جوانی، لە یەکەم نیگادا، وشەیەکە کە زۆرجار پەیوەستە بە هونەر و چێژی هەستەوە. بۆ زۆر کەس جوانی بە واتای شتێکی خۆش و دڵخۆشکەر و ڕازاوە دێت واتا کوالیتییەک کە مرۆڤ لە وشکی و زەبری ژیانی ڕۆژانە جیا دەکاتەوە و دەرفەتێک بۆ ئەزموونکردنی هەست و سۆزی پاک دەڕەخسێنێت. بەڵام هەمان چەمک، کاتێک درێژ دەکرێتەوە بۆ چوارچێوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، مانایەکی نوێ وەردەگرێت. لە هەلومەرجێکدا کە توندوتیژی و سانسۆر و سەرکوت بوونەتە واقیعێکی ڕۆژانە، جوانی تەنها بابەتێکی هەستیارانە یان تاکەکەسی نیە، بەڵکوو دەتوانێت جۆرێک لە بەرەنگاری بێت: بەەرنگارییەک کە نەک بە چەک یان دروشم، بەڵکوو بە ڕەنگ و گۆرانی و سەما و شیعر و وێنە، خۆی دەردەبڕێت. لەم چوارچێوەیەدا کوردستان نموونەیەکی دیار و سەرەکییە. خاکێک کە دەیان ساڵە ڕووبەڕووی هەڵاواردن و پاکتاوی کولتووری و سەرکوتی سیاسی و توندوتیژی دەوڵەتی بووەتەوە، بەڵام هەمیشە توانیویەتی ژیانی بەکۆمەڵ و هیوای داهاتوو بە دروستکردن و بەرهەمهێنانەوەی جوانی بە شێوەی جۆراوجۆر بە زیندوویی بهێڵێتەوە. جوانی لێرەدا بابەتێکی زینەتی و خەمڵاوە نیە، بەڵکوو پێویستییە، پێویستییەک بۆ مانەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوە و وێناکردنی جیهانێکی تازە.
لە ڕوانگەی تیۆرییەوە، بیرمەندانی وەک تیۆدۆر ئادۆرنۆ و هانا ئارێنت یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی باشتر لەم پەیوەندییەی لە نێوان جوانی و بەرخۆدان تێبگەین. کەواتە، کاتێک بۆ نموونە ژنانی کورد جل و بەرگی ڕەنگاوڕەنگ لەبەر دەکەن، یان شاعیرێکی کورد بە زمانێکی مێتافۆریک لەسەر ئازار و هیوای خەڵک قسە دەکات، لە ڕاستیدا سنوورەکانی بابەتێکی بەردەست و ئاشنا دەگۆڕن و ڕێگە نادەن دەسەڵات دەنگی کۆمەڵگا کپ بکات. ئادۆرنۆ لە “تیۆریی جوانیناسی”دا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هونەری ڕاستەقینە هەمیشە توخمێکی ڕەخنەگرانەی تێدایە، چونکە لە دونیایەکدا کە ستەم و توندوتیژی حوکمی دەکات، هونەر بە خوڵقاندنی مەودا و دروستکردنی جیهانێکی جیاواز، مەجالێک بۆ ئەگەری ڕەخنە و بەرەنگاری دەهێڵێتەوە.
هانا ئارێنت، لە تێڕوانینەکانیدا سەبارەت بە سیاسەت و “بابەتی گشتیی”، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە مرۆڤ تەنیا کاتێک سیاسییە کە لە گۆڕەپانی هاوبەشدا دەربکەوێ و لە بەرکەوتن لەگەڵ یەکتردا قسە و هەڵسوکەوت بکات. لێرەدا جوانی، چ لە سەمای بەکۆمەڵدا بێت یان لە نیگارکێشانی سەرشەقامدا، فۆرمێکە لە “دەرکەوتن”، بوونێکە لە فەزای گشتیدا کە دەسەڵاتی سیاسی دەیەوێت ئینکاری بکات. ئادۆرنۆ دیدێکی تایبەتی هەیە بۆ پەیوەندی نێوان هونەر و جوانی و بەرخۆدان کە دەتوانێت باسەکە قووڵتر بکاتەوە. ئەو پێی وابوو کە هونەری ڕاستەقینە دەبێت سەربەخۆ(autonomous) بێت، واتە پێملی لۆژیکی دەرەکی دەسەڵات و پڕوپاگاندا و قازانج نەبێ. ئەم سەربەخۆییە خۆی جۆرێکە لە بەرخۆدان، چونکە هونەر کە ملکەچی نەزمی باڵادەست بوو، چیتر ناتوانێت حەقیقەت و جوانی دەربخات. لە کوردستاندا وەفاداریی بۆ مۆسیقا، شیعر و هونەری ڕەسەن، بەرجەستەکردنی ئەم سەربەخۆییەیە. شاعیران و هونەرمەندانی کورد لەبری ئەوەی پەیڕەوی لە ڕەوتە فەرمییەکان و فشارە دەوڵەتییەکان بکەن، زمان و شوناس و کولتووری خۆیان دەپارێزن، لە ڕاستیدا ئەکتی بەرەنگاربوونەوە هەڵدەبژیرن. هونەرەکەیان ئەگەر بە ئاشکرا سیاسیش نەبێت، بە سووربوون لەسەر سەربەخۆیی، سنوورەکانی هەژموونی کاڵ دەکاتەوە و ڕێگە بە دەربڕینی دەنگی ستەملێکراوان دەدات. ئادۆرنۆ جەخت لەسەر گرنگی “نەرێنی” لە پانتایی هونەردا دەکاتەوە. هونەری ڕاستەقینە دەبێت ڕەنگدانەوەی ئازار و توندوتیژی و شکستی کۆمەڵگا بێت، ئەگەرنا کورت دەکرێتەوە بۆ کات بەسەربردن یان ئامرازی ڕازاندنەوە. زۆرێک لە گۆرانی و سروود و شیعری کوردی پڕن لە خەم و یادەوەری ستەم و دەربەدەری. ئەم هونەرە خەمبارە نوێنەرایەتی جەوهەری بەرخۆدان دەکات، بەو پێیەی یادەوەری بەکۆمەڵی خەڵک دەپارێزێ و ئازاری چەوساوان لە لەیادچوونەوە ڕزگار دەکات. جوانی لەم بەرهەمانەدا ئەو جوانییەیە کە هاوڕێی ئەزموونی ئازارەکانە، بەمجۆرە کرداری کۆمەڵایەتی و سیاسی وەدیدەهێنێ. هەروەها ئادۆرنۆ و هۆرکهایمر ڕەخنە لە پیشەسازیی فەرهەنگ دەگرن، سیستەمێک کە هونەر دەکاتە کاڵا و ئامرازی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی. لەبەرامبەردا بەرگری لە هونەرێک دەکەن کە بەرەنگاری هەرزەیی و ملکەچبوون بۆ دەسەڵات دەبێتەوە.
نموونەی وەک گرافیتی سەر شەقامەکان، نیگارگەریی سەر دیوارەکان و مۆسیقای ناڕەزایی جەماوەری، ڕێک نموونەی هونەرێکی بەرخۆدانی لەو جۆرەن. ئەم هونەرانە بۆ فرۆشتن و ڕازاندنەوە بەرهەم نەهێنراون، بەڵکوو بۆ یادکردنەوە و دەربڕینی شوناس و وەرگرتنەوەی فەزای گشتی بەرهەم هێنراون.
ئادۆرنۆ هونەر وەک هەڵگری ئەگەری ڕزگاربوون یان ئەزموونێکی ساتەوەختی ئازادی دەبینێت. ئەم چرکەساتە هەرچەندە زووش تێپەڕ بێت، ئەوە دەردەخات کە تەنانەت لە هەلومەرجی ستەم و توندوتیژیشدا ئەگەری وێناکردنی دونیایەکی دیکە هەیە. لە “بزووتنەوەی ژینا” دا دیمەنگەلێکی وەک سەمای بەکۆمەڵی ژنان لە شەقام یان گۆرانی وتنەوەی بەکۆمەڵ لە پرسەی گیانبەختکردواندا نموونەی ئەو جۆرە ساتانە بوون. ئەو ساتانەی کە کۆمەڵگەی ستەملێکراو ئازادی و خۆسازدانەوەی ئەزموون دەکرد. ئەم ئەزموونە جوانیناسانە و هاوکات ڕزگارکەرانە، بوونە هێز و پاڵنەرێک بۆ بەردەوامی بەرەنگاربوونەوە و نیشانیان دا کە جوانی تەنانەت لە دڵی تاریکیدا دەتوانێ وەکوو چەکێکی بەهێز بێتە مەیدان. بەم شێوەیە جوانی لە هونەری بەرخۆداندا لە گۆشەنیگای ئادۆرنۆدا سێ ڕۆڵی سەرەکی هەیە: خۆسەر و سەربەخۆبوون، نوێنەرایەتیکردنی ئازار و “نەرێنی” مێژوو و خوڵقاندنی ئەگەری ئەزموونی ئازادی و ڕزگاربوون. لە کوردستاندا هەموو ئەم ڕەهەندانە بە ڕوونی لە موزیک و شیعر و هەڵپەڕکێ و هونەری سەر شەقامەکاندا دیارن و نیشانی دەدەن کە جوانی تەنیا ڕازاندنەوەی ژیان نییە، بەڵکوو خۆی جۆرێکە لە بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە دەتوانێت بەرامبەر توندوتیژی و هەڵاواردن و سانسۆر بوەستێتەوە و ئاسۆی نوێ پیشان بدا و دەرووییەکی تازە بۆ ڕزگاری کۆمەڵگا بکاتەوە.
هانا ئارێنت لە کتێبی دۆخی مرۆڤ دا(The Human Condition) ، سیاسەت نەک تەنها وەک کۆمەڵێک دامەزراوە یان بڕیاری دەسەڵات، بەڵکوو وەک گۆڕەپانێک دەبینێت کە مرۆڤەکان لە گۆشەگیرییەوە دەردەچن و لەبەردەم ئەوانی دیکەدا دەردەکەون. ئەو ئەم ساتەوەختە بە “دەرکەوتن” ناودەبات: ئەو ساتەی مرۆڤ لە گۆڕەپانی گشتیدا دەبینرێت و دەبیسترێت و لەگەڵ ئەوانی تردا دەچێتە ناو پەیوەندییەوە. بۆ ئارێنت هەمیشە سیاسەت بەم سەرهەڵدانەوە بەستراوەتەوە، کە مرۆڤ خۆی پیشان دەدات و جیهانێکی هاوبەش دروست دەکات. ئەگەر ئەم چوارچێوەیە لە پێوەندی لەگەڵ جوانی و خۆڕاگری لە کوردستاندا لەبەرچاو بگرین، دەتوانین لەوە تێبگەین کە بۆچی پراکتیزەی جوانیناسییەکان لەم ناوچەیەدا لایەنێکی قووڵی سیاسییان بەدەست هێناوە. ژنان کاتێک لە شەقامەکانی شارەکانی کوردستاندا دەست لەناو دەست سەما دەکەن، یان لە ناڕەزایەتی دەربڕین لە پرسەی ژینا ئەمینی دا سەرپۆشەکانیان دەسوڕێنەوە، تەنیا بە نیازی نمایشی جوانی نین، ئەوان لە کایەی گشتیدا “دەردەکەون”، بوونی خۆیان ڕادەگەیەنن و تەحەدای ئەو دەسەڵاتە دەکەن کە دەیویست جەستە و دەنگیان کپ بکات. هەروەها ئارێنت لە شیکارییەکانیدا بۆ کردار، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کرداری