئیسرائیل دەبێ لە ئێراندا بیگرێتەوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکە ئیش و پارە و ئیمکاناتی زۆری پێویست بوو بەتایبەت لە زۆر شۆێندا دەبوا بەرەنگاری دوژمنانێک ببنەوە کە شۆێن و جێگایەن دیار نەبوو وەک ترۆریستەکانی ئەلقاعیدە. ئەوەش لە درێژ ماوەدا بە هۆی کوشتنی خەڵکی سڤیل کێشەی دیکەی ناوە و خەڵک لێیان دوور کەوتنەوە. لەوەش گرنگتر، پاراستنی پشتیوانی سیاسی لەناو هاوپەیمانیدا بە تێپەڕبوونی کات زەحمەت بوو. ئێستا ڕەنگە پشتیوانی سیاسی لە دەولەتی ئیسرائیل بۆ هەڵمەتێکی لەو شێوەیە دژ بە ئێران کە مەویداشیان لە یەک دوورە، کەمتر لەو ستراتیژە هاوشێوەیەی ئیسرائیل بەرامبەر بە حزبوڵڵا لە لوبنانی دراوسێدا گرتیبە بەر، نەبێت بەڵام لە داهاتوودا بە هۆی هەزینەی مادی و ئینسانیەوە دەتوانێ کێشە بۆ ئیسرائیل دروست بکات.
هەر وەک شەری ٨ ساڵەی ئێران و عێراق کە خومەینی کەڵکی لێوەر گرت و تەنانەت دانی بەوە دانا کە شەر نیعمەتێکی گەورەیە، کۆماری ئیسلامی هەر لە کاتی شەرەکەوە پرۆپاگاندای ناسیونالیزمی اێران بە چری وەرێ خست و بەم جۆرە ویستی بۆ مانەوەی خۆی سەرمایەی سیاسی دروست بکات.
بەم شگردە تا ئێستا توانیویەتی بەشێکی بەرچاو لە کەسانی نزیک لە حکومەت و تەنانەت لە دەرەوەی بازنەی حاکمیەت هەڵبخەلێتێنن و لە دەستە واژەی ناسیۆنالیزم بۆ یەکێتییەکی خۆیان بۆ بەرپچدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل و سەرکووتی نارەزایەتیەکانی دوای شەرەکە کەڵک وەربگرێت. بۆ ئەم کارە تەنانەت عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، ماوەیەک پێش ئێستا داوای ‘درک متقابل‘ ی کرد بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئێران. ڕەنگە لە ڕاستای ئەم پەیامەش حکومەت هێندێک ئیمتیاز بە خەڵک بدات و لە هێندێک لە ئازادیە کۆمەلایەتیەکان چاوپۆشی بکات. بەڵام ئەوە ناتوانێ کۆتایی بەو گەندەڵی و قەیرانە ئابووری و پاوانخوازییانە بێنێت کە زۆر جار ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتۆتەوە، بەڵام ڕەنگە پێش بە هاتنە سەر شەقامی خەڵک بۆ ماوەیەک بگرێ.
ئەو سەرکوتکردنە ئەمنییە بەربڵاوەی کە ڕژێم بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی تۆری سیخوری بەربلاوی هەواڵگری ئیسرائیل دوای ئاگر بەسەکە خەریکە ئەنجامی دەدات، ڕەنگە ئەم ئینسجامەی کە حکومەت بە دواویەتی بخاتە مەترسییەوە بەڵام ڕێکخستنی نێوان دژبەرانی کۆماری ئیسلامی، کە یەکێک لە ئامانجەکانیەتی، دژوارتر دەکات.
