جەماوەری خۆشەویستی کوردستان، حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان، کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ !
سەرلەبەیانیی ئەوڕۆ دووشەممە ١٣ی گەلاوێژ، جارێکی دیکە هێزە تیرۆریستیەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناوچە سنووریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوچە شاخاویەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە رێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و هاویشتنی مووشەک و تۆپبارانەوە کردە ئامانج. بە خۆشییەوە لەو پەلامارە کوێر و تیرۆریستانەی کۆماری ئیسلامی، هیچ زەرەرێکی گیانی وەبەر هێزی پێشمەرگە نەکەوت بەڵام ئەو کردەوە نامرۆڤانەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە بوو بە هۆی سووتانی سرووشتی ناوچەکە و ترس و دڵڕاوکێی خەڵکی دەڤەرەکە.
هێرشە یەک لە دوا یەکەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران و کوردستان بە هۆی ئەو قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کە دەسەڵاتدارانی رژیم بە سەر خەڵکیاندا سەپاندوە، لە بارودۆخێکی خراپ و تاقەتپڕووکێن ژیان بە سەر دەبەن و دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و نابەرپرسی رژیم، ئەو وڵاتە بەرەو چارەنووسێکی خراپ و هەڵدێر دەبەنە پێشێ.
کۆماری ئیسلامی لە باتی چارەسەر کردنی ئەو قەیرانانەی کە خودی خۆیان خولقاندوویانە، هەموو پارەوسامانی وڵات خەرجی کاری تێرۆریستانە و تێکدەرانەی سپای پاسداران و هێزە تیرۆریستیەکانی ناوچەکە دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە سەرنجڕاکێش ئەوەیە، رۆژ نییە لە وڵاتانی ناوچە و تەنانەت لە تاران و شارە گەورەکانی ئێرانی بنکەیەکی ئەتومی و سەربازییان نەکرێتە ئامانج بەڵام هەر ئەم سپایە کە بە سەر خەڵکی ئێرانەوە بووەتە مۆتەکەی سەرکوت و نەهامەتی ناوێرن لەبەرانبەر ئەو هێرشانەدا چووکەترین لێدوانیش بدەن.
ئێمە جارێکی دیکە وێڕای شەرمەزارکردنی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ، خەڵکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە کە تا گەییشتن بە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان لە خەبات بەردەوام دەبین و کۆماری ئیسلامی و سپای تیرۆریستەکەی دەبێ بزانن کە بەو پەلامارانە ناتوانن پێش بە بزووتنەوەی سەرتاسەری و ئازادیخوازانەی کوردستان بگرن.
بە هیوای وەدی هاتنی خۆری ئازادی و نوقم بوونی هەرچی زووتری کۆماری ئیسلامی لە زەلکاوی جینایەتەکانی خۆیان.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٩
راگەیاندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە پەلاماری تیرۆریستانەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناوچە سنووریەکانی رۆژهەلات وباشووری کوردستان