مرۆڤ هەمیشە دەستپێشخەرییە، شتێکی نوێ دروست دەکات و مێژوو لە دووبارەبوونەوە دەرباز دەکا. ئارێنت جوانی ئەم توانای دەسپێکردنە بە یارمەتی چەمکی “لەدایکبوون” (natality) ڕوون دەکاتەوە. هەموو مرۆڤێک لەگەڵ لەدایکبوونی خۆیدا توانای دروستکردنی شتێکی نوێ دەهێنێتە جیهانەوە. لەم ڕوانگەیەوە کرداری جوانیناسی لە کوردستاندا جۆرێکە لە دەستپێشخەری. کاتێک کۆمەڵگایەک لەژێر فشار و چەوسانەوە بڕیار دەدات دیوارەکانی شار بە تابلۆی ڕەنگاوڕەنگ بڕازێنێتەوە، یان جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردی لە ئاهەنگی هاوسەرگیری و تەنانەت لە خۆپیشاندانەکانی شەقامیشدا نمایش بکات، لە ڕاستیدا ساتێکی نوێ دەخۆڵقێنێ. ئەم ساتە دووبارەبوونەوەی ڕابردوو نییە، کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێیە بۆ داهاتوو. جوانی لێرە دەبێتە نیشانەی لەدایکبوونی نوێ، لەدایکبوونێک کە لە دڵی تاریکی و توندوتیژیدا ڕوودەدات و ئەگەری جیهانێکی جیاواز دێنێتە ئاراوە.
لە بیرکردنەوەی ئارێنتدا، “بابەتی گشتی” ئەو کایەیە کە مرۆڤەکان لە ڕێگەی قسەکردن و هەڵسوکەوت پێکەوە جیهانێکی هاوبەش بنیات دەنێن. ئەم جیهانە هاوبەشە هەر ئەو کۆنتێکستەیە کە ژیانی سیاسی مومکین دەکات. سەرکوتی سیاسی هەوڵدەدات وردە وردە ئەم کایە لەناوبەرێت: بە قەدەغەکردنی کۆبوونەوە و بێدەنگ کردنی دەنگەکان و کۆنترۆڵکی فەزای گشتی. بەڵام جوانی دەتوانێ ڕێگەیەک بێت بۆ بنیاتنانەوەی کایەی گشتی. هەر جارێک دروشمێکی نوێ یان وێنەیەکی شەهیدانی بزووتنەوەکە لەسەر دیوارەکان دەنەخشێنرێت، خەڵک لە فەزای گشتیدا ئامادەن و جیهانێکی هاوبەش دروست دەکەن. ئەم وێنانە ئەگەر بە خێرایی بسڕدرێنەوە، هەمان ئەو ئەرکەیان هەیە کە ئارێنت دەیگێڕێتەوە بۆ پانتایی گشتی، کە بریتییە لە کۆکردنەوەی مرۆڤەکان، زیندوو ڕاگرتنی یادەوەری بەکۆمەڵ و دروستکردنی سەکۆیەک بۆ بەررەنگاریی. هەروەها ئارێنت جەخت لەسەر پێشبینی نەکراوەیی کردەی سیاسی دەکاتەوە. کەس نازانێ دەرئەنجامی کارێکی بچووک چی دەبێت، بەڵام ئەم نادڵنیاییە سەرچاوەی ئازادییە. جوانی لە بەرەنگاریدا ڕێک ئەم تایبەتمەندییەی هەیە. کەس نەیدەتوانی پێشبینی ئەوە بکات کە سوڕانەوەی لەچکەکان لە پرسەی ژینا ئەمینی دا دەبێتە وێنەیەکی جیهانی و بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری لە ئێراندا هەڵگیرسێنێت. ئەم کردارە جوانیناسییە، ئەگەرچی سادە و کتوپڕ بوو، بەڵام ئاسۆیەکی بۆ ئازادی و هیوا کردەوە. لەم ڕوانگەیەوە جوانیی بەرخۆدان لە کوردستان هەمیشە هەڵگری هێزێکی پێشبینی نەکراوە، هێزێک کە دەتوانێت لە ساتێکی کورتدا ڕەوتی مێژوو بگۆڕێت. بەکورتی ئارێنت