لێدوانەکانی تاران، هەتا ئێستا سەبارەت بە ئیسرائیل و تەنانەت ئامریکاش هەر وەک جاران توندە بەڵام دەتوانین ئەوەی لێ هەلبێنجین کە زۆر بە دوای درێژەپێدانی شەرەکە نیە. هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ترەمپ بەم نزیکانە بەدی ناکرێت. لەبیریشمان نەچێت کە ئەگەر ئەم کارە بکرێت نابێ بە واتەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل تێکەڵ بکرێت. ئاستی متمانە زۆر کەمە، ئاستی دوژمنایەتیش زۆر زۆرە. بەڵام ڕەنگە دوژمنایەتییەکان فۆرمێکی جیاواز بە خۆوە بگرن. بە درێژایی مێژووی کۆماری ئیسلامی زۆر جار کە شکستی هێناوە بە جۆرێک سازانێکی ستراتیژیکی بەدوای خۆیدا هێناوە، هەر وەک جام زەهرەکەی خومەینی. دوای ڕووخانی سەدام حسێنیش ئێران هێزە نیابەتیەکانی هێنا ئاراوە و تاکتیکی ڕووبەرووبوونەوەی گۆری.
ئێستا پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی دەبێ درێژە بە بەرەنگاری لە بەرانبەر ئیسرائیل بدات یا ئەوەیە کە چۆن درێژە بەم بەرەنگاریە بدات.
هەردوو حکومەتی تاران و تەلئەبیب تابۆیان شکاندووە. ئیسرائیل بە لێدانی ئامانجەکان لە ئێران، ئێران بە لێدانی بنکەیەکی ئەمریکا لە قەتەر، کە دەتوانین بڵێین نزیکترین هاوپەیمانی ئەو وڵاتە بووە. لە هەردوو کردارەکەدا پاشکەوتێک بۆ ئەگەری داهاتووی شەری نێوان ئەم دوو ولاتە هەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی دەبێت ئاستی بەرەنگاری خۆی تا ڕادەیەکی زۆر بەرێتە سەر بۆ وەی بتوانێ خۆی لە شکستی یەکجاری ڕزگار بکات. ئەوەش بەو وەزعەی خەڵکی تێدایە و باری ئابوورییان زۆر خراپە و لەلایەکی دیکەوە تەحریمەکان بەربلاوتر و گشتگیرتر بووە و تەنانەت خەریکە وڵاتانی دیکەش دێنە پشت ئەم تەحریمانە، کارێکی یەکجار دژوار دەبێت. لەولاشەوە ئیسرائیل دەبێ گونبەدی ئاسینی خۆی کاراتر بکات بۆ ئەوەی بتوانێ ئاستی دیفاع لە خەڵکی سیڤیل بەرێتە سەر کە بتوانێ پێش بە کوژرانی خەڵکی زیاتر بگرێت.
ئەوەی لەم ١٢ ڕەژەدا وێنامان کرد ئەوە بوو کە ئەو فەرماندە ئێرانیانەی کە لە خەودا کووژران و تەنانەت نەیانتوانی وەک یەحیا سینوار دارێک بەرەو دوژمن فرێ بدەن بە دەیان ساڵ سیاسەتێکیان بردە پێش کە لە دروستکردنی میلیشیاکانی ناوچەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، جبەخانەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەرنامەی ئەتۆمیی پێکهاتبوو بە جۆرێک کە وڵاتانی ناوچەکە و زڵهێزەکانی دونیای ناچار کرد هەرەشەکانی کۆماری ئیسلامی بە جددی وەربگرن و بەرەنگاری ببنەوە.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەوە دەچێت لە کورتخایەندا هەوڵی کەمکردنەوەی گرژیەکان بدات، بەڵام ئەوە لەسەر حیسابی بنەما سەرەکییەکانی دوکترینی ئەم رژیمە سەبارەت بە دژایەتی ئیسرائیل نابێت. ڕەنگە ئیسرائیلیش لە ١٢ ڕۆژەی شەڕەکەدا سەرکەوتوو بووبێت و تا ڕادەیەکی زۆریش ئاسایشی کاتی بەدەستهێنابێت، بەڵام دوژمنەکەی هێشتا نەفەس دەکێشێت!