لە رۆژانی دە تا سیانزەی مانگی ئەپریلی 2014، بەرامبەر بە 21 تا 24ی خاكەلێوەی 1393ی هەتاوی، پلینۆمی سێیەمی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو.
پلینۆم بە چەند ساتێك بێدەنگی بۆ یادی گیانبەختكردوانی رێگای ئازادیو رزگاری بەفەرمی دەستی بەكارەكانی كرد. ئەجێندای پلینۆم بریتی بوو لە: راپۆرتی سیاسیو رێكخراوەیی، تاوتوێكردنی دۆخێ ئێستای كوردستانو بارودۆخی هەنوكەییو سیاسەتەكانی ئێمە، قسەوباس لەسەر پرۆسەی یەكگرتنەوە كۆمەڵەو بەردەوامبوون لەپرۆسەكە، بڕیارو پەسەندكراوە پێشنیاركراوەكانو باسی رێكخستنی كارەكانی كۆمیتەی ناوەندی بۆ خولی داهاتوو.
بابەتی یەكەم بە راپۆرتی هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە، سكرتێری گشتی كۆمەڵە، كە لەڕێگەی سكایپەوە بەشداری پلینۆم بوو، دەستی پێكرد. بەشی یەكەمی راپۆرتەكە شیكاریی دۆخی سیاسی بوو كە تێیدا بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێرانو كوردستانی تاوتوێكراو، جەخت لەسەر ئەو پێشبینیانە كرایەوە كە لە پلینۆمی پێشوودا پێشبینی كرابوو كە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو نائارامیو قەیرانەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو لە زیادبوون دەكاتو بەرهەمەكەشی ناسەقامگیری زیاتر دەبێت لەناوچەكەدا.
لەهەڵسەنگاندنی دەوڵەتی رۆحانی، پابەندنەبوون بەدروشمەكانی هەڵبژاردنو بەگشتی تەشەنەسەندنی گوشارە ئابورییو سیاسییەكان لەدەورەیەدا، بە بەرگێكی دیكە لە كارنامەی ئەم رژیمە زانیو جەختی لەسەر دروستبوونی سیاسەتی بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی لە پلینۆمی دووەم كردەوە.
پرۆسەی سازشی ئێستا كۆماری ئیسلامی لەگەڵ رۆژئاواش یەكێكی دیكە لە بابەتەكان بوو كە راپۆرتەكەی سكرتێری گشتی، لەسەرناسەقامگیری ئەو رێكەوتنانەو، ناتەبایی قوڵی سیاسەتی وڵاتانی رۆژئاواییو كۆماری ئیسلامی لەناوچەكەدا، پەنجەی دانابوو. لەبابەتی شیكاری بارودۆخی سیاسی، باسەكانی پلینۆم لەسەر گەشەكردنی ناڕەزایی جەماوەرییو كۆمەڵایەتیو، نەبوونی هیچ رێگایەك بۆ رزگاركردنی ئابوریی داڕماوی ئێران لەلایەكو، تەشەنەسەندنی قەیرانی ناوخۆیی رژیم لەلایەكی تر، جەختكرایەوەو پێشبینی ئەگەری هەڵچوونی ناڕەزایی بەرینی جەماوەری كرا، هەربۆیە گرنگیدانی زیاتر بە خەباتی مەدەنیو كۆمەڵایەتی كرێكاران، ژنانو توێژە ستەملێكراوەكانی كۆمەڵگای بە گرنگترین ئەركی هێزە سیاسییەكانی ئۆپۆزسیۆن دانا.
لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا، بزوتنەوەی كورد لە ناوچەكە تاوتوێكراو قەیرانەكانی داهاتوو و بەستێنەكانی سەركەوتنی خەباتی خەڵكی كوردستان بۆ گەیشتن بە رزگاریو دیموكراسی قسەی لەسەركرا. هەروەها دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەكە بۆ بەلاڕێدابردنو نانەوەی دووبەرەكی لەنێوان بەشە جیاجیاكانی كوردستان قسەوباسی لەسەركرا. راپۆرتەكە جەختی لەسەر پێویستیی هاوئاهەنگی سیاسی لەنێوان هێزە سیاسییەكان كردەوەو چارەسەری ناكۆكییەكان لەنێوان بەشە جیاجیاكانی بزوەتنەوە لە رێگەی دیالۆگی سیاسیو هاوڕێیانە بەپێویست زانیو، خوازیاری هاوكاریو هاوئاهەنگی هێزە سیاسیەكان لەهەر بەشێكی كوردستان بوو. لەكۆتایی ئەم باسەدا، سیاسەتی روونی كۆمەڵە لەسەر هاوكاریو هاوفكری هێزە سیاسییەكانو هەروەها دەستێوەرنەدانی راستەوخۆ لەبەشەكانی دیكەی كوردستان، پێداگری لەسەر كرایەوە.