فێرمان دەکات کە چۆن جوانی بە سیاسەتەوە دەبەسترێتەوە، نەک بەو مانایەی کە هونەر وەک ئامرازێک بەکار بهێنرێت، بەڵکوو بە مانای دەرکەوتن و نواندن لە پانتایی گشتیدا. ئەم ڕووداوە وەک نموونەیەک بە خێرایی دەنگدانەوەیەکی جیهانی لە سۆشیال میدیادا بەدەستهێنا و بوو بە هێمایەکی نێودەوڵەتی بۆ بەرخۆدانی ژنان. دونیابینییەک لە چوارچێوەی وێنەی ژنان و خەڵکانی چەوساوەدا کە لە بەرامبەر مەرگ و ستەمدا بە جووڵەیەکی جوان و هاوئاهەنگەوە وەستاون. جوانی لە کوردستاندا، چ لە شێوەی هەڵپەڕکێی بەکۆمەڵ، چ لە فۆرمی گۆرانی و شیعردا، چ بە ڕەنگی جل و بەرگ، یان لە هونەری شەقامدا، بە وردی ئەم ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ و سەرهەڵدان کارا دەکات، دەستپێشخەری جیهانێکی نوێ دەکات، کایەی گشتی بنیات دەنێتەوە و ئاسۆیەکی پێشبینینەکراو بۆ ئازادی و هیوا دەکاتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش جوانی لێرەدا تەنیا کوالیتییەکی هونەری نییە، فۆرمێکە لە بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە بەستراوەتەوە بە بوونی بەکۆمەڵی خەڵکەوە. هونەر دەبێت ئازار و شکست و کارەسات لەناو خۆیدا ئاشکرا بکات، بەبێ ئەوەی بیانشارێتەوە یان بیانڕازێنێتەوە. ئاماژەیەک کە خەم و لەدەستدان دەگۆڕی بۆ جوانی بەبێ ئەوەی ئینکاری ئازار بکات. هەڵگری بیرهێنانەوەی ئازارە مێژووییەکان و لە هەمان کاتدا بەڵێنی جیهانێکی دیکەی پێیە. ئەم ساتەوەختانە نیشان دەدەن کە جوانی دەتوانێت لە یەک کاتدا خەم و هیوا پێکەوە هەڵبگرێت، ئەو خەم و پەژارەی کە لە توندوتیژی و مردنەوە سەرهەڵدەدات، و ئەو هیوایەی کە لە توانای بەکۆمەڵ بۆ بەرەنگاربوونەوە دێتە ئاراوە. بڵاوکردنەوە و بەرهەمهێنانەوەیەکی هونەریی دەریدەخات کە جوانی زمانێکی گشتگیرە، زمانێک کە بتوانێت سنوور و زمان و کولتوورەکان تێپەڕێنێت و بەرخۆدانی ناوخۆیی بگۆڕێت بۆ هێمایەکی جیهانی. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش وەک ساتێک سەیر دەکرێت کە جوانی وەک بەرخۆدان نیشان دەدرێ و پێناسە دەکرێ. ئەوەی ئەم دیمەن و ئەکتە هونەرییانە لەبیرنەکراو و هەتایی دەکا، توانایەکە بۆ تێکەڵکردنی جوانی و بەرخۆدان. جوانی بە مانای دروستکردنی وێنەیەکی شکۆمەندی ڕاستییەکی تاڵ. تەنانەت لە ناو خەم و پەژارەشدا دەتوانرێت ساتێکی ئازادی ئەزموون بکرێت، ساتێک کە جەستە و بزووتنەوە دەبێتە زمانی خۆڕاگری. بەم پێیە، جوانی دەتوانێت ببێتە دەسەڵاتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، واتا هێزێک کە لەسەر بنەمای خەیاڵ و وێنە و سۆز دامەزراوە و هەر بەو هۆیەشەوە لە هەر ئامرازێکی توندوتیژی بەردەوامتر و کاریگەرت