لەژێر رۆشنایی راڤەی سیاسی دۆخی سیاسی ناوچەكە، بارودۆخی ئێرانو شوێنو پێگەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستان، سەردێری سیاسەكانی ئێمە لەكوردستانی ئێرانو ئەركەكانی دەورەی داهاتوو، بە چڕی قسەو باسی لێوەكرا. لەباسەكانی پلینۆم پێویستیی هاوكارییو هاوئاهەنگی نێوان هێزە سیاسیەكانی كوردستان ئێرانو گرنگترین ئەركەكانی كۆمەڵە لەم پێناوە، تاوتوێكراو چەندین ئەركی دیاریكراوی بۆ بەرەوپێشبردنی هەڵسوڕانی ئێمە لە رێكخستنەكانی ناوخۆی كوردستان خستە ئەولەویەتو دەستوری كاری داهاتووی كومیتەی ناوەندییەوە.
لەبابەتی رێكخراوەیی، رەخنە لە بوارە جیاجیاكانی كاری ئۆرگانی گیراو لەسەر پێویستی خێرایی بەخشین بە چالاكی ئۆرگانە حیزبییەكان پێداگری كرایەوە. هەروەها كاركردی كومیتەی ناوەندی لە نێوان دوو پلینۆم تاوتوێكراو گرنگی پشتبەستن بە موناسەباتی سیاسیو پابەندبوون بە رێساكانی پەیڕەوی ناوخۆ دووپات كرایەوە. گرنگی پێشقەدەم بوونی كومیتەی ناوەندی لەدۆخی نالەباری ئێستا كە حیزبە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران لەگەڵ چەندین بەربەستی دیاریكراودا رووبەڕووین، لەباسەكانی پلینۆمدا سەرنجی جیدی خرایەسەر. بۆ ئەم مەبەستە جەخت لەسەر تێكۆشانو یەكگرتوویی ناوخۆیی بەتایبەتی لەناوخۆی كومیتەی ناوەندی كرایەوە. لەم باسەدا لێپرسینەوە لەچەند هاوڕێیەكی كومیتەی ناوەندیی كرا كە لە رێساكانی پەیڕەوی ناوخۆ لایان دابوو و لەمبارەیەوە چەند بڕیارێكی پێویست لەلایەن پلینۆمەوە پەسەندكرا.
بابەتێكی دیكە پرۆسەی یەكگرتنەوە لەگەڵ كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بوو. لەم بارەیەوە سەبارەت بە پێشكەوتنی تا ئێستای پرۆسەكە راپۆرتێك ئاراستەی پلینۆم كرا. پلینۆم بە زۆرینەی دەنگ لەسەر بەردەوامیی ئەم پرۆسەیەو گرنگی بەئەنجام گەیاندنی جەختی كردەوە. هەروەها پلینۆم چەندین بڕیارو پێشنیاری بۆ بەرەوپێشبردنی باشتری چالاكی حیزبی دەركرد كە دەبێت لەلایەن دەستەی كارگێڕییەوە بەدواداچوونی بۆ بكرێت.
لەباسی رێكخستنی كاری كومیتەی ناوەندی، پلینۆم بۆ جارێكی دیكە دەستەی كارگێڕی هەڵبژاردەوە كە لە هاوڕێیان: سادق زەندی، عوسمان خەلیلی، فەریبا محەمەدی، رەزا كەعبیو عومەر ئیلخانیزادە پێكهاتوون. پلینۆم رێكخستنی كاری ئەندامانی كومیتەی ناوەندی لە خولی داهاتوو بە دەستەی كارگێڕی سپاردو بەكۆی دەنگ جارێكی دیكە هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە وەك سكرتێری گشتی كۆمەڵە هەڵبژێردرایەوە. بەم شێوەیە پلینۆم پاش سێ رۆژو نیو كاری چڕو پڕ كۆتایی بە كارەكانی خۆی هێنا.
كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
28ی ئەپریلی 2014
8ی گوڵانی 1